نابێت بۆنە حیزبیەکان لە شوێنە گشتیەکان ئەنجام بدرێت

Thursday, 31/05/2012, 12:00

1602 بینراوە



ڕۆژی دامەزراندنی هەرپارتێک گرنگی خۆی هەیە . هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا یادکردنەوەو خۆ نوێکردنەوە ئاواتە دەبن و جارێکی تر بە ستایل و هەگبەیەکی تری بەرنامەو دروشمەوە دێتەوە نێو خەڵک .. لەوڵاتانی پێشکەوتو ئەندامان و لایەنگرانی هەر پارتێک گرنگییەکی زۆر دەدەن بەو ڕۆژە . ساڵیادی دامەزراندنی پارتەکەیان بە گۆڕینی دەموچاو و سیستەم و کڵێشەی کار ، دەست پێدەکات و نەوژەنکردن و گیانێکی نوێ بۆ ساڵێکی نوێ بەرجەستە دەکەن .

بەڵێنەکان و گۆڕینی کەسایەتییەکان و پرۆژەی کار سێ تەوەری سەرەکی هەموو پارتێکی خۆرسکە ، واتە کارکردنە لەسەر تێزی سیاسی سەردەم ، ئەم بنیادنانە بۆخۆ ناسینێکی ترە ، کەجیاوازبیت لەگەڵ پێشوتر . فیرکردنی کۆمەڵگا بەخۆناسینی تر و بەرنامەی تر ڕاستگۆیی ئەو حیزبەیە بەبەڵێنەکان . لێرە باوەڕ گەراندنەوە بەهەمان سیستەم و دەوچاوی پێشوتر مەحاڵە . دەشێت لەوێوە بێینە باس کە لەوڵاتی دیموکراسیدا بەرنامەو کەسایەتییەکان کە دۆڕان جارێکی تر باوەڕی جەماوەر بەدەست ناهێننەوە .

لەناو هێزە سیاسی و ناسیاسییەکانی کوردا ، جودا لە کۆمەڵێک پێوانە بۆ یادی دامەزراندن ، یادی ئەو حیزبە دەکرێتەوە . لەماوەی چڵ ساڵی ڕابردودا پارتی و یەکێتی بەهەمان ستایل و دەموچاو و بیرکردنەوەوە یادی پارتەکانیان کردۆتەوەو بۆجارێکی تر هاتونەتەوە سەرحوکمی حیزبەکەیان . لێرە جگە لەفەراغی دیموکراتی فەراغی ژیری تاکی کورد بەدی دەکرێت . ئەم دوو هۆکارە زەمەنەکەی وا لواندووە کەبەشێک بێت لەدروستکردنی کەسایەتی موقەدەس . لەنێو فەزای دیموکراسیدا جگە لەنیشتمان و یاسای نیشتمان قودسیەتی تر بەدی ناکرێت . بەقودسییەتکردنی کەسایەتییەکانی باڵای حیزب کۆمەڵگایەکی مەلول و دەستەو ئەژنۆ بنیاد دەنێت و جیهانێکی توندوتیژ زاڵ دەکات و پێوانە نیشتمانییەکان وەلا دەنێت .

یەکێتی جگەلەو هەموو پڕوپاگەندەو فەزا بۆلواوەی هەیەتی ، لەنێو جیهانێکی تاکڕەوو نانیشتمانیدا خۆی دەچەسپێنێت ، بەواتایەکی تر دروشمەکانی وەک دیموکراسی و ماڤی مرۆڤ لەچوارچێوەی ڕەفسکردن و پێفرۆشتنەوەی بازاڕی سیاسی لانادات و بەدیوە دزیوەکەیدا هەمووی ڕەفس دەکات و هاوپێچی دەکات .

دروشمەکان هەمیشە جوان بوون ، بەڵام فکرو مۆتۆڕی فکر ناشرینی دەکات و ناوەڕۆکی دەگۆڕێت .. بەدووا چون بۆ بەرنامەو مانیفێستی یەکێتی دەمانخاتە نێو بەهەشتی خەونەکان ، بەڵام ڕۆژگارێک ئەو دروشمانە لەهێلانەدا وەک خۆی نەتروکاوە ، ئەوەی تروکاوە پێجزەوانەکەیەتی کەئێستا لە شەقامەکەدا دیبینین .

کەواتە یادی دامەزراندنی یەکێتی بۆ نوێکردنەوەو گۆڕینی سیستەم و دەموچاوەکان نییە ، بەڵکو بۆ عەرزی عەزاڵات و خۆچەسپاندنە بە هەمان ڕەوەی پێشوتر . لێرەدا گیانی قبوڵکردن و پێوانەی نیشتمانی بە سیستەمی دیموکراسی و ماڤی مرۆڤ غایبە. کەواتە یادکردنەوەکە بۆ پێشڕەوایەتی کردنی گەل نییە کەدەبێت بکرێت بۆ کۆیلەکردن و ترانجاندنە . بۆ خۆسەپاندن و درێژەدانە بەحوکمی نەشیاو .

دروشمەکان لەکێش لادەدەن و پێوانە بۆتواناو گەورەی ناکرێت ، یەکێتی بۆئەم ساڵی یادەکەی بەهەمان کێشی ساڵانی نەوەدەکان دێتە مەیدان ، ئەمە بۆخۆی گاڵتەجاڕییە . بەشێکە لەنەخۆشی دەروونی ، بەواتایەکی تر دۆڕاندنێکی نێو مەیدانەکەیەو تەنها خۆی ڕادەچڵەکاندنە بۆئەوەی لانی کەم بڵێت ماوم .

یەکێتی هاوتا حوکمەکەی ، هاوکێشەیەکیان دروستکردووە کەدەشێت ناوی لێ بنرێت بەرگری لەپێناو مان . ئەم بەرگریکردنە بەپێوانەی دیموکراسی حەڵاڵە ، نەک بەو جۆرەی ئەمان دەستیان داوەتێ . ئەمانە بەرهەمی شەڕی ناوخۆن ، ناتوانن بگونجێن لەگەڵ دروشمەکان ، خۆ گونجاندن لەگەڵ دروشمەکان خۆتواندنەوەیە لەگەڵ واقع ، بۆیە دروشمەکان تەنها لەگەڵ بۆنەکاندا دینە پێش و پاس بۆنەکان دەکوژێنەوە . ئەم کارکردنە خۆسبەختانە بەرەو پوکانەوە دەچێت لەگەڵ نەشونمای بیری تاکی کوردا .

سەوزکردنی شەقام و کۆڵان و شوێنەگشتییەکان بەشێکە لەو پێشەلکاریانەی یەکێتی و پارتی ئەنجامی دەدەن . بۆنەیەک هی حیزب بیت ! ناکرێت بەزۆر بیچەسپێنیت بەسەر کۆمەڵگاداو ناوی لێبنێیت بۆنەی گشتی .. لەکاتێکدا لەنێو دروشمەکاندا دروشمی دیموکراسی و ماڤی مرۆڤ و سەروەری یاسا بەرزدەکرێتەوە. ئەمە بەدرۆخستنەوەی هەموو ڕابردوو لەگەڵ داهاتووە

[email protected]
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە