ئەمریکا روو لە پەکەکە و پشت لە ینک و پدک.....

Sunday, 17/08/2014, 12:00

2610 بینراوە



حکومەتی هەرێم، بە هاوپەیمانی و دۆستی ئەمریکا هەژمار دەکرێ لە ناوچەکە و عیراق. دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بە تایبەتی پارتی و یەکێتی، ئەو راستیە ناشارنەوە، شانازیشی بەو پێگە سیاسەیەی خۆیان دەکەن لای زلهێزێکی وکو ئەمریکا، کە ئیمرۆ بە یەکێ لە هێزە دەست رۆیشتوەکانی جیهان دادەنرێ، وە دەستیکی باڵای هەیە لە سەنتەری بڕیاردان، لە چارەنووسی کێشەو گرفتەکان و بەرژەوەندیەکانی هەموو دونیا.
بۆیەش دەسەڵاتدارانی هەرێم، هەوڵدەدەن سەنگی ئەو پەیووندی و هاوپەیمانیەتە، زۆر لە خۆی قورستر پیشان بدەن، ئەو خاڵە بوروژێنن و بەکاری بهێنن، بۆ نیشاندانی هێزو توانا و ئیعتیباری خۆیان، لەسەر ئاستی شەقام و پارتە سیاسیەکانی باشوری ووڵات، کوردستان، عیراق، ناوچەکە و دونایا، وە بە هێز و پاڵپشتی سەرەکی دابنێنن بۆ مانەوەی خۆیان لەسەر کورسیەکان و بەردەوام بوونیان لەدەسەڵاتدا.
هاوپەیمانیەتی سیاسی نێوان دوو هێزی سیاسی، لەسەر ئەساسی حەزو ئارەزوو، بەردەوام و هەتا سەرنابێت، بەڵکو پەیوەستە بە بارو دۆخ و گۆڕانی هاوکێشەی هێز، پێگەی جەماوەری، پێویستیەتی رووداوەکان، بەرژەوەندیە سیاسی، سەربازی و ئابووریەکان بە پلەی یەکەم. بۆیە ئەو هاوپەیمانیەی نێوان هەرێم و ئەمریکا بە تایبەتیش لەگەڵ پارتی و یەکێتی، رەنگە تەنیا تەمەنی گوڵێکی سووری هەبێ وە وەرزی هەڵوەرینی گەڵی نزیک بێت.
شەری جیهانی دووەم، لە یەکی مانگی نۆی ساڵی ١٩٣٩ دەستی پێکرد. یەکەم هاوپەیمانیەتی کە بیری لێکراوە ببەسترێ، لە نێوان هەندێ لە ووڵاتانی ئەوروپا بوو، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە ئەو ووڵاتانە سنووری جوگرافیایان زۆر نزیک بوو لە ئەڵمانیای نازی، زووتر مەترسیان لە سەر دروست بوو بوو، کە بوو بوو بە هۆکاری نزیک بوونەوەیان لە یەکتری.
لە سەرەتادا، ئەو ووڵاتانەی کە بەشداریان کردو هەستان بە بەستنی ئەو هاوپەیمانیە، بریتی بوون لە بریتانیا، پۆلەندا، فرەنسا، وە هەندێ لە ووڵاتانی کە کۆلۆنیالی ئینگلێز بوون وەکو ئوسترالیا، باشوری ئەفریقا. کەنەدا.
یەکێتی سۆڤیەت، لە مانگی شەشی ساڵی ١٩٤١ بڕیاری دا بچێتە ناو ئەو هاوپەیمانیە، ئەویش دوای ئەوە بوو کە ئەڵمانیاو هاوپەیمانەکانی هێرشی سەربازیان ئەنجامدا بۆ سەر ووڵاتەکەیان.
ئەمریکا، تا ئەو کاتەش بەرژەوەندیەکانی وا خوازیار بوو، کە خۆی دوورە پەرێز ڕابگرێ لەو مەترسیە، دوور بێت لە چوونە ناو ئەو هاوپەیمانیەی کە لە ساڵی ١٩٣٩وە بەسترابوو دژ بە ئەڵمانیای هیتلەری، سەڕەڕای بوونی پەیوەندی نزیکیشی لەگەڵ بریتانیا ئەو کات. بەڵام دوای ئەوەی کە ‌هێزێکی دەریای یابان هێرشی کردە سەر هێزێکی دەریای ئەمریکی لە پیر هاربەری هاوای، ئینجا ئەمریکا بڕیاری دا بچێتە ناو ئەو هاوپەیمانیە لە مانگی دوازدەی ساڵی ١٩٤١، کە هەمان بەرواری بەشداری ئەمریکایە لە شەری جیهانی دووەم. بەم جۆرە زەرورەتی مێژووی، رووداوەکان و بەرژەوەندیەکان، وا خوازیار بوو کە هەردوو ووڵاتی ئەمریکاو یەکێتی سۆڤیەت لەیەک هاوپەیمانیەتی کۆببنەوە.
بە کۆتایی هاتنی شەری جیهانی دووەم و نەمانی مەترسیەکان، تەمەنی ئەو هاوپەیمانیەش کۆتای پێهات، بە تایبەتی دوای شکانی هیتلر لە شەرەکان، هاوکێشەی هێز گۆڕا، ئەمریکاو یەکێتی سۆڤیەت بوون بە دوو جەمسەری هەرە بەهێز لە دونیا و ئینجا دژ بەیەکیش. دژایەتی و شەری ساردی نێوان ئەو دوو زل هێزە تاوەکو ئیمڕۆ هەر بەردەوامە.
لەساڵی ٢٠١٠ پارتەکەی ئەیاد عەلاوی لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، زۆرینەی دەنگی بەدەست هێنا و خۆشی ئامادە کردبوو دەسەڵاتی عیراق بەدەستەوە بگرێ. بەڵام دوای داگیرساندنی گڵۆپی سەوز لەلایەن ئەمریکاو ئێران، مالیکی توانی بە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ لایەنەکانی تر، هەر خۆی ببێتەوە بە سەڕۆک وەزیران.
بەڵام ئیمرۆ، سەڕەڕای سەرکەوتنی مەزنی مالکی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عیراق، دووبارە بە هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکاو ئێران، هەمان کەسایەتی و لایەنە سیاسیەکانی بەشدار بووی لە پرۆسەی سیاسی عیراق، پشتیان لە مالکی کردو عەبادیان کرد بە سەڕۆک وەزیران.
کوڵان و هەڵچوونی بەردەوامی دۆخی سیاسی نائارامی رۆژهەڵاتی ناوەراست بە گشتی و بە تایبەتی لە عیراق، بووە بەهۆی ناجێگیری و ناسەقامگیری بارودۆخی سیاسی ئەو ناوچەیە، ئەمە هۆکارێکی زۆر گرنگ بووە بۆ ناجێگیری و بەردەوام نەبوونی هاوپەیمانیەتی تاسەر لە هەموو ئاستەکاندا، چ لەسەر ئاستی نێوان کەسایەتیەکان و پارتە سیاسیەکان لە نێوان خۆیان و ووڵاتە دراوسێکان، وە چ لەسەر ئاستی ئەمریکا لەگەڵ ووڵاتەکان، سەرکردەکان، کەسایەتیەکان و پارتە سیاسیەکان کە بوونیان هەیە لەسەر شانۆی سیاسی ئەو ناوچەیە.
رووداوەکانی هەنوکەی عیراق و کوردستان، بەتایبەتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر باشووری ووڵات، بارو دۆخێکی نا ئارامی ناجێگیری تایبەتی هێناوەتە پێشەوە، کە جێگای سەرنجی میدیای جیهانی، دەزگای سەربازی و هەواڵگری زلهێزەکانی دونیایە.
بەشداری کردنی هێزی یەپەگەو پەکەکە، بە شێوەیەکی کارێگەر لە شەرەکانی دژی داعش، بە تایبەتی لە ناوچەکانی شەنگاڵ و مەخمور، شکاندنی هێزی داعش لە شەڕەکان هەتا پێش بووردومانەکانی هێزی ئاسمانی ئەمریکا دەست پێبکات ، ئەو هەڵوێستە بووە هۆکاری سەرەکی لە گۆرینی سەنگ، هێزو پێگەی جەماوەری پارتە سیاسیە کوردیەکان لە مەیدانەکە لەسەر ئاستی هەرێم و کوردستان. گەلێ لە میدیای خۆ ماڵی و دونیا روو ماڵی ئەو بەشداری کردنەی ئەو دوو هێزەیان کرد، کە لە ئاکامدا بووە جێگەی سەرنجی دەزگای سەربازی و هەواڵگری زلهێزەکانی دونیاو ئێران. بۆیە ئەگەری ئەوە دروست بووە، کە هەڵوێست، تێروانین، مەمەڵەو هەڵسوکەوتی سیاسی زلهێزەکان و ئێران، بەرامبەر ئەو دوو هێزە بگۆرێ بە دروست بوونی متمانەی زۆرتر بە هەردووکیان بۆ توانای راگرتنی هاوسەنگی هێزی شەرکردن، پاراستنی بەرژەوەندی زلهێزەکان و خەڵک لە ناوچەکە، کە لە ئەنجامدا ئەمە ببێتە هۆکارو ئەگەری ئەوەی ئەمریکا بە سیاسەتەکانی داپچێتەوە لە ناوچەکە، ئەو دوو هێزە بە هاوپەیمانێکی باشتر و بەدیلی پارتی و یەکێتی بزانێ بۆ خۆی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە