پەیامی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی پادک بۆ کۆنسەی سەرۆکایەتی پێکاکا بەبۆنەی تیرۆری پاریس

Saturday, 12/01/2013, 12:00

1571 بینراوە


بەڕێز: کۆنسەی سەرۆکایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان - PKK

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی تیرۆری ناجوامێرانەی سێ تێکۆشەری ڕیزەکانی خەباتی نەتەوایەتی لە ناخەوە رایچڵەکاندین، پارتی ئازادی و دێمۆکراسی کوردستان- پادک، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بەم بۆنە دڵ تەزێنەوە، سەرخۆشی خۆی پێشکێش بە کۆنسەی سەرۆکایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان- پێکاکا و بنەماڵەی سەربەرزی ئەو شەهیدانە دەکات و هیوادارە خوێنی ئەو شەهیدانە ببێتە هاندەر بۆ هەرچی زیاتر سوور بوون لەسەر ڕێبازەکەیان و لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانیان.
ئاشکرایە کە مێژووی ڕەشی داگیرکەرانی کوردستان لیپاولیپە لە تیرۆر، کوشتن، ڕاونان، گرتن و ئەشکەنجە و ئازار، لە بەرانبەریشدا مێژووی زێڕینی نەتەوەی گەورەی کورد پڕیەتی لە خەبات و فیداکاری و بەرخۆدان بە دژی دیکتاتۆری و داگیرکاری، هەربۆیە دوژمنان دەبێ باش بزانن کە بە تیرۆر و کوشتن و تۆقاندن ناتوانن ژنان و پیاوانی کورد لە بیر و باوەڕ و ئامانجەکانیان دوور بخەنەوە و وازیان پێ لە خەبات لە پێناو ئازادی دا بێنن.
ئێمە لە کاتێکدا هەواڵی تیرۆر کردنی ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا سۆیلەمز دەبیسین کە ڕەوتی دێمۆکراسیخوازی خەریکە تەخت و تاراجی دیکتاتۆران لە ڕیشە هەڵدەکەنێت و نەتەوە ماف پێشێلکراوەکان بە ئامانجەکانیان دەگەن، لە لایەکی دیکەشەوە و وێڕای بەردەوامیی گوشارەکانی داگیرکەران، کەچی نەتەوەی کورد بێوجان هەوڵی داوە کۆتایی بە هەرجۆرە خوێن ڕشتنێک بێنێت و لە هەمیشە دەرگای دیالۆگ و دانوستانی لە سەر پشت بووە لە پێناو چارەسەر کردنی کێشەی نەتەوەکەمان، کەچی لە بەرانبەر پێشنیاری ئاشتی و پێکەوە ژیاندا داگیرکەران بە مۆدێرنترین چەکی سەردەم لە وڵاتی خۆمان دا دەمانکوژن و گروپە ڕاهێنراوە تیرۆریستی‌یەکانیاشیان لە هەر گۆشەو قوژبنێکی دونیادا بڵاو کردۆتەوە بۆ تیرۆر کردنمان. دوا نمونەی تیرۆر و ڕەشەکوژی داگیرکەران بە دژی نەتەوەکەمان شەهید کردنی سێ چالاكی ریزەكانی پێشەوەی شۆڕشی نەتەوەكەمان لە كوردستانی باكوور؛ شەهیدان " ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا سۆیلەمز".
بۆ جارێکی دیکەش تیرۆری ئەم سێ تێکۆشەرەی ڕیزەکانی خەباتی نەتەوایەتی مەحکوم و ڕیسوا دەکەین و سەرەخۆشی خۆشمان پێشکێش بە کۆنسەی سەرۆکایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان و بنەماڵەی سەربەرزی ئەو شەهیدانە دەکەین، دوژمنان و داگیرکەرانیش دڵنیا دەکەین کە تیرۆر و تۆقاندن و ڕەشەکوژی ناتوانێ رەوتی دێمۆکراسیخوازی نەتەوەی کورد کە گرتویەتیەبەر بەرەو دواوە ببات و تێکی بشکێنێت.

ئەنجومەنی سەرۆکایەتی
پارتی ئازادی و دێمۆکراسی کوردستانPADK -
٢١ی بەفرانباری ٢٧١٢
١١/١/٢٠١٢

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە