كێ هێڵە سوورەكانى تێكشكاند؟!

Tuesday, 17/08/2010, 12:00

1422 بینراوە


هێڵە سوورەكان چین ،كێن ئەوانەى هێڵە سوورەكان دادەنێن ، كێن ئەوانەى هێڵە سوورەكان تێكدەشكێنن؟ هێڵە سوورەكانى كۆمەڵگەى كوردى چیە ، كێن ئەوانەى ئەو هێڵانە یان تێكشكاندوبە بەردەوامى تێكیدەشكێنن؟!
ئاماژەكردن بەهێڵە سوورەكان، بەكارهێنان و دیاریكردنى هێڵى سوور بۆ هەڵس وكەوت و رەفتارى كەسەكان ، بۆ بیرو بۆچۆن و شێوازى بیركردنەوەو ئەقڵى كەسەكان ، بنەمای هزركردنەوەیەكى تۆاتالیتاریانەیەو سەرچاوەكەى لە ئاین وەرگرتوە ، واتە خاوەن رەهەندێكى ئاینیە ! پڕەنسیپى دەست نیشانكردنى هێڵى سوور، زیاتر لەو چەمكانەوە هەڵدەقۆڵێت ، كە مامەڵە لەگەل كایەیەكدا دەكەن ، لەدەرەوەى كۆمەڵگاى مرۆڤاندایەو بەو دیو سروشتەوە بەندە! هێنانى ئەو چەمكانەو تەرجەمەكردنیان بۆ كردارو پراكتیزەكردنیان لە دوو توێى كۆمەڵگادا، روخسارێكى پیرۆزى بۆ كۆمەڵێك كەسایەتى دروست دەكات ، بەمەش لە خانەى مرۆڤى ئاساییان دەردەهێنێت و پایەیەكى سەرەوەترو نزیك لە پێغەمبەرانیان پێدەبەخشێت ، بە تێپەڕ بوونى كات ، ئەو پیرۆزیە وا دەچەسپێت ، باسكردن و قسە لەسەر كردنى دەبێتە بابەتێك كە زیاتر هەست و سۆز مامەڵەى لەگەڵ بكات ، نەك ئەقڵ و ئاوەز،كە ئەمەش وادەكات ببێتە ئامڕازێكى سیاسى لەبار بۆهێشتنەوەو درێژە پێدانى شێوازێك لە شێوازەكانى دەسەڵاتى سیاسى ! لە رێگاى ئەو رەمزانە شەرعیەت دەدا بەخۆى و تەنانەت دەیكاتە هێڵێكى سوورو ، بە توندى روو بە رووى ئەوانە دەبێتەوە ، كە پێى وایە دەستدرێژى دەكەنە سەر ئەو پیرۆزیانە! كار كردن لەسەر ئەو پیرۆزیانە ، هەندێك جار شێوازێكى هێند توند بە خۆوە دەگرێت ، تەنانەت خودى بەرهەمهێنەرانى ئەو پیرۆزیانەش ، دەكەونە ژێر كاریگەرى بەهاكانى و بە شێوەیەكى زۆر نائەقڵانى مامەڵەى لەگەڵدا دەكەن !
دابەزاندنى پیرۆزیە ئاسمانیەكان و ئاوێتەكردنیان بە كایە كۆمەڵایەتى و سیاسیەكان ، رەگێكى مێژوویى قووڵى هەیە ، بە شێوەیەكى تۆكمە بەستراوەتەوە بە ئایینە زۆر سەرەتاییەكانەوە! بۆیە تا ئێستاش ، لە سەردەمى جیهانگەرایى و شۆڕشى گەیاندنیشدا ، وەك چۆن ئاینەكان كاریگەرە خۆیان هەیە ، بە هەمان شێوە ئەو پیرۆزیانەش لە نێو كۆمەڵگاكاندا ، رۆڵى گرنگ دەگێڕن ، هەر لە كۆمەڵگایەكى خێڵەكیدا ، تا مۆدێرترین كۆمەڵگا! دەوڵەت یاخود سیسەمى سیاسى ئەو پیرۆزیانە دەكاتە هێڵى سوورو لە پێناو هێشتنەوەو پاراستنى بەرژەوەندیەكانى خۆى بەكاریدەهێنێ ! بەڵام جیاوازى لە سەرچاوەى دەست نیشانكردنى هێڵە سوورەكان ، لە كۆمەڵگایەكەوە بۆ كۆمەڵگایەكى تر دەگۆڕێت ! لە كۆمەڵگا خێڵەكیەكاندا ، كە بەشێكى زۆرى كۆمەڵگاكانى رۆژهەڵات پێكدەهێنێت و بە شێوەیەكى گشتى خاوەنى سیسەمێكى تۆتالیتارین ، بەرژەوەندى تەسكى خیڵایەتى و بنەماڵەیى ، یاخود ئارەزوو مگێزى كەسەكان ، ئەو هێڵە سوورانە دەكێشێت و لە رێگەیانەوە بڕێكى زۆر لە ئازادیەكان سەركوتدەكات ! هەرچى لە كۆمەڵگا پێشكەوتوەكانە یاسا هێڵە سوورەكان دیاردەكات! لەبەر ئەوەى هەموو كەسێكیش بەرامبەر یاسا یەكسانە ، كەواتە كەسێك لەدەرەوەو لەسەرەوەى هێڵە سوورەكانەوە نابێت ! ، كە بە شێوەیەكى سەرەكى بەرژەوەندى كۆمەڵگا دەپارێزێ ، و ئەوەیە كە زۆر جاران پێیدەگوترێت ئاسایشى نەتەوەیى ! لێرەدا هیچ كەسێك پیرۆزى نادرێتى! چۆن بۆ سادەترین مرۆڤ ناشێ پێشێلى بكات ، هاوكات گەورەترین سەركردەش ناتوانێ بیبەزێنێ! یاسا وەكو یەك لێپێچینەوە لەگەڵ هەمواندا دەكات . كەچى لە كۆمەڵگا دواكەوتوەكاندا ، سەركردە خێڵەكیەكان ئەو هێڵانە دەكێشن و خۆیان لەسەرەوەى مرۆڤەكانى ترەوە دەبینن ، بە چەمكە ئایینیە سەرەتاییەكە ، تایبەتمەندى خواوەندەكان بە خۆیان دەبەخشن ، خۆیان یاخود رەمزەكانیان دەخەنە خانەى پیرۆزى و هێڵێكى سوورى بە دەوردا دەكێشن ، كە تەنها بە خۆیان رەوا دەبینن كە لە دوو توێى ئەو هێڵە سوورانەوە بخولێنەوە!
هێڵە سوورەكان بە شێوەیەكى تۆكمە گرێدراون بە كۆمەڵێك بنەماى ئابورى و سیاسى و كۆمەڵایەتى و كەلتوورى ، لەبەر ئەوەى ئەمانەش دەكەونە ژێر كاریگەرى هۆكارى كات و شوێنەوە ، بۆیە هەمیشە لە بزووتنەوەو جووڵەدان و گۆڕانكاریان بەسەردادێت ، بە هۆى ئەم گۆڕانكاریانەوە، كۆمەڵێك هێڵى سوور تەمەنیان بەسەر دەچێت و كاڵ دەبنەوە ، بەرامبەر ئەمەش هەندێك هێڵى سوورى تر دەكێشرێن و لە دایك دەبن! لەبەر ئەوەى ئەو هێڵانە پەیوەندیەكى دیالیكتیكیانەیان لەگەڵ رێكخستنە كۆمەڵایەتیەكانەوە هەیە ، ئەو رێكخستنەش بۆ مانەو بەردەوام بوونى كۆمەڵگایە ، هەمیشە لە رێگاى یاساكانەوە ، هەندێك رەفتار قەدەغەدەكەن هێڵى سوورى بۆ دەكێشن ، كەواتە هیچ كۆمەڵگایەك بە بێبوونى هێڵى سوور ناتوانێ بەردەوام بێت ، بەڵام هێڵە سوورە سیاسیەكان زۆر جیاوازن لە هێڵە سوورە یاساییەكان!
كەواتە تێكشكاندنى هیڵە سوورەكان ، لە قۆناغێك لە قۆناغەكانى كۆمەڵگادا ، كە دەرئەنجامى گۆڕانى كۆمەڵێك بنەماى ئابورى و كەلتوورین ، سەرەتایەكە بۆ لە دایك وونى كۆمەڵێك هێڵى سوورى تر ! واتە سەرەتایەكە بۆ قۆناغێكى تر لە رەوتى گەشەسەندنى كۆمەڵگا! بەڵام دەبێت ئەوە بزانین كە ئەو گۆڕانكاریانەو ئاڵ وگۆڕ كردن بە شوێنى هێڵە سوورەكان ، هەروا كارێكى ئاسان نیەو بەسادەیى بەڕێوە ناچێت ، تێكشكاندنى بتە كۆنەكان داتاشینى بتێكى نوێ خوێن و ماندوو بوونى گەرەكە ، قوربانیدانێكى بێكۆتایى گەرەكە، چونكە بە تێپەڕ بوونى كات ، بتە كۆنەكان كەش و هەوایەكى هێندە دەروێشیانە دەخولقێنن ، كە موریدەكانى شێلگیرانە بەرگرى لە پاراستن و هێشتنەوەى دەكەن! ركابەرو دژەبەرەكانیشیان بە هەمان نەفەس كار بۆ تێكشكاندنى دەكەەن! لەو قۆناغەدا هەست و سۆزو كەف و كوڵى شۆڕشگێڕانە ، زیاتر مۆركى خۆى بەسەر پیشەسازى دروستكردنى رووداوەكان جێدەهێڵى و بە سەریاندا زاڵ دەبێت . ئەمەش شێوازى ململانێیەكە، زیاتر لە حاڵگرتنێكى دەروێشیانە ، یاخود دانسێكى هێسترى سەرخۆشانە نزیك دەكاتەوە! كە ئەگەرچى لە دەستپێكدا ئەقڵ رۆڵى هەبوە لە دایساندنیداو رێگاخۆشكەرێك بووە بۆ دەستپێكردنى گۆڕانكاریەكان ، كەچى لە كاتى كەوتنەوەى رووداوەكاندا ، رۆڵى ئەقڵ بەشێوەیەكى بەرچاو لاواز دەبێت ، ئەمەش وا دەكات تەنانەت وەسفى ركابەرەكانیش بۆ یەكتر شێوازێكى ئاینى بە خۆوە بگرێت ، هەر لایەنەى كار بۆ ئەوە دەكات كە وێنەیەك بۆ بەرامبەرەكەى بكێشى كە زیاتر لە كافرێك ، یاخود هەڵگەڕاوەیەك لە ئایین بچێت ! كە ئەمە وا دەكات ململانێیەكە چڕترو مەترسیدار تربێت و پانتایى زەرەرو زیانەكان فراوانتر دەكات ، هەر لەبەر ئەمەشە دەبینین كەوا كۆمەڵگایى مرۆڤایەتى قوربانى یەكجار زۆرى داوە لە پێناو تێكشكاندنى هێڵە سوورە كۆنەكان و هێنانە ئاراى هێڵى سوورى ترى نوێ!
هەرچى دەربارەى هێڵە سوورەكانە لە كۆمەڵگاى كوردى ، دیارە كەوا وەك كۆمەڵگایەكى رۆژهەڵاتى ، بنەمایەكى خێڵەكى و هۆزگەرایى بە شێوەیەكى زۆر زەق تیا ماوەتەوە ، بە شێوەیەكى هێندە قووڵ كە سیمایەكى تا رادەیەك تایبەتمەندى پێبەخشیوەو تەنانەت لە زۆربەى كۆمەڵگاكانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستیش جوێى دەكاتەوە ، چونكە تاوەكو ئێستاش سیستەمى خێڵەكى لە كوردستان لەسەر رەوگە كۆنەكەى خۆى دەڕواو وەك كۆمەڵگاكانى دەوروبەر چەمك و شێوازێكى نوێى بە خۆوە نەگرتوە! ئەمەش بە شێوەیەكى سەرەكى دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى كەوا كورد تا ئێستا دام و دەزگاى یاسایى و سیاسى تایبەت بە خۆى نەبوە ، بۆ ئەوەى ئەو رەهەندە خێڵەكیانە بە مەدەنى بكات و لایەنە پۆزەتیڤەكانى وەك ئامڕازێك بۆ پێشكەوتن بە كار بهێنێت و شەڕى لایەنە نێگەتیڤەكانیشى بكات! بە پێچەوانەى ئەمەوە ، لەم چەند ساڵەى دەسەڵاتى كوردى ، لە جیاتى ئەوەى رەهەندە خێڵەكیەكان بكەونە ژێر كاریگەرى دام و دەزگا یاسایى و مەدەنیەكانەوە ، ئەوان مۆركى خۆیان بەخشیە ئەو دام و دەزگایانە و وایان كرد سیمایەكى خێڵەكیانە بە خۆیانەوە بگرن ! بۆیە دەبینین لە حكومەتى هەرێمى كوردستان ، هەموو كایەكانى دام و دەزگا حكومیەكان ، هەر لە سوپاوە تا دەگاتە زانكۆكان ، لە رووخسارو بیركردنەوەدا كەوتنە ژێر كاریگەرى بنەما خێڵەكیەكان ، هۆكارى سەرەكى ئەمەش ئەوەیە كەوا خودى دەسەڵاتى سیاسى لە كوردستان ، ئەقڵیەتێكى خێڵەكى و هۆزگەرایە بەڕێوەى دەبات!
قووڵى لایەنى خێڵگەرایى لە كوردستان ، وایكردوە كە هێڵە سوورەكان زۆر سوورتربن و رەگیان قووڵتر بە ناخى تاكەكانى كورددا بچێتە خوار ، قالبێكى وا بە خۆوە بگرێت ، كە بكەوێتە نێوان بەرداشى بابەتە دین و دونیەویەكانەوە ، بۆیە هەم بینا كردن ، هەم تێكشكاندنى هێڵە سوورەكان لە كوردستان قوربانى و كاتى زۆرترى دەوێت ! هەرچەندە لە هەندێك قۆناغدا ، بەرهەم هێنەرانى هێڵە سوورەكان ، خۆیان لە خەڵكانى تر زیاتر ، كار دەكەن بۆ تێكشكاندن و چرووك پێكردنى رەمزو هێڵە سوورەكانى خۆیان ! ئەو رەمزانەى كە خۆیان وەكو ئامڕازێك بەكاریان هێناوە بۆ دەستگرتن بەسەر دەسەڵات و هێشتنەوەى دەسەڵاتەكە لە دەست خۆیان! لە كوردستان سەیر لەوەدایە كە گۆڕانكاریەكانى ناو كۆمەڵگاى كوردى وایانكردوە ، كە خودى دەسەڵاتى سیاسى لە كوردستان ، بەشداریەكى كارا بكات ، لە كاڵكردنەوەو تێكشكاندنى ئەو هێڵە سوورانەى كە خۆى كێشاویەتى! لە باشورى كوردستان ، هێندەى دەسەڵاتى سیاسى خۆى كارى لەسەر ئەوە كردوە كە بەها پۆزەتیڤەكانى كۆمەڵگەى كوردى لە ناخەوە پووچەڵ بكاتەوە و برەو بە لایەنە نێگەتیڤەكان بدات و گەشەیان پێبدات ، ركابەرەكانیان هێندە نەیانتوانیوە ئەو رۆڵە بگێڕن و بەو كارامەییە ئەو هێڵە سوورانە تێكبشكێنن !
سەركردایەتى كورد ، هەمیشە بە هەستیاریەكى زیاد لە پێویستەوە ، مامەڵە لەگەڵ هێڵە سوورەكان دەكات ، بە تایبەیش بەڕێز سەرۆكى هەرێم ، كە لە زۆر لە وتارەكانیدا ئاماژە بەو هێڵە دەكات، لە كاتێكدا پارتەكەى خۆى ، لە ماوەى هەژدە ساڵى رابردوودا ، لە هەموو كەسێك زیاتر كاریان كردوە بۆ كاڵكردنەوەى ئەو هێڵە سوورانەو بێبایەخ كردنى رەمزەكانى پارتى ، ئەو رەمزانەى كە لەسەرەتاى راپەڕیندا رۆڵێكى گەورەیان لە بەهێزكردنى ئەواندا بینى و وایكرد كە پارتى بتوانى لە حزبێكى دابڕاو لە جەماوەر ، بە پشت بەستن بە زاكیرەو كاریزماى بارزانى ، بەشێكى فرازان لە گۆڕەپانى سیاسى كوردستان كۆنترۆڵ بكات ! دواتر ، لە رێگاى گرتنەبەرى سیاسەتێك كە لەگەڵ وێناكردنە زاكیرەییەى خەڵكى كوردستان نەدەگونجا ، ووردە وردە ، لە لایەنگرەوە ، خۆیان خستە بەرەى دژەبەرى گەل ! دیارە كەوا هیچ كاریزمایەكیش بۆ هەتا هەتا ناتوانرێت ئەپ دێیت بكرێتەوە ، بە تایبەتیش ئەگەر هاتوو رەفتارپێچەوانەى گوفتار بێت!
ناكرێت كەسانێك هێڵى سوور بەرهەم بهێنن و كەچى هەر خۆشیان پابەند نەبن پێیەوە! ئەگەر سەیرى ئەو پەنجا ساڵەیى دوایى مێژووى كورد بكەین ، دەبینین ، هەردوو باڵى گەورەیى كوردستان ، یەكێتى و پارتى ، یاخود دروستتر بڵێین مەلایى و جەلالى ، زۆر بە جدى كاریان كردوە لەسەر چرووك كردن و تێكشكاندنى بەها نەتەوەییەكانى كورد ، ئەو سیاسەتەى كە ئەوان بەرامبەر یەكترو تەنانەت بەرامبەر دوژمنانیش پیادەیان كرد ،لە لایەك زیانى زۆر گەورەى بە بزاڤى رزگاریخوازى كورد گەیاندو خوێنێكى زۆرى كوردى بە فیڕۆدا ، لە لایەكى تر ، كۆمەڵێك بەهاى بەرزى نەتەوایەتى چرووك پێكرد ، كە كاریگەرى زۆر گەورەیان هەبوو ، نەك بە تەنیا لەسەر گیانى شۆڕشگێڕى و بەرەنگاربوونەوەى دوژمنان ، بگرە لەسەر درێژە پێدان و باوەڕ بوون بەو بزاڤە ! ئەوان بۆ ماوەى نزیكەى نیو سەدە ، لە بەرگى پارێزەریەوە ، لەبەرگى خەباتكردن لە پێناو ئامانج و بەها نەتەوەییەكاندا، هێڵە سوورەكانیان پچڕاندو هەموو بەها نەتەوەییەكانیان لە ناواخنى خۆیاندا پووچەڵ كردەوە! ململانێى نێوان ئەو دوو باڵە ،جاشایەتى و نۆكەرى كردنى بۆ بێگانە، كردە باشترین پیشە بۆ پارە پەیداكردن و خۆ دەوڵەمەند كردن! بەشێك لەو جاش و موستەشارانەى كە میللەتەكەى خۆیان ئەنفال كرد ، دەرچووى ئەو دوو قوتابخانەیەن! تەنانەت بەشێكیان لە قۆناغێك لە قۆناغەكان رەنگ بێت پێشمەرگەى قارەمانیش بووبن ! كەواتە ئەگەر جەلالى و مەلایى لە ماوەى ئەوەندە ساڵەدا ، توانیبیان ، چەند هەزار پێشمەرگەیەك بەرهەم بێنن ، ئەویش هونەرەكەى زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زوڵم و زۆرەى داگیركەرانى كوردستان ئەنجامیاندەدا ، بەرامبەر ئەوە بەسەدان هەزار جاش و مەفرەزەى تایبەتیان بەرهەم هێنا ، كە ئەمانە ئەگەر بەر لە راپەڕین سەدام سوودى لێوەرگرتن بۆئەنفال و كورد كوشتن ، دواى راپەڕین ، پارتى و یەكێتى هەمان ئەركیان پێسپاردن ، بەڵام ئەمجارەیان بە بەرگى پێشمەرگایەتى و كوردایەتیەوە! تەنانەت لە شەڕى براكوژى ، هەمان ئەو شێوازە بەكارهێنرا ، كە لە پڕۆسەى ئەنفالدا بەكارهات ، هەر لە گوند وێرانكردن و بە تاڵانبردنى ماڵى خەڵك ، تا دەگاتە سووتاندنى رەزو باخەكان و بڕینەوەوەو لەرەگەوە هەڵكەندنى دارو درەختەكان ! ئەمە یەكێك بوو لەو هۆكارانەى كە تاوەكو ئێستاش سەركردایەتى كورد ، نەیتوانیوە لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو كەسانە بكات كە هەزاران رۆڵەى كوردیان خستە بەردەست گەلە گورگەكانى بەعس بۆ ئەوەى لە بیابانەكانى عیراق بن گڵیان بكەن! هۆى چى بوو بەشێكى زۆر لەو پێشمەرگە دڵسۆزانەى ، بەو پەڕى دڵسۆزیەوە بەر لە راپەڕین درێژەیان بە خەباتیان دابوو ، لە دواى راپەڕین جێگایان نەبوەوەو بە ناگزوورى كەوتنە بن دیواران ! بەشێكى كەمیان نەبێت كە كەوتنە بن كاریگەرى ئەو بەها دزێوانەو لەسەر حیسابى خوێنى خەڵك ئاوسان ، بەمەش لە خانەى پێشمەرگایەتى لاى خەڵك وەدەرنران و كەوتنە خانەى بەرپرسە دزەكان و قارەمانانى شەڕى براكوژى ، كە بە چاوێكى زۆر نزم سەیر دەكرێن !
ئەو لایەنانەى توانیان سەدان هەزار جاش و بەكرێگیراو بەرهەم بێنن ، توانیان شەڕى براكوژیش ، نەك تەنها لە باشورى كوردستان ، بگرە لەهەموو پارچەكانى ترى كوردستان بەرهەم بێنن ! شەڕى براكوژى تەنها هێڵە سوورەكانى پاكتاوى رەگەزى كوردى تێكنەشكاند ، بگرە هەموو ئامڕازەكان و ئەستوندەكانى گیانى نەتەوایەتى كوردیشى تێك شكاند ! ئەو دوو باڵە توانیان ئامێرێكى راگەیاندنى جنێو فرۆشى وا دابمەزرێنن ، كە ئەو جنێو ووشە ناشیرینانەى خەڵك بە چرپەش پێى شوورەیى بوو باسى بكات ، ئەوان كردیان بە مانشێتى رۆژنامەكانیان و لەسەر شاشەى تەلەفزیۆنەكان پەخشیان كرد ، ئەو سەركردانەى كە خەڵك بە رەمزێكى نەتەوەییان تێدەگەیشت و رێزێكى زۆرى لێدەنان ، هاتنە سەر شاشەكان و دزێوترین جنێویان بەكارهێنا ! لەو رێگایەوە فەرهەنگێكى گەورەى جنێوفرۆشى هاتە ناو میدیاو راگەیاندنى كوردى ، كە ئەگەر ئێستا كاریان لەسەر بكرێت و كۆبكرێنەوە ، دڵنیام وەك دەستكەوتێكى ترى دانسقەى ئەو دوو لایەنە ، لە پاڵ دەسكەوتە گەورەكانى تریان ! پێشكەش بە نەوەى داهاتوو دەكرێت ! كەسانێك بەرهەم هێنەرى ئەو رابردوە بن ، چۆن دەتوانن هێڵى سوور لە رێگایەكى دیموكراتیەوە دابڕێژن!
دەسەڵاتى سیاسى لە كوردستان لە هەموو كەسێك زیاتر، خۆى بەرپرسى یەكەمە لە تێكشكاندنى پیرۆزیە نەتەوەییەكان و هێڵە سوورەكانى كوردایەتى ! ئەو گەڕەلاوژەى ئەمڕۆ كۆمەڵگاى كوردى پێیدا تێدەپەڕێت ، كە هەموو كایەكانى ژیانى گرتۆتەوە ، هەر لە گەندەڵى دام و دەزگاكان ، تا دەگاتە زانكۆكان و میدیاكان و كۆڕوكۆبوونەوە ئاینیەكان ، بە شێوەیەكى سەرەكى یەكێتى و پارتى لێى بەر پرسیارن !
لە پاڵ هەموو ئەمانەشدا ، دەبێت ئەوە بزانین ، پچڕاندنى ئەو هێڵە سوورانە كۆتایى ژیان نیەو بگرە سەرەتایەكى نوێیە ، دەبێتە بنەمایەك بۆ دامەزراندنى كۆمەڵێك رەمزو ... كۆمەڵێك هێڵى سوورى تر ، كە بەرژەوەندیەكانى كۆمەڵگاى كوردى ، خۆى بەرهەمیان بهێنێ ، نەك بەرژەوەندى دەستەو تاقم و خێڵ و بنەماڵەكان! رەمزو هێڵى سوورى نوێى كوردى ، كە لەسەر شوێنەرارى ئەو رەمزو هێڵە سوورە كاڵەوەبوانە دادەمەزرێت ، رەنگدانەوەى ئاسایشى نەتەوەیى كورد دەبێت ، نەك ئاسایشى لایەنێكى سیاسى ! چونكە كەسەكان هەر چۆنێك بێت مرۆڤن و لایەنى باش و خراپیان هەیە ، كاتێك دەكرێنە رەمزو هێڵى سوور ، لە كۆمەڵگایەكدا كە شتەكان بە زمانى هەست و سۆز دەخوێنێتەوە نەك زمانى ئەقڵ ، چەندە لە سەرەتا ئامادەییان هەبێت بەرگرى لێبكەن و قوربانى لە پێناو بدەن ، بە هەمان شێواز ، لە كاتى كاڵ بوونەوەشیاندا ، بگرە توند تریش ، شەڕى لەگەڵدا دەكەن و روو بەرووى دەبنەوە !!!




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە