ڕەخنەکردنی خوداو کوڕەکانیان بەتەنها چ سودێکی هەیە!

Monday, 23/03/2015, 12:00

1681 بینراوە






خودا کێیەو کوڕەکانی کامانەن!
گەر پێناسەی خودا لای مرۆڤ،ئەو بونەوەرە میتافیزکیە بێت کە هێزێکەو لەسەروو تواناو ئیرادەو هۆشیاری مرۆڤەوەیەو خولقێنەری گەردون و کۆی زیندەوەرەکانیەتی و هیچ تواناو ئیرادەیەک لەسەرووی ئەودا بوونی نیە. ئەوا من بەیەقینەوە دەڵێم خودا تەنها وویستی هێزە. هێزێک کە چینێکی کۆمەڵایەتی خاوەن دەست ڕۆیشتوو بەسەر چینێکی تری کۆمەڵایەتی ژێردەستەکراودا سەپاندویەتی.
مرۆڤایەتی لەسەرەتای بونیەوە کاتێک جیاوازتر لە زیندەوەرەکانی تر خۆی بینیوەتەوە،تەنها دەرئەنجامی خەیاڵ کردن نەبوە،هێندەی لەڕوی کارکردن و داهێنانەوە هێزوئیرادەی خۆی بینیوەتەوە و تەنها لەو ڕێگایەوە خۆی جیاوازتر دەرک کردوە لەکۆی زیندەوەرەکانی چواردەوری.
دواتر ئەوە تەنها خودی لاوازی تێفکرینی مرۆڤە کە خودایەکی بنیات ناوە کەلەسەروو توانای ئەمیشەوەیە،واتە ،ئەمی مرۆڤ. پێناسەکان بۆ درووست کردنی خوداو هێزی لە ڕادەبەدەری خودا جواروجۆرن و هەمیشە بەپێی هەلومەرج و کات و شوێنەکان گۆڕانکاریان بەخۆوە بینیوە.
کاتێک دابەشکردنی چین بەندی نێوان مرۆڤەکان بەدەر کەوت،ئیتر خودای سەروو سروشت وێنەیەکی هێنرایە سەرزەوی و لەنێو ڕیزبەندی چینی پاشاو پیاوانی ئاینیدا جێگای گرت. ئەو پێناسەیە بۆ چینی فەرمانڕەوا لەمێژوودا چەسپێنراوە،واتە خودا کرا بە هێمایەک بۆ پادشا و مرۆڤە یەکەمەکانی پەیڕەوانی ئاینی،ئیتر سێبەری خودا کرا بەخاوەندارێتی چینی فەرمان ڕەوا. بۆ خێڵی ژێردەستەش،تەنها جێبەجێ کردنی فەرمانی خودای سەرزەمین و نەوەکانیان،وەک ئەرکی هەمیشەیی سپێردرا.
لێرەدا،خوازیارم کەس لێم زویر نەبێت و بێ تێفکرین هەروا توڕە نەبێت لە خۆم و نووسینەکەشم.
چەند ڕۆژێکە لەمیدیاکانەوە دەنگۆی ئەوە بڵاو بویەوە کە کوڕی نێچیرڤان بەرزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم،بەبڕی شەست دەفتەر دۆلار،گۆرانیبێژێکی ڕاپی بانگهێشتی هەرێم کردوە،ئەو میدیایانە کە لەبنەڕەتدا سەر بە خودی چینی دەسەڵاتدارن و واخۆیان نیشان دەدەن کە لە بنەڕەتدا خەمخۆری چینی هەژارکراوی نێو کۆمەڵگان،لەو ڕێگایەوە دەخوازن بێژن بە کۆمەڵگا،ئێمە خاوەن دەسەڵاتێکی دیموکراسین و ئازادین لەوەی ڕەخنەی خودی خوداو کوڕەکانیشیان بکەین. بەڵام ئایا ئەوە تەنها چەواشەکاریە یان نیەتێکی بۆ شۆڕش کردن و گۆڕانکاری تێدایە؟بێگومان تەنها کاری ئەو میدیایانە چەواشەکاری و سەرلێشێواندنی زیاتری چینی دزیلێکراوی نێو کۆمەڵگایە. گەر وانەبوایە، ئاخۆ لەوەتەی دەسەڵاتی هەرێم هەیە کە پێدەنێتە بیست و چوارساڵەوە،چی توانراوە بکرێت بۆئەوەی چینی حاکم لەو فەسادە ئیداریەی بوەستێنرێت و سنوور بەندی بۆ بکرێت؟ئاخۆ گەر چینی هەژارکراو لە کۆمەڵگادا خوێندنەوەیەکی بۆبکرایەو وەک مرۆڤ ببینرایە،دەتوانرا چینێکی حاکمی خودا ئاسا بسەپێنرێت بەسەریدا؟بێگومان وەڵامەکە نەخێر دەبوو.
تا ئێستا پێچەوانەکان ڕاست دەردەچن،خودا،تەنها خوڵقێنراوی دەستی مرۆڤەو لەوەتەی دەست و هێزی چینێکی چەوسێنەریش سەپێنراوە بەسەرچینێکی چەوساوەدا،چیتر خودا لەنێو ماڵی چەوساوەکاندا بوونی نەماوە. خودا،تەنها خودای ویستی هێزە،هێزیش هەمیشە بەدەست فەرمان ڕەوا نایەکسانیخوازەکانەوەیە.
بۆیە دەکرێت بڵێین گلەیی کردن بەتەنها لە کوڕی خودا چ سودێکی هەیە.تۆ کە تەنها کۆیلەیەک بیت،ئیتر دەبێت مافت چی بێت و شتێک کە ناوی نیشتیمانە بۆتۆی کۆیلە چ کاریگەریەکی هەبێت. خوداو کوڕەکانی خاوەنی کۆی سەرزەوین و دابەش کردنی بست بەبستی زەویش تەنها بۆ خۆش کەیفی ئەوان بوە.
ئاخۆ جۆرج بۆشەکان و پۆتینەکان و سەدامەکان و خومینیەکان و مالکیەکان و بەغدادیەکان و ئەردۆگانیەکان و تاڵەبانی و بەرزانیەکان،هەریەک بۆخۆیان خودایەک نین؟ئاخۆ چۆن دەبێت مرۆڤێکی بەندەی خودا بێزاری دەرببڕێت لەخوداو کوڕەکانی؟ئایا هۆشیاری مرۆڤ گەیشتە ئەو ئاستەی ڕەخنەی کوڕی خودا بکات،گەر لەو ساتەدا توانای بەرپاکردنی شۆڕشی نەبێت بۆ ڕوخاندنی خوداوکوڕەکانی،دەبێت چارەنووسی چی ببێت؟ ئاخۆ خوداکان هەروا بەئاسانی قبوڵی دەکەن لەوەی کۆیلەکانیان دەنگ هەڵببڕن و فێری زمان درێژی ببن؟ بێگومان تەنها زمان بڕین و تێک شکاندن دەکرێتە دوا مەنزڵ بۆخێڵی کۆیلە! کەواتە ئەوەی ڕەخنە دەگرێت بەتەنها سەر بەکام تەرەفی کۆمەڵگایە؟
کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین هێشتا خاوەن چەندین خودای چەوسێنەری چەق بەستوون،کە نەوە بەدوای نەوە،دڵ ڕەقتر و دڕندە ترو چەوسێنەر تر دەبن،ئیتر ئەو خودایانە خاوەن کام نەتەوە و زمان بن،گرفت نیە،هەرهەموویان چون یەکن و تەنها ئەرکیان گەوجاندنی چینی چەوسێنراوی نێو کۆمەڵگایە.
کوڕی پاشای سعودیەو قەتەر و ئیمارات و میسر و ئێران و ئێراق و سوریا و تورکیا تا دەگات بە کوڕی خودای سەرۆکی هەرێمیش،خاوەن یەک تێفکرینن،ئەویش تێفکرینی عەزەمەت و خاوەن هێز،کە هیچ کەس لەسەرووی ئەوان بوونیان نیە، چونکە ئەوان کوڕی خودان!؟
لەم نێوەدا،تەنها بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی یەکسانیخوازی دەتوانێت دوا چارەسەر بێت بۆ کۆی گشت کێشەکان و کۆتایی هێنان بەویستی هێزی خوداکان و کوڕەکانیان!
تاهیر حاجی حەسەن
20/03/2015

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە