ریپۆرتاژێك دەربارەى : توێژەرانى كۆمەڵایەتى ... ڕۆڵ وپێگەیان لەقوتابخانەكان دا

Saturday, 25/08/2012, 12:00

4997 بینراوە








سازدان وگفتوگۆكردنى : شەماڵ ئەحمەد


ماوەى چەند ساڵێكە رۆڵ ومەكانەتى توێژەرانى كۆمەڵایەتى لەقوتابخانە وبەڕێوەبردنى كاروبارەكانى ئیدارەى قوتابخانەكان دا جێگەى باس وگفتوگۆیە چ لەلایەن خودى خۆیانەوە وچ لەلایەن بەرێوبەرایەتى پەروەردەوە، لەوقسە وباسانەشدا هەندێكیان ڕۆڵى ئەم توێژەرانە بەخراپ ونێگەتیڤ لەقەڵەم دەدات وهەندێكیانیش پێیان وایە كەبەپێ توانا ئەوەى پێان كراوە ئەنجامیان داوە لەدەسكارى كردنى پەیوەندى نێوان خوێندكار ومامۆستا وچاكسازى كردنى لەبوارى شێواز ومامەڵەى مامۆستا لەگەڵ خوێندكار سەڕەڕایى هەستاندنیان بەكارى ناردنى ڕاپۆرتى ساڵانەیان بۆ بەڕێوبەرایەتى پەروەردە ، هەرچەندە بوون بەتوێژەرى كۆمەڵایەتى لەپرۆگرامى پەروەدەیى ئێمەدا ئاسانە وبەهیچ فیلتەر وخولێكى شیاندن دا تێناپەڕێت ، بەڵام بردنە ڕێوەى وكارپێكردنى پیشەیەكى سەختە چونكە دەبێ بۆ دەوربەر بژى نەك بۆخۆت ، كارەكانى توێژەى كۆمەڵایەتى پڕە لەتایبەتمەندى وسیفەتى گرنگ ئەوەیە كەنابێت توێژەر هەڵس وكەوتى نامۆبێت وخۆى بەشت بزانێت وسیفەتى لەخۆبایبوون ودەستكردانەى تێدا بێت واتا دەبێت سادە وساكار بێت لەگەڵ بەرامبەرەكانى دا ،ودەبێت لەبارەى سروشتى كەسەكان بكۆڵێتەوە بەبێ هیچ دەستێوەردانێكى هێزێكى دەرەكى ، وپێویستە كەسایەتى توێژەر لێهاتوو وچالاك بێت ونهێنى پارێز بێت و لەگەڵ پیشەكەى دا ڕاست گۆبێت ، بۆ زیاتر دەوڵەمەندكردنى بایەتەكە پێمان باش بوو توێژەى كۆمەڵایەتى (خالد عەبدولكەریم) كەدەرچووى بەشى كۆمەڵناسى ، بدوێنین كەئەویش لەبارەى ڕۆڵ وپایەى توێژەرانەوە بەشێوەیەكى گشتى گووتى (( ئێمە پێمان وایە كەتوێژەرانى كۆمەڵایەتى دەتوانن ئەو ڕۆڵە ببینن كە تیایدا وەك پسپۆڕێك هەڵسوكەوت لە گەڵ دیاردە و كێشە كۆمەڵایەتى و پەروەردەییەكان دا بكەن, بەڵام بەداخەوە كەچى دەبینین وەزارەتى پەروەردە دا ئەم ڕۆڵە لە توێژەر سەنراوەتەوە یان كۆسپ و تەگەرەى خراوەتە بەردەمیانەوە لەلایەن كۆنەپارێزەكانى ناو سیستەمى خۆێندنەوە, زیاتر مەبەستم كۆنە پارێز ئەوانەن دەترسن لە جێبەجێكردنى سیستەمى نوێ خوێندن و تەگەرەى بۆ دروست دەكەن, چونكە خۆیان دەرچووى خولێكى چل ڕۆژى یان بڕوانامەكەیان پەیمانگا و خواروترە بۆیە ئەمانە بەزۆرى كێشە بۆ هەنگاوەكانى پێشكەوتنى پەروەردەى دروست دەكەن و لەمیانەشیدا توێژەر ڕۆڵى لاواز دەبێت, كاتێك توێژەرێك لە قوتابخانەیەك دادەمەزرێ بەداخەوە زۆربەى ئیدارەكان لە كارو پیشەكەى هیچ شارەزاییەكیان نیە, نازانن كە ئەو سەرپەرشتى بارودۆخى دەرونى و كۆمەڵایەتى و پەروەردەى قوتابیان دەكات و هەوڵدەدات پەیوەندى نێوان مامۆستا و خوێندكار بگەڕێنێتەوە سەر بارودۆخە سروشتیەكەى خۆى, كە پەیوەندیەكە هەم پەروەردەیە واتا ڕێز و خۆشتەویستى و جەرائەت و پاكیزەى و ڕەخنەگرتنە هەم فێركردنە واتا مامۆستا ڕۆڵى كائینێكى فێر كەر دەبینێت)) , هەروەها لەبارەى ئیستغلال كردنى لەلایەن بەرێوەبەر ومامۆستایانەوە كە زۆر جار بەچاوى بچووك تەماشاى دەكەن وهەندێك لەمامۆستایان كەمن خۆم وەك ڕۆژنامەنووسێك زۆر جار گوێم لەو ووتەیە بووە كەمامۆستایان بەپێكەنینەوە دەیڵێنەوە كەدەڵێن توێژەر خۆى كێشەیە لەكوێ دەتوانێت كێشە چارەسەر بكات یاخود توێژەران هەرخەریكى كێشە دروست كردنن ؟!!
لەم بارەیەوە (خالید عەبدولكەریم) گووتى : ((كاتێك توێژەر ئەم ئەركە قورسەى هەیە زۆربەى كات لەلایەن مامۆستایان و ئیدارەكانەوە هەوڵى سنورداركردنى ڕۆڵەكەى دەدرێ بەوەى سەرقاڵى بكەن بە وانە وتنەوە یان وەك فەرمانبەرێكى بێبەرهەم هەڵسوكەوتى لەگەڵ دەكەن, كەم قوتابخانە هەیە ژوورێكى تایبەت و هێڵى ئینتەرنێت و هەندێ داتاشۆى شیكارى دەرونى و پەروەردەى دابین كردبێت بۆ توێژەریك لە ڕاستیدا دەبێت ئەمانەى بۆ فەراهەم كرابێت, ئەم هۆكارانە بەشێكن لەوەى توێژەر نەتوانێت بەتەواوى كارلێك لە گەڵ قوتابیەكان دا بكات و لێان تێبگا و دواتر قەناعەت لاى مامۆستاش دروست بكات كە ئەو دوو ڕۆڵەى هەیە كە لەپێشەوە باسمانلێوەكرد, هۆكارى بەسیاسیكردنى ئیدارەكانیش زەقترین هۆكارە بۆ ئەوە پێوەرى پەروەردەى نەمێنێ و بەمەش توێژەر ڕۆڵى لاوازتر دەبێت.)) ،
هەرلەم بارەیەوە توێژەر (ئیدریس نورى خورشید) كەماوەیەكى زۆرە لەم بوارەدا كاردەكات ، پێی وایە كە (( بەهۆى ئەوەى كەتوێژەر لەلایەن بەڕێوبەرایەتى پەروەردەوە هیچ پشتگیرى وپاڵپشیەكى ناكرێت وبێداویستیە سەرەكییەكانى بۆدابین ناكرێت ، لەگەڵ ئەوەشدا لەلایەن هەندێك بەرێوبەرى قوتابخانەكانەوە هاوكاریى تەواوى ناكرێ وگرفتى زەقى بۆدروست دەكرێ !!)) ،
دیارە ئەم ووتانەى ئەوە دەخاتە ڕوو كەپەروەردە تەنها هەرخەریكى دامەزراندن ودۆزینەوەى شوێنە بۆخاوەن بڕوانامەكان نەك دۆزینەوەى بڕوانامەى گونجاو بۆ شوێنى شیاو ! سەڕەڕاى ئەوەش پەروەردە خەم ساردە لە هاوكاری كردنیان لەكارەكانیاندا یاخود نەبووەتە تەواوكەرى كارەكەیان ، هەروەها زۆر جار توێژەر لەلایەن كۆمەڵێك مامۆستاوە كێشەى بۆدروست دەكرێ وبەڕاستەوخۆ دژایەتى دەكرێ كەچى هەم پەروەردە وهەم ئیدارەى مەكتەبە هچ بەدواداچوونێكى بۆئەنجام نادەن ،
لەبارەى هۆشیارى وڕۆشنبیرى قوتابیان لەبەرامبەر توێژەر ، (هونەر نێرالدین نامق) كەئەویش بەهەمان شێوە ماوەیەكە لەدواناوەندى زێوەر سەرقاڵى بوارى توێژەى كۆمەڵایەتیە ، پێى وایە كە ((شارەزانەبوونى قوتابیان وهۆشیارنەبوونى كەسانى قوتابیان واتا (دایك وباوكى خوێندكاران) كێشەى بۆ ئێمە دروست كردووە چونكە نازانن توێژەى كۆمەڵایەتى چیە وكار وئەدا ومەهامى چیە))
هەروەها لەبارەى پێداویستیەكانیشەوە پێى وایە كە ((توێژەرى كۆمەڵایەتى لەقوتابخانەكان دا ژوورێكى سەربەخۆى نیە وخاوەنى هێچ كەرەستەیەكى پێویست نیە)) ،
لەدووتۆى قسەكانى ئەم سێى توێژەرە كۆمەڵایەتیەوە ئەوەمان بۆدەركەوت كە توێژەرەكان تەنها شوێنیان پێ پڕكراوەتەوە وهیچ ئەدا وكارییگەرییەكى ئەوتۆیان نیە لەسەر بەرێوەبردنى كارەكان ، بەداخەوە تاوەكو ئەم ساتە توێژەرەكان نەیانتوانیوە پەیوەندى نێوان مامۆستایان وخوێندكاران بگەیەننە ئاستى تێگەیشتن ولێكحاڵیبوون لەسەر بنەماى خۆشەویستى وڕێزگرتن وڕۆشنبیرى كەپێویستە ڕۆڵى گرنگ لەم كارەدا ببینن ، لەبارەى ئەوەى كەئایا بۆچى توێژەران لەلایەن مامۆستایان وئیدارەى قوتابخانەكانەوە بەهەند وەرناگیرین ووەكو ئەوەى كەهەن ڕێزیان لێ ناگیرێت وبەبچووك تەماشادەكرێن لەلایەك ، ولەلایەكى تریشەوە پەروەردەش بەدەم داواكارى وخواست وڕاپۆرتەكانى ساڵانەیانەوە ناچێت ،
سەرپەرشتیارى توێژەرانى كۆمەڵایەتى ناوچەى گەرمیان (كارزان فۆاد ێفا) گووتى (( گرفتەكە ئەوەیە ئیدارەى مەكتەب ومامۆستایانى نێو خوێندنگاكان تێڕوانینێكى زۆر خراپیان هەیە سەبارەت بەتوێژەر ، بەحوكمى ئەوەى كەتوێژەرى پیشەیەكى تازەیە وەشتێكى نوێە لەسیستمى پەروەردەدا ولەسەر ئاستى كۆمەڵگاش بەگشتى جارێك ماوییەتى خۆى جیگیر بكات ،هۆكارەكە بۆئەوە دەگەڕێتەوە كەزۆرجار بەرێوبەرى قوتابخانەكان بەوشێوەیە تەماشاى توێژەر دەكەن كەئەوان هاتوون بۆئەوەى دەسەڵاتەكانى ئەمان كەم بكەنەوە ودەسەڵاتەكانى ئیدارەیان لێ زەوت بكەن لەكاتێكدا توێژەر كارى ئەوەیە كەهاوسەنگییەك بپارێزى لەنێوان ڕەفتارى توندوتیژى مامۆستا وقوربانى دانى خوێندكار بەڵام مامۆستا ئەمەى پێ قبوڵ نیە چونكە زۆرێك لە مامۆستا ئەوەى كەئەو پێى خۆشە دەبێ وابێت چ كاتێك بیەوێت خوێندكار پێدەكەنێنێ وچ كانێك بیەوێت دەیگڕێنێ وتوندوتیژى بەكاردەهێنێت، توێژەریش ئەمەى پێ قبوڵ نیە چونكە خوێندكار مافێكى سروشتى خۆیەتى لەڕووى پەروەردە وفێركردنەوە خزمەت بكرێت ، هەروەها لەزۆربەى خوێندگاكان دا كارى توێژەر پشت گوێ دەخرێت)) ،
وەك دیارە توێژەران لەقوتابخانەكان دا خاوەن هێچ دەسەڵات وپاڵپشتیەك نین تەنانەت ئەگەر مامۆستا چەكى نمرە وزانستى پێبێت ،ئەوا توێژەر بەداخەوە لەهەردوو ئەم بوارەدا هەژارییەكى پێوە دیارە وتاڕٍادەیەك وەكو دەسەڵات وونبوونبێكى گەورەى پێوە دیارە .. ڕاى بەڕێزت چیە لەم بارەیەوە ((لەڕاستیدا لەبەرئەوەى كەتوێژەر دژى بەكارهێنانى توندوتیژییە لەبەرامبەرخوێندكار دەبنین لەلایەن زۆرێك لەمامۆستایانەوە پیشەكەیان پێ قبوڵ ناكرێ ، توێژەران دژى كەلتورى لێدانن ئەمەش بەكۆمەلێك مامۆستا هەزم ناكرێ ، بۆنموونە خوێندكار بۆیە دێت بۆقوتابخانە نەقسێكى كەلتورى وئەخلاقى وپەروەردەیى ومەعریفى هەیە تاپڕٍیبكاتەوە ، دەنا هیچ كارێكى بەمامۆستا نیە بێت بۆماوەى دووسەعات گوێ لەمامۆستا بگرێت ، كاتێك ئەم نەقسەشى هەیە دەبێ بەشێوەیەكى سیستماتیك پەروەردە بكرێت ، لەبەرئەوە مامۆستا هەیە بیرى لەوە دەكاتەوە كام ڕەفتار توندوتیژە بۆبێدەنگكردنى خوێندكار ئەوا بەكاربهێنێت ،ئەمەش بەپێی سیستمى نوێ ناگونجێ !! ، زۆرێك لەو مامۆستایانەى كەهەمیشە گلەییان لەم سیستمەى پەروەردە هەیە ، كاتێك لێیان دەپرسى بۆچى سیستمەكە خراپە ؟ ، دەڵێن (كاكە لێدان نەماوە وخوێندكار ناخوێنى) ئەم كەلتورە كەمامۆستا هەمیشە ئەیلێتەوە لەگەڵ خواستى توێژەران دا پێك نایەتەوە ، ئەم دۆخە وایكردووە كەتوێژەر لەناوى قوتابخانەكان دا پشت گوێ بخرێت ، بۆچى ؟ لەبەرئەوەى توێژەر لەخوێندنگاكان دا كەمینەیە ، مامۆستاش زۆرینەیە ، زۆرینەش لەگەڵ توندوتیژییە وهەمیشەش هەوڵدەدا كارەكانى توێژەر بەرتەسك كاتەوە ، ولەپەروەدەشەوە پاڵپشتیەكى گەورەى مامۆستایان دەكرێ كەبەوشێوەیە مامەڵەبكەن ، چونكە من كەیسى زۆرم لایە لەكیتابێكى پەروەردەیى وەكو یاسایەك خراوەتە ڕوو دەڵێ " ئەگەر مامۆستا توندوتیژى بەرامبەر خوێندكار بەكارهێنا ، ئەوا نابێ نەبكرێ بە مەعاون ونەبكرێ بەبەریوبەر تەنانەت نە بەسەرپەرشتیارى پەروەردەییش ، من لەتەمەنى سەرپەڕشتى كردن خۆمدا بۆتوێژەران مەعاون ومودیر هەبوون لەمامۆستایى یان داوە واتا لێدانیان بەرامبەر مامۆستا بەكارهێناوە ،ئەمەش بەڕاپۆرت بەرزكرایەوە بەڵام هیچ كارێكى لەسەر نەكرا وئەمەش وایكرد كەكارى توێژەرەكان پشت گوێ بخرێت ، مامۆستایانیش بۆئەوەى پیرۆزییەك بدەینە كاروبارەكانى خۆیان ، دەبێ كارى توێژەر ناشرین بكەن ،بۆئەوەى نەقسەكانى خۆیان بشارنەوە ، لەگەڵ ڕێزم بۆبەشێكى زۆر لەمامۆستایان ،هەندێكیان هەن باوەڕیان بەوەیە هەمیشە ئەگەر چوونە پۆلەوە ئەوەندە بیر لەوە بكەنەوە كەچۆن گەورەترین خوێندكار یابچووكترین خوێندكار هەستێنن وبشكێننەوە ئیهانەى بكەن تاوەكو خوێندكارەكانى دیكەى پێ چاوشكێن بكەن ،ئەوەندە بیر لەوەناكەنەوە كەچەند پەروەردەییانە وتەندروستیانە ووچەند بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ بكەن تاوەكو خوێندكاران ئاییندەیەكى گەشیان هەبێت ، لەبارەى ئەو پرسیارەوە كەبۆچى پەروەردە ووەزارەت ولایەنە پەیوەندیدارەكان هاوكارییەكى تەواوى توێژەرە كۆمەڵایەتیەكان ناكەن وبەدەنگەوە چوونیان نیە ؟
بەڕێز كاك كارزان گووتى ((هۆكارى سەرەكى لەوەزارەت وبەڕێوبەرە گشتییەكانە ، چونكە بەڕاستى هەمیشە یاساكان لەسەرەوە بۆخوارەوە جێبەجێ دەكرێ ، باشترین بەڵگەش ئەوەیە كەئێستا وەزارەت وتەواوى لایەنە پەیوەندیدارەكانى تر ڕێككەوتن لەسەرئەوەى كەئەم ساڵ هیچ توێژەرێك دانامەزرێ ,ئەمەش باشترین بەڵگەیە بۆئەوەى كەئەوان بەڕاستى نایانەوێت توێژەر كاربكات بۆئەوەى كەئەوەى خۆیان دەیانەوێت جێ بەجێى بكەن))
لەكۆتاییدا پێویستە ئەوە بخەینە ڕوو كەتوێژەران دەكریً پشت بەدوو هێز ببەستن بۆ خۆ دروست كردن یەكەم هێزى خودێتى (الاكتفاو الژاتی) كەپرچەكبن بەمەعریفە وهونەرى مامەڵەكردن وخۆگونجاندن وسەلیەقەیبوون لەكارەكانیاندا بەبێ دەستێوەردانێكى دەرەكى وفشارى هەر گروب و لایەنێك ، دووەم قەناعەتپێكردن بەبەڕیًَوبەر ومامۆستا وپەروەردە وخوێندكاران كەچیدى ئەمان ڕۆڵى چاودێرى كەرى گرفتەكانى قوتابخانە وڕیفۆرمكردنى پەیوەندییەكانى نێوان مامۆستا وخوێندكاران دەبینین نەك تەواوكردنى كارەكانى مامۆستا وەكو پڕكردنەوەى شاغر لەلایەك وگسك دانى ژوورى ئیدارە لەلایەكى تر !!!



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە