پێشمەرگە

Tuesday, 16/03/2010, 12:00

2559 بینراوە


بەختیار عەلی بەداخەوە بە هۆی کۆمەڵێک بارودۆخی زۆر تایبەتییەوە ماوەی ڕابوردوو نەمتوانی نە بەوردی دوای کێشە و جەنجاڵی هەڵبژاردن بکەوم، نە ئەو قسە و دەمەقاڵێیانەش کە لەسەر پێشمەرگە کرا بەوردی موتابەعەبکەم. لەگەڵ ئەوەشدا بەدەر لەو قسانە حەزدەکەم لێرەدا هەندێک تێبینی تایبەتی خۆم لەسەر چەمکی پێشمەرگە بنوسم. یەکەم تەقدیسکردنی پێشمەرگە کارێکی ئایدۆلۆژی و سیاسییە و پەیوەندی بە خۆشەویستی نیشتیمان و نەتەوەوە نییە، نیشاندانی خۆشەویستی پێشمەرگە وەک سەمبولێک بۆ خۆشەویستی نیشتیمان هیچ نییە جگە لە فریویدان و خۆڵکردنە چاوی خەڵک. چونکە خۆشەویستی نەتەوە و نیشتمان بە کەناڵی تەقدیسکردندا ناڕوات، نیشتیمانێکی ئازاد، واتە نیشتیمانێک کە سەمبولێکی سیاسی تێدانەبێت لەسەرو قسە و ڕەخنەوە بێت. تەقدیسکردن لە ژێر هەر بەهانەیەکدا بێت بەشێکە لە پرۆسەیەکی دینی و ئایدۆلۆژی... لە مێژووی هاوچەرخدا هیچ نمونەیەک نابینین نەتەوەیەک هێزە سەربازی و چەکدارەکەی خۆی تەقدیس کردبێت، سوپای سووری سۆڤێتی ڕۆڵێکی گرنگی لە ڕزگارکردنی مرۆڤایەتیدا لە نازییەت بینی، بەڵام کەس سوپای سووری سۆڤێتی وەک سوپایەکی موقەدەس نەناساند. سوپای سوور گەرچی هێزێکی ڕزگارکەربوو، بەڵام مێژووی دوور نەبوو لە هەزاران دیاردەی ناشیرین و لکەی ڕەش. سوپاکان چەندە پەیامی سیاسیان مرۆڤانە و پڕمانا بێت، مێژوویان لە ژێرەوە پڕە لە ڕوداوی تاریک کە ئاسان ناسڕێتەوە، هیچ هێزێکی سەربازی و چەک هەڵگر نییە، کە بشێت یان بکرێت لە ڕەخنە بەدووربێت، هێزی پێشمەرگەش بەشێکە لە مێژووی ئێمە، مێژووی ئێمەش ڕووی گەش و ڕووی تاریکی هەیە، مێژووی پێشمەرگەش وەک مێژووی ئێمە ڕووی گەش و ڕووی تاریکی هەیە. ئەم مێژووەش دەبێت بە هەردوو دیوەکەیدا بخوێنرێتەوە، هەم بە دیوە تاریک و هەم بەدیوە ڕوناکەکەیدا. نیشاندانی پێشمەرگە وەک ئەوەی سەروکارمان لەگەڵ تاقمێ فریشتەی باڵ سپیدا بێت، نەوەک لەگەڵ کۆمەڵێک ئادەمیزددا کە لە مەیدانێکی مێژوویدا کاریانکردوە درۆکردنێکی گەورەیە لەگەڵ خوددا.

خاڵی دووەم کە لەم سیاقەدا دەبێت مرۆڤ زۆر لەسەری بوەستێت. مەسەلەی پەیوەندی تەقدیس و عەلمانییەت یان تەقدیس و دیموکراسییەتە. دیموکراسییەت وعەلمانییەت ڕێگا بە مرۆڤەکان دەدەن ئاشکرا قودسییەت لە دین بسەننەوە، بوار بۆ مرۆڤەکان خۆشدەکەن ئیلحادی خۆیان ڕابگەێنن، واتە لە جەوهەردا دیموکراسییەت بوار بۆ مرۆڤ دەکاتەوە ڕەخنە لە دینەکان و کتێبە ئاسمانییەکان و هێزە ئاسمانییەکان بگرێت، هەروەک بواریشیان بۆدەکاتەوە بەرگری لە دینی خۆیان بکەن. ئاخۆ لە جۆرە حاڵەتێکی وادا کە قودسییەت لە خودی دین دەسەندرێتەوە، دەشێت گەمەکە وەها زەق پێچەوانە بکرێتەوە، بەجۆرێک قودسییەت لە ڕێگەی خۆی وەرگەڕێت و بدرێت بە هێزی تر?. ئەم پڕۆسەیە بۆ دیموکراسییەت کوشندەیە. لێرەدا تەقدیسکردنی هێزێکی چەکدار، دەرەنجامی ترسناکی لێدەکەوێتەوە، بەوەدا موقەدەسەکان خۆیان خەتی سوورن، کەواتە خۆیان خەتێکی سووریان نابێت ڕایانبگرێت، بۆیە تەقدیسکردنی هێزی پێشمەرگە لە ڕاستیدا هیچ نییە جگە لە دەمامکێک لە ڕێگایەوە سەرۆک دەسەڵاتی خۆی و هێزە شەڕکەرەکانی خۆی تەقدیسدەکات. تەقدیسکردنی پێشمەرگە لە ڕاستیدا تەقدیسکردنی پێشمەرگە نییە، بەڵکو تەقدیسکردنی دەسەڵاتە بۆ خۆی... هەر سیاسییەک کە دەڵێت پێشمەرگە خەتی سوورە، مانای ڕاستەقینەی ئەم ڕستەیە ئەوەیە کە من خەتی سوورم.

دیموکراسییەت لە جەوهەردا یەک خەتی سووری هەیە کە ئیرادەی ئازادی مرۆڤەکانە. دیموکراسییەت مانای ئەوەی خەڵکێک هەبێت خودا نەپەرستێت، خەڵکێک هەبێت هەمان ئەو پێوەرە ئەخلاقیانەی ئێمەی نەبێت، خەڵکێک هەبێت نەوەک هەر پێشمەرگە تەقدیس نەکات، بەڵکو مێژووەکەشی بخوێنێتەوە و ڕەخنەی لێبگرێت و هەتا شێوەی ئیشکردن و بنەماکانی ڕێکخستن و هۆکانی بوونیشی بخاتە ژێر پرسیارەوە.
لەوانە بترازێت بەکارهێنانی وشەی پێشمەرگە لە ئێستادا بەکارهێنانێکی زۆر ئیشکالییە. پێشمەرگە لەسەرەتاوە ئاماژەیە بۆ هێزێک کە لە دژی سیستەم کاردەکات. گرنگی وشەکە لەوەدایە کە ئاماژە بۆ شتێک دەکات کە سیستم ڕەتدەکاتەوە نەوەک سیستم دەپارێزێت. لێرەوە تێکەڵکردنی وشەی پێشمەرگە لەگەڵ وشەی پاسەوان یان سوپا، یان پۆلیس بێماناکردن و خیانەتکردنێکی گەورەیە لە وشەکە. پێشمەرگە لە یەک کاتدا مانای هەیە کە ئاماژە بۆ شتێک دەکات کە سیستم قەبووڵ ناکات، کە نابێت بە پارێزەری دەسەڵات... پێشمەرگە لە کوردستانی عێراقدا زاراوەیەکە دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش ڕاپەڕین، ئەوانەی لە نەوەدەکاندا شەڕی ناوخۆیان کرد، ئەوانەی ئێستا پاسەوانی ئەم سیستمە سیاسییەی ئمڕۆ دەکەن، نەوەک پێشمەرگە نین، بەڵکو تەواو پێچەوانەی پێشمەرگەن. پێشمەرگە دەبێت وەک ناوێک کە ئاماژە بۆ دەرەوەی سیستم، بۆ بەرگری دەکات بمێنێتەوە، نەوەک وەک ناوێک کە دەسەڵات دەپارێزێت. دەسەڵات لە ڕێگای سوپاوە دەپارێزرێت، پێشمەرگەش ئاماژەیە بۆ بەرگری ئەوانەی کە سوپایان نییە... پێشمەرگە لە ساتی نەبوون یان نەمانی سوپادا دەردەکەوێت... تێکەڵاوکردنی وەزیفەی پێشمەرگە و وەزیفەی سوپای نیزامی بە یەکتر، گەمژەییەکی سیاسی بێوێنەی لە پشتە. لە کوردستاندا شتێک نییە ناوی پێشمەرگەی کۆن و نوێ بێت، یەکجۆر پێشمەرگە هەیە کە پێشمەرگەکانی پێش ڕاپەڕینن، بە مەرجێک لە دوای ڕاپەڕین نەچووبێتنە شەڕی ناوخۆوە، تەقەیان لە خۆپیشاندانەکان نەکردبێت، واتە دڵسۆزی ئەو جەوهەرە گەورە و ڕاستەقینەیە پێشمەرگەبووبن، وەک کەسێک کە دژی دەسەڵاتە و بۆ کردنەوەی فەزایەکی تر لەدەرەوەی سیستم شەڕدەکات. لە دوای ڕاپەڕینەوە ئێمە پاسەوانە تەقلیدییەکانی دەسەڵاتمان هەیە، لە پۆلیس و ئاسایش، نەوەک پێشمەرگەی نوێ. کارەساتەکە ئەو ساتە دەستی پێکرد کە ژمارەیەک لە پێشمەرگە زاراوەی پێشمەرگەی دێرینیان قەبووڵکرد، وەک ئەوەی بەو ناونانە ڕێگا بۆ درۆیەکی مێژوویی گەورە خۆشبکەن کە بوونی پێشمەرگەی نوێیە. لە دوای ڕاپەڕینەوە ئێمە نە خاوەنی سوپاین و نە خاوەنی پێشمەرگەش، بەڵکو خاوەنی دەزگا تەقلیدییەکانی حوکمین کە ئیشیان پاسەوانکردنی حوکمە. ئەوەشی ئەمڕۆ تەقدیسدەکرێت پێشمەرگە نییە بەڵکو ئامڕازەکانی دەسەڵاتە بۆ پاراستنی خۆی. پێشمەرگە تەنیا لەو کاتەدا بوونی هەیە کە ئێمە بچینە دۆخی جەنگەوە لەگەڵ داگیرکەراندا، وە ئەو جەنگە بە سوپا ئەنجام نەدرێت، بەڵکو تەنیا بەرگرییەکی میللی ئەو جەنگەمان بۆ دابینبکات... پێشمەرگە تەنیا ئەو کاتە دەردەکەوێت کە هیچ سیستمێکی دیفاعی دیکە لە گۆڕێ نەبێت بوونی ئێمە بپارێزێت... بەکارهێنانی هەڵەی ناوی پێشمەرگە، بێماناکردنی ئەو هێزە ئەفسانەیی و سیحرە گەورەیەیە کە لە وشەکەدا هەیە... بەکارهێنانی ناوی پێشمەرگە بەوجۆرەی ئەمڕۆ بەکاریدەهێنێت، بەتاڵکردنەوەی چەکێکی گرنگی ئێمەیە لە توانای خۆی و خاڵیکردنەوەی وشەیەکی گەورەی ئێمەیە لە سیحری خۆی.

سه‌رچاوه‌: سایتی‌ به‌ختیار عه‌لی‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە