گواستنەوەى نەوت و كاریگەرى لەسەر ژینگە

Sunday, 07/12/2014, 12:00

2515 بینراوە


كردارى گواستنەوەى نەوت لە كانەكانەیەوە بۆ ناوچەكانى بەكار بردن, بەپلەى یەكەم پشت بەبۆرى و پاپۆر دەبەستێت بۆ گواستنەوە, ڕێگەیەكى ترى گواستنەوەى نەوت بەهۆى ئۆتۆمبێل و شەمەندەفەرەوەیە, ئەگەر ئەم ڕێگەیە بەراورد بكەین بەو نەوتەى بەڕێگاكانى تر دەگوازرێتەوە زۆر كەمە, لەڕووى ئابوریشەوە سودى زۆرى نیە و تێچووى زۆر دەبێت و نەوتى كەمیش دەتوانێت بگوازێتەوە, گواستنەوەشى هەندێك مەترسى تیادایە.

هەرێمى كوردستان وەك بەشێك لە خاكى عێراق پشت بە ڕێگەى (لوولە)دەبەستێت بۆ ناردنەدەرەوەى نەوت بەناو خاكى سوریا و لوبنان و توركیادا بۆ سەردەریاى ناوەڕاست و بۆ بەندەرى جیهان, سەرەڕاى بەكار هێنانى ڕێگەى (لوولە) پشت بە ڕێگەیەكى ترى گواستنەوەى نەوت دەبەستێت بۆ وڵاتانى (ئێران و توركیا) ئەو ڕێگەیەش ڕێگەى وشكانیە, بەهۆى (ئۆتۆمبیل)ەوە.
پشت بەستنى هەرێمى كوردستان بەم رێگایە زیانى زۆرى بە ڕەگەزە ژینگەییەكانى (ئاو و هەوا و خاك)گەیاندووە بەنمونە ژینگەى شارەكانى "زاخۆ, كۆیە, دوكان,چەمچەماڵ, كەركوك, عەربەت, دەربەندیخان, كەلار" هیتر... دیارترینیانن كەزۆرترین زیانى ژینگەییان بەركەوتووە بەتایبەت ناوچەكانى زاخۆ و دەربەندیخان, دەڤەرى دەربەندیخان وەك نمونەیەك وەر دەگرین و چەندین داتا و زانیارى مەترسیدار لەبارەیەوە دەخەینە ڕوو, بەپێى ئامارێكى ڕێكخراوى (سروشتى كوردستان) ڕێكخراوى (N.O.K) تەنها لەساڵى 2013دا (23)تەنكەرى گواستنەوەى نەوت وەر گەڕاون, كە (2)تەنكەرى نەوتیان سوتاون, ئەم ئامارە ئامارێكى زۆر مەترسیدارە, چونكە هەرتەنكەرێك تواناى گواستنەوەى (36,000)لیتر نەوتى هەیە, كەوابوو تەنها لەساڵى 2013دا (828,000)هەزار لیتر نەوت ڕژاوەتە سەر خاك و ناو سەرچاوەكانى ئاوى سەر زەوى و ژێر زەوى و تێكەڵ بە هەواش بووە!!

گاریگەریى و مەترسیەكانى لەسەر ڕەگەزە ژینگەییەكانى(خاك,ئاو,هەوا)
خاك: ئەگەر خاكەكە خاكێكى كشتوكاڵى بێت ئەوا بەپیتى لەدەست دەدات و جارێكى تر بەكارى كشتوكاڵ كردن نایەت, گومان لەوەشدا نیە كە بەهۆى ڕژانى نەوتەوە گیا و پوش و پاوان و درەختەكان وشك دەبن و لەناو دەچن, ئەم لەناو چونە دەیان جار لە دەڤەرى دەربەندیخان ڕوویداوە.

ئاو: سەرچاوەكانى ئاوى سەرزەوى بەهۆى ڕژانى نەوتەوە پیس دەبێت و مەترسى لەسەر زیندەوەر و ماسیەكان دروست دەبێت و هەندێك جار لەناو دەچن, جگەلەوەى ئاوەكە ئیدى بۆ مەلەكردن و خواردنەوە دەست نادات, لەكاتێكدا (یەك دڵۆپ نەوت) تواناى پیس كردنى (1,000) یەك هەزار لیتر ئاوى پاكى هەیە و (یەك لیتر نەوت) تواناى پیس كردنى(1,000,000) یەك ملیۆن لیتر ئاوى پاكى هەیە!!! بەهۆى تێكەڵ بوونى نەوت بەخاك و دواتر ڕژانى بۆ ناو ئاوى ژێر زەوی بەهۆیەوە ئاوى ژێر زەوی واتا ئاوى یەدەكیش پیس دەبێت و لەئایندەدا ئەستەمە نەوەكانى داهاتووشمان بتوانن سودى لى ببینن.

هەوا: ڕۆژانە بە سەدان تەنكەرى گواستنەوەى نەوت بەناوەندى شارەكەدا تێپەڕ دەبن و گازى(هایدرۆكاربۆنى) دەڕژێننە ناو ڕەگەزى هەوا, جگەلەوەى بەهۆى وەرگەڕان و ئاگر گرتنى تەنكەرەكانەوە ڕەگەزى هەوا پیس دەبێت و بەهۆیەوە پوش و پاوان و درەخت و بەشێكى زۆر لەناوچە سەوزاییەكان دەسوتێن و بە سەدان باڵندە و مێرو و زیندەوەر لەناو دەچن, نەوتە ڕژاوەكە لەسەر خاك دەمێنێتەوە, بەهۆى تێكەڵ بوونى بەخاك و وەرگرتنى تیشكى خۆرەوە, دیاردەى بەهەڵم بوون ڕوودەدات و گازی (هایدرۆكاربۆنى)لێ دروست دەبێت, ئەمەش دەبێتە مەترسى بۆ سەر ژینگە و دانیشوانى ناوچەكە.

سەڕەڕاى بوونى ئەم گاریگەرییە خراپانە و دروست كردنى مەترسى لەسەر ژینگە و ژییانى مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندە و زیندەوەران, گواستنەوەى نەوت لەڕێگەى (ئۆتۆمبیل)ەوە بەردەوامى هەیە... تا ئێستاش وەزارەتى سامانە سروشتیەكان و ئەو كۆمپانیایانەى كەلەو بوارەدا سەرقاڵى گواستنەوەن و سەرچاوەى مەترسین, هیچ قەرەبوویەكی ژینگەیى دەڤەرەكەیان نەكردووەتەوە و ساڵانەش بەدەیان تەنكەرى گواستنەوەى نەوت وەردەگەڕێت و كارەساتى گەورەى ژینگەیى لێ دەكەوێتەوە.

سەروەر قەرەداغى- پارێزەرى ژینگە
فۆتۆ: حمەسور

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە