وەزیرى تەندروستى لە نێوان كارگەكەى كەریم سنجارى و پارچە حەبەكەى میم حادا

Monday, 01.23.2012, 12:00

1753 بینراوە


دەمێكە كوردستانپۆست و قەڵەمەكانى هاوار ئەكەن كەرتى تەندروستى وەك باقى كەرتەكانى تر كەرتێكى بەحزبى كراوى شكستخواردووە، دەمێكە خەمخۆرو ڕۆشنبیرو دكتۆر و كارمەند و نووسەرو چاودێرانەى گرنگى بەكەرتى تەندروستى ئەدەن هەموو لایەكیان لەكارەسات و مەترسیەكانى خراپى سیستەمى سەقەتى تەندروستى كوردستان ئاگاداركردۆتەوە بەڵام لەبەر ئەوەى دەسەڵاتە ئێكسپایەر بووەكە هیچ پیلان و بەرنامەیەكى نیە لەجیاتى گوێ گرتن و پیلان و چارەسەر هاتووە زیاتر زەمینەى خۆش كردووە بۆ ڕوودانى ئەو كارەساتانە ئەوەتا لەسایەیى ئەم سیستەمە بەحزبى كراوە بێ كەڵكە كۆمپانیایى مافیاكانى حزب ژەهرو ماددەى هۆشبەرو دەرمانى ئێكسپایەربوو دەرخواردى ئەو میللەتە ماڵوێرانە ئەدەن.
سێ چوار ساڵ بەر لە ئێستا كوردستانپۆست بەهەموو لایەكى ڕاگەیاند عەلى كیمیاوى لە هەولێرە كەس گوێیى پێی نەدا بەپێچەوانەوە لە ڕقى كوردستانپۆست زیاتر دەرگایان ئاواڵا كرد بۆ (عەلى قەمبور = عەلى كیمیاوى) شەریكى بەرپرسانى پارتى و یەكێتى و گەورە مافیاو بازرگانى هێنانى ماددەو دەرمانى ئێكسپایەر، تازیاتر بەربێتە گیانى ئەم میللەتە ئەوەتا ئێستا خۆیان هاوار ئەكەن و كۆمپانیاكانیان ئاشكرا ئەبێ جەنابى بازرگانى مافیایى شەریكى بەرپرسان نەك كارگەى دەرمانى ئێكسپایەر ئەوەتا كارگەى دەرمانى هۆشبەریشى هەبووە واتا لەبرى چارەسەر خەڵك و هاوڵاتیانى نەخۆش و بێدەسەڵات بەپارەى خۆیان ژەهرخوارد كراون.
ئەوەتا لەهەولێر گەورەترین كارگەى بەرهەم هێنانى ماددەى بێ هۆشكەر دەستى بەسەر داگیراوە بەشێوەیەك هەموو ئەو ماددانەى خراونەتە ناو دەرمانەكانەوە ژەهراوى بوون پێمانوایە ئێستاش زۆر ماوە ئاشكرابێت.
ئەوەتا وەزیرە ترسنۆكە بێ جورئەتە پول پەرستەكەى تەندروستى كۆنگرەى ڕۆژنامەنووسى ئەبەستێ ئەڵێ كارگەیەك دەستى بەسەر داگیراوەو بەس، بێ ئەوەى پێمان بڵێ لەكوێیى هەولێرە ئەم كارگەیە ؟ كێ خاوەنیەتى ؟ كێ لەپشتیەتى ؟ چەند ساڵە هەیە ؟ چى بەرهەم هێناوە تائێستا ؟ ئەى ئەو كەلوپەلەى دەستى بەسەر داگیراوە كوا لەكوێ یە ؟ ئەى كوا مۆڵەتى ئەو كارگەیە ؟ بۆ ڕاى ناگەیەنیت بۆ هەموو لایەك ؟ ئەى ئەو هەموو دەرمانەى ئەم كارگەیە بەرهەمى هێناوە چەند ساڵە كوا لەكوێ یە ؟ بەسەر كێدا ساغ كراوەتەوە ؟ بەكێیى فرۆشتووە ؟ كێ وەكیل و نوێنەرى ئەو كۆمپانیابووە ؟ لەگەڵ دەیان پرسیارى تر ؟.
ئێستا ئێوەى بەڕێز بفەرموون ئەوە كێ یە ڕاستیەكان ئاوەژوو ئەكا و بەڕۆژى ڕووناك خەڵك چەواشە ئەكات ؟ كێ تاوانبارو بەرپرسیارى یەكەمە لەم ڕووداوانە ؟.
خوێنەرانى بەڕێزى كوردستانپۆست.
بەپێیى ئەو زانیاریانەى ئێمە دەستمان كەوتووە ئەم كارگەیە ئى كەریم سنجاریەو عەلى قەمبور بۆى بەڕێوە بردووە، لەناو دكتۆر و كارمەندانى تەندروستیش بەتایبەت لەهەولێر ئەڵێن نائى فازڵ میرانیە ؟ بەهەر حاڵ ئى هەر كامێكیان بێت بەلاى ئێمەوە گرنگ نیە ؟ چونكە ئێمەو كوردستانپۆست و قەڵەمەكانى تریش چەند ساڵە باسى ئەم كارەسات و ماڵوێرانیانە ئەكەین كەلەم كەرەتەدا ئەكرێت و كوردستانیان كردۆتە تاقیگەى تاقیكردنەوەى ماددەى ئێكسپایەرى كۆمپانیایى بەرپرسانى باڵاى پارتى و یەكێتى بەرپرسانى ئەم كەرتەش لەشێوەى تاهیرهەورامى لەپێناو پاراستنى بەرژەوەندى حزبى و گیرفانى و بازرگانى خۆیان وایان پێباشە ئەم سیستەمە هەروا بەسەقەتى و دواكەوتوویى بمێنێتەوە، چونكە ئەوەتا جەنابى وەزیرى تەندروستی پاكانەیان بۆ ئەكات و لەپەناى ((وۆركشۆپى ڕەشنووسى پڕۆژە یاساى مادەەى هۆشبەر)) دێ ئەم كارەساتە گەورەیە باس ئەكاو پینەو پەڕۆى ئەكا ((ئێمە دەمێكە ماهیەتى ئەو وەزیرە دووڕووە ماستاوچیەمان بۆ هەموو لایەك دەرخستووە كەئیشى تەنها پەردەپۆشكردنى دزى و گەندەڵى و لێدوانى چەواشەو دژبەیەك بووە)). ئەوەتا هەموو خەڵك و تەناتەت ڕاگەیاندنى نالیاو هەندێك كەناڵى تریش باس لەوە ئەكەن ئەم كارگەیە بەرپرسێكى باڵاى حزبى لەپشتە كەچى جەنابیان زۆر بەسادەیى دێ باسى ئەكاو تێیى ئەپەڕێنێ ؟ تۆ كەغیرەت و جورئەتى ئەوەت نەبێت ناوى جەنابى بەرپرس ئاشكرا بكەیت ئەى بۆ دەست لەكار ناكێشیتەوە ؟.خاڵێكى تریش ئەمانەوێت باسى بكەین تا ئەم چركە ساتەى ئێمە قسەى تیا ئەكەین تەنها فراكسیۆنى یەكگرتووى ئیسلامى ئیدانەى ئەمەى كردووە و فراكسیۆنى گۆڕانیش كەزۆرینەى ئۆپۆزسیۆن پێك دێنن بێ هەڵوێستن و مێشیشیان میوان نیە، حاشا لەو سەرۆكایەتى بەناو هەرێم و پەرلەمانەى بزوتنەوەى گۆڕان ئومێدى پێیەتى.
ڕاگەیاندنە چەواشەكارەكەى یەكێتى پارچە حەبەكەیان لا گەورەترە لەكارگەكە.
ئەوەى زیاتریش مایەیى مەهزەلەو ئابڕووچوون و كارەساتە ڕۆژى 18 / 1 / 2012 كەوەزیرى تەندروستى ئاشكرابوونى ئەم كارگەیە ڕائەگەیەنێت هەمان ڕۆژ سایتە ڕووڕەشەكەى پیوكەى میدیاو كەناڵەكانى ترى یەكێتیش زۆر بەسادەیى باسى ئەم كارگەیەیان كرد كەدەستى بەسەر داگیراوە.
هەر هەمان ڕۆژ واتا ڕۆژى 18 / 1 / 2012 سایتە ڕووڕەشەكەى پیوكەى میدیا باسى دەستگیركردنى چەند گەنجێك ئەكات و یەكێك لەو گەنجانە پارچەیەك حەبى (ترامادۆڵى) پێ گیراوە یەكسەر ڕاوانەى زیندانى معسكرسەلام كراوە بۆ سلێمانى و ئاسایشى گەرمیانیش بەلاغى ڕاگەیاندنى بۆ دەركردووە وەك ئەوەى مادەى 140 یان جێ بەجێ كردبێت یان دەوڵەتى كوردیان ڕاگەیاندبێت.
ئێوە بڵێن كارگەیەك سێ تەن و نیو ماددەى هۆشبەرى تیاگیراوە خاوەنەكەى دیارنیەو جەنابى وەزیریش بێ دەنگە ؟ كەچى گەنجێكى گیرفان بەتاڵى گەرمیانى قوڕبەسەریش چەند پارچەیەك حەبى پێ گیراوە دەیان ماددەى یاسایى و قانوونى بەسەردا جێ بەجێ ئەكەن. ((بۆئەوەى زوڕناژەن و قەڵەمە بەكرێ گیراوەكانیان بەهەڵە حاڵى نەبن مەبەستمان ئەوەنیە ڕێگرى نەكرێت لەبڵاوبوونەوەى)) مەبەستمان لەگەورەیى كارەساتەكان و بەراوردكردنیانە بەیەكتر ؟.
وەپێمان وایە ئەگەر لێكۆڵینەوەیەكى مەیدانى بێ لایەن یان ڕاپرسى بكرێت لەسەر هەموو ئەو گەنج و خەڵكە داماوەى ((حەب و ماددەى بێ هۆشكەر بەكاردێنن)) هەمووى خەڵكى بێ ئیش و گەنجى دانەمەزراوە كەدینارێك لەگیرفانیانە نیە، ئەمەش هەر ئەوان لێیى بەرپرسیارن و ڕێگە خۆشكەرن بۆ سەرگردانكردنى هەزاران گەنج و بێكارى هەموویان ئەبینین چۆن بەبەرچاوى ئەوانەوە فیرعەون و جەلادو مافیاكانى پارتى و یەكێتى یارى بەداهات و خاك و نەوت و بودجەو چارەنووسى ئەم ووڵاتەوە ئەكەن.
_ لەكۆتایدا ئێمە هیچ ناڵێین فەرموون سەیركەن بەڵگەكان خۆیان ئەدوێن..
--------------------------------------------------------------------
1 _ سەیركەن سایتى پی یوكەى میدیا ئەوەندەى گرنگى بەو رووكەشە پە بێ ناوەرۆكە بێ بەرهەمەكە داوە ئەوەندە گرنگى بەكارەساتە گەورەكە نەداوە، جەنابى وەزیریش زۆر بێ شەرمانە ئەڵێ هیچ ئامارێكمان لەبەر دەست دانیە بۆ ئەوانەى تووشى ئاڵوودەبوون بەماددەى هۆشبەربوون، ئەى كەئامارت لانیە وۆركشۆپت بۆچیە ؟ یان ئەمەش وەك كۆنگرە بێ بەرهەمە تەندروستیەكەی ساڵ پارە ملیۆنان دینارى تیا سەرفكرا كەچى ئێستا 2012 یە سلێمانى نەخۆشخانەى مناڵبوونى نیە، 22 ساڵە لەبیناى فەرمانگەیەكى كشتوكاڵدایە.

هه‌ولێر..كارگه‌یه‌كی ده‌رمان كه‌مادده‌ی هۆشبه‌ری به‌كارهێناوه‌ ده‌ستیبه‌سه‌ردا ده‌گیرێت

PUKmedia به‌هادین سابیر- هه‌ولێر 2012-01-18 17:40:46

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 18-1 له‌هۆڵی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم به‌سه‌رپه‌رشتی د.تاهیر هه‌ورامی وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ئاماده‌بونی نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی عیراقی فیدراڵ و ئه‌ندام په‌رله‌مانانی عیراقی فیدراڵ و ئه‌ندام په‌رله‌مانانی هه‌رێمی كوردستان له‌لیژنه‌ی ته‌ندروستی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، وۆركشۆپی (ره‌شنوسی پرۆژه‌ی یاسای مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و كاریگه‌رییه‌ هۆشمه‌ندییه‌كانی له‌ هه‌رێمی كوردستان) سازكرد.
د.تاهیر هه‌ورامی له‌لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاند وتی: ئه‌مڕۆ هه‌ڵده‌ستین به‌ ئه‌نجامدانی وۆركشۆپ و دیراسه‌كردنی پرۆژه‌ یاسای مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا له‌عیراق به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی، ئێمه‌ ئامارێكی ته‌واومان له‌به‌رده‌ست نیه‌ بۆئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ دوچاری مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان بوون، به‌ڵام 2 رۆژ پێش ئێستا به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ناوچه‌یه‌كی هه‌ولێر ده‌ستگیرا به‌سه‌ر كارگه‌یه‌كدا كه‌ 3 تۆن و 678 كیلۆ مادده‌ی هۆشبه‌ری تێدابوو كه‌ به‌كار ده‌هێنرا بۆ دروستكردنی ده‌رمانی خراپ و له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ 10 هه‌زار پاكه‌ت و قوتوی به‌تاڵ.
راشیگه‌یاند: ئامانجی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بتوانین كۆنترۆڵی مامه‌ڵه‌كردنی مه‌وادی هۆشبه‌ر بكه‌ین و بتوانین سنورێك بۆ ئالوده‌بوان له‌كوردستان دابنێین و رێژه‌یان كه‌مبكه‌ینه‌وه‌و ئه‌وانه‌ی ئالوده‌ش بوون چاره‌سه‌ریان بۆ بكرێت و سزای ئه‌و كه‌سانه‌ش بده‌ین كه‌ بازرگانی به‌مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ن و هه‌روه‌ها به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌ برا پزیشكه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان سه‌رقاڵی پرۆژه‌ی دروستكردنی سه‌نته‌رێكین تایبه‌ت به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئالوده‌ بوون به‌مادده‌ی هۆشبه‌ر.

--------------------------------------------------------------------
2 _ سەیركەن هەمان ڕۆژ سایتە ڕووڕەشەكەى پیوكەى میدیا چۆن باسى ئەم گەنجە داماوە ئەكات كەناوى (م.ح. ا)، چەند پارچەیەك حەبى ترامادۆڵى پێ گیراوە، بەقەد دەنكى حەبەكان ماددەیان بەسەردا ساغ كردۆتەوە، جەنابى بەرپرسى باڵاش كارگەى لێ گیراوە، كەچى وەزیرى تەندروستى خەریكى وۆركشۆپە و هیچ ئامارێكیشى لانیە و ئەڵێ سیستەمەكەمان زۆر باشە لەپێش ووڵاتانى دراوسێوەیە.

گه‌رمیان.. چوار تۆمه‌تباری مادده‌ی هۆشبه‌ر سزا ده‌درێن.
PUKmedia یادگار عه‌لی - گه‌رمیان 2012-01-18 17:14:56
به‌پێی نوسراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی گه‌رمیان، دوێنی 4 كه‌س به‌تۆمه‌تی به‌كارهێنان و بازرگانیكردن به‌مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ سزا دراون.
له‌و نوسراوی ئاسایشی گه‌رمیاندا كه‌ كۆپییه‌كی ده‌ست PUKmedia كه‌وتووه‌، هاتووه‌: پاش ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌یه‌كی هێزه‌كانی یاریده‌ده‌رێتی ئاسایشی خانه‌قی سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی گه‌رمیان له‌شه‌وی 24\25-9-2011 دا چوار كه‌س به‌تۆمه‌تی به‌كارهێنان و كێشانی مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیركران و دۆسیه‌كه‌یان خرایه‌ به‌رده‌ست دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی گه‌رمیان، دواتر دۆسیه‌كه‌یان ره‌وانه‌ی دادگای تاوانه‌كانی كركوك- گه‌رمیان كرا.
هه‌ر به‌پێی نوسراوه‌كه‌، دوێنێ 17-1، سێ له‌و تۆمه‌تبارانه‌ به‌پێی مادده‌ی 14 ی بڕگه‌ی 2 ی یاسای مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌لایه‌ن دادگای تاوانه‌كانی كه‌ركوك- گه‌رمیانه‌وه‌ به‌ساڵێك زیندانی حوكمدران و یه‌كێك له‌تۆمه‌تباره‌كانیش له‌به‌ر نه‌بوونی به‌ڵگه‌ی ته‌واو ئازادكرا.
به‌پێی نوسراوه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی گه‌رمیان، تۆمه‌تبارێكی تر به‌ناوی (م.ح.ا) كه‌ له‌ڕۆژی 29-9-2011 له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌یه‌كی هێزه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی گه‌رمیانه‌وه‌ له‌شاری سلێمانی به‌تۆمه‌تی بازرگانیكردن به‌حه‌پی (ترامادۆڵ) ـه‌وه‌ ده‌ستگیركراو چه‌ندین پارچه‌ حه‌پی (ترامادۆڵ) یشی پێوه‌گیرا، پاش ئه‌وه‌ی دۆسیه‌كه‌ی خرایه‌ به‌رده‌م دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی گه‌رمیان و دواتر دۆسیكه‌ی ره‌وانه‌ی دادگای تاوانه‌كانی كركوك- گه‌رمیان كرا، له‌لایه‌ن دادگای تاوانه‌كانی كه‌ركوك- گه‌رمیانه‌وه‌ ناوبراو به‌پێی مادده‌ی 50 ی بڕگه‌ 5 ی یاسای ده‌رمانخانه‌ به‌ساڵێك زیندانی حوكمدرا.
له‌نوسراوه‌كه‌ی ئاسایشدا ئه‌وه‌ش هاتووه‌ كه‌ هه‌ر چوار حكوم دراوه‌كه‌ ره‌وانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی گشتی كراون به‌مه‌به‌ستی ناردنیان بۆ به‌ندینخانه‌ی (معسكر سلام) ی شاری سلێمانی بۆ به‌سه‌ربردنی ماوه‌ی حوكمه‌كانیان.
--------------------------------------------------------------------
3 _ كەناڵى ئاسمانى (ئێن ئاڕ تى) ڕایگەیاند ئەو كارگەیەیى دەستى بەسەر داگیراوە هى بەرپرسێكى باڵاى یەكێك لەحزبە فەرمانڕەواكانى هەرێمى كوردستانە.

وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم: كارگەیەكی دروستكردنی دەرمانی ساختە دەستی بەسەرداگیراوە
1/18/2012 6:01:00 PM

وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەسەرداگرتنی كارگەیەكی دەرمان بەتۆمەتی ساختەكردنی دەرمانی هۆشبەری لەشاری هەولێر ڕاگەیاند، كە زیاتر لە 3500 تەن دەرمانی هۆشبەری تێدابووە.
تاهیر هەورامی لەلێدوانێكی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند: بەهەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی هەرێم دەستیان بەسەر كارگەیەكی دروستكردنی دەرمانی ساختەدا گرتووە.
وەزیری تەندروستی روونیشكردەوە، لەكارگەكەدا سێ‌ تەن و 678 كیلۆ دەرمانی ماددەی هۆشبەر و زیاتر لە 10 هەزار قوتووی بەتاڵ تێدا بووە.
لەلایەكی تریشەوە سەرچاوەیەك كە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند ئەو كارگەیەی دەستی بەسەرداگیراوە هی بەرپرسێكی باڵای یەكێك لەحزبە فەرمانڕەواكانی هەرێمی كوردستانە.

--------------------------------------------------------------------
4 _ سایتى ستانداریش بەم شێوەیە باسى كردووە:

گەورەترین مەترسی ھەڕەشە لەژیانی ھەمووان دەکات
کارگەی بەرھەمھێنانی ماددەی بێھۆشکەر دەدەۆزرێتەوە.
22/1/2012
ستاندەر: ھەولێر

لەچوارچێوەی دەرھاویشتە خراپەکانی سیستەمی تەندروستی لە کوردستان کە تێیدا بەھۆی نەبوونی چاودێر بەسەر کەرتەکانەوە ژیانی زۆرینەی کوردان کەوتۆتە مەترسیەوە لە کوردستان بەتایبەتی لە ھەولێر کارگەی نھێنی مەترسیدار دۆزراوەتەوە کە تێیدا ماددەی بێھۆشکەر بەرھەم دەھێنن و ئەو ماددانەش دەخرێنە ناو دەرمانەکانەوە زۆریش لەو ماددە بێھۆشکەرانە ژەھراوی بوون.
پزیشکێک کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکەین لە لێدوانێکدا بۆ ستاندەر وتی " کارگەی نھێنی بەرھەمھێنانی ماددەی بێھۆشکەر و دەرمانی تر ھەیە و مەترسیان بۆ تەندروستی ھەموو تاکێک دروست کردووە".
جێگەی باسە ڕیژەی نەخۆشی لە کوردستان لە زۆرینەی ولاتانی جیھان زیاترەو زۆرینەی خەڵکیش لە تەمەنی ناوەندیدا گیان لەدەست دەدەن، زۆری ڕێژەی نەخۆشیش بۆ خراپی دەرمان و جۆری دەرمانەکان دەگەرێتەوە.
--------------------------------------------------------------------
  5 _ تائامادەكردنى ئەم ڕاپۆرتە تەنها فراكسیۆنى یەكگرتوو باسى كردووە و ئیدانەى كردووە، لەوانەیە فراكسیۆنى گۆڕان خەریكى كابینەكەى نێچیر بارزانیبن بۆیە هەڵوێستیان نیە.

فراكسیۆنی یەكگرتوو: پێویستە چاوپۆشی نەكرێت لەو كەسە حزبی و حكومیانەی لەپشت دروستكردنی دەرمانی ساختەوەن.
كوردیو سلێمانی.
بەڕێز / سەرۆكایەتی پەرلەمان
ب/ یاداشت سەبارەت بە دیاردەی دەرمانی ساختەو باری تەندروستی هاوڵاتیان
بەپێی ڕاپۆرت و بەدواداچونەكانی لێژنەی تەندروستی پەرلەمان و زانیاریەكانی وەزارەتی تەندروستی و، دانپێدانانی خودی وەزیری تەندروستی، ماوەیەكی زۆرە لەكوردستان جۆرەها دەرمانی ساختەو، چەندین جۆرە عیلاجی ئێكسپایەر و بەسەرچوو خۆراكی بێ كەڵك و بێ‌ كوالێتی دەدرێتە هاوڵاتیانی كوردستان، كار گەیشتە دۆزینەوەی چەندین مەخزەنی گەورەی دەرمان و، تەنانەت مۆڵگەی دروستكردنی دەرمانی ساختەو بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر بۆ ئەو مەبەستە، كە لەدوا دانپێدانانی وەزیری تەندروستی زیاتر لە سێ‌ تەن و نیو دەرمانی ساختەو ماددەی هۆشبەر لە پایتەختی هەرێمدا دۆزراوەتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە هاوڵاتیان ئەو هەستەیان بۆ دروست بووە كە وەك پێویست لێپرسینەوە لەگەڵا تاوانباران ناكرێ‌، لەبەر ئەوەی دەستی هەندێ‌ خاوەن پلەو پۆستی حزبی یان لە پشتەوەیە.
ئێمە لە فراكسیۆنی یەكگرتوو داوادەكەین كە بەزوترین كات سەرۆكایەتی پەرلەمان لەڕێی لیژنە پەیوەنداریەكانیەوە هەنگاوێ‌ بۆچارەسەری ئەم دیاردەیە بنێ‌ و، گوشار لەسەر لایەنی پەیوەندیدار دروست كا كە بەهیچ جۆرێك چاوپۆشی نەكرێت لەو كەسە حزبی و حكومی یانەی كە دەستیان لە پشت ئەو تاوانە گەورەیە هەیە.
بەهیچ شێوەیەك ڕەوا نیە ئەو هەموو سەرپێچی یە یاسایی دەكرێ‌ و، ژیان و تەندروستی هاوڵاتیان بەم جۆرە دەخرێتە مەترسی یەوە و، تاوانبارانیش ناخرێنە ڕوو، دەبێ‌ لایەنە بەرپرسەكان بوێرانە سەرپێَچی كاران و مافیاكانی ئەم بوارە ئاشكرابكەن، لەهەر پلەو پایەكدابن و، چی تر لەمە زیاتر ئاسایشی خۆراك و تەندروستی هاوڵاتیانی كوردستان نەكرێتە قوربانیی ململانێی سیاسی و نەبەسترێتەوە بە هاوكێشە ئیداری و سیاسی یەكانیەوە.
بەهیوای هەنگاوو بڕیارێكی بوێرانە..

فراكسیۆنی یەكگرتوو
لەپەرلەمانی كوردستان
22/1/2012

وێنەیەك بۆ:
- دۆسیەی تایبەت
--------------------------------------------------------------------
6 _ حاشا لە 400 قەرەوێڵەیەكە، 200 قەرەوێڵەیشى هاتە سەر، دوایى سەرفكردنى ئەو هەموو بودجەو پارەیە لەو هەموو كۆنگرەو كۆنفرانس و وۆركشۆپە بێ بەرهەمانە تائێستا سلێمانى نەخۆشخانەى مناڵبوونى نیە.

سلێمانی؛ 22 ساڵە نه‌خۆشخانه‌یەک له‌ بینایەکی فه‌رمانگه‌ى كشتوكاڵدایە.



(سبەی):


تائێستا نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی خاوەنی بینایەکی تایبەتمەند بەخۆی نەبوەو ماوەی 22 ساڵیشە ئەو نەخۆشخانەیە لە بینایەکی فه‌رمانگه‌ى كشتوكاڵدایە.
دكتۆره‌ ئیخلاس نیعمه‌ت، به‌ڕێوەبه‌ری‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ منداڵانی فێركاری‌ سلێمانی‌، بۆ (سبه‌ی‌) رایگەیاند: ئه‌م بینایه‌ له‌ بنەڕەتدا بینای‌ نه‌خۆشخانه‌ نیه‌، پێشتر فەرمانگەی کشتوکاڵ بوەو‌ له‌ ساڵی‌ 1970 دروستكراوه، ساڵی‌ 1989 کراوەتە نه‌خۆشخانه‌ی‌ منداڵان.
باسیلەوەشکرد، پێویسته‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ منداڵان تایبه‌تمه‌ندی‌ خۆی‌ هه‌بێت له‌ڕوی‌ بیناوه‌، دەبێت ئه‌و بینایه‌ی‌ دروست ده‌كرێت گونجاو بێت، وتی: ئەم بینایەی ئێستا لەکاتی خۆیدا گونجاو بو، چونكه‌ رێژه‌ی‌ نەخۆش زۆر نه‌بو، بەڵام له‌ ئێستادا له‌گه‌ڵ زۆربونی ژماره‌ی‌ دانیشتوان ژماره‌ی‌ نه‌خۆشیش زیاد ده‌كات، ئەمەش کێشەی بۆ دروستکردوین و له‌ئاست پێداویستییه‌كانی‌ نه‌خۆشدا نیه‌.
ئەوە لەکاتێکدایە ماوەیەکی زۆرە داوای دروستکردنی نه‌خۆشخانه‌ی‌ منداڵانی فێركاری دەکەن، بەڵام تائێستا جێبەجێنەکراوە، وەک ‌به‌ڕێوەبه‌ری‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ منداڵانیش، وتی: دەڵێن گوایە، دیزاینی دروستکردنی بینایەک تەواوبوە، كه‌ پێكدێت له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ (200)قەرەوێڵەیی بۆ منداڵان و منداڵ بون، بەڵام به‌ داخه‌وه‌ تا ئێستا نه‌كه‌وتوەته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردن.