ناوی هەموو پێشمەرگە ژنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەران و یەکێتی لە شاخ

Friday, 05/09/2014, 12:00

9030 بینراوە


کە باس لە بەشداری ئافرەت دەکرێ لە رێزەکانی یەکێتی نیشتمانی لە قۆناغی شاخ، مێدیا حزبیەکانی یەکێتی و سێبەرەکانیان، مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە و سەرکردەکانیان، بەتایبەتی ئافرەتەکانیان، وەک هێرۆ، شاناز و دار و دەستەکانی وەک کافیە و ئەوانی تر، وەک ئاڵا تاڵەبانی، ئاواز تاڵەبانی و بێگەرد تاڵەبانی، کە هەموویان لە رێگای خزمایەتی پۆستی باڵایان بەدەست هێناوە، هەوڵدەدەن بە ئارەزووی خۆیان بەشداری و خەبات و ماندوو بوونی پێشمەرگە ژنەکانی شاخ بسڕنەوە لە ژێر ناوی ژنانی شاخ.

لە ژێر ناونیشانی ژنانی شاخ، ئەو پارتە و ئەو کەسایەتییانە توانیان دوو مەبەستی سیاسی خۆیان بپێکن.
یەکەم: بۆ ئەوەی تەنیا ناوی ئەو ئافرەتانە زەق بکەنەوە، کە خۆیان دەیانەوێت. بەتایبەتی ناوی هێرۆ و دار و دەستەکەی.
دووەم: کۆمەڵێک ژن بهێننە پێشەوە، بە ئارەزووی خۆیان، پلە و پایەی سیاسیی، حکومی و سەربازیان پێبەخشن، دوایش بەمە ریگا خۆش بکەن و پاساویان هەبێت بۆ خانەنشین کردنیان بە پلەی، سیاسیی، حکومیی و سەربازیی باڵا، بۆیە ئیمرۆ یەک لەشکر لە ژنانی خانەنشینکراو دروست بووە لە ژێر ناونیشانی جیاجیا، بە تایبەتی پێشمەرگەی دێرین.
ژنانی شاخ، ئەو زاراوەیە نییە، کە بتوانێ، پێناسەی بەشداریکردنی ئافرەت لە خەبات و پێشمەرگایەتییەکەی بکات، لە شاخ ژن هەبوو پێشمەرگە بوو، ژنیش هەبوو پێشمەرگە نەبوو، وەکو ژنانی لادێکان و خێزان و کەسوکاری پێشمەرگە، هەرچەندە وەک پێشمەرگەش دووچاری تۆپ باران و بۆردومانی فرۆکە و نەهامەتی زۆر دەبوون، بەڵام ئەم ژنانە ناتوانرێ بخرێنە خانەی بە پێشمەرگە بوونەوە، هەر چۆن پیاو هەبوو لە شاخ پێشمەرگە بوو، پیاویش هەبوو لە شاخ بوو، بەڵام پێشمەرگە نەبوو، نمونەی ئەوەش زۆرن، وەک عەسکەری فیرار پیاوی لادێکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە.

هەر وەکو شاهێد حاڵێکی ئەو ساتە مێژوویە، بە چاکم زانی ئەو کچانەی کە بەشداری راستەوخۆیان هەبووە لە رێکخستنەکانی ناو شارەکان، دوایش رێگای پێشمەرگایەتیان هەڵبژاردووە لە رێزەکانی یەکێتی نیشتمانی، بۆ درێژەدان بە خەباتیان، ناویان لە کوردستانپۆستدا بڵاوبکەمەوە.

ئەم ناوانەی خوارەوە ناوی ئەو کچانەن کە راستەوخۆ بەشداریان هەبووە، لە رێکخستن نهێنی ناو شارەکانی باشووری ووڵات، دوایش لە ئەنجامی کەشف بوونی رێکخستنەکان لە لایەن رژێمی بەعس، روویان لە شاخ کرد و بوون بە پێشمەرگە، بۆ درێژەدان بەکارو خەباتیان لە رێزەکانی پێشمەرگەی یەکێتی لە قۆناغی شاخ.
جگە لەو ناوانە، هەرچی ژنێک کە بوونی هەبووبێ لە شاخ لە رێزەکانی پێشمەرگە، ئەوا لە رێگای دەستگیرانەکەی، هاوسەرەکەی یان خێزانەکەی بووە، کە بێگومان ناچێتە خانەی بە پێشمەرگەبوونەوە.
---------------------

1. نازەنین و بەیان:
رێکخستنی کۆمەڵەی رەنجدەران، خەڵکی هەولێر لەساڵی ١٩٧٩ بوون بە پێشمەرگە، لە ساڵی ١٩٨٠ لە ئێرانەوە بەرەو هەندەران بەرێکەوتن.

2. پەیمان و نەرمین:
 رێکخستنی کۆمەڵەی رەنجدەران، خەڵکی سلێمانی ساڵی١٩٨٠. بوون بە پێشمەرگە لە ئێستگەی یەکێتی کاریان دەکرد، لەدوای مفاوەزاتی ١٩٨٦ دیار نەمان لە شاخ.

3. خەدیجە حەمەد:
خەڵکی هێران، رێکخستنی کۆمەڵەی رەنجدەران ساڵی ١٩٨١ بوو بە پێشمەرگە ، لەساڵی ١٩٨٢ گەڕاوە هەولێر، لە ساڵی ١٩٨٤ هاوسەرگەری کرد لەگەڵ پێشمەرگەیەک و دووبارە گەراوە شاخ تا ساڵی ١٩٨٦.

4. ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی:
رێکخستنی کۆمەڵەی رەنجدەران، ساڵی ١٩٨١ بوون بە پێشمەرگە و ماوەیەک لە ئێستگە کاری کرد، دوای ئەوە کاری رێکخستنی کۆمەڵەی رەنجدەران، لە ساڵی ١٩٨٩ سەقز، ساڵی ١٩٩٠ بەنهێنی لە هەولێر ماوە تاساڵی ١٩٩١.

5. شنە:
رێکخستنی کۆمەڵەی رەنجدەران خەڵکی سلێمانی، ساڵی ١٩٨٢ رووی لە شاخ کرد و هەمان ساڵ گەڕایەوە سلێمانی.

6. دابان خوشکی شەهید جوامێر:
رێکخستنی کۆمەڵەی رەنجدەران، خەڵکی بەغداد، ساڵی ١٩٨٢ بوو بە پێشمەرگە، هەمان ساڵ بەرەو هەندەران بەرێکەوت لە رێگای ئیران.

7. دیلمان:
رێکخستنی کۆمەڵەی رەنجدەران، خەڵکی بادینان، ساڵی ١٩٨٢ بوو بە پێشمەرگە، هەمان ساڵ بەرەو هەندەران بەرێکەوت لە رێگای ئێران.

8. سوهەیلە:
رێکخستنی کۆمەڵەی رەنجدەران، خەڵکی خانەقین ساڵی ١٩٨٢ بوو بە پێشمەرگە ، لە کۆتای هەشتاکان رووی لە هەندەران کرد.

9. نەزیرە:
رێکخستنی کۆمەڵەی رەنجدەران، خەڵکی سلێمانی ساڵی ١٩٨٢ بوو بە پێشمەرگە دوای مفاوەزاتی ساڵی ١٩٨٦ گەرایەوە سلێمانی.

10. رابی:
 رێکخستنی کۆمەڵەی رەنجدەران، لە ساڵی ١٩٨٥ بوو بە پێشمەرگە، لە ساڵی ١٩٨٦رووی لە هەندەران کرد.

11. دابان و سابات:
دوو خوشک، رێکخستنەکانی شۆرشگێران، ساڵی ١٩٨٦. بوون بە پێشمەرگە، خەڵکی رانیە، تا سالی ١٩٨٨ وەکو هەر پێشمەرگەیەکی تری یەكێتی روویان لە ئێران کرد.

12. گولیزار یان گولستان :
خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری رانیە، رێکخستنەکانی شۆرشگێران، ساڵی ١٩٨٦ بوو بە پێشمەرگە، سالی ١٩٨٨ وەکو هەر پێشمەرگەیەکی تری یەکێتی بەرەو ئێران کەوتە رێگا.

13. شنۆ خەڵکی سەقز:
ساڵی ١٩٨٦بوو بە پێشمەرگە، ساڵ ١٩٨٩ لە رێگای عیراقەوە بەرەو هەندەران بە رێ کەوت، دوایی بوو بە خێزانی شەهید ئازاد هەورامی، کە لە ناوەندی کۆمەڵە بوون.


تێبینی: ناوی سیانی ئەو کەسانە نازانم، ئەو ناوانە هەندێکیان ناوی نهێنینی پێشمەرگایەتیان بوو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە