له‌ حوکمی‌ زاتی کارتۆنیه‌وه‌ بۆ دیمو‌کراتیه‌تی کارتۆنی

Wednesday, 05.27.2009, 12:00

1906 بینراوە


ڕژێمی به‌عس تا توانی کوردی چه‌وسانده‌وه‌‌و که‌چی ڕاشیده‌گه‌یاند گوایه‌ حوکمی زاتی داوه‌ به‌ کورد! بۆیه‌ خه‌ڵک ناوی نابوو حوکمی‌ زاتی کارتۆنی. له‌ پاش ڕاپه‌ڕینیشه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد ده‌می هه‌رکامیان بکه‌یته‌وه‌ ده‌ڵێن دیموکراتی به‌رقه‌راره‌و ئه‌زمونه‌که‌مان بۆته‌ نموونه‌یه‌ك له‌ ڕۆژ هه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا‌! منیش ئه‌ڵێم به‌خوا ڕاستده‌که‌ن دیموکراتی کارتۆنی به‌رقه‌راره،‌ ئه‌وه ‌نه‌بوو بینیمان یه‌کێتی و پارتی له‌ پێناوی ده‌سه‌ڵاتدا چ شه‌ڕێکی خوێناویان کرد!! هه‌ر ترسی هه‌ڵبژاردنیش نه‌بوو که‌ مه‌سعود به‌رزانی مه‌ره‌که‌به‌که‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی یه‌که‌م جاردا ته‌زویر کرد!! هه‌ر به‌دیموکراتیه‌ت پارتی ده‌بابه‌ی سه‌دامی هێنایه‌ ناو هه‌ولێر بۆ ئه‌وه‌ی پشتی یه‌کێتی بشکێنێت که‌چی ئێسته‌ بۆ دابه‌ش کردنی کورسی ده‌سه‌ڵات‌و سامانی میلله‌ت ئیتقاقیه‌ی ستراتیجی له‌ نێوانیاندایه‌!! ئه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌موو دامه‌زراندن‌و ئیش‌و کاری هاووڵاتیان به‌ واسته‌و ته‌زکیه‌ نه‌بێت ناڕوا به‌ڕێوه‌!! ئه‌ی ئه‌وه‌ نیه‌ یه‌کێتی‌و پارتی ده‌زگای ئه‌منی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌‌و ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت ده‌توانن چ که‌سێكیان بوێ سه‌رنگومی بکه‌ن‌و که‌سیش ناتوانێت بڵێ له‌ل! ئه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ بینیمان چه‌ند ڕۆژنامه‌نووس به‌ فه‌رمانی ئه‌وان کوژران!! ئه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌ر که‌سێك داوای چاکسازی بکات له‌ ڕیزه‌کانی پارته‌کانیان ده‌ریان ده‌که‌ن‌و سه‌د بوختانیشی ده‌خه‌نه‌ پاڵ!! ئێسته‌ش‌ یه‌کێتیه‌ سۆشیال دیموکراتیه‌که‌ و پارتی دیموکراتی کوردستان هه‌رچه‌نده‌ یه‌کی ناوێکی دیموکراتییان به‌ خۆیانه‌وه‌ لکاندوه‌ که‌چی له‌ ترسی لیستی گۆڕان ئۆقره‌یان نه‌ماوه‌و خه‌ریکی ده‌رکردنی هاووڵاتیان و مووچه‌ بڕین برسی کردن‌و تۆقاندنیانن!! ئیتر ناهه‌قمه‌ بڵێم: دیموکراتی کارتۆنی به‌رقه‌راره‌؟