ڕونکردنەوەیەک لە ئارامۆ و ئەڤین ئاسۆ وە

Friday, 30/12/2011, 12:00

1910 بینراوە







زۆربه‌ی‌ ئه‌و خوێنه‌ره‌ به‌رێزانه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا ئاگاداری‌ هه‌ندێ‌ له‌رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان بوون ئه‌و راستیه‌یان له‌به‌رچاو روونه‌ كه‌ به‌شێك له‌و بڵاوكراوانه‌ له‌بۆنه‌ی‌ جۆربه‌جۆردا چه‌ندین ناهه‌قیان به‌رامبه‌ر ئێمه‌ كردووه‌و زۆر پڕوپاگه‌نده‌و هه‌واڵی‌ ناڕه‌وا له‌دژمان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.
جۆری‌ پڕوپاگه‌نده‌كان زۆربوون هه‌ر له‌هه‌وڵدان بۆ زڕاندنی‌ ناوو ناوبانگی‌ كه‌سێتیمان تا ئه‌و راده‌یه‌ی‌ ده‌یان جار هه‌واڵی‌ ناڕاست به‌رامبه‌ر كاره‌كه‌مان له‌كه‌ناڵ‌ چوار و كۆڕه‌ك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.
ئه‌وانه‌ی‌ پیشه‌یان بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م جۆره‌ هه‌واڵانه‌ بووه‌ هیچ كات ده‌ستیان له‌وه‌ نه‌پاراستووه‌ كه‌ بۆ هه‌ر ماوه‌یه‌ك پڕوپاگه‌نده‌یه‌كی‌ نوێیان پێبووه‌.
سه‌رده‌مێك قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرا كه‌ ئه‌ڤین ئاسۆ كچی‌ (ئاسۆی‌ قومری‌) پیاوی‌ رژێمی‌ له‌ناوچووی‌ به‌عس بووه‌، ئێمه‌ هه‌ر له‌و ده‌مه‌دا ئه‌و هه‌واڵه‌مان ره‌تكرده‌وه‌و رامانگه‌یاند هیچ بنه‌مایه‌ی‌ راستی‌ نییه‌.
به‌دوای‌ ئه‌وه‌دا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرا ئه‌و ده‌زگایانه‌ی‌ ئێمه‌ كاری‌ تێدا ده‌كه‌ین به‌فیتی‌ میتی‌ تورك یان ده‌زگا ئیسرائیلیه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستان كه‌وته‌نه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ وێنه‌ی‌ مۆنتاژكراو به‌فۆتۆ شۆپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ڤیدیۆی‌ كه‌سانێكی‌ تر به‌ناوی‌ ئێمه‌وه‌.
ئه‌وانه‌ی‌ خواستی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م جۆره‌ هه‌واڵه‌ ناڕاستانه‌یان هه‌بووه‌ زۆرجار قسه‌ی‌ ئه‌وه‌شیان كردووه‌ كه‌ ئێمه‌ خۆمان به‌مه‌به‌ستی‌ ناوبانگ په‌یداكردن ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌كاتێكدا خۆیان زۆر باش ده‌زانن ئارامۆو ئه‌ڤین نه‌پێویستیان به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ پروپاگه‌نده‌ بووه‌ له‌سه‌ر خۆیان‌و نه‌ له‌سه‌ر شانی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ هه‌واڵی‌ ناڕاست ویستویانه‌ خۆیان پێبگه‌یه‌نن.
ئه‌وانه‌ی‌ به‌وردی‌ چاودێری‌ كاره‌كانی‌ ئێمه‌یان كردووه‌ زۆر به‌باشی‌ ده‌زانن له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌پرۆژه‌ی‌ بچوك ده‌ستمان پێكردووه‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ ورده‌ ورده‌ خۆمان پێگه‌یاندووه‌و گه‌شه‌مان به‌پرۆژه‌كان داوه‌ تا گه‌یشتوینه‌ته‌ ئه‌م ئاسته‌و له‌هیچ قۆناغێكی‌ كاركردنیشدا باكمان به‌و قسانه‌ نه‌بووه‌ كه‌ له‌سه‌رمان ده‌كرێت، چونكه‌ پێمان وابووه‌ سامانی‌ راسته‌قینه‌ی‌ ئێمه‌ پاڵپشتی‌‌و ده‌ستخۆشی‌‌و ره‌خنه‌ی‌ بنیادنه‌ری‌ ئه‌و بینه‌ره‌ ئازیزانه‌ و كه‌سانی‌ پسپۆرو شاره‌زا بووه‌ كه‌ به‌په‌رۆشی‌ سه‌ركه‌وتنی‌ كاره‌كانمانه‌وه‌ بوون.
ئێمه‌ به‌رده‌وام له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌واڵه‌ ناڕاست‌و پروپاگه‌نده‌ ناڕه‌وایه‌نه‌دا بێده‌نگیمان هه‌ڵبژاردووه‌، ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هیچ بنه‌مایه‌ی‌ راستیان تێدابووه‌، به‌ڵكو پێمان وابووه‌ هه‌موو ئه‌و بینه‌رانه‌ی‌ ته‌ماشای‌ كاره‌كانی‌ ئارامۆو ئه‌ڤینیان كردووه‌ ده‌زانن هه‌موو ئه‌و پروپاگه‌ندانه‌ باجی‌ ناوبانگ‌و سه‌ركه‌وتنه‌.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بڵاوكراوانه‌ی‌ ره‌واجیان بۆ ئه‌و جۆره‌ پروپاگه‌ندانه‌ په‌یدا كردووه‌ ئێمه‌ رێگه‌ی‌ یاسایمان نه‌گرتووه‌ته‌ به‌ر، چونكه‌ هه‌میشه‌ پێمان وابووه‌ كاری‌ ئێمه‌ سه‌نگه‌ر گرتن نییه‌ له‌ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندن، به‌ڵكو هه‌میشه‌ له‌رێی‌ به‌رنامه‌ی‌ باش به‌كوالێتی‌ به‌رزو ستانداری‌ جیهانی‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌و قسه‌و قسه‌ڵۆكانه‌مان داوه‌ته‌وه‌.
له‌م سه‌روبه‌نده‌شدا هه‌ندێ‌ رۆژنامه‌و گۆڤارو كه‌ناڵ‌ كه‌ توانیویانه‌ راستگۆیی‌ خۆیان بپارێزن، هیچ كات خۆیان نه‌داوه‌ له‌قه‌ره‌ی‌ ئه‌م جۆره‌ كارانه‌و نه‌بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی‌ هه‌ندێ‌ كه‌س دژی‌ ئارامۆو ئه‌ڤین به‌رپایان كردووه‌.
ئه‌وه‌ی‌ زیاتر هانیداین له‌ئێستادا ئه‌م رونكردنه‌وه‌یه‌ بخه‌ینه‌ روو، ئه‌وه‌ بوو له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا چه‌ند جارێك ئه‌و بڵاوكراوانه‌ی‌ به‌دوای‌ ناوبانگدا ده‌گه‌ڕێن هه‌واڵی‌ ناڕاستیان بڵاوكرده‌وه‌ له‌باره‌ی‌ وازهێنان یان ده‌ركردنی‌ ئێمه‌ له‌كه‌ناڵ‌ چوارو كۆره‌ك، به‌دوای‌ ئه‌وه‌شدا قسه‌و باسی‌ ئه‌وه‌ هێنرایه‌ ئاراوه‌ كه‌ گوایه‌ ئێمه‌ داوامانكردووه‌ له‌كه‌ناڵێكی‌ دیاریكراوی‌ ئاسمانی‌ كار بكه‌ین، به‌ڵام داواكه‌مان ره‌تكراوه‌ته‌وه‌.هه‌موو بینه‌رانی‌ كه‌ناڵ‌ چوارو كۆڕه‌ك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ هه‌واڵانه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی‌ راستیان تێدا نییه‌، بۆ دڵنیایی‌ هه‌موو لایه‌كیش ئێمه‌ له‌و دوو كه‌ناڵه‌ نه‌ به‌ڕێوه‌به‌ر بوین نه‌فه‌رمانبه‌ر هه‌تا له‌كاره‌كه‌مان دوربخرێینه‌وه‌، به‌ڵكو ئێمه‌ هاوبه‌ش (شه‌ریك)ین له‌هه‌ردوو كه‌ناڵه‌كه‌داو ئێستاشی‌ له‌گه‌ڵدا بێت هه‌ر بڕیارێك بۆ دانانی‌ هه‌ركه‌سێك له‌پۆستێكی‌ ئه‌و كه‌ناڵانه‌ به‌بێ‌ ده‌نگ‌و ره‌زامه‌ندی‌ ئێمه‌ ئه‌نجام نادرێت.به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نین كه‌ به‌هیچ جۆرێك داوامان له‌هیچ كه‌ناڵێك نه‌كردووه‌ كاریان له‌گه‌ڵ‌ بكه‌ین هه‌تا داواكه‌مان ره‌ت بكرێته‌وه‌.سه‌رقاڵبوونی‌ ئێمه‌ به‌هه‌ندێك پرۆژه‌ی‌ تایبه‌ته‌وه‌ وایكردووه‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا خۆمان به‌دوور بگرین له‌ده‌ركه‌وتن له‌سه‌ر شاشه‌كانی‌ كه‌ناڵ‌ چوار و كۆڕه‌ك تیڤی‌، ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ هه‌میشه‌ بڕیارده‌ری‌ ئه‌و دوو كه‌ناڵه‌ بوین.هاوكات هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئارامۆو ئه‌ڤین له‌قۆناغێكی‌ داهاتوودا به‌كاری‌ نوێوه‌ ده‌رده‌كه‌وینه‌وه‌ و بۆ زانیاری‌ زیاتر له‌ هه‌ر بابه‌ت و پرسیارێك كه‌ ده‌تانه‌وێت راستی‌ بزانن سه‌ردانی‌ لاپه‌ره‌ی‌ فه‌رمیمان له‌سه‌ر تۆری‌ كۆمه‌ڵایه‌تیمان له‌ فه‌یسبوك بكه‌ن.
خۆشه‌ویستیمان قبوڵ‌ بكه‌ن
ئارامۆ و ئه‌ڤین


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە