هاورێكەم ئەمڕۆ لە یادی كوشتنەكەت دەنووسم و گۆرانی ژیانت بۆ دەڵێم

Saturday, 12/06/2010, 12:00

1731 بینراوە


شەهید فەرەیدون عبدالقادر برازای حاجی مەكی عبدللەی ئەكتەر لەتەمەنی 22 سالیدا، لەسالی 1976 بەتۆمەتی تەقەكردن لەپارپزگاری سلێمانی وپەیوەندی بە یەكێتی نیشتمانی،دوای ئەشكەنجەو ئازاردانی لەلایەن رژێمی بەعسەوە لە هەیئەی خاسەی كەركوكەوە برا بۆ بەندیخانەی موسل و لێرە لەبەرواری 1/5/1977 فەرمانی كوشتنی درا. لەرێگای موسل بەرامبەر بەبورجەكەی ئیستگەی موسل لەشوێنێكدا لەگەل چەند تێكۆشەرێكی تری شەهیددا دوور لەخۆشەویستی و بایەخی كەس و كار خرانە ژیر گلەوە.باوكی شەهید شەست دینار نرخی ئەو فیشەكانەشی دا كە دلی كورەكەیانی پێَ بری.دوای شەهید كردنەكەیشی كەس وكاری خرانە ژێر چاودێریەوەو دایك و باوكی گیران وهێلی تەلەفۆنیشیان لێ برین.دوای روخانی رژیمی بەعس بەهەول وهیمەتی كەسوكاریان حكومەتی هەرێمی سلێمانی شەهید فەرەیدونی لەگەل 35 شەهیدی تردا لە 16/6/2004 هێنایەوە بۆ سلێمانی و لەگردەكەی شێخ فەتاح ئەم كۆمەلە تێكۆشەرە لەباوەشی نیشتماندا ئەمجارەیان بەخۆشەویستی و بەهەنسك و فرمێسكەوە لەنوێ وە بەخاك سپێردران.

هاورێكەم ئێستاش چەند وشەیەك بۆ تۆ
ژیانێكی كورت ژیایت بەلام ئازارێكی دورودرێژت بۆ جێهێشتین. ئەو كاتەی من رێگای دورە ولاتم گرتەبەر بەهیوای دوبارە دیداری یەكتر بووین، بەلام نەمزانی كەئەوە دوا مال ئاوایمان بوو لەیەكتر.تەنیا فریای یەك نامە كەوتین بۆ یەكتری بنوسین.نەمزانی كەهەروا زوو رەشەبایەكی مردن هەلیكردو تۆی لەگەل خۆیدا برد.لەبەر چاومە كەمردن هیچ كات ئەوەندە نزیك نەبوو لێت وەك ئەو رۆژەی كەجەلادەكان خۆێنی تۆیان بەغەدر رشت. ماوەیەك بوو خەوم بەجەلادێكەوە دەبینی بەلام نەمزانی كەبۆ ئەوەبوو تۆمان لێ بسێنێت.ئیتر لەو ساتەوە ئەوە بۆتە خەونێكی ناخۆش و لێم نابێتەوە.لەئێوارەیەكدا لەكاتی خۆرئاوابوندا كەشتیەك لەكەناری ئۆقیانوسیكدا بەرێكەوت و هێدی هێدی لەچاو دووردەكەوتەوە، نەمزانی تۆ لەو كەشتیەدایت و هەرگیز ناگەرێیتەوە.

قورسترین چركە لەژیانی مرۆڤدا ئەو چركەیەیە كەلەدایك دەبێت
هەروەك چۆن ژیان هەیە هەر بەم شێوەیەش مردن هەیە. مردن پرۆسەیەكی حەتمیە لە ژیانی هەموو زیندەوەرێكدا.مرۆڤ حوكمی ژیان وحوكمی مردنیش دراوە بەسەریدا،هەربۆیە قورسترین چركە لەژیانی مرۆڤدا ئەو چركەیەیە كەلەدایك دەبێت چونكە لەم ساتە ژیانەوە ئیتر مردن هاوەلیشتە.هەموو مرۆڤێك دەمرێت بەلام پرسیارەكە لەشێوازی مردنەكەدایە.

هەزاران نەفرەت لەو رۆژەی كە مرۆڤ خۆشەویستێكی لەكیس دەچێت
هاورێكەم: دەك هەزاران نەفرەت لەو رۆژەی كە مرۆڤ خۆشەویستێكی لەكیس دەچێت.هەزاران نەفرەت لەو ساتەی پەنجەی ناجوامێرانەی نامەردێك دەچێتە سەر پەلەپیتكەی رق وكینەی تفەنگ و لاشەی رۆلەیەكی بەوەفای گەل دەبڕێ و بەناكامی دەیخاتە ژێر گل و دڵی تۆیشی بۆ هەتا هەتایە لەلێدان خست و روناكیەكی لەشەوێكی تاریكدا وون كرد.هەزاران هەزار نەفرەت لەو ساتەی كە هەوالی مالئاوایی بەزۆری تۆم تێدا بیست.رۆژی هەوالی ئیعدام كردنەكەت بوە رۆژێكی تەماوی بۆم كەتەوژمی غەم دەرونی دەكولاندم و فرمێسكەكانم زەویان دەبری و بروسكەی پر لەژان تاساندبوومی.دیتم كە وەرزی خێزان نەبوو كەچی گەلاكان زەرد هەلگەرابوون.

ئەوە ئەو تفەنگە نەبوو كەتۆی كوشت، بەلكو ئەوانە بوون كەفەرمانی كوشتنی تۆیان دا
هاورێكەم: ئەوە ئەو تفەنگە نەبوو كەتۆی كوشت، بەلكو ئەوانە بوون كەفەرمانی كوشتنی تۆیان دا.تۆ هەر بەتەنیا هاورێی قوتابخانەو لاوێتیم نەبویت،تۆ منت فێری وێنەكێشی كردو وتیان كەلەسەر دیواری بەندیخانەی لەسێدارەدانی موسل وێنەت كێشاوەو پێشكەش بەمنت كردووە.

كێ دەلێت تۆ مردویت
هاورێكەم: كێ دەلێت تۆ مردویت؟ ئەوەتا شوێن و بیرەوەریەكانت دیارە، زەردەخەنە و خورەوشتی بەرزت وسیفاتە جوان وئازایەتی و مرۆڤ دۆست و راستگۆییەكانت هەمیشە دیارە، هەر بۆیە خۆشیشم ویستیت.بەلام داخەكەم فاشیستەكان گولی ژیانتیان زوو هەلوەراند.بەلام هاورێكەم دەمەوێت پێت بلێم كەدرێغیم نەكردوە بۆ تۆلە سەندنەوەت، ئەوەندەی توانیبێتم بەقەلەم و تێكۆشانی سیاسیمەوە، بەچەكی دادپەروەری وخۆشەویستیەوە تێكۆشاوم. لەئەنجامی چەوساندنەوەو كوشتنی خۆشەویستانێكی وەك تۆوە بریارم دا كەدژ بەزەبروزەنگی گیانی و رۆحی بم، فەلسەفەی ژیانم هی خۆشەویستی و ئاشتی و دادوەری بێت.لەو شوێنەی كەخۆشەویستی دەست پێدەكات پێت دەلێم كەلەو شوێنە زەبروزەنگ كۆتایی دێت ومرۆڤ دروست نەبوە بۆ ئەوەی كە بكوژرێت.

لەگەرانەوەی دوەممدا بینیم كەدەرگای مالەكەتان بەقفلێكی گەورە داخرابوو
هاورێكەم: كەبۆ یەكەم جار دوای 18 سال لەژیانی ئاوارەیمەوە گەرامەوە نیشتمان ویستم دایكت ببینم، بەلام لەداخی تۆ سەری نایەوەو دەبوایە رووم بكردایەتە گۆرستان بۆلای.لەگەرانەوەی دوەممدا بینیم كەدەرگای مالەكەتان بەقفلێكی گەورە داخرابوو هەر وەك فیلمێكی ترسناك هاتە بەرچاوم. بیستم ئەمجارەیان باوكت مال ئاوایی كردوەو مالەكەشتان نەمابوو.لەگەرانەوەی سێیەممدا برا خۆشەویستەكەت كە شێوەی تۆی تێدابوو بۆ من،ئەویش لەتەمەنێكی لاویدا مال ئاوایی كردبوو،ئێستەش براكەی ترت لێمان رۆیشت.دوای گەرانەوەت بۆ سلێمانی هاتمە سەر گۆرەكەت،هەرچەند دلت لەشوێنێكی تر نێژراو ئێسك و پروسكەكەت هێنرایەوە، بەلام بۆ من بیرەوەریەكانت دەژین، بیرەورەییش بەشێكی ژیانە.

هەموو تاریكایی جیهان روناكی تەنیا مۆمیك ناكوژینیتەوە
هاورێكەم: وامدەزانی كەئیتر فرمێسكم نەماوە بیرێژم، بەلام لەكاتی نوسینی ووشەكانم بۆت دیتم وانیە. لەدوا وشەمدا پێت دەلێم من بەپێچەوانەی جەلادەكان گۆرانی ژیانت بۆ دەڵێم و بزانە كە رۆژانی ژیان وەك دارێكە لەپایزدا كەتێكڕای گەلاكان دەوەرێنێ. جاهەندێكیان گەلای شادی یە،هەندێكیش غەم باریە. هەندێك جوانی یەو هەندێك لاوی یە، هەندێكیشیان گەلای دوا تەمەنی یەك جاری یە. تۆ زوتر رۆیشتیت وئیمەش زوو یان درەنگ بەرەوكاروانی مردن دێین ودواتر خۆشەویستانێكی تر یادمان دەكەنەوە. ئەوەی دەمێنێتەوە سەربەرزیە، خۆشەویستی و بەوەفایی و لێبوردنە.تۆ پەپولەیەكی رەنگاو رەنگی جوان بویت كەلەدوا ساتی ژیانتدا بەدەوری مۆمێكدا لەژوریكی تاریك سەمات دەكرد، بەلام كوتوپر خۆت كیشا بەگری مۆمەكەداو سوتایت، بەلام بزانە كە تۆ خۆت دواتر بویتە گری جوانی ئەو مۆمە كە هەرگیز هەموو تاریكایی ئەم جیهانە ناتوانێت بتكوژێنێتەوە.
هاورێكەم: بەئازارە ئەو كاتەی مرۆڤ خۆشەویستێكی لەدەست دەدات. دوبارە بەخێر هاتیتەوە بۆ باوەشی نیشتمانی دایك وتۆش چیرۆكێكی ژیانت بۆ جێهێشتین.
هاورێی هەمیشەت: سالار باسیرە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە