سەندیكای پارێزەران و پارێزەری ساختەكار

Wednesday, 06/11/2013, 12:00

1444 بینراوە











جێی داخە لە تۆڕی میدیاكانەوە گوێبیستى ئەوە ببین كە هەستیارترین توێژی كۆمەڵایەتى كە پارێزەرە پەنا بباتە بەر سەختەكاری لەكاتێكدا پیرۆزى هەڵگری ئەو بڕوانامەیە پارێزەری ئازادی و ئاسایش و دیموكراسی و گەڕانەوەى ماف و كەڕامەتى مرۆڤایەتییە، كە هەمووان لە تەنگژە و قەیران و لەمپەرە نەخوازراوەكاندا پەنایان بۆ دەبەین وەكو لایەنێكى بێ لایەنى داكۆكیكار و پێداگر بۆ ئەوەى كار بۆ هەستانەوە و دەربازبوونمان لە كێشەكان بۆ بكەن.

دیسانەوە جێی داخە لەرێی ڕاگەیاندنەكانەوە دەنگۆی ساختەكاری ئەو چینە گرینگەى كۆمەڵگاكەمان بە دونیای دەرەوە بگات كە ئەوە حاڵی پارێزەرەكانمانە لە هەڵبژاردنەكان كە دەبوو لە هەموو كەس زیاتر پابەندبن بە یاسا و دادپەروەری كۆمەڵایەتى و جەخت كردنەوە لە دەست لەسەر دانانى ناكۆكییەكان و دۆزینەوەى چارەسەری ڕیشەیی و چاو نەپۆشین لە ناهەقیەكان و گەڕانەوەى مافی كەسی مافخوراو لەكەسی مافخواردوو، كەچی ئەوانن(ژمارەییەكى دیاریكراو) ڕێمان بۆ خۆش دەكەن و مۆدێلێكى تازەمان نیشان دەدەن كە تەزویر و ساختەكاری ئەو شتەیە دەبێ بۆ سەركەوتن و بردنەوەمان هەموومان هانای بۆ ببەین و بەڕەوای بزانین.

هەڵبژاردنى چەند ڕۆژی رابردووى سەندیكای پارێزەرانى كوردستان لەكەش و هەوایەكى ئەوتۆ كۆی پرۆسەكەى خستە ژێر پرسیارەوە كە لەدواساتەكانى دەست نیشانكردنى نەقیب و جێگرەكەى گومان دروست بوو، چ گومانێك؟وەك چاودێران ئاماژەى پێ دەكەن بەپێی رێژەى دەنگدەران لەتەكدا بەدەیان كارتى دیكەى زیاتر خراوەتە ناو سندوقەكەوە لەكاتێكدا ئەو حاڵەتە ئەوەمان پێ دەڵێ:

یەكەم: مادام هەر هەڵبژاردنێك بە تەزویرات بەڕێوە بچێت، ئیدى شەرعیەتی ئەو سەندیكایە لە چیدایە و ئەو خەڵك و كەس و لایەنەى بەپەرۆشەوە دەیەوێ كێبڕكێ لەسەر بردنەوە و بەدەستهێنانى كورسیەكان بكات، بۆ لەمەودوا لە بایكۆتكردن بەولاوە هیچی دیكەیان لەبەردەمدا نییە كەدەبێ ڕاشكاوانە ئەو حاڵەتە بۆ ڕای گشتى ڕابگەیەنن.

دووەم: مافێكى ڕەوای هەموو لیست و لایەنەكانە كە لەو هەڵبژاردنەدا سەنگی خۆیان بزانن چییە، لەبردنەوەیاندا زیاتر خزمەت بكەن و ترسیش لە دۆڕان كە تیایدا پەنا ببرێتە بەر ساختەكاری ئەوەیان درۆكردنە لەگەڵ سەركردایەتى ئەو حزبەی تێیدایە بەوەى ئەوە منم لەو هەڵبژاردنە چۆكم بەهەمووان داداوە و براوەم لەكاتێكدا نەبراوەیە و بەو هەڵمەتەى دەیەوێ ڕووى ڕاستەقینەى خۆی بشارێتەوە و فێڵ لەسەرووى خۆی بكات كە لەو ڕوانگەوە هەقە هیچ لایەنێك بۆ هەندێ دەستكەوت كە بۆ ڕاگەیاندن وای دەربخەن براوەى یەكەم و دووەم و سێیەمن لەوانە خۆش نەبن جا هەر كەسێك بن كە بەو شێوەیە فریویان دەدەن و دیمەنێكى چەواشەكارییان پێ نیشان دەدەن كە لە ئەسڵدا بوونى نییە.

سێ یەم: پێویستە لیژنەیەك پێكبێ بۆ بەدواداچوونى ئەو مەسەلەیە كە ئەگەر بەدەربوو لەبیروبۆچوونی حزب ئەوە بەتوندی لێپێچینەوە لەو دەستە بكات كە ناوى ئەو حزبە و ناوى ئەو سەندیكایەی پیس كردووە كە ئەمەیش ئەوەندە گران نییە نەتوانن ئەنجامى بدەن ئەگەر نیەت هەبێ بۆ چاك كردنى.

چوارەم:بەش بەحاڵی خۆم ئەوەندەى لەڕێی كەناڵە ناوخۆیی و ئاسمانییەكانەوە گوێبیستى ئەو ساختەكارییەى هەڵبژاردنى سەندیكاى پارێزەران بووم، گەلێ ناڕەحەت بووم، كەلكەلەى ئەوەم بە مێشك داهات ئاخۆ: چ ئومێدێك لەو كەسانە دەكرێ كە باوەڕیان بەسەختەكاری هەیە و دوو ڕۆژی تر مامەڵەى ئەو خەڵكە ڕەش و ڕووتەیان بچێتە بەر دەست دەبێ چۆن بێ بەنج قۆڵیان ببڕن و ڕەشیان بكەنە سپی و سپیشیان بۆ بكەنە ڕەش كە ئەو قسانەی دەیشیكەم تەنها لە پەرۆشی و خەمخۆریمە بۆ هەرێمەكەمان كە دەبێ هەموومان ڕۆڵی پارێزەرمان هەبێ لەدەستكەوتەكان و ڕێز لەپیشەى هەموو ئەوانە بگرین كە پیشەیان پارێزەرە هەرچەندە زۆر جار مشتێ دەبێتە نمونەى خەروارێك و لەو قسانەیشمان دەستى تاوان بۆ كەس درێژ ناكەین ئەوەندە نەبێ كە دەڵێین: چەم بێ چەقەڵ نابێ و خۆزگە و هەزاران جار خۆزگە ئەو كارە لەهەموو سەندیكاكان ڕووی بدابایە بەس لەو سەندیكایە نەبوایە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە