یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان لە نێوان هەرەس و هەستانەوەدا

Wednesday, 16/10/2013, 12:00

2052 بینراوە


لە پاش هەرەسهێنانی شۆرشی مەلا مستەفا ١٩٤٦- ١٩٧٥ کە لە سەرهەڵدانی یەوە تا کۆتایی و وەفاتکردنی سەرۆکایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی دەکرد، چەند کادرو ئەندامێکی بە توانای ئەم شۆڕشە دوابەدوا لە ساڵی ١٩٧٥ دا بە ڕابەڕایەتی پارێزەر جەلال تالەبانی لە تاراوگە بەردی بناغەی پارتێکی نوێیان بە نێوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دانا. بەپێجەوانەی پارتەکەی ماڵی مەلامستەفاوە ئەم پارتە لەسەر بنچینەیەکی خێڵگەرای و سوننەتیەوە دانەمەزرا. ئەم پارتەی کە لە ناوچەی بابانەکان سەریهەڵدا بەتەواوەتی تا چەند ساڵێک پێش ئێستە بوبونە ڕکەبەرێکی سەرەکی پاشماوەی خێزانی مەلا مستەفای بارزان و حیزبەکەیان. مێژووی ناکۆکیەکانی ئەم پارێزەرەو هاوەڵانی وەکو ئیبراهیم ئەحمەد دەگەڕێتەوە بۆ شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، ساتێک ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی لە دەرنجامی ناکۆکی ناوخۆیی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەتایبەتی لەگەڵ مەلا مستەفای سەرۆکی پارتەکەدا، لەسەر ڕێکەوتنی ڕەشەمێی ساڵی ١٩٦٤ لەگەڵ دەوڵەتی ئەوسای عێراق بە سەرۆکایەتی ‌‌عارفی یەکەم کەوتنە ململانێوە. لەگەڵ ئاشتینامەکەدا کە شۆڕشگێڕەکان و دەوڵەتی عێراق بڵاویان کردەوە، دەنگۆی ئەوەش بڵاوبویەوە کە گوایا بارزانی لەگەڵ عارفی یەکەم ڕێکەوتنی نهێنیشی مۆرکردوە، ئیدی کە پاشان ئاشکرابوو شتی وا بوونی نیە و بارزانیش هەڤاڵە شۆڕشگێڕەکانی وەکو ئبراهیم ئەحمەد و جەڵال تاڵەبانی لە ناوەرۆکی دانیشتنەکانیش بێبەش کردوە و نیازی دەستهەڵگرتنیشی لە پارتی دیموکراتی کوردستان نیشان داوە، بە تەواوی ململانێکەیان گەورەترو قوڵتر بوونەوە و بارزانی لە شەشهەمین کۆنگرەی پارتەکەی لە پوشپەڕی هەمان ساڵدا، بێئامەدەبونی باڵی سیاسی و بەتایبەتی سکرتێرەکەی ئیبراهیم ئەحمەد، سکرتێرو ئەندامی نوێ دەستنیشان کرد و لە ئیبراهیم ئەحمەد و هەڤاڵانی مافی ئەندامبونیان لێدەستێنێتەوە و هەوڵی بەگژداچون و پەلاماردانیشیان دەدا. دوابەدوا ئەمانیش بە ناچاری بەرەو وڵاتی ئێران بەڕێدەکەون، ئەم هەڵوێستەی بارزانی و هەوڵنەدانی بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوخۆی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە ڕێگای گوفتوگۆ لەگەڵ ئەم باڵە سیاسیەی پارتەکە و پشبەستنی بە یەکگرتویی خێڵگەرای، بووە مایەی دووبەرەکییەک کە تا ئەمڕۆ لە نێو مێژووی خەباتی ئازادیخوازی کوردەکانی باشور ڕەنگدەداتەوە. لە دوای کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی عارفی یەکەم و مردنی، براکەی جێگەی گرتەوە و کەوتە ئاشتیکردن و ڕێکەوتن لەگەل مەلا مستەفادا، بەڵام ئەم کارەی عارفی دوهەمیش لە ئاشتیخوازیەوە نەدەهات، بەڵکو لە لاوازیەوە بوو بەرامبەر ئەم شۆڕشە کوردییە. لێکدابڕانی کوردەکان لەناوخۆیاندا پێگەی کوردەکانی بەرامبەر عارفی دوهەم و سەرۆک وەزیرەکەی تالیب لاواز کرد، ئەویش پاشان دەرکەوت کە ئەم دوو سەرۆکە عەرەبە هیچ ستراتیجیەکیان لەبەر چاو نەبووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەو ووڵاتە و تەنها تاکتیکێکی سیاسی بووە بۆ خۆکۆکردنەوە و پاشان شەڕکردنەوە لەگەڵ برا موسوڵمانە کوردەکانیاندا. لە دروستبوونی ئەم دوبەرەکیەی کوردەکان عارفی دوهەم و تالیب گەلێک سودمەند و ئیدی ئیبراهیم ئەحەمەد و جەلال تاڵەبانی بوونە مایەی سەرنجی تالیب و عارفی دوهەم و ئەوانیش بە داخەوە پاشان لەگەڵ ئەم ڕژێمە ساڵی ١٩٦٦ بەتەوای پێکهاتن و دەستیان خستەنێو دەستی یەکتری و پاشان بونە چەکداری دەوڵەت و بە یارمەتی هێزی فورسان شەڕی براکوژییان دەستپێکردەوە بۆ دوژمنەکەیان، کە دووساڵ پێشتر لەگەڵ براکانیاندا لە دژی دەجەنگان! ئەوجار سالانێک تێپەڕی کە کەم تا زۆرێک بێشەڕوشۆڕ بوو، هەرچەندە تاڵەبانی و ئەحمەد ساڵی ١٩٦٨ لانی کەم شەڕێکی قورسیان دژی بارزانی کرد و ئیدی کار گەیشتە ئەوەی سوپای عێراقیش هاتە شەڕ دژی بارزانی، پاشان کاربەدەستانی دەوڵەت ئەمەیان کردە بەهانە و دەیانگوت، ئێمە دەمانەوێت مافی کوردان بدەین و ئاشتی بەرقەرار بکەین لە گەڵیان، بەڵام کوردەکان لەناوخۆیاندا ناکۆکن و کەوتونە گیانی یەکتری. ڕابوردوو دوبارە دەبێتەوە لەم وڵات و هەرێمەدا، لە کودەتایەکی سەربازیدا عارفی دەهەمیش ڕوخیندراو جەنەڕال ئەحمەد هەسەن بەکر خۆی کردە سەرۆک لە گەلاوێژی هەمان ساڵدا. ئیدی جارێکی تر کۆمەڵێک لە عەرەبە بەعسیە ڕەگەزپەرستەکان ئاڕاستەی ئەم حوکمە نوێیەیان دەستنیشان دەکردو کەوتنە لێدان و کوشتن و تۆقاندنی هاووڵاتیان، بەتایبەتی ئەوانەی لەگەڵ خۆیاندا نەبوون. لەوناوخۆشیاندا کەوتنە خۆیان و پاش بەگژداچونێکی توند بەکر توانی ناحەزەکانی لەناو ببات و خۆی لە کۆتای ساڵی ١٩٦٩ دا کردە سەرۆکی حیزبی بەعس، سەرۆکی عێراق و سەرۆکی سوپای عێراق.. لە بەهاری ساڵی ١٩٧٠ شدا گەیشتە ڕێکەوتن لەگەڵ شۆڕشی کوردیدا، بارزانی و پارتەکەی هەندێک دەسکەوتی باشیان لە نێو ئەم ئاشتیبەستنەدا جێکردەوە. ئیدی پاش دووساڵان شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی عێراق دروست بویەوە و کوردەکان خۆیان لە دەوڵەتی شاهەنشایی ئێران نزیک کردەوە و ئەمەش بۆ ڕژێمی بەعس گەلێک سەرێشەی دروست کردبوو. پاشگەز بوونەوە و بەجێنەگەیاندنی خاڵەکانی ڕێکەوتنەکە لەلایەن دەوڵەتی بەغداوە، بەهۆی فرۆشتنی ڕێژەیەکی زۆری نەوت و کڕینی چەکی نوێوە وای لە ڕژێمی بەعس کرد بە هێزی سەربازی نوێوە پەلاماری کوردەکان بداتەوە و ئیدی لە بەهاری ساڵی ١٩٧٤ دا شەڕێکی دژوار دەستی پێکردەوە. دەرنجامی ئەم شەڕە نوێیە بە شکستهێنانی شۆڕشەکەی مەلا مستەفا لەپاش ڕێکەوتنی ڕژێمی بەعس و ڕژێمی شای ئێران لە بەهاری ساڵی ١٩٧٥ دا، بە داخ و تراژیدیایەکی گەورەوە بۆ کورد کۆتای هات. هێشتاش باو باپیرانمان دەردو ئازاری ئەم ڕۆژانەمان بۆ دەگێڕنەوە کە لە شۆرشی ئازادیخوازی خۆیدا کەم وێنە بووە. هەر لەو دەمەدا کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دامەزرا، هەرچەندە گیرۆدەی بێباوەڕییەکی شۆڕشگێری و کوردایەتی بوبوون، توانیان لە زێدی بابانەکان بزوتنەوەیەکی سەربەخۆ دروستبکەن و بەشێکی شۆڕشی کوردی ڕاستەوخۆ دەستنیشان بکەن. هەرچەندە ئەم پارتە نوێیە لە دەرەنجامی شکستی پارتی دیموکراتی کوردستان هاتە کایەوە، بەڵام نەیتوانی ئەو جیاوازییە کۆمەڵایەتی و ناوچەگەریەی باشوری کوردستان تێبپەڕێنێت و ببێتە پارتێکی گشتگیری کوردی. پاشان سەرلەنوێ پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر دەستی بنەماڵەی بارزانی دروستکرایەوە و لەوساتەوە تا ئەمڕۆ مەسعود بارزانی کوڕی مەلا مستەفای بارزانی سەرۆکی ئەم پارتەیە! بەهەمان شێوەش جەلال تاڵەبانی لە دروستبونی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە تا ئەمڕۆ سەرۆکی ئەم پارتەیە! ئەمانە نازناوی سەرۆکی هەمیشە سەرۆکیان پێدەبەخشم، لەگەڵ ئەوەی هیچ نوێبونەوەیەک ناناسن و رێگە بە کەسیش نادەن بە ڕێگای ئاشتی و کێبڕکێی تەندروست سەرۆکایەتی پارتەکە بگرێتە ئەستۆ و سنورداریەک بۆ ڕابەرایەتی دابنێن و بەرەو دابەشکردنی بەرپرسیاریەتی بڕۆن. ئەم قۆڕخکردنی سەرۆکایەتیە یەکەم هۆکارە بۆ دروستبونی درز لەم حیزبەدا و بە تایبەتی، لەبەرئەوەی بنچینەی ئەم پارتە بە تەواوی لەسەر عەشرەت و ناوچەگەرای دروست نەبوە، وەکوو پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یستویەتی بە پارتێکی سونەتیش نەناسرێت. ئەم پارتە کە چەندین جار توشی درز و جیابونەوە بووە، بەڵام هیچ کامیان بە شێوەی بزوتنەوەی گۆڕان کاریگەری لاوازبونیان لەسەر دروست نەکردوە. ئەمەش ئەوکات بە تەواوی لە دوا هەڵبژاردندا دەرکەوت کە ئەم پارتە لوتکەی پشتیوانیان کە شاری سولەیمانی و دەوروبەریەتی بە بزوتنەوەی گۆڕان دۆڕاند و چیدی تەنها بە سێهەمین پارتی ناوچەکە دادەنرێن. هۆی دوهەمی ئەم کەوتنەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گەندەڵی حیزبیە کە بە شێوەیک ئەم پارتەی گرتۆتەوە گەر چارەسەری نەکەن بە تەواوبونی مەرگی ئەم پارتە کۆتای دێت. ئەو فەسادە حیزبیەی کە ئەم پارتە و سەرکردەکانی تێکەوتوە بۆتە مۆرانە و وەکوو سێبەرێکی تاریک ناوچەی ژێر دەسەڵاتیانی داپۆشیوە، دیاریترینیان بە شاری سولەیمانیەوە دەبیندرێت کە هیچ نامێنێتەوە جگەلەوەی بە شارە وێرانەکەم سولەیمانی ناوی بهێنم. ئەمە جگە لەوەی ئەم پارتە خاوەنی کۆمپانیای بازرگانیە، بە ئاشکرا چەندین پرۆژەی گەورەی لەم شارە دا خستۆتەگەڕکە ئەوە دەیانساڵە لە گەندەڵیەکی بێشەرمانەوە ئاڵاوە و ئەوەشی کە کراوە زۆر کەموو کورتە و نەشارەزایانە دێتەبەرچاو. لە هیچ سیستەمێکی سیاسیدا پارتێک نابێت و ناکرێت خاوەنی کۆمپانیا بێت و لەوڕێیەوە بازرگانی بکات! ئەم جۆرە ڕەفتارکردنە ئەم پارتە دەخاتە ژێر پرسیار و گومانی گەورەوە، باوەڕی سیاسی و شەرعی خۆیشی وەکوو حیزبێکی سیاسی بەرەو لەدەستدان و نەمان نزیک دەکاتەوە. سێهەمین هۆی لاوازبوونی ئەم پارتە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆشتنی تاڵەبانی بۆ بەغداد و وەرگرتنی پلەی سەرۆک کۆماری عێراق لە پاش ڕوخانی ڕژیمی بەعسی فاشیست. ئیدی بەم کارەی بڕیاری سیاسی و جڵەوی هەرێمی کوردی بۆ ماڵی مەلا مستەفاو سەرۆکی ئەم خێزانە مەسعود بارزانی بەجێ هێشت، ئەمانیش کەوتنە دەستبەسەراگرتنی هەرێمی باشورو دەسەڵاتێکی ڕەهایان بۆ خۆیان دروست کردو تەواوی جومگەگرنگەکانی ئەم بەڕێوبەرایەتیەکان کەم تا زۆر بە تەواوی خستە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە. ئەوکاتیش کە جەلال تاڵەبانی کوردستانی بەچێهێشت هەر خۆی وەکوو تاکە ڕابەری گشتی یەکێتی تیشتمانی کوردستان مایەوەو ئێدی مرۆفێک ناتوانێت لە بەغداد سەرۆک کۆماری وڵاتێکی پڕكێشەو لە كوردستان سەرۆکی پارتێک بێت، بە تایبەتی ساتێک بەغداد کارو سیاسەتێکی تایبەتی دەخوازێت و کوردستان پێویستی بە ستراتیجی و ڕێکخستنی تایبەتی خۆی هەیە بە هەموو تایبەتمەندیەکانیەوە. هۆی چوارەم بەرهەم نەهێنانی کادرو کارگێڕی نوێ و پێشکەوتوە، کە گەر مرۆڤی لەم چەشنەش ڕوویان تێبکات، جێگای نابێتەوە و ڕێگری بۆ دروست دەکەن لە بەرزبونەوەیدا لەم حیزبەدا، ئەم کارەش بە شێوەیەک لەم پارتەدا ڕەنگی داوەتەوە کە ئەندامە بە تواناو دڵسۆزەکانیشی وردە وردە لەم حیزبە دەکشێنەوە و دەست لە کار هەڵدەگرن و هەندێکیان لە بزوتنەوەی گۆڕاندا درێژە بە کاری سیاسی دەدەن. هۆی پێنجەم ئەو تاک پەرستیەیە کە لەم جۆرە پارتە کۆن و نا دیمۆکراتیانەدا باوە، ئەم جۆرە حیزبانە ڕابەرێکی بێوێنە و ئەفساناوی بۆ خۆیان دروست دەکەن، کە تەواوی ئەم پارتە لەم سەرۆکەدا کۆدەکاتەوە و بێهاوتای دەکات. دواجار کارو کردەوەو بڕیارەکانی ئەم سەرۆکە هەمیشە ڕەواو ناخرێنە ژیر پرسیارەوە حیزب وەکو ئامێرێک دەچیتە ژێر دەستی یەوە و بۆ ئامڕازی تایبەتی خۆشی دەتوانێت بەکاری بهێنێت و ببێتە مەترسی بۆ هەمووان! ئەوجار بە ونبوونی ئەم رابەرە ئەفساناویە ئەم پارتە توشی شڵەژان دەبێت و خاڵیبونێک ڕووی تێدەکات کە بە قورسی بۆی پڕدەبێتەوە و زۆربەی کاتیش بەرەو لێکترازان و هەڵوەشانەوەی دەبات. ئەم پێشبینیەش ئێستا توشی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هاتوە کە دواجار گەر ئەم پارتە خۆی لەو کێشانەی کە توشی هاتون ڕزگار نەکات، بەو ئاڕاستەیەدا دەڕوات لە لایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە بە سەرۆکایەتی هاوڕێی دێرینیان نەوشیروان مستەفاوە قوت بدرێت. هەرچەندە ئەم ڕابەرەی گۆڕان تا دوێنێ بەشێکی سەرەکی بووە لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و دەستی باڵای هەبووە لەو کێشانەی کە توشی ئەم پارتە هاتون، بەڵام دواجار مرۆڤەکان بە شیوەیەکی گشتی هەردەم بونەوەرێکی نەوەستاون و ئەوانەشیان کە کاری سیاسی دەکەن لەودیدەدوە دەتوانێت گۆران لە بیر وباوەڕی سیاسی خۆیدا دروست بکات، کە لێرەدا دەخوازم ڕابەری بزوتنەوەی گۆڕان بە ڕاستی خاوەنی باوەڕێکی بەرزو دادپەروەرانە بێت و ڕەخنەگرانە بەرامبەر ڕابردووی خۆی بوەستێت، چونکە مرۆڤەکان بە گشتی ئەوکات دەتوانن سەرەتایەکی نوێ دەست پێبکەن کە لە ڕابوردوی خۆیان ڕا نەکەن. هۆی شەشهەمی لاوازبوونی ئەم پارتە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سەرکردەی بە توانا و بیرمەند کە لە هەموو کاریسمایەکی مرۆڤی سیاسی و سەرکردەی بەدورن، هەر ئەمەش وای کردووە لە ڕووی کارگێڕی لەسەر ئاستی ناوچەی و نیودەوڵەتی توشی لاوازبوونیان بکات. ئەمەش ئەو کات دەردەکەوێت کە زۆرجار سەرکردە ئەفسوناویەکەیان توشی هەڵەی زەق دەبوو لە ڕابردودا، نزیکترینیان کە هەموو کوردێکی توشی ئازارو نائومێدی کرد ئەوەبوو لە ڕووی داگیرکەرە تورانە فاشیستەکاندا دروستبوونی کیانێکی کوردی لەسەر زێدی باوپایرانی بە خەونی نێوو هۆنراوە خەیاڵاویەکان دانا! هۆی ‌حەوتەمی ئەم شکستخواردنە دەگەڕێتەوە بۆ بەرخوردی ئەم پارتە لەگەڵ باری تەندروستی سکرتێرە گشتیەکەی کە مایەی سەرسورمانی هەموو مرۆڤێکی ئاساییە، سروشی مرۆڤ وا دەخوازیت پیر و بەساڵاچوونی بێتە ڕێ و دواجار کۆتای بەم شیوە ژیانەی بێت. قبوڵ نەکردنی ئەم ڕاستە مایەی نەبوونی توانایەکی عەقڵی سەرەتاییە و ڕێوونکردنێکە کە مایەی خەم و دڵگرانی هەموومانە! ئەمەش ئەوکات دەردەکەوێت کە خێزان و هاوەڵە نزیکەکانی ئەم شۆڕشگێڕە ناسراوە باری تەندروستی خۆشەویستەکەیان جەلال تاڵەبانی کە هاوکات سەرۆک کۆماری ووڵاتی عێراق و ڕابەڕی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە دەشارنەوە و ڕیگا خۆشدەکەن بۆ گومان و نابەرپرسایەتی بەرامبەر ئازیزو ڕابەرەکەیان، مافی هەموو کوردێک و عێراقیەکە لە باری تەندروستی سەرکردە و سەرۆکەکەی بەئاگا بێت. ئەمە جگەلەوەی مرۆڤە نزیکەکانی دەوروبەری دەبێت ویست و سەرنجڕاکێشی تایبەتیان هەبێت، گەرنا زۆر بە ئاشکراو شەفافانە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ نەخۆشی خۆشەویست و هاوڕێیان دەکرد و هەوڵیان نەئەدا بیشارنەوە! هۆی هەشتەم دەگەڕیتەوە بۆ نەبونی پرۆگرامی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی بۆ کێشەکانی باشوری کوردستان و داهاتووی، ئەمەش ئەوکات بە تەواوی دەردەکەوێت کە بۆ كێشەی ناوچە کوردیەکانی دەرەوەی بەڕێوبەرایەتی کوردی و بە تایبەتی شاری کەرکوک هەروەکوو رابەرەکەیان بە قودسی پیرۆزی کوردستان ناوی دەبرد، هیچ سیاسەتێکی بەرچاویان نیشان نەداو ئەم بابەتە گرنگە نەتەوەییە بە تەواوی کاڵبۆتەوە لایان. دواجار کێشەی داهاتی سامانی نەتەوەی وەکو نەوت وگاز وبەڕەشفرۆشتنی، نەبونی یاسای بنجینەیی کوردستان، قۆڕخکردنی ئابوری و سەرمایەگوزاری، پەروەردە و خوێندن، کەرتی کارمەند و ئاسایشی ناوچەکە و فەڕزکردنی کلتوری حیزبی بەسەر هەموو ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی پەروەردەی و هونەری هاوڵاتیان، لەو ئازارانەن کە دەیان ساڵە هاووڵاتی ئەم هەرێمە دەبێت بیچێژن و ئەم پارتەش لەم کێشانەدا سیاسەتیێکی سەربەخۆی نیە و لەم ساڵانەی رابردودا بۆتە پاشگری سیاسەتی چەوتی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بۆ حوکمڕانی. ئەم لاوازی و فەقیریە سیاسی و ئایدۆلۆژیایە، وانەیەکی تری فێر کردین کە ئەم ناوچەیە هەمیشە ڕۆحی ئازادو شاعیرو سەرکردەی نەتەوەی و ئاینی گەورەی دروست کردوە، بەڵام یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و سەرکردەکانیان بەداخەوە پێجەوانەکەیان نیشان داین و دواجار دەرکەوت بۆمان لە حوکمڕانیدا زەلیل و شکست خواردون و خاوەنی هیچ بەهاو کلتورێکی سیاسی ئەوتۆنین..



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە