سیناریۆ دەستكردەكانى دەسەڵات ئاشكرابوون

Sunday, 02.17.2013, 12:00

1156 بینراوە







ئەگەرچى هۆكارى كێشەو ناكۆكیەكانى نێوان هەرێم و بەغدا بەشێكى زۆرى ئەگەرَێتەوە بۆ ئەوەى كە حكومەتى ناوەند مافەكانى كورد ناسەلمێنێت و مادەى 140 جێبەجێناكات و دەستى دەستى بە كورد ئەكات بەڵام دەسەڵاتى كوردیش هۆكارى بەشێكى ئەو كێشانەیە. دەسەڵاتى كوردى لەبرى ئەوەى پێداگرى بكات لەسەر بەدەستهێنانى مافەكانى كورد, بەدەستهێنانى ئەم مافانەى كردۆتە قوربانى كێشەى نەوت و غاز.
ئێستا كورد مادەى 140 لەبیر چۆتەوەو باس باسى گرێبەستى نەوت و وەرگرتنى شیرینی و فرۆشتنى نەوت بە قاچاخە. سەرۆكى هەرێم لە نەورۆزى ساڵى پارەوە بە بەردەوامى هەوڵى دروستكردنى كێشەو قەیران ئەدات لە گەڵ بەغدا بۆ دروستكردنى بارودۆخێكى شێواو نا سەقامگیر . هەوڵى یەكەمى ئەوەبو ویستى لە لایەك مالیكى بەوە بترسێنێت كە دەوڵەتى كوردى ڕائەگەیەنێت و لە لایەكى تریش خۆى بكاتە پاڵەوان لاى هاوڵاتیان بەڵام ئەم سیناریۆیە هەر لەسەرەتاەوە شكستى هێناو هیچى لێ سەوز نەبو.
هەوڵى دوەمى ئەوەبو كە لەگەڵ لایەنەكانى ترى عێراق متمانە لە مالیكى بسێننەوەو ئەمەشیان شكستى هێنا. هەوڵى سێیەمى ئەوەبو هەڕەشەى ڕاكێشانى بۆرى نەوتى كرد لە كوردستانەوە بۆ توركیاو بە بەهانەى ئەوەى كە بەغدا بەشە سوتەمەنى هەرێمى كوردستانى كەم كردۆتەوە دەستیان كرد با هەناردە كردنى نەوتى خاو بۆ توركیاو پاڵاوتنى و گێڕانەوەى بۆ هەرێمى كوردستان.لە ڕاستیدا هەمو سیناریۆكانى دەسەڵاتى كوردى لە پێناوى ڕەخساندنى ناردنە دەرەوى نەوت بوو . ئەگەر جاران بە دزى نەوت هەناردەى دەرەوە كرابێت ئێستا بە فەرمى شەرعیەت بەو دزیە درا. دواجار مالیكى كاردانەوەى توندى نواندو هێزى ئۆپەراسیۆنى دیجلەى دروست كردو ناردیە كەركوك و دەورو بەرى و بارو دۆخەكە ئەوەندەى تر ئاڵۆز كرا. لە جەنگەى ئەو بار گرژیەدا سەرۆكى حكومەت خەریكى بەستنى كۆنفرانسى نەوت بوو لە هەولێر . لاى دەسەڵاتدارانى كورد غەیرى كێشەى نەوت و غاز كورد كێشەى ترى نییە لە گەڵا بەغداو كەسیش باسى شتى تر ناكات . بۆ داپۆشینى ئەو سیناریۆیەى دەسەڵاتى كوردى دروستى كردوە هێزى پێشمەرگەى بردۆتە بەرامبەر بە هێزەكانى بەغدا.
دواى هەمو ئەمانە مالیكى 600 ملیۆن دینارى دا بە حكومەتى هەرێم بۆ ئەو كۆمپانیانەى كە گرێبەستیان لەگەڵ حكومەتى هەرێم مۆر كردوە بەو مەرجەى حكومەتى هەرێم لە سەرى ساڵى تازەوە رَۆژانە 300 هەزار بەرمیل ڕۆژانە هەناردەى دەرەوەى وڵات بكات و بەڵام حكومەتى هەرێم بەڵێنەكەى نەبردە سەر. لەبرى ئەوەى حكومەتى هەرێم هەوڵى هێوركردنەوەى بارو دۆخەكە بدات , بەپیچەوانەوە لە دروستكردنى سیناریۆیەكى تازەدا ئاڵۆزترى كرد و كۆمپانیاى ئێكسۆن موبیلى ئەمەرێكى هێنایە قەرە هەنجیر و ئەوەندەى تر مالیكى تۆرەبو. لەو ماوەیەدا كەركوك خەڵتانى خوینكرا.
چەندین تەقینەوەى تێدا ئەنجام دراو مالیكى هێزى زیاترى ناردە كەركوك و ئێستا داوا ئەكرێت بارەگا حیزبییەكان ببرێنە دەرەوەى شار. هێواش هێواش مالیكى كەركو كۆنتڕۆڵ ئەكات و لە دەستى كوردى دەر ئەهێنێت. هەمو ئەوەى كە ڕویدا لەسەر نەوتو بە تایبەتى لەسەر ئەوەى بەغدا بەشە سوتەمەنى هەرێمى كوردستانى كەمكردۆتەوە.
بەڵام خۆشبەختانە هەر وەكو چۆن ئەڵێن پەتى درۆ كورتەو زوو ڕاستییەكان ئاشكرا ئەبن, ئەندامێكى پەڕلەمانى بەغدا لەسەر لیستى گۆڕان بە بەڵگەوە سەلماندى و ڕونى كردەوەو ئەڵێت وەزارەتى بە ناو سامانە سروشتییەكانى كوردستان لە مانگى 8 ساڵى 2012 بە فەڕمى داواى لە بەغدا كردوە بەشە سوتەمەنى هەرێمى كوردستان كەم بكەنەوە چونكە لە هەرێمى كوردستان پاڵاوگە هەیە. سەیرى سیاسەتى دوو فاقەى ئەم دەسەڵاتە بكەن لە لایەك هاوڵاتیانى خۆى خەڵەتاندوە بەوەى بەغدا بەشە سوتەمەنى هەرێمى كوردستانى كەمكردۆتەوەو لە لایەكى تر شەرعیتى بە خۆى داوە نەوت بە ئاشكرا هەناردەى توركیا بكات بە پاساوى ئەوەى بەشە سوتەمەنى هەرێم كەمكراوەتەوە. ئیستا كاتى ئەوەیە ئاشتى هەورامى وەڵام بداتەوەو با مەبەستى دروستكردنى سیناریۆكانى بۆ خەڵكى كوردستان ڕون بكاتەوەو چیتر یارى بە موقەدەراتى ئەم گەلە نەكات.بەڵێ با هاوڵاتیان باش بزانن ئەوە حكمەتى هەرێمە نرخى بەنزینى بەرز كردۆتەوە نەك بەغدا.
لەسەرى ساڵى تازەشەوە بانكەكانى كوردستان پارەیان تێدا نییەو لە كاتى خۆیدا موچە نادرێت و وایان لە هاوڵاتیان گەیاندوە كە پارە لە بەغداوە درەنگ دێت. ئەمەش دوورە لە ڕاستییەوەو هەرگیز پارە دوا نەكەوتوەو خۆیان پارەكە ئەشارنەوە. ئەمەوێت لێرەدا ئەو ڕاستییە بۆ هاوڵاتیان ڕون بكەمەوە ئەگەر لە ڕابوردودا دەسەڵاتى كوردى بریتى بوبێت لە دەسەڵاتى یەكێتی و پارتى بەڵام لەم كاتەوە دەسەڵات دەسەڵاتى پارتییە بە تەنهاو سەرۆكى هەرێم تاك لایەنە هەمو بڕبارەكان ئەدات. وەزارەتى سامانە سروشتییەكان كە بۆتە سەرچاوەى هەمو كێشەكان یەك فەرمانبەرى یەكێتى تێدا نییە.
كەواتە دەسەڵاتى كوردى واتە حكومەتى پارتى . كەواتە با بپرسین پارتى بۆچى ئەم سیناریۆ یەك لە دواى یەكانە دروست ئەكات؟ سروشتى پارتى وایە لە هەر شوێنێك لاواز بێت هەوڵى دروستكردنى كێشە ئەدات . لە كەركوك زۆر لاوازن بۆیە كاریكى وایان كرد مالیكى كەركوك كۆنتڕۆڵ بكات و هێزەكانى یەكێتیشیان بە ناوەوەو خەریك كردوەو ئەوەتا هەوڵ ئەدەن دەست لە سلێمانیشەوە وەردەن و خۆپیشاندانى بەردەمەمى نالیا نمونەیە.
دروستكردنى بارودۆخێكى ئاڵۆز بۆ فرۆشتنى زۆرترین ڕێژەى نەوت . سەرقاڵ كردنى هاولاِتیان و خەڵەتاندنیان بەوەى ئێمە مەترسیمان لەسەرەو كاتى ڕەخنەگرتن نییەو با خەریكى دوژمن بین. پارتى بەرەى ئۆپۆزسیۆن بە ئاژاوەچى ئەزانێت چونكە سیناریۆكانى پارتى بۆ هاوڵاتیان ئاشكرا ئەكات. ئەگەر هەمو ئەو سیناریۆیانەى پارتى دروستى كردون بۆ مەبەستى خەڵەتاندن و فرۆشتنى نەوت نەبوە با حكومەتەكەى پارتى لە تەلەفزیۆنەوە وەلامى دكتۆر بایەزید بدەنەوەو بۆمان بسەلمێنن كە بەغدا بەشە سوتەمەنى هەرێمى كەم كردۆتەوە.