یەكێتى قوتابیانى كوردستان بڕیارە دیكتاتۆرییەكانى پاراستنى پارتى قبوڵ نیە!(بەشى یەكەم)

Tuesday, 20/11/2012, 12:00

6496 بینراوە


ڕۆژ دواى رۆِژ كێشە ناوخۆییەكانى یەكێتى قوتابیانى كوردستان پەرەدەستێنێ بەرەو ئاقارێكى خراپ و ڕەش دەڕوات، ئەمەش هەمووى دەرەنجامى ئەو تەدەخولەى بەرچاوەى ئاژانسى پاراستنە كە بەجۆرێك دەستى خستۆتە ناو سەرجەم جومگەكانى ئەم هەرێمە، هەروەك چۆن لە كۆنگرەى 13 پارتى چەندین كەسیان ڕەوانەى ماڵەوە كرد و زۆربەى زۆرى ئەوانەى دەرچوون سەر بە دەزگاى پاراستن بوون و كوتلەكەى نێچیرڤان بارزانى شكستى خوارد لەبەرامبەر كوتلە سەركێشەكەى مەسرورى پسمام، لە كۆنگرەى قوتابیانیش ویستیان هەمان سیناریۆ دووبارە بكەنەوە. بەڵام وەك هەمیشە لە یەكێتى قوتابیان جارێكى تر دەم و لموزیان شكێندرا.
شیاوى باسە یەكێتى قوتابیانى كوردستان لە ژێر درووشمى (دوێنێ خەبات، ئەمڕۆ زانست، سبەى داهێنان) لە ڕۆژانى 3-4/11/2012 لە هۆڵى سەعد عبداللە لە هەولێر لە ژێر چاودێرى مسعود بارزانى، كۆنگرەى 14 ى خۆى بەست. كەلە كردنەوەى كۆنگرەكەدا مەسرور بارزانى ئامادەبوو، لە كاتێكدا هیچ پەیوەندییەكى بەم ڕێكخراوە نیە، ئەو ڕاوێژكارى ئاسایشى كوردستانە. ئەوەى هەست پێكرا هەر لەسەرەتاوە پاراستن بەشدارییەكى بەرچاوى كرد و هەمووشى بە زەرەرى خۆیان تەواوبوو.
پێش بەستنى كۆنگرەكە (خالید دكتۆر نورى عوسمانى) كوڕى سەرۆكى پێشووى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران. بەدەردى باوكى بردرا و گلۆپى سورى بۆ داگیرسێندرا و ڕێگاى خۆپاڵاوتنیان لێ گرت بۆ سكرتێرى قوتابیان، ئەمەش لەبەرژەوەندى بژار ملا خدر لە بازنەى هەولێر كە كاندیدى دەزگاى پاراستن بوو بۆ پۆستى سكرتێرى، بەمەش جارێكى تر كوتلەكەى نێچیرڤان بارزانى كەوتەوە ژێر زەبرى كوتكى مەسرورى پسمام.
تەداخولەكانى ئەم دەزگا تۆقێنەرە هەر بەوە نەوەستا بەڵكو گڵۆپى سور بۆ (سەلمان پاشبەردى) بەرپرسى لقى سلێمانى داگیرسێندرا لە بەرژەوەندى خۆشەوى محمد ئەندام بەشى مەكتەبى سكرتاریەت، كە پاڵێوراوبوو لە بازنەى پارێزگاى سلێمانى بۆ پۆستى ئەندامى سكرتارییەت. لە بازنەى دهۆك و موسڵیش رێگرى لە (مەڕوە عبداللە عبدالحكیم) كارگێڕى لقى موسڵ كرا لەبەرژەوەندى محمد سەبرى بەرپرسى لقەكە كە پاڵێوراوبوو بۆ پۆستى ئەندامى سكرتارییەت ، دەزگاى پاراستن و سەرجەم دارودەستەكانیان لەسەرجەم لقەكانى پارتى لە كوردستان و موسڵ و بەغدا و لقى ئەمریكا و لقى ئەوروپا، كەوتنە كاركردن بۆ(بژار ملا خدر لە هەولێر و خۆشەوى محمد لە سلێمانى و محمد سەبرى لە دهۆك و موسڵ) . بەڵام بیروباوەڕى بەهێزى ئەندامانى كۆنگرە و چاونەترسیان وا وەڵامى دەزگاى پاراستنیان دایەوە كە جارێكى تر دەست بۆ هیچ شتێك نەبەن و تەدەخولى هیچ پڕۆسەیەكى هەڵبژاردن نەكەن، شیاوى باسكردنە لە كۆنگرەى 13 ى ئەم ڕێكخراوە پاراستن زۆر بە زەقى تەدەخولى كرد بۆ (كاروان محمد سابر) بۆ پۆستى سكرتێرى، بەڵام خۆشبەختانە دەنگى كۆتایى هێنا و دەرنەچوو كەچى ئێستا بەرپرسى پەیوەندییەكانى مەسرور بارزانیە.
.هەروەك چۆن لە كۆنگرەى 13 عرفان عزیز بارزانى پیشانى پاراستن و سەرجەم دۆست و دوژمنانیدا، لەم كۆنگرەیەش خراپترى بەسەر هێنان، بەجۆرێك هەردوو كاندیدەكەى ئاژانسى لە بازنەى سلێمانى و دهۆك سوتاند و بژاریشى بە دەردێك برد، كە نە ڕۆژى رۆژە و نە شەوى شەوە، عرفان بارزانى واى كرد لە كۆى سەرجەم بازنەكانى كوردستان تەنها لە بازنەى هەولێر بژار خدر و سەربەست سەفتى بارزانى دەربچن، وە لەكوتلەكەى خۆیشى 5 كەس دەرچوون و فاتیح مەولەوى زادە لەبنەماڵەیەكى شۆڕشگێرى دەڤەرى هەڵەبجەى شەهیدن، كەسێكى زۆر بەتوانایە و كوڕى پێشمەرگەیەكى دێرینى پارتیە و لە هەمانكاتدا نەوەى مەولەوى شاعیرى مەزنى كوردە، ئەگەر بە پێ ى ئەنجامەكانى كۆنگرە و بە هەڵبژاردن بێت ئەو دەبێت بە سكرتێر بەڵام لەبەر ئەوەى پیاوى پاراستن نیە ڕقیان لێیە.
ئەمەش لیستى دەرچووانى ستافى نوێ ى سكرتاریەتە :
1-فاتیح مەولەوى زادە لە بازنەى سلێمانى بۆ پۆستى سكرتیرى زۆرینەى دەنگى هێنا.
2- بژار ملا خدر لە بازنەى هەولێر، كەمترین دەنگى هێنا كەچى بەمەركەزى كرا بەسكرتێر.
3- كۆڤان عیسا بارزانى لە بازنەى هەولێر.
4- سەربەست سەفتى بارزانى لە بازنەى هەولێر.
5- هیوا محمد مجید لە بازنەى هەولێر.
6- حسن علاالدین لە بازنەى كەركوك و گەرمیان.
7- ڕەنج على محمود. لە بازنەى كەركوك و گەرمیان.
8- سلێمان حسێن، لە بازنەى دهۆك و موسڵ.
9- شەریف فەتاح لە بازنەى دهۆك و موسڵ.
10- زەڤەر بادى لە بازنەى دهۆك و موسڵ. یەدەگى یەكەم.
11- هەڵگورد حوێز كۆیى، لە بازنەى سلێمانى یەدەگى دووەم.
ئەوەى جێگاى سەیر و سەمەرەیە دەزگاى پاراستن و بەشێك لە كوتلەكەى مەسرور لە مەكتەبى سیاسى بە مەركەزى (بژار ملا خدر)یان كرد بە سكرتێرى قوتابیان. بەڵام جێى خۆشحاڵیە تائێستا كەس پابەند نیە بەم بڕیارە و بایكۆتى بڕیارە دیكتاتۆرییەكەى مەسرور و پاراستنیان كردوە، هەروەك چۆن كاندەكانیانى تریان سوتاند، لێرەشدا بژار ملا خدریان خستۆتە بەردەم چارەنوسێكى نادیار و ڕەش.
ئەم بڕیارەى پاراستن ناڕەزایى گشتى لێكەوتۆتەوە و لە تۆڕى كۆمەڵایەتى فەیسبوك چەندین پەیج و ئەكاونت درووستكراون تەشهیر و سوكایەتى بەڕابردووى یەكتر دەكەن. لەبەشەكانى تر بەدرێژى باس دەكەین لەم كێشانە و ئەو كەسانەشى ئەو باروودۆخەیان خولقاند .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە