با بەڵگەکان خۆیان بدوێن: چۆن تورکیا و وڵاتانی تر داعشیان بەهێز کرد؟

Tuesday, 19/08/2014, 12:00

2669 بینراوە


هەتا داعش لە ژێر چەند ناوێکی جودا لەم ناوەی ئێستایان لە سوریا دژ بە بەشار ئەسەد شەڕیان دەکرد، زۆربەی وڵاتانی دنیا لە هەوڵی یارمەتی دانیاندا بون، گوایە ئەمانە بەرەنگاری هێزەکانی حکومەتی بەشار ئەسەد بونەتەوە و پێویستە بۆ لەناو بردنی ئەو دیکتاتۆرە هاوکاریان بکرێت.
یەکێک لەو وڵاتانەی، کە ڕێگەی بە ئەندامانی زۆرێك لە گروپە شەڕکەرە بەرهەڵستکارەکان (موعارەزە)ی ناو سوریا دا، بە تایبەتی ئەوانەیان کە پاشان ناوی داعشیان لە خۆیان نا وەکو (بەرەی نوسرە و جیهاد و گروپە ئیسلامیە توندڕەوەکانی تر)، کە هاتوچۆ بە وڵاتەکەیدا بکەن و لە هۆتێلەکانی ئەستەنبول جێنشین بن و کۆنفرانس و کۆبونەوە ڕۆژنامەوانیەکانیان ببەستن، دەوڵەتی تورکیا بوو.

کۆبوونەوەی بەرهەڵستکارانی سوریا لە تورکیا، تکایە بڕوانە لینکەکە بۆ زانیاری دەربارەی پەیوەندی نێوان گروپە توندڕەوەکانی ئەوسا و داعشی ئێستا
http://www.syria-press.co/article.php?id=1274

کاتێک تورکیا زۆر بە حەماسەتەوە و بە هەڵپە خۆی کردە پشت و پەنا بۆ ئەم گروپە بەرهەڵستکارانە لە هەمان کاتدا زۆرینەی ئەو وڵاتانەش، کە بە هاوپەیمان و هاوسیاسەتی ئەمریکا دەناسرێن هەمان هەڵوێستیان نواند و دەستیان واڵا کرد بۆ یارمەتی هەمان ئەو گروپانە چ بە پارە یان بە کۆمەکی مرۆیی و تەنانەت جار جارەش بە چەک و تەقەمەنی و کەلوپەلی سەربازی.
وەک لە ئەرشیفی ڕووداوەکانیشدا دەردەکەوێت بەریتانیا یەکێک بو لەو وڵاتانەی کە زۆر بە گەرمی وەک تورکیا ئامادەیی خۆی دەردەبڕی بۆ هاریکاری ئەو گروپانە بە ئیسلامیە توندڕەوەکانیشەوە.
فەرمون ئەم دۆکۆمێنتاریانە ببینن و بزانن چۆن کۆمەکی مرۆیی خواردن و دەرمان و جۆرەها کەل و پەلی پێویست لە وڵاتی بەریتانیاوە و بە دەستی ئیسلامیەکانی بەریتانیا بە ناو خاکی ئەوروپا و پاشان تورکیا دەگەیشتە دەست ئەم چەتانەی کە ئێستا بە ناوی داعشەوە کەوتونەتە وێران کردنی سوریا و عێراق و کوردستان:





دیارە هەمو مرۆڤێکی بە ویژدان لەگەڵ ئەوەدایە کە هاریکاری مرۆیی واتە خۆراک و داو و دەرمان بگاتە دەست هەر مرۆڤێکی برسی و نەخۆش و بریندار، تەنانەت ویژدانی مرۆڤ دەبێت ئەوەندە زیندوو و پاک بێت کە یارمەتی ئاژەڵانیش بدات لە کاتی کارەساتدا، بەڵام پرسیاری گرنگ و پێویست لێرەدا ئەوەیە کە ئێمە و مانان کاتێک لە دوورەوە ئەم هەواڵانە دەبیستین دەکرێت گومانمان هەبێت بۆچی یارمەتی لە بەریتانیاوە بۆ ئەو گروپانە ڕێگەی پێ دەدرێت کە خۆیان مەبەستیانە بەڵام بۆ یەپەگە و پەکەکە ڕێگری دەکرێت؟! هەموو ئەو کوردانەی کە لە بەریتانیا دەژین دەزانن کاتێک هەوادارانی پەکەکە و یەپەگە ویستیان یارمەتی بنێرن زۆر بە توندی ڕێگریان لێ کرا؟!
ئەمانە هەموی پرسیارن و دەبێت وەڵام هەبێت، ئەگەرنا خەڵکی بەردەوام دەبێت لە گومان کردندا.
بە داخەوە یەکێتی و پارتی و لە پاڵيشیاندا حیزبەکانی تری باشوری کوردستان ئەرشیفی ئەم ڕووداوانە فەرامۆش دەکەن.
دەبێت هەر میدیایەکی کوردی کە تەنها تۆزقاڵێک جورئەتی تێدایە زۆر بە ڕاشکاوانە بە دوای وەڵامی ئەم پرسیارانە بگەڕێ و هەوڵ بدات گومانەکان بڕەوێنێتەوە نەک زیادی بکات.
ئەوەی کە ڕووی داوە هەروا شتێکی ئاسان نییە و بەدواداچونێکی زۆری دەوێت تاوەکو ڕاستیەکان دەرکەون.
لەم ماوەیەدا چەند نووسەر و ڕۆژنامەنوسێکی بەڕێز لە ڕێگەی ئەم شێوازی بەدواداچون و شیکردنەوانەدا هەوڵیان داوە وەڵامی زۆر پرسیار بدەنەوە و لەوانە دەتوانین ئاماژە بکەین بۆ وتاری بەڕێز کەمال چۆمانی کە لە پەیوەندی بە هەمان بابەتی ئەم نوسینەوە هەیە، هەڵوێست و ڕۆڵی تورکیای شیکردۆتەوە و زۆر بە جوانی ئەو هۆکارانەی ڕوون کردۆتەوە کە بۆچی ئێستا تورکیا بێ دەنگی هەڵبژاردوە و هیچ قسەیەک دەربارەی هێرشی داعش ناکات بۆ سەر باشور و ڕۆژئاوای کوردستان، تکایە ئەم لینکە ببینە:
http://bzavpress.com/Detail.aspx?id=4448&LinkID=3
وەک نووسەر باسی دەکات لە کاتێکدا تورکیا سودمەندی یەکەمی بەتاڵان بردنی نەوتی باشوری کوردستانە و لە ڕێگەی داعشەوە جار جارە دەیەوێت شەقێک لە یەکێتی و پارتی و پەکەکە بدات ئیتر بۆچی هەڵوێستی هەبێت چما لەوە باشتر چی دەست دەکەوێت؟! بەتایبەتی لە دروست بوونی داعش، تورکیا خۆی وەک لە دۆکیومێنتاریەکاندا دەردەکەوێت پشکی شێری بەردەکەوێت ؟
مایەی پێکەنینە کە لە کاتێکدا ئەوروپا و ئەمریکا و بەریتانیا بە ناوی پشتگیری لە یەزیدی و کورد دەیانەوێت لە (داعش) بدەن، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دێت و لە هەولێرەوە دەڵێت: کوردستانی سەربەخۆ مایەی سەرئێشە و ئاژاوەیە بۆ ناوچەکە.
http://www.kurdsat.tv/hewal.php?id=13029&cor=kurdistani
ئەم قسەیەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕێک و دروست سیاسەتی دار و گوێزەرەکەمان بیر دەخاتەوە کە لە دەستێکەوە یارمەتی کورد دەدەین و لە دەستەکەی تریشەوە لێیان دەسەنینەوە.

هیوادارین لەو گروپ و رێکخراوە و حیزبە کوردیانەی کە بێدەنگیان هەڵبژاردوە لەم سیاسەتە پیس و ناشرینەی کە ئێستا باشوری کوردستانیان پێوە گرفتار کردوە، هەلویست وەربگرن، چونکە ئەو ئاگرەی ئەوان یاری پێ دەکەن لە دواجاردا خۆیان و خەڵکی بێ تاوانی کوردستانیش دەسوتێنێت.
داعش یارییەکی سەربازی و موخابەراتی و سیاسی نێوان هەردوو جەمسەری ڕوسیا و ئەمریکایە بە هاوپەیمانەکانیانەوە، بۆچی کورد دەخەنە نێوان بەرداشی ئەم دەستاڕەوە؟!
کامەیە بەرژەوەندی کورد؟ ئایا نێچیرڤان بەرزانی هەڵە نییە کە دەڵێت کورد لە بری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شەڕی داعش دەکات لە کاتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەتی یاریەکەی بە دەستەوەیە و کەی بیەوێت کۆتایی بە فلیمی داعش دەهێنێت هەروەک کۆتاییان بە چەندین فلیمی تری وەک ئەل قاعیدە و بەهاری عەرەبی هێنا؟!
شۆڕشی ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتی یەپەگە و پەیەدە لە سەرەتای قەیرانی سوریاوە هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاند و وتیان ئێستا کورد هێڵی سێهەمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بەوەش جێگەی خۆیان لە نێوان دوو جەمسەرەکەی تر دیاری کرد، واتە نایانەوێت لایەنگری دووبەرەکەی ڕوسیا و ئەمریکا بکەن.بەڵام پێ دەچێت یەکێتی و پارتی بەو پەت پەتێنەی لە نێوان دوو جەمسەرەکەدا دەیکەن خەریکە هێڵی سێهەمیش بە خۆیانەوە بسوتێنن، هیوادارین سیاسەتمەداری زیرەک و مەرد و بە ویژدان مابێت لە نێو کوردا کە بتوانێت سنورێک بۆ ئەم پەت پەتێنە دابنێت.
لە سەرەتای داگیرکردنی عێراقدا خەڵکێکی زۆری ڕۆشنبیر و سیاسی و نەتەوەیی داوایان لە یەکێتی و پارتی کرد و پاڕانەوە کە هەر لە خۆیانە و بێ مەرج و بە بێ پرس کردن بە دانیشتوانی باشوری کوردستان نەبنە کەوا سوری بەر لەشکر بەڵام یەکێتی و پارتی هەتا توانیا سوکایەتیان کرد بەو کەسانە و ئەوەش ڕووی دا کە بینیمان.
ئایا نەوشیروان موستەفا ئەمجارەیان لە پێش ئەوەی ڕووداوەکان بە پەلە تێپەڕن دەتوانێت لە کاتی ڕووداوەکەدا پێمان بڵێت چی دەگوزەرێت نەک لە دواییدا.
خۆ لە سەرەتای داگیرکردنی عێراقدا ئەو لە مەجلیسی حوکمدا بو خەریکی نوسینەوەی ئەو دەستورە بو کە عێراق و باشوری کوردستانی بەم دەردە برد بۆچی تاوەکو فلیمەکە تەواو نەبو هەڵوێستی دەرنەبڕی و بیری لە گۆڕان نەکردەوە؟!
ئەمانە هەموی پرسیاری خەڵکی سادەی کوردستانن، پێویست ناکات سیاسەت مەدارێکی عەینەک لەچاو و شەپقە بەسەری ناو فەیس بوک بیت و سەردانی بەرەکانی شەڕ بکات بۆیی ئەم پرسیارانەت لا دروست بێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە