مەسینەچی

Friday, 19/04/2013, 12:00

1799 بینراوە



لە شارە خنجیلانەکەی سابلاغ لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 60 دەیە دەبێ مزگەوتێکی بە ناوی مزگەوتی عەجەمان هەیە. ئەو شوێنە هەتا رادەیەکی زۆر بە هەڵوێستی سیاسی دروست کراوە و ئاوەدانیان کردووە. بۆ ئەوەی ئایینی شیعە هێدی هێدی پەرە بگرێ و بتوانێ خەڵکانێک بۆ لای خۆی رابکێشێ. لە بیرمان نەچێ لە رۆژهەڵاتی وڵات هاووڵاتی کوردمان سەر بە ئایینی شیعە هەن بۆیە مەبەست بێ حورمەتی بە هیچ ئایینێک نییە. مەبەستی ئەو کورتە دێڕانە ئەوەیە:
کاتێک بۆ دەست بە ئاو گەیاندن لە دەرگای مزگەوت وەژوور دەکەوتی، کابرایەکی عەجەمی تریاکی کڵاوقوچ و ریش زەرد و ئەنگوست باریکی نانوخ درێژ لە کورسییەکی رەق و تەق دانیشتبو. ساڵی دوازدە مانگ خومار بوو چڵمی لوتی لەسەر لێوانی حازر بوو ئەو بێ بەختە بۆ بژیوی رۆژانە نزیکەی 20 مەسینەی پلاستیکی دانابو و هەر کەس دەچو ژوورێ دەبوایە ئافتاوەیەکی دەست دابایە و پەنابادێکی دابا بە کابرای کار بەدەست (پەناباد پوڵی زەمانی شای ئێران بوو و بایەخێکی ئەوتۆی نەبوو). جارێک مرۆڤێکی بەپەلە یەکڕاست مەسینەی چوار یا شەش یا دەی هەڵگرت:
"ئەوە چ دەکەی بگەڕێوە ئافتاوەی یەکەم هەڵگرە!!!"
"مەشەدی جیاوازی چییە لە نێوان ئافتاوەی یەکەم یان چوارەم؟؟؟..."
"تۆ راست دەکەی بەڵام ئەمن لێرە چکارەم؟؟؟؟ پێویستە من بڵێم کام ئافتاوە هەڵگری!!!"
کاکی کوردستان پۆست:
ئەوە داستانی ئەو کەسەیە کە دەچێتە ئانکارا لە لای فاشیستێکی وەکو ئەردۆغان رۆدەنیشێ و لە جیاتی ئاڵای کورد لەسەر چوارچێوەیەکی بڵند مەسینەی لە تەنیشت دادەنێن! گوتەی کوردی هەیە دەڵێ: "هەزار خۆزگەم بە کفن دزی ئەوەڵ". (پێم عەیبە مانای ئەو هەتەڵە بۆ سایتی ئێوە شی کەمەوە).
لە شاغوڵامی هەولێرێ دوور دەکەومەوە، روو لە کۆی سەنجەق دەکەم. قازی موحەممەدی نەمر لە وەسییەتنامەکەی خۆێدا دەڵێ:
"چاو چنوک مەبن، یەکییەتی خۆتان بپارێزن، باوەر بە داگیرکەری کورد مەکەن و ..."
ئەو کورتە رستەیە بۆ کەسانێک هاتووە کە خۆیان بە خاوەن میراتی کۆمار و حیزبی دێموکرات دەزانن. بێگاری و بێ دەرەتانی 33 ساڵە کە دەوروبەری کۆی سەنجەق و زڕگوێزەڵە وەها کارەساتێکی خوڵقاندووە وێنەی کابرای مزگەوتی عەجەمان هەر چەند ماوەیەک بە قسەی حەلەق مەلەق پاش قولان با دەدەن. سەرگەورەی لەتە حیزبی دێموکرات (بیخوێنەوە ئۆخلۆکڕات)، کۆنە کۆمەڵەی پێشو هەمیان لە رێککەوتی 5.11.2012 لە وتووێژێکدا بۆ دەهەمین جار باسی "پژاک" (پارتی ژیانی ئازادی کوردستان) کرد، کە گوایا ئەو حیزبە دەست کردی "پ ک ک" یە کە رۆژهەڵات پێگەی نییە و ئامرازی بەکارهێنانە!
لە پرسێکی دیکە دا ئاماژە دەکا کە سەرۆکی هەرێم و دەسەڵاتی بەغدا وەکو ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆڤایەتی دەبێ بژیوی ئێمە کە بە دەیان ساڵە لە کۆیە گیرمان خواردوە دابین بکەن.
بەڕاستی جێگای شەرمە کە دەڵێن 67 ساڵە حیزبین و خەڵکمان دەگەڵە ئاوا پارەی مانگانە وەربگرن و لە هەمان کات دا بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران ئاگایان لە تەرخان کردنی ئەو پارەیە هەیە بە پێی هەموو حیسابێک: 134=67+67 ساڵ، بەڵام کاک مستەفا هیجری دەڵێ ئێمە دیموکراتین خاوەنی 67ساڵ خەبات! خالید عەزیزیش دەڵێ ئێمە دیموکراتین و خاوەنی 67ساڵ خەباتین! ماشەڵڵا خودایە کارت چەند جوانە، یانی:
؟؟؟؟؟ "67=67+67" ؟؟؟؟؟؟
یانی شەست و حەوت و شەست و حەوت دەکاتە شەست و حەوت؟؟؟؟.....
جەعفەر کەریمی
فەنلەند
١٧/٤/٢٠١٣

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە