کۆماری تیرۆر به‌رده‌وامه‌ له‌ بۆمبارانکردنی باشوری کوردستان ، له‌ نێو رۆژهه‌:ڵاتیش گورزی که‌مه‌رشکینی وێده‌که‌وێت..

Monday, 25/07/2011, 12:00

1811 بینراوە


شێرزاد كه‌مانگه‌ر وته‌بێژی پژاك بۆ ئاژانسه‌کانی هه‌واڵ رایگه‌یاند: له‌ به‌رده‌وامی شه‌ڕ و پێكدادانی نێوان سوپای پاسداران و گه‌ریلاكانی پژاكدا، دوێنێ ئێواره‌ له‌ نزیك سه‌رده‌شت له‌ بۆسه‌یه‌كی گه‌ریلاكاندا 6 پاسداری‌ ئێرانی‌ كوژران و 4ی‌ دیكه‌ش بریندار بون.
وته‌بێژی پژاك وتیشی: به‌هۆی شكستهێنانیان له‌ شه‌ڕه‌كاندا پاسداران هێره‌شاكانیان وه‌ستاندوه‌ به‌ڵام به‌رده‌وامن له‌ تۆپبارانكردنی گونده‌كانی بناری قه‌ندیل و چه‌ندین خێزانی تریش ئاواره‌بون.
کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ دوێنێه‌وه‌ ناوچه‌کانی سیده‌کان و خنێره‌ و خواکورک تۆپباران ده‌کات که‌ بۆته‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدانی دوو هاولاتی و برینداربوونی زۆرانێک و زیانی ماددی زۆریشی لێکه‌وتۆته‌وه‌.
ئیمڕۆ بریارگەی ناوەندی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان "HRK"ئەنجامی شەڕ و پێكدادانی هێرش بۆ سەر باشووری كوردستان لەلایەن رژیمی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە راگه‌یاند که‌ ئه‌مه‌ش ده‌قه‌که‌یه‌تی:

رۆژی 16 مانگ لەلایەنی هێزەكانی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە مەبەستی داگیركاری خاكی هەرێمی باشووری كوردستان لە شوێنە جیاوازە سنووریەكان بە هەموو كەرستەی سەربازی كە بریتی لە چەكی قورس، تۆپ، كاتیۆشا، تانك و ... هەوڵی بەزاندنی سنووری دا. بەڵام رووبەڕووی رۆحی بەرخۆدان و خۆڕاگری گەریلاكانی پارتیمان بوونەوە و لە ئەنجامدا گورزی قورس بەر هێزەكانی سوپای پاسداران كەوتووە. ئەمڕۆ تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی كورد لە ئاستێكدایە كە لە هەموو كات بەهێزتر دەتوانێت خاوەندارێتی لە هەموو نرخ و دەستكەوتەكانی گەلەكەی بكات و رووبەڕووی هەرچەشنە هێرشی دوژمنان و داگیركاران ببێتەوە . گەلی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان گەیشتووەتە ئاستێك كە زیاتر لە هەركات بە یەكگرتن و رۆحی نەتەوەییەوە نزیكە، هەر بەم بۆنەوە گۆڕانكاری لە هەر پارچەیەكدا كاریگەری راستەوخۆی لە سەر پارچەكانی دیكە دروست دەكات. لە قۆناخێكی وەهادا كە گۆڕانكاری و شۆرشی گەلان لە ئارادایە دوژمنانی گەلی كوردیش كە پێداگرن لە بەردەوام كردنی سیاسەتی داگیركارانەی خۆیان دەیانەوێت بەربەستێك بۆ ئەو ئاستەی كە گەلی كورد پێیگەیشتووە دروست بكەن. لەم چوارچێوەدا رژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران كە ماوەیەكە ئامادە كاری بۆ داگیركردن و بەزاندنی سنوورەكانی باشووری كوردستان دەكات لە 16 مانگدا هێرشەكانی خۆی بۆ سەر باشووری كوردستان دەست پێكرد. ئەنجامی چەندین جار هێرش و پێكدادان لە نێوان رژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران و رۆحی خۆڕاگری گەریلا بۆ رای گشتی و گەلەكەمان بەمشێویە رادەگەیەنین.
هێرش لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێران: 18 جار
توپباران : بە بەردامی
ژمارەی كوژراوەكانی سوپای پاسداران: 255 پاسدار . لە ناو كوژراوەكاندا فەرماندە گشتیەكانی بەڕێوەبەری شەڕ سەردار عەباس عاسمی (فەرماندەی قەرارگای عەلی بن ئەبی تالب پارێزگای قوم، كە هاوكات بەڕێوەبەری ئیتلاعاتی سوپای قوم بوو لەگەڵ 5 فەرماندەی دیكە) ، 2 سەرهەنگ، 1 سەروان و 2 سەرۆك جاش بەدی دەكرێن.
بریندار سوپای پاسداران: بە دەیان پاسدار
1 تانك، 1 كاتیۆشا، 1 هاوەنی 120، 5 چادری سەربازی، 6 ماشینی سوپای پاسداران بە تەواوی تێكشكێندراوە
لە ئەنجامی توپبارانەكاندا گوندی سونێ سەر بە قەزای "قەلادزێ" 5 گوندنشین بریندار بوون، مەكتەبێك روخاوە و زیانیش بە مزگەوتی گوندە كەوتووە 5 مال روخاون و لە ناوچەی سیدەكانیش 1 كەس گیانی لە دەست داوە 3 كەسیش بریندار بوون. هەروەها خەسارەتێكی زۆر بە زۆربەی گوندەكانی ئەركێ، مارەدۆ، رەزگە، سورەگلێ، سەرخان، شیناوە، بەستێ و ئالیەرەش كەوتووە. باخ و باخاتێكی زۆر سووتاون.
كەرستەی سەربازی بەدەستی گەریلاكانمان كەوتووە: چەندین چەك لە جۆری ، 1 دۆشكای 12.5، 8 كلاشینكۆف، 1 ئارپی جی ، 1 بی سیم. 1 ناسنامە
بە رۆحی خۆڕاگری و خاوەندارێتی كردن لە دەستكەوتەكانی گەلی كورد لە ئەنجامی ئەو پێكدادنەدا:
8 گەریلامان شەهید بوون و 4 گەریلا دیكەشمان بریندار بوون.

هه‌ر ئیمڕۆ له‌ هه‌وڵێر گردبونه‌وه‌یه‌ک‌ له‌ژێر دروشمی‌ (نا بۆ داگیركردنی‌ باشوری‌ كوردستان) به‌ڕێوه‌وچو كه‌ تێیدا كۆمه‌ڵێك له‌ روناكبیران و رۆژنامه‌نوسان و هونه‌رمه‌ندان و كه‌سایه‌تی‌ سیاسی‌ و رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ به‌شدارییان تێدا كرد و زۆر به‌ توندی‌ ئیدانه‌ی‌ تۆپبارانه‌كان كرا.
رێكخه‌رانی‌ گردبونه‌وه‌كه‌ داوایان له‌جه‌ماوه‌ری‌ شاری‌ هه‌ولێر كرد، به‌تایبه‌ت رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ و ژنان و لاوان و كه‌سانی‌ پارێزه‌ر و دكتۆر و رۆشنبیران ئه‌ركی‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاشتیخوازانه‌ی‌ خۆیان به‌چالاكی‌ دیموكراسیانه‌ ناره‌زاییه‌كانیان بگه‌یه‌ننه‌ ئاستێكی‌ بڵند.
وابڕیاره‌ سبه‌ینێ‌ (سێشه‌ممه‌)، رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ سه‌عات 9:00ی‌ پێشنیوه‌ڕۆ له‌ به‌رده‌م بینای‌ پارێزگای‌ هه‌ولێره‌وه‌ به‌ره‌و كونسوڵخانه‌ی‌ ئێران به‌ڕێبكه‌ون به‌مه‌به‌ستی‌ ئیدانه‌كردنی‌ تۆپبارانی‌ ناوچه‌ سنورییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە