هەرکاتێک کەلتوری پیاو سالاری نەما ئەو کاتیش کوشتنی ژنان کۆتایی دێت؟

Wednesday, 08/08/2012, 12:00

3611 بینراوە






کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی پاراستنی ناموسی خێزانی پیاو سالاری و بەستنەوەی کەرامەتی ئەم خێزانە پیاو سالاریە بە پێناسەی ئەوەی ئافرەت خۆی دەرئەنجامەکەیە بۆ لەکەدار نەکردنی کەرامەتی خێزان، پاراستنی ئەو کەرامەت و شەرەفەش پەیوەست دەبێت بە پاکێتی ژنەوە، یانی ئەوەی ئەو ڕەگەزە مێینەیە خۆی لە خۆیدا هەڵگری دوو چەمک دەگەیەنێت لە دیدی کۆمەڵگای پیاو ساڵاریەوە. یەکەمیان، ئەو ئاستە لە کۆیللەی بونی خودی کەسایەتی ژن کە دەبێت هەردەم لە ژێر کاریگەرێتی ئەو فەرهەنگ و کەلتورە پیاو سالاریە باوەدا بێت کە بەهیچ شێوەیەک بۆی نیە خۆی خاوەنی ئاراستەی دیدی ئازادانەی خۆی بێت. دوەم خاڵی ئەم چەقبەستویە ئەوەیە کە خودی کەلتوری پیاو سالاری لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکاندا هێند دواکەوتوە بەهیچ جۆرێک ناتوانێت هەنگاوێک بۆ پێشەوە بنێت و خودی خۆی ڕزگار بکات لەو بارە لاوازیەی تێی کەوتوە.

یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی تا ئێستا کاریگەری هەیە لەسەر مانەوەی ئەم فەرهەنگە پیاوسالاریە، خودی دەسەڵات و ئەو بەرژەوەندیە چینایەتیە دواکەوتوانەیە کە دەسەڵات بۆخۆی هەڵگری پاراستنی بنەماکانی سیستەمی پیاو سالاریە، بەو مانایەی گەر ئەو دەسەڵاتە پیاو سالاریەی هەیە لە جیهانبینی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتیانەدا، وە بەتایبەتیش لە کوردستاندا، گەیەنەری ئەو فاکتە کۆن و قێزەونەن کە ناخوازن کۆمەڵگا ڕزگار بکەن لەم جیهان بینیە دواکەوتویە و هەردەم بە ڕاستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆ کار لەسەر مانەوەی ئەو ڕیتمە باوە دەکەن. گەر خودی دەسەڵاتی کوردی بیویستایە ئەم جیهان بینیە تەواو قێزەونە لە نێو ببات، ئەوە دەیتوانی دەست ببات بۆ ئەو ئاڵوگۆڕە. چونکە لە کاتێکی وادایە کە ئەم ڕاستیە بەرچاوە هەیە لە درێژەدان بە کەلتوری کوشتنی ژناندا. ڕۆژ نیە لە ڕێگای ڕۆژنامەکان و سایتە سەربەخۆکانەوە هەواڵی بیستنی کوشتنی ژنێک نەبین لەلایەن خاوەنانیانەوە کە باوک و برا و کەسوکارە پیاوەکە دەگەیەنێت. لێرەدا نابێت تەنها خەریکی ژماردنی ئامارە ترسناکەکان بین لە چونە سەری هەر ڕۆژەی درێژەکێشانی ئەم دیاردە نامرۆڤانەیەدا.

ئەرکی سەرەکی لە نەهێشتنی ئەم دیارەدە نامۆیەدا ئەوەیە، ئاستی بەرپرسیاریەتی سەرەکی بخرێتە ئەستۆی دەسەڵات، ئەو دەسەڵاتەی ماوەی زیاتر لە بیست ساڵە حوکم ڕانی کۆمەڵگا دەکات. خۆ گەر پیاوان ترسێکیان هەبوایە لەوەی لە دوای کوشتنی ژنێک دادگا ڕوبەڕوی چ سزایەکی قوڵیان دەکاتەوە ، ئەو کات هەلومەرجەکان بەرانبەر بە چەوساندنەوەی ژنان وەک ئێستا نەدەبوو. پاراستنی ئەو دیاردە ناشیرین و دواکەوتوانەیەی کە شەرەفی خێزان پەیوەستە بە پاکێتی پاراستنی ژنەوە لەوەی خۆی نەدۆڕێنێت لە بەرانبەر پیاوێکدا کە بەدڵی خێزانەکەی نیە، درێژە کێشانی ئەم پەروەردەیە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەو پەروەردە باوەی کۆمەڵگاوە هەیە کە دەسەڵات تێیدا بەرپرسیاری یەکەمە لەگەڵ ئاینی ئیسلامدا. ئەم دوو حاڵەتەن لە پشت مانەوەی ئەم کەلتورە پیاوسالاریەوە، لە کۆمەڵگادا.

خەبات کردنی بەردەوامی ڕێکخرا و لایەنە ئازادیخوازەکان کە دیفاع لە یەکسانی ژن و پیاو دەکەن لە کۆمەڵگادا، ئەرکێکی ئێجگار مەزن ڕادەپەڕێنن، پشتگیری کردنی کۆمەڵگا لەو ڕێکخراوانە، دەکاتە ئەوەی کە خودی ئەو دیاردە نامرۆڤانەیە بەرەو لە نێو چون ببات. بەبێ خەباتێکی بەردەوام و بێماندوبوون لە بەرانبەر ئەو کۆ فەرهەنگە زاڵە دواکەوتوانەی هەیە لە کۆمەڵگادا، دەکرێت هەردەم هەر خەریکی ڕێکخستنی ئامارەکان بین لەوەی ژمارەی کوشتن و خۆسوتاندنی ژنان، لە چەندین هەزار تێی پەڕاندوە.
ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگر هەیە لەم نێوەدا، دەرخەری ئەو جیهانبینیە ناعەدالەتیەی دەسەڵاتی کوردی دەگەیەنێت، کە خاوەنی چەندین ڕێکخراوی بەناو مەدەنیەو، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ڕێکخراوانە نەیان توانیوە کاریگەریەک لەسەر کەم کردنەوەی ئەو پەروەردە دواکەوتویەی هەیە لە کۆمەڵگادا، دابنێن. لێرەدا دەبێت بپرسین؛ هۆکار چیە لەوەی ئەم ڕێکخراوانەی بەناو خانمان و خوشکانەوە هیچیان پێ نەکراوە لەوەی هەنگاوێک زیاتر بنێن کە لەودیو تێڕوانینی باوی کۆمەڵگاوە بێت؟ ئاخۆ خودی ئەو ڕێکخراوانە لەلایەن عەقڵیەتی پیاوانی سەر بەدەسەڵاتەوە ئیدامە نادرێن؟ ئاخۆ گەر ئەو ڕێکخراوە بەناو ژنانە، ئەرکی خۆیانیان لەو ئاستەدا ببینایەتەوە کە دەستیان بۆ هەڵسوڕاندنێک بردوە دەبێت لە پێشدا ڕەخنەی خودی دەسەڵات و ئاین بکەن، لەوەی کاریگەری تەواویان هەیە لە مانەوەی کەسێتی ژندا وەک کۆیللەیەک و ناقسول عەقلێک، گەر دەستیان نەبردوە بۆ کارێکی وا بەمانای ئەوە نایەت کە ئەم ڕێکخراوانەش هێندەی تر خەریکن باری سەرشانی چەوساندنەوەی ژنان قورستر دەکەن لەوەی ڕزگاری بکەن لەو کۆتە لە مێژینەیەی لە سەریەتی؟ گەر ئەو ڕێکخراوانە لەم نیگایەوە نەڕواننە خەباتی خۆیان بۆ ڕزگار کردنی کەسێتی ژن، دڵنیام لەوەی ئەوانیش پشکدار دەبن لەو تاوانەی ڕۆژانە دەدرێت بەسەر کەسێتی ژندا.
درێژەدان بەم فەرهەنگی ناموسپەرستیە، بۆخۆی پەڵەیەکی ڕەشە بەنێو تەوێڵی دەسەڵاتی حاکمەوە. ئێمە دەبینین ئاستی چونە سەری خوێندن لە کوردستاندا ئاستێکی بەرزی هەیە و ڕێژەیەکی باش لە خوێنکار لەهەر دوو ڕەگەزەکە هەیە، بەڵام لێرەدا دەکەوینە نێو هەڵوێستەیەکەوە، ئەویش، ئەیا بۆچی ئەم ڕێژە زۆرەش لە خوێندکار لە کۆمەڵگادا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاستی ئەو توێژە دواکەوتویەی کە کەلتوری باو دەپارێزن زاڵترن بەسەر ئەو ڕێژە بەرزەی کە خوێندکارن؟ ئاخۆ گەر پەروەردەی نێو قوتابخانە و زانکۆکان لەو ئاستە نزمەدا نەبوایە ، نەدەبوو کاریگەریەکی جدییان لەسەر خودی دەسەڵات و کۆمەڵگاش دابنایە؟ ئاخۆ ئەوە نیشانەی ئەو خاڵە لاوازەی پەروەردەی خوێندکار ناگەیەنێت لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنیدا، کە تا ئیستا نەیتوانیوە بە یەک پێوەر و بەبێ جیاوازی، کەسایەتی هەردوو ڕەگەز ببینرێت؟ ئاخۆ ئەوە ئاستی دواکەوتویی زانست ناکات لە زانکۆکاندا کە تا ئێستا نەیتوانیوە خودی خۆی و خوێندکارەکانیشی لەو کەلتورە پیاو سالاریە ڕزگار بکات؟ مانەوەی سیستەمی پیاو سالاری پەیوەستە، بە پاراستنی هەلومەرجی ناعەدالەتی باوەوە، خودی ئەم ناعەدالەتیە کۆمەڵایەتیە، بەشێکی سەرەکیە لەنێو پاراستنی بەرژەوەندیە چینایەتیەکانی دەسەڵاتی حاکمدا. چونە سەری ئاستی وشیاری کۆمەڵایەتی بە ڕووە یەکسانیخوازیەکەیدا، دەبێتە وەرچەرخانێک، چۆک بەدەسەڵاتی حاکم دابدات. لەم نێوەشدا تاکی ئازاد، نەک ئەو تاکە ئازادەی بازاڕ و دەسەڵات مەبەستێتی کە ڕووە ئابوریەکە دەوری سەرەکی دەبینن لەم بەشەدا. تاکی ئازاد ئەو تاکەیە بێوچان خەبات دەکات لە پێناو سەرخستنی ئامانجی مەزندا، ئەو ئامانجە مەزنەی کە شتێک نیە لەوێدا بمێنێتەوە بەناوی ژن یان پیاو، بەڵکو لەوێدا لەنێو ئەو پەروەردەیەدا کەسایەتیەک هەیە ناوی مرۆڤە. واتە دان نان بە ئیرادەی ئەوی بەرانبەردا، کە خاوەن کەسایەتی سەربەست و ئازادی خۆیەتی. لە نێو چونی کەلتوری پیاوسالاری، پەیوەستە بەو خەباتە مەزنە یەکسانیخوزەوە کە دەخوازێت سەرجەم کۆمەڵگا ڕزگار بکات لەم کۆت و بەندە نامۆیەی لە گەردنیدایە، ئەویش کۆت و بەندی خاوەنداریەتی تایبەتە، گەر خواوەندارێتی تایبەت لە نێو چوو ئەوکات ژنانیش دەبنە خاوەن کەسایەتی ئازادانە و سەربەستانەی خۆیان. خەبات کردن لەو پێناوەدا خەبات کردنە بۆ گەیشتن بە ئازادی و خۆشەویستی ئازادانە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە