ڕووماڵکردنی زنجیرەیەك لە گەندەڵیی و خیانەتی دکتۆر بەرهەم..!

Sunday, 01/01/2012, 12:00

2531 بینراوە


لە دوای خوێندنەوەی ئەم بابەتەوە دەپرسم ئایا؟ (ئەمانەی ئەنجام دەدرێت خیانەتکردنە یان نا ، رۆڵی دکتۆر بەرهەم وەک کەسێکی ناپاک و خائینە یان دڵسۆز و نیشتیمانپەروەر؟!)
دەمەوێت خەڵکی خۆیان بکەمە دادوەر و هەر خۆشیان بە وەڵامێك حوکم بدەن....! کەسێکی وەك دکتۆر بەرهەم لە ماوەی دووساڵی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتێکی ڕەهاوە کە سەرۆکی حکومەتێك بێت و ڕەفتارو کار و کردەوەکانی بەم شێوەیە بەڕێوە بردبێت، ئاوها سوکایەتی بە ماف و ژیان و چارەنووسی میللەتێکەوە کردبێت، گەلەمافیایەکی سامناکی بەردابێتە گیانی ئەو خەڵکە .. ئایا دەکرێت قەڵەم سست و بێدەنگ بێت لە ئاستییدا؟ ئایا دەکرێت ئەوانەی کە خۆیان بە ڕۆشنفیکر و دڵسۆز دەزانن لە بەردەم ئەو راستییانەدا هێندە شەرمۆك و هەڵاتوو بن نەتوانن ڕوماڵێکی ماسکە خیانەتەکانی ئەم بەرپرس و ئەم هەموو نا بەرابەریی و ناعەدالەتیانە بکەن؟...!
فەرمون لەگەڵ ئەم بەڵگانە کە من وەك دەسپێخەریەك کۆمەڵانی خەڵکی لێئاگادار دەکەمەوە دنیای ئەم خیانەتە قێزەوەندانە ئاشکرا دەکەم، نە بێدەنگ و نە شەرمۆک ، نە هەڵاتووش دەبم، چونکە منیش خۆم بە سەرکردە دەزانم، لێ نەك سەرکردەی کورسی و دەسەڵات نا، بەڵکو سەرکردەی سۆز و ویژدان بۆ کۆمەڵگاکەم، هەر بۆ زانیاریش بەمزوانە لەسەرچاوەیەکی تایبەتەوە تەواویی ئەو بەڵگانە بە شێوەی دۆکۆمێنتی بۆیە یەکەمجار بڵاودەکرێتەوە. بەڵام من بە باشمزانی پێشوەخت چمکێکی ئەو بەڵگانە بۆ خەڵکی ئاشکرا بکەم.!

سەرەتا لە دائیرەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانەوە دەست پێدەکەم ..
ئەم دائیرەیە کاتێك دامەزرا لە ناوەرۆکدا بە مەبەستی هاندان و گەشەپێدان و بوژانەوەی بواری کەرتی ئابوریی بوو لە کوردستان، لێ لە دواجاردا ئەم دائیرەیە لەلایەن دەسەڵاتی حیزبی و حکومی و مافیاکانی سەر بەدەسەڵات گۆڕدرا بۆ مەبەستی تر ، کرایە وەکری هونەریی خیانەتکردنی شاراوەی بەرپرسەکان، وەك وەسیلەیەک بۆ داگیرکردن و قۆرخکردن و دەستبەسەراگرتنی موڵک و ماڵی خەڵکی بەکارهێنرا.
دائیرەی پڕۆژەکان وەبەرهێنان پشکێکی زۆری گەندەڵی و ناعەدالەتی بەردەکەوێت. بۆ ماوەیەك (یاسینی فەقێ سەعید) بەڕێوەبەری ئەم دائیرەیە بوو.. لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵات و حیزب هەستیان بەوە کرد، یاسینی فەقێ سەعید هەندێك جار کێشەی بۆ دروست دەکردن و قۆرتی لە بەردەم دادەنان، بۆیە ئەمەیان بە مەترسی دانا هەر زوو ئەویان هەڵفریوان و (فەرمان حەمە غەریب)یان لەشوێنەکەی دانا..! فەرمان حەمە غەریب مامۆستایەکی دواناوەندی بو لەڕێی خوێندنی شەوەوە بە واستە توانی بڕوانامەیەکی یاسایی بەدەستبهێنێ..! ئەم زاتە پێش ئەوەی بکرێتە بەڕێوەبەری دائیرەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان، پێموایە لای زۆر کەس ئاشکرایە، کە کەسێکی کەمدەرامەتی دەستکورت بوو، تەنانەت خاوەنی تەنیا سەیارەیەک نەبوو، تا پێی بچێت بۆ دەوام، لێ لە ماوەیەکی کورتی دەستبەکاربوونیدا، چووە ڕیزی دەوڵەمەندەکانی شار، لە ئێستادا خاوەنی کۆشکێکە هاوشانی کۆشکە عەجایبەکانی مەسئولەکانی سولەیمانی، نرخی لە سەدان دەفتەر تێدەپەڕێت.. بەو هیوایەی کەسێك بتوانێ وێنەی کۆشکەکەی فەرمان حەمە غەریب بگرێت و بینێرێ بۆ کوردستانپۆست، دەکرێت دکتۆر بەرهەم لەم زاتە بپرسێ ئەم کۆشکەت بەچی؟ یان دوا جار دادگای گەل و رقی میللەت لێی دەپرسێتەوە.! ئەمە گەندەڵیەکی حاشا هەڵنەگرە و ئەمانەش کۆمەڵێ گەندەڵی تر لەم خاڵانەی خوارەوە ئاماژەی پێدەدەم .! تا خەڵکی بزانێ ئەو وڵاتە بە مرۆڤەکانیەوە چەند وڵاتێکی کاول و داماوە.



گەندەڵی (1) د. بەرهەم ساڵح

دائیرەی پرۆژەکانی وەبەرهەمهێنان وێرای ئەوەی بەهاوکاری ژێربەژێری بەرپرسانی دەسەڵاتدارانی حیزبی و خودی دکتۆر بەرهەم لە سەرەتای دەستبەکاربوونی دەستیان کرد بەهەڵمەتی داگیرکردنی زەوی و زاری خەڵکی، گشت ئەو زەویانەی، کە لەشوێنی باش و گرنگن بوو، لە ڕێگەی ئەو یاسایانەی کە خۆیان بۆ خۆیان داتاشیووە دەستیان بەسەر هەموویدا گرت و لەڕێی باندە مافیاکانیانەوە لە نێوەندی خۆیان دابەشیان کردووە و سەرەک مافیاو بەرپرسە دەسەڵاتدارەکانی حیزبی و حکومی بەناوی پڕۆژەوەی وەبەرهێنانەوە زۆری شوێنە حەساسەکانیان لەسەر خۆیان تاپۆ کردوە، بەمەشەوە نەوەستاون پەلیان هاویشتوە بۆ تەواویی زەویە کشتوکاڵیەکانی دەور و بەری شار و شوێنە دوورەکانیش و ئەوانیشیان داگیر و دابەش کردوە، هەر بەناوی ئەو پرۆژانەوە، کە لە ڕووی یاساییەوە بە هیچ جۆرێك ڕێگە نادرێت کەس تەنانەت حکومەت خۆشی مامەڵە و سەودا بەو زەوییە کشتوکاڵییانەوە بکات، بێجگە لە بەکارهێنانی بۆ بەرهەمهێنانی بەروبومی کشتوکاڵی نیشتمانیی و پاراستنی ژینگە...!
تەواویی ئەم داگیرکردن و دەستبەسەراگرتنی زەویە کشتوکاڵیانە، بە بڕیار و پاڵپشت و ئاسانکاری خودی دکتۆر بەرهەم بووە، ئایا دەتوانێت.. بڵێ وانییە؟... بەڵام بەڵگەکانی لەبەردەمیدا دەوەستێتەوە و هەمو دەسەڵاتەکانی بچوکی دەکاتەوە و پێی دەڵێ بەڵێ وایە.! لێ ئەمە من بەکورتی باسم لە دەرخستنی ئەم دیاردەیە کرد، بەڵام خوێنەر با چاوەڕوان بێت تا کاتی دەرکەوتنی بەڵگەکان بەشێوەی دوکومێنتی و ئەو کارەساتە گەورەیە دەبێت دەبینن، دەزانرێ چی لەو وڵاتەدا ڕوویداوە...!


گەندەڵی (2) فاروق مەلا مستەفا سەفوەت

فاروقی مەلا مستەفا...! دوای ئەوەی فاروقی مەلا مستەفا بەپشتی دەسەڵات و حیزب دەستدەگرێت بەسەر (شاری جوان)داو دەیکاتە مۆڵکی تاپۆکراوی خۆی، ئەم شوێنە، کە ناسراوە بەشاری جوان ئیستراتیجیەتێکی تایبەتی خۆی هەیە، دەکەوێتە ناوچەی نێوان زەرگەتە و سەرچنارە دڵفڕێنەکەی سولەیمانی .. بەبڕیاری خودی فاروقی مەلا مستەفا، بەو پەڕی بێویژدانیەوە 3 ملیۆن داری بەردار بە هەموو چەشنەکانی دەبڕێتەوە و ئەو ناوچەیە وشک دەکات، کە ئەمە گەورەترین تاوانە لەتەك تاوانەکانی تری فاروقی مەلا مستەفا ئەنجامی داوە و هیچ یاسا و پاساوێکی لێبوردەیی نایگرێتەوە دەرهەق بەم تاوانە، کە ئەنجامی داوە، چونکە بڕینەوەی هەر دارێك مانای کوشتنی مرۆڤێکە و تێکدانی ژینگەیە وبڵاوبوونەوەی دەیان نەخۆشی کوشندەیە..!. لە دوای ئەو تاوانە گەورەیەی کە فاروقی مەلا مستەفا ئەنجامی دەدات ، خۆی دەخاتە بەردەم فلیمێکی دروستکراوی لێپرسینەوەیەك، دیارە ئەوەش هەر مەبەستی فرت و فێڵێکی تر بووە، بۆیە لەبەردەم سیناریۆی ئەو فلیمە دروستکراوەدا، بڕیار دەدات قەرەبوی ئەو دارە بڕاوانە بکاتەوە... لە شوێنێکی تر ئەو بڕە دارانە بڕوێنێتەوە، واتە سێ ملیۆن داری تر.. بۆ ئەم مەبەستە 500 دۆنم زەوی تری پێدەبەخشرێ، واتە بۆی داگیر دەکەن، کە ئەو زەویانەش تەواویی مڵک و ماڵی خەڵکی داماو بووە، دوایی تاپۆکردنی زەویەکان لەسەر خۆی هەڵدەستێت ناوی چەندین پارچە زەوی دەهێنێ و ژمارەیان بۆ دەستنیشان دەکات، گوایا ئەمانە بۆ مەبەستی قەرەبو کردنەوەی ئەو دارە بڕدراوانە دیاری کراوە و داری لێدەڕوێنێتەوە. لە راستییدا تەواویی دەستنیشانکردنی ئەو پارچانە هەمووی بە تەزویر و وەهم بووە، هیچ شتێکی ئاوا، تا ئێستا شتی وا هەر بونی نیە ...! من پێموایە فاروقی مەلاستەفا لە دوای ئەم نوسین و بەدواچوونە ناتوانێت بڵێت وا نییە..! چونکە تەواویی بەڵگە دروستکراوە تەزویرکراوەکان لە بەردەستایە.


گەندەڵی (3)  شاسواری واحیدی کەبابچی

کۆمپانیای نالیا کە ئەم کۆمپانیایە سامناکترین خیانەتی کردوە، هەرچەندە کەسانی دڵسۆز بۆ بژێوی ژیانی خۆیان نائاگا لەوێ کاردەکەن، لێ راستییەکان تا ئێستا شاراوەیە....! سەرەتا لە کورتەیەک لە خاوەنی کۆمپانیاکەوە دەستپێدەکەم..! خاوەنی ئەم کۆمپانیایە ناوی شاسواری واحیدی کەبابچییە من خودی خۆم بە باشی دەیناسم و کوڕی گەڕێکین، ئەو بە تەمەن لە من بچوکترە ، نامەوێت باسی سەردەمی هەژاری و زەحمەتکێشانی خێزانیان بکەم، لێ تەنها هەر ئەوەندە دەڵێم،: چۆن ئەم کوڕە لە پڕێکا کردیان بەم کوڕە؟ ئەو لە دوکانێکی فرۆشتنی Atariئەتاریەوە، لەمەزادخانەی سولەیمانی، چۆن یەکسەر لەوێوە لە پڕێکا بو بەم ملیاردێرە و ناو شوهرە و تەنانەت کەناڵی ئاسمانی و تیڤیشی هەیە، ئێستاش هاوڕێی زلمای خەلیلزادەیە؟ وەک پیاوە هەرە گەورە بازرگانەکان بەشەش پرسگە خەڵکی دەگاتە لای ، بۆ زانیاری زیاتر لەکاتی ئەم نووسینەدا ئێستا شاسواری واحیدی کەبابچی لەگەڵ زلمای خەلیل زادە لە ئەمەریکایە.!
کۆمپانیای نالیا بەوە ناسراوە کە خاوەنی دووگوندی ئەڵمانیە.! واتە گوندی ئەڵمانی یەك و گوندی ئەڵمانی دوو..!
گوندی ئەڵمانی یەکەم / دوای ئەوەی ئەو هەموو زەوی و زارانە لە خاوەنە ئەسڵیەکانییان داگیر دەکرێت و دەدرێت بە شاسواری واحیدی کەبابچی، ئەویش ئەو زەویە داگیرکراوانە دەکاتە پرۆژەی گوندی ئەڵمانی، هەر یەکەیەکی نیشتەجێی واتە یەك (شوقەیی) ئەو گوندەش بە پارە خەیاڵییەکان دەفرۆشرێت، ئەوەتا ئێستا گوندە ئەڵمانیەکە و خاوەنە دەوڵەمەندەکەشی لەبەر چاوی خەڵکیدایە و خاونی ئەو ناوبانگەیە ، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە بێجگە لەوەی کۆمەڵێک شتی سەیر و سەمەرە لە دروستکردنی ئەو گوندەدا ڕوویداوە، کە لێرەدا باسی لێوە ناکەم ، ئەوەی شایانی باسە لێرەدا ئەوەیە لە تەنیشت ئەو گوندە ئەڵمانییەوە بەنزینخانەیەکی لێیە، ئەم بەنزینخانەیە هیچ مافێکی بەسەر ئەو گوندەوە نییە، بەڵام لەڕێی بەرپرسەکانەوە و بە پاڵپشتی دکتۆر بەرهەم خراوەتە سەر گوندەکەی شاسواری واحیدی کەبابچی. لەهەمان کاتدا ئەو بەنزینخانەیە نابێ ئیفراز بکرێت و هەر خۆشی لە تاپۆدا ئیفراز نەکراوە و بەپێی یاساش ئیفراز ناکرێت، چونکە ئەو بەنزینخانەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حکومەت .. لێ ئەمان بە ساختە و کەلەکچێتی ئیفرازیان کردووە و تەواوی ئیفرازکردنەکەشی تەزویرە و تاپۆکەشی بۆ تەزویر کراوە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت بۆ خۆیان تەزویرکردنیش دەخوات کاری یاسایی تەواویشی پێوە دەکەن.. لێرەدا دەپرسم ئایا شاسواری واحیدی کەبابچی پاش گەڕانەوەی لە ئەمریکا کە ئەمەی بەرچاو دەکەوێت، دەتوانێت بڵێت وانییە؟ لە کوردستانپۆست واستە دەکات، بڵێ توخوا لایبەرن وەڵڵا وا نییە؟!
گوندی ئەڵمانی دوەم / ئەو کاتەی شاسواری واحیدی کەبابچی لیستی پرۆژەی گوندی ئەڵمانی دووەم تەقدیم دەکات بە ناوی ئەوەی گوایا ئەم گوندە بۆ کەسانی کەمدەرامەت دروستدەکرێت و لەدوای تەواوبوونیشی بە بڕی پارەی 5 دەفتەر بە خەڵکی کەمدەرامەت دەیفرۆشێتەوە .. ئەم لیست دروستکردنە تەنها مەبەستی فرت و فێڵ بووە . بۆیە لە ڕێی ئەم فرت و فێڵەوە بۆ جارێکی تر هەموو ئەو زەویانەی پێدەبەخشرێت، کە تەواویی ئەو زەویانەش موڵک و ماڵی خەڵکی بێدەسەڵاتە .. پاش وەرگرتن و تاپۆکردنی ئەو زەویە داگیرکراوانە، دەست دەکات بە دروستکردنی پرۆژەی گوندی ئەڵمانی دوو دەکات، لێ لە دوای تەواو بوونی پرۆژەکە، ئینجا دەست دەکات بەفرت و فێڵ تا ئەو ئاستەی بچوکترین یەکەی نیشتەجێ بوونی دەفرۆشێت بە 13 و 14 و 15 دەفتەر، سەیرەکە لێرەدا ئەوەیە، کەسێك لێی نەپرسییەوە ئەمە بۆچی؟...! لیستی تەقدیم کردنی سەرەتاییەکەی پوچەڵ دەکاتەوە و لێ هەموو بەڵگەکان بە نفتی هەیە، ناتوانێت بڵێت وا نییە..!
هاوکات بە پێی زانیاری خەمڵێنراو وا دەردەخات، کە بڕی تێچووی دروستکردنی هەر یەکەیەکی نیشتەجێ بوون واتە یەك (شوقەی) پارەی تێچووەکەی ناگاتە 3 تا 4 دەفتەر .. لە هەمووی سەرسام تر ئەوەیە بە هیچ جۆرێك لە پلان و نەخشەی ئەو پرۆژەی یەکەی نیشتەجێبوونەی گوندی ئەڵمانی دووەم دروستکردنی (ڤێلای) تیا تۆمار نییە و بەپێی یاساش ڕێگە پێنەدراوە، بەڵام ئەم چەندین ڤێلای تیا دروستکردووە و هەر ڤێلایەکیش نرخی لە 65 تا 75 دەفتەرە، هەر بۆ زانیاری زیاتریش تەنیا یەك ڤێلاشی لە ڕووی خەمڵاندنی نرخەوە بە ڕووکەشی بڕی پارەی تێچوەکەی خەمڵێنراوە بە 25 دەفتەر، بەڵام ئەو وا فرۆشتویەتی و هەمووشی فرۆشتووە ... تەواویی ئاسانکارییەکان و هاوبەشییەکانی ئەم هەموو فرت و فێڵ و خیانەتکردنە بە ناوی ئەو پرۆژانەوە بە پاڵپشتی دکتۆر بەرهەمی سەرەك حکومەتی هەرێمی کوردستانی کابینەی شەش ئەنجامدراوە..!
لێرەدا بە پێویستم زانی هەندێك زانیاریی تایبەتی دیکەش لەگەڵ ئەم بابەتەدا هاوپێچ بکەم و خوێنەری ئازیزی لێئاگادار بکەمەوە، کە لەمەڕ ئەم هەموو ناعەدالەتی و زوڵم و دەستبەسەراگرتنی موڵک و ماڵی خەڵکە..! دیوانێکیان بەناوی دیوانی چاودێرییەوە دروستکردبوو خۆی لەسەرەتادا مەبەست لە دیوانی چاودێریی ئەوە بوو، کە بە بەکارهێنانی ئەم دیوانی چاودێریەوە خۆڵ بکەنە چای خەڵکی و فرت و فێڵەکانیانی پێ بشارنەوە ..! سەرۆکی ئەو دیوانەش کەسێکی دڵسۆز و بەڕێز بە ناوی جەلالی عومەری ساماغا بوو، جەلالی عومەری ساماغا ویستی بە دڵسۆزی کار بکات و پێچەوانەی مەرامەکانیان هەڵسوکەوتی دەکرد، ناچار کەوتە کێشەوە لەگەڵ بەرپرسەکان بەتایبەتیی حاکم قادر حەمە جان، ئیتر دەستی لە کار کێشایەوە و ئەو شوێنە پیسەی جێ هێشت بکاتەوە و خۆی دور خستەوە چونکە دیاربو دەسەڵات دەیویست ئەو دیوانە تەنها دیوانێکی کارتۆنی شکلی بێت و هیچی تر.. !
یەکێك لە کارەکانی ئەم دیوانە لە سەرەتادا ئەوەبوو، بەدواچوون و لێکۆڵینەوە لەسەر دائیرەی پرۆژەکان و وەبەرهەمهێنان بکات، لە ئەنجامدا توانیان کۆمەڵێک گەندەڵیی گەورە دەستنیشان بکەن ، هەر ئەمەش بووە هۆی نیگەرانی و توڕەبونی دکتۆر بەرهەم ساڵح. یەکێك لە دەستنیشانکردنی ئەو گەندەڵیانە ئەوە بو لە ساڵی 2010 دیوانی چاودێری لە ئەنجامی وردکردنەوە و لێکۆڵینەوە بۆیان دەرکەوت ئەم دائیرەی پرۆژەو وەبەرهێنانە نزیکەی 8 ملیار و نیو سزای هەندێك کۆمپانیای ساختە و گەندەڵی مافیاکانی دابوو ... کە ئەو بڕە پارە زۆر لە ڕووی یاساییەوە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ میزانی حکومەت و ئەو پارەیەش لەو میزانیەدا پارەی خەڵکی کوردستانە هەر دەستکاری کردنێکیشی بەبێ یاسای ڕێگە پێنەدراو ئەوە دەچێتە خانەی دزینی پارە لە میللەت، بەڵام دکتۆر بەرهەم بە ئیمزای نوکە قەڵەمێك هەموویانی بەخشی، کە لە ڕووی یاسایی دەسەڵاتیشەوە بۆی نییە بڕیاری لەو جۆرە بەخشینە بدات و ئەو سزایانە پاك بکاتەوە لایببات، تەنیا ئەوە دەبێت لە ڕێی بڕیاری دادگا و لیژنەی تایبەت یەکلایی بکرێتەوە، کەچی هەر وەك ئەوەی لە سەروەت و سامانە زۆرەکەی حاکم ساڵحی باوکی خۆش بووبێت وابوو ...!
بە هاوپێچێکەوە پێم باش بوو کورتە زانیاریەکیش دەربارەی دیوانی چاودێریش بۆ خۆێنەر ئاشکرا بکەم؛!
لەدوای دەست لە کارکێشانەوەی کاك جەلالی عومەری ساماغا ئەو پۆستە گەڕایەوە بۆ پارتی. پارتی ئەو پۆستەی بەخشیە کەسێك کە ناوی (هادی کەریم)ە و لە کەنەداوە ئەم هادیەی ئیستراد کرد و دانیشتوی وڵاتی کەنەدایە، ناسنامەی ئەو وڵاتەی پێیە.. ئەم کەسە کوردی فەیلییە، کوردی نازانێت، تەمەنی لەسەرو 73 ساڵەوەیە، بەپێی تەمەنیش لە ڕووی یاساییەوە ڕێگە پێنەدراوە، چونکە لە ڕووی دەرونیشەوە نا تەندروستە .. لە هەموی سەمەرە تر، ئەم کەسە نەك ڕەگەزنامەی کوردی، تەنانەت ڕەگەزنامەی عێراقیشی نییە... ئێستا سەرۆکی دیوانی چاودێری حکومەتی هەرێمی کوردستانە..!. ئەم سەرۆکایەتییەش وەك ئەوە وایە کوێر و کەڕو لاڵێک کرابێتە سەرۆکی دیوانی چاودێریی، تا نەتوانێت چاودێری دزیی و خیانەت و گەندەڵییەکان بکات.

تا بەشێکی تر...!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە