قەرەزاوی سەدام دەکات بە شەهید و کورد بەتیرۆریست و ئەردۆغان بە موسوڵمان!

Monday, 26/03/2012, 12:00

1441 بینراوە


ئەگەر وابزانین ئەمە یەکەم سوکایەتی یان دواسوکایەتی یە کە قەرەزاوی سەرۆکی زانایانی موسوڵمانی جیهانی دژ بەگەلی کورد دەیکات دەکەوینە هەڵەوە ،ئەگەر واش بزانین ئەمە بەتەنها دووەم جارە هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد دیسان لەوانەیە بەهەڵەدا چوبین ،قەرەزاوی بێشەرمانە دیکتاتۆرێکی لە جەلادەوە کردە قوربانی لەکاتیک دا دەستی بە خوێنی هەزاران ڕۆڵەی کورد سور بوو لە هەڵەبجە و ئەنفال ، سورەتێکی لە قورئانی پیرۆز کردبووە مانشێتی ڕەوایدان بە کۆمەڵ کوژ و فەتحکردنی خاکی گەلێکی موسوڵمان کە تێیدا هۆڤێتی یەکی پێشخست گەلی کوردی کردە هێزی کوشتن و مردن و خاکی کردە دۆڵی لاشەی مردوان ودۆزەخی بۆ گەلێکی موسوڵمان داخست پاشان خستی یە ڕەوشی ئاژەڵێکی کەوی و لەقەفەس نراو کە لە مێژووی مرۆڤایەتی دا بێ وینەیە ،سەرەنجام کاتیک ئەم مرۆڤە بەگورگ بووە لە زەلکاوی نەفرەتی تاوانەکانی خۆیدا نغرۆ بوو لەسێدارە درا قەرەزاوی بەشان و باڵیدا هەڵی دەدا کە چۆن وەک پاڵەوان پێشوازی لەمەرگ کردوە، ئەو شەهیدە چۆنکە شایەتمانی هێناوە و دواقسەی ئەو لا الە الا اللە بوە هەرکەس ئەوە دوا قسەی بێت لەژیانیدا دەچێتە بەهەشت !! بێ ئابڕوویی یەکانی قەرەزاوی لێرەوە دەستی پێکرد و لەبەرامبەر ئەو بێحورمەتی کردنەی بەرامبەر بەگەلی کورد و بەرامبەر بە ئاینی ئیسلام کە بە ئارەزوی خۆی ڕاڤەی دەکات کەس دەنگی لێوە نەهات نەک هەر ئەوەندە بەڵکو زۆرێک لە هێزە سیاسی یە ئیسلامی یەکانی کورد تا ئەمرۆشی لەگەڵ بێت قەرەزاوی وەک ڕێبەری ڕۆحی خۆیان دەبینن کە بە بڕوای من لەم لێدوانەی دواییدا ئیتر ئەوانیشی خستۆتە ڕەوشێکەوە دەبێت لەنێوان قبوڵکردنی فتواکەی قەرەزاوی و دژایەتیکردنی دا خۆیان یەکلا بکەنەوە چونکە ئیتر ئەوڕەوشەی جاران تێپەڕی وە بەو نزیکایەتی و ساختەکاری یەی جاران ناتوانن کەس بخەڵەتێنن.

بە هەڵەداچونیکیتر لەم پرسەدا ڕاگەیاندنە کوردیەکانن کە بابەتەکە بەجۆرێک لێکدەدەنەوە گوایە قەرەزاوی هێرشی کردۆتە سەر پ ک ک وە بە دنیابینی یە کلاسیکەی چەمکی حیزب ڕاڤەی دەکەن کە هەر هێرشێک بۆسەری بەگرنگ نابینن چونکە ئەو زهنیەتە لەسایەی چەمکی دەسەڵاتداری و گەندەڵی وخراپ بەکاربردنی دەسەڵاتەوە سەری هەڵداوە ئیتر پارتی سیاسی کردۆتە دەسکەوتێکی بچوک و بەڵایەکی مەزن کە خۆی لەخۆیدا ئەم هزراندنە دەرهەق بە پ ک ک لە هەرشتێک نزیکە لۆژیک نەبێت ،بەو واتایە نا کە ئیتر پ ک ک ڕێکخستنێکە لە ڕەخنە و کێماسی بەدەرە لێ وەک یەکیک لە ڕێکخستنە هەرە بەهێزەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی خاوەن پێگەیەکی جەماوەری فراونە لە هەرچوار ئالی کوردستان بەتایبەتی باکور و ڕۆژئاوا ، لەهەمان کاتدا کاریگەری پارادیگمای ئەم ڕێکخستنە بووە هۆکاری ئەوەی تێکۆشانی ئازادی گەل لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بگەشێتەوە و سەرەنجام ببێتە هێز و خاوەن ڕێکخستنێکی بەهێزی وەک پژاک، لەباشور بەهەمان شێوە ئەگەرچی هێشتا گەل لە باشور لەژێر کاریگەری پڕوپاگەندە و میدیای ناوخۆیی و جیهانی و دەوڵەتانی سەردەستەوە لە ڕاستینەی پ ک ک دورکەوتبونەوە و توانای ناسینی ڕاستینەی ئەو تەڤگەرەیان بۆ نەڕەخسا بوو لێ لەم چەند ساڵەی ڕابورد ئیتر خاوەندەرکەوتنی گەل لەو تەڤگەرە گەیشتە ئاستی بەشداری بون لە ڕەفی گەریلادا بەشێوازێکی زۆر فراوانتر لەڕابوردوو ،بە کورتی لە بەتەڤل بونی کوردانی تەواوی کوردستان لەشەخسی پ ک ک دا گەلی کورد بووە ئیرادە و هێز لە هەمو قادێکدا سیاسی ،سەربازی،کلتوری،نەتەوەیی بۆ سەلماندنی ئەم راستی یە تەنها نەورۆزی ئەمساڵ وەک نمونە دێنینەوە.

هەڵبەتە لەماوەی ٣ ساڵی ڕابورد زیاتر لە حەوت هەزار سیاسەتمەدار وشارەدار و چالاکی سیاسی و مەدەنی کورد لەباکور خزێنرانە زیندانەکانی دەوڵەتی تورکەوە تا دواجار ئەردۆغان بانگەوازی کرد کە ئیتر ئەوانەی دوکانیان بەخەڵک دادەخست و خەڵکیان هاندەدا نەمان، وەک ئەوەی کە گوایە جاڕی سەرکەوتن و تەسفیە کردنی تێکۆشانی ئازادی گەل دەدات ئەم باوەڕ بەخۆبونەی ئەردۆغان تا ئاستێک بوو کە بەفەرمی نەورۆزی قەدەغەکرد و فەرمانی بەتەواوی والی یەکان دا بوو کە ڕێگری لە پیرۆزکردنەکانی نەورۆز بگیرێت سەرەنجام بانگەشە و هزراندنەکانی ئەردۆغان نەک کورتی هێنا بەڵکو ئێکشکا ،لە ئامەد پیرۆز کردنی نەورۆز بە خوێندنەوەو ڕاگەیاندنی خۆسەری دیموکراتی وەک چارەسەری سیاسی پیرۆز کرا نەک بە ئاهەنگ و شادی و ژمارەی بەشدار بوان گەیشتە ملیۆنان مرۆڤ وئازادی ئۆجەلان کرایە ڕۆژەڤی سەرەکی چارەسەری لە شارەکانی تری باکور بەهەمان گوڕوتینی ئامەدەوە گەل کەوتە سەرشەقام و خاوەن لە ئیرادەی ئازادی خۆیان دەرکەوتن و ڕۆژئاوای کوردستان بووە دەریایەک لە مرۆڤی ئازادیخواز وپشتیوانی خۆیان بۆ ئازادی ئۆجەلان وچارەسەری سیاسی وپ ک ک دەربڕی لە باشور گەل لەتەواوی شارەکانەوە ڕویان کردە قەندیل و لەگەڵ گەریلادا نەورۆزیان پیرۆز کرد بەگشتی خاوەندەرکەوتنی گەل لە تەڤگەرەکەی وبەڕێز ئۆجەلان و ڕەوایەتی پرسەکەی لەنەورۆزی ئەمساڵدا گەیشتە لوتکە ئیتر ئەو خەو خەیاڵ پڵاوانەی ئەردۆغان بە پڵنگەکانی تامیلەوە لە کەسێتی پ ک ک دا دەیبینی بووە بڵقی سەرئاو بەوجۆرە تەڤگەری پ ک ک وەک بەهێزترین ڕێکخستن لە بەرامبەر دەوڵەتانی ستاتۆ پارێز و جیهانی سەلماندی کە ئیتر گەلی کورد خاوەن ئەوڕۆڵەیە لە گۆڕانکاری یەکانی ناوچەکەدا ناکریت بێ ستاتۆبێ حساب بهێڵرێتەوە ،سەرەنجام دەوڵەتی تورک جارێکیتر دەستی برد بۆ ئۆپراسیۆنی سەربازی و شەڕ وێڕای ئەوەی لە ڕابوردودایەچەندین جار شەڕی تاقی کردبۆوە دەیزانی ئەم هەوڵدانەش هەر بەشی شکست دەبێت لێ بۆ تۆڵەسەندنەوە لەگەل پەنای بۆشەڕ برد چونکە هێزی سەرکوتکرنی گەل لە نەورۆزدا تێکشکابوو،بۆیە هەرکەس گەیشتە ئەوڕاستی یەی کە دەوڵەتی تورک بۆخۆی وەک دامودەزگایەکی سەرکوتکەر و خۆسەپین و داگیرکەر هێزی ڕاوەستان بەرامبەر گەلی کوردی سەردەمانێکە لەدەست داوە لە هەمان کات پارادیگما و تێکۆشانی پ ک ک ڕێگرە لە جێگرتنی سیاسەتەکانی ئیسلامی سیاسی ئاکە پە و ئیخوانەکان کە دەیانەوێت بەسەر جەستەی گەلی کورد دا بگەنە کورسی دەسەڵات و پاشان بیخەنەوە هەمان ئەوڕەوشەی سەردەمی ئەسەد و کودەتای ئەیلول و سەدام حسێن، بە کورتی لە گۆڕانکاری یەکانی ناوچەکەدا کورد لە هێزی شڵەژێن و کاریگەری ناوچەکە وە بۆ دۆخێ سەردەمی لۆزان بگێڕنەوە ،ئامانجی ئەردۆغان لە سوریا گەلی کورد و بەکۆیلە هێشتنەوەو نەناسینی مافەکانێتی ئیخوانەکانیش کورسی دەسەڵات و کۆشکی کۆماری کەواتە هەردولا لە تێکشکاندنی ئیرادەی ئازادی خوازانەی گەلی کورد سود مەندن وەک دوجەمسەری ئیسلامی سیاسی ئاینی ئیسلامیان خستۆتە خزمەتی سەرخستنی پلانەکانیان، مەترسی یەکانی ئەم جۆرە فتوایانەی کەسانی وەک قەرەزاوی کە بێ ویژدانانە چاوی لە هەمو ئەو دڕندەیی و هێرش و کۆمەلکوژی و زیندانی کردن و پەلامارە ناڕەوایانەی سەر گەلی کورد نوقاندوە وەک کەسێتی یەک کە نوێنەرایەتی تەواوی گوایە زانایانی ئاینی ئیسلامی جیهان دەکات ڕاستەوخۆ دەکەوێتە خزمەتی سیاسەتی شەڕخوازانەی ئاکەپە و فەتحڵاگوڵەنی یەکانەوە کە بۆ ڕەوایی دان بە کۆمەڵکوژی کوردان وەک ڕژێمەکانی تری سەدام و خومەینی ئاینی ئیسلام ڕاستەوخۆ لەڕێگای ئەم مرۆڤە نەخۆشانەوە دەکەنە ئامراز ،بۆیە ئەرکی هەر مرۆڤیکی ئازادیخواز و کورد پەروەرە کە لەبەرامبەر ئەو لێدوانانەی قەرەزاوی بێدەنگی هەڵنەبژێرن دەنا چۆن سەدام حسێنی لێکردین بەشەهید ئاواش ئەردۆغانمان لێدەکات بە وەلی ئەمری موسوڵمانان و سەرەنجام دەبێت خۆمان بۆ چەند هەڵەبجە و ڕۆبۆسکی و کۆمەڵکوژیتر ئامادە بکەین.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە