پیری و هەزار ژیری، نەک هەزار.....

Saturday, 17/01/2015, 12:00

12288 بینراوە


(خاڵە مەجید) ی هەشتا ساڵ تەمەن پێش هەشت مانگ هاوژینەکەی مردبو، وایان بۆ باسکردم کە (خاڵە مەجید) پەکی کەوتوە و سەری لە گوێی گۆڕ دەلەرزێ، بۆیە بەنیگەرانیەکی زۆرەوە سەردانم کرد.وردە وردە دوانم و باس و بەسەرهاتەکانی ڕابوردوم لەگەڵ گەرمکرد، باسی ڕۆژانی لاوی و گورجوگۆڵی و چالاکیەکانی وەک جوتیارێکی ماندونەناس و باوکی هەشت منداڵ.زۆر بە هێوری دەستمگرت و پێموت حەزدەکەم پیاسەیەکی ناو حەوشەکەت لەگەڵ بکەم ، لەگەڵم هەستایە سەرپێ و بینیم بێ هیچ کێشە و سکاڵایەک کەوتە پیاسە لەگەڵم، کەسێکی نزیکی کەمێک گەنجتر لەم کە ئەویش هاتبو بۆ سەردانی کەوتە چڕینی گۆرانیەکی کوردی و دەستیدایە دەست (خاڵە مەجید) ، نەرمەهەڵپەڕکێیەکی خۆشی وایان دەستپێکرد کە منیشی گرتەوە و سێقۆڵی گەرممانکرد! لە وڵاتانی پێشکەوتو واباوە دەڵێن لە دوای تەمەنی پەنجا ساڵی (بەهاری دوهەم) ی تەمەن دەستپێدەکات، ئەڵبەتە مەبەست لە مە ئەوەنیە پیاو کەڵکەڵەی ژنی دوهەم و سێهەم بچێتە مێشکی یا ژن و مێرد بێ هیچ هۆیەکی ڕون و ڕەوا تەنیا بۆ شوکردنەوە و ژنهێنانێکی تر واز لە یەکتر بێنن! مرۆڤ کە تەمەنی پەنجا ساڵی تێپەڕاند بە پێی ئاستی ڕۆشنبیری وپیشەکەی و بەسەرهاتەکانی ژیانی دەبێتە خاوەنی گەنجینەیەکی لێوانلێو لە ئەزمون و زانین و زانیاری و دانایی، لە ڕوی کەسێتیەوە پێدەگات و دەتوانێ ئەو پەندانەی لە ئەزمونەکانی ژیانی وەریگرتون و لێیفێربون لە ڕێی چالاکی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی و هونەری و ئەدەبی و پیشەیی و وەرزشی و سیاسیەوە بە نەوەی هەرزەکاران و گەنجانی دەوروبەری خۆی بگەیەنێت و بەم جۆرە جێگای شایستەی خۆی لە کۆمەڵدا بگرێت و ئەو هەستە ڕوخێنەرەی لا دروست نەبێت کە ئەم ئیتر بەکەڵکی هیچ نەماوە و ڕۆڵی خۆی بینیوە و کاتی بەسەر چوە و بوەتە بار بەسەر خێزانەکەیەوە .هۆکانی وێلکردن و گوێپێنەدان و لەبیرکردنی مرۆڤی بە ساڵاچو لە کوردوستانا زۆرن و جۆراوجۆرن: بیروڕای چەوت و ڕەشبین و ڕوخێنەر لە سەر پیری، بۆ نمونە (پیری و هەزار عەیب) یا (ئەوەی فێری بویت بە شیری تەرکی ناکەیت بە پیری= پیر ناتوانێ هیچی تازە فێربێت)، یا (زۆری بۆ دنیا کردوە و ئیتر دەبێت کار بۆ قیامەت بکات) ،یا (پەکی کەوتوە و بە کەڵکی هیچ نەماوە، خوا ڕەحمی پێبکات = خوا بیمرێنێ باشترە) ، یا کاتێک پیاوێ یا ژنێکی پیر جلێکی جوان لە بەردەکات یا چالاکیەکی کۆمەڵایەتی (هەڵپەڕکێ لە سەیران و بۆنە کۆمەڵایەتیەکانا) یا هونەری دەکات، سوکایەتی پێدەکەن (....پیرە کە ی لە ڕێی ئەوەدا ماوە شتی وابکات). خەریکە وای لێدێت هیچ بۆ بەساڵاچوان نەهێڵنەوە جگە لە ترس و تۆقان لە دۆزەخ و خەیاڵی خۆشی بەهەشتی پڕ لە حۆری و غیلمان، ئینجا خۆبەدەستەوەدان و تەسبیحێکی سەدویەک دەنکی وتەنیایی و دابڕان و چاوەڕێی مردن!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە