سوكایەتی بە پۆلیسی فریاكەوتن و هێزی ئامادەش كردوە

Wednesday, 03/06/2009, 12:00

2723 بینراوە


سەرچاوەیەكی بەرپرس: كەریم سنجاری وەفای بۆباوكی خۆی نییە
پاش ئەوەی لەهەفتەی ڕابردودا لەكاتی جێبەجێ كردنی ئەركێكی یاسای و دەستگیر كردنی بكوژێكی سەرسەختدا بەناوی لوقمان سێودین، لەشكری تایبەتی مەسعود بارزانی بێ گوێدانەیاسا بۆ ماوەی چوار رۆژ عەبدولخالق تەلعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێریان دەستبەسەركرد، سەرەتا لە ناو دەزگاكانی پۆلیسدا وابڵاوبوەوە كە تەنیا عەبدولخالق تەلعەت دەستبەسەركراوە، بەڵام بەپێی ئەو زانیاریەی كە ئەمڕۆ لە سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو لە لەشكری تایبەتەوە بەدەستهاتوە، نەقیب سەران بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی هەولێرو نەقیب سەروەت بەڕێوەبەری فەرماندەی هێزی ئامادەی هەولێریش لەگەڵ بەڕێوەبەری پۆلیسدا بوون و لەشكری تایبەتی مەسعود بارزانی سوكایەتی بەیاسا و ئەوانیش كردوە.
لەوبارەیەوە سەرچاوەكەی لەشكری تایبەتی مەسعود بارزانی، ڕایگەیاند كە ئەو رۆژەی كە عەبدولخالق تەلعەت دەستبەسەركرا، هەریەك لەنەقیب سەران بەرێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی هەولێرو نەقیب سەروەت بەڕێوەبەری فەرماندەی هێزی ئامادە لەگەڵ بەڕێوەبەری پۆلیسدا دەستبەسەركراون و ئەوپەڕی سوكایەتیان پێكراوە.
سەرچاوە باوەڕپێكراوەكە ئەوەشی وت كە پێش دەستبەسەر كردنیان، كەریم سنجاری ئاگاداركراوەتەوەو ئەویش خۆی لە كێشەكە بردوەتە دەرەوەو لەترسی مەكتەبی سیاسی پارتی بە لەشكری تایبەتی گوتوە كە ئەو پۆلیسی بۆ گرتنی لوقمان سێودینی بكوژ رانەسپاردوە.
لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەیەكی بەرپرس لەوەزارەتی ناوخۆ، كە پۆستێكی زۆر بەرزی لە وەزارەت هەیە، ئاشكرای كرد كە نەقیب سەران و نەقیب سەروەت ئەوپەڕی دڵسۆزیان نواندوە بەرامبەر بەئەركەكانیان و باشترین دو گەورە ئەفسەری پۆلیسن لەسنوری پۆلیسی هەولێردا، كە بەوپەڕی لەخۆبوردووی ئەمنیەتی هەولێر و دەوروبەریان پاراستوە، كەچی كەریم سنجاری، كە وەفای بۆ باوكی خۆی نیە، هیچ پشتگیری لێنەكردن و خستنیە ناوتەڵەوە.
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی ناوخۆ، ئاماژەی بەوەشدا كە پێشتر لەسنووری پارێزگای هەولێر هیچ هێزێكی سەربازی نەیدەوێرا بچێتە بەغدا، كەچی دەیان جار بە فەرمانی كەریم سنجاری ئەو دو ئەفسەرە بەرپرسە بۆ راپەراندنی كارەكانی وەزارەتی ناوخۆو هەرێمی كوردستان چونەتە بەغداو سڵیان لە مردن نەكردۆتەوە، بەڵام كەریم سنجاری بێ سفەتە و ماندوبونی ئەوانی خستە ژێرپێ.
یاساشكێنیەكەی لەشكری تایبەتی مەسعود بارزانی و ئیهمالكردنی گەورە بەرپرسەكانی پۆلیسی هەولێر لەلایەن كەریم سنجاریەوە، لە ناو وەزارەتی ناوخۆدا گرفتێكی گەورەی دروست كردوەو لەڕیزەكانی پۆلیسیشدا جۆرێك لەساردی دەبینرێت، چونكە ئەوان هەست دەكەن سوكایەتی بەیاساو پیرۆزیەكان كراوەو هەربۆیە، هەر لە پۆلیسێكی ئاسایەوە بگرە تا دەگاتە ئەفسەرە باڵاكان، لە كەریم سنجاری و لەشكری تایبەتی توڕەن و بەهەوەنتەش ئاشت نابنەوە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە