پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان داوا دەكات كە دیالۆك بە ئاڕاستەی چارەسەریدا ببرێت

Tuesday, 21/06/2011, 12:00

2341 بینراوە


لەلێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی (www.pcdk.org) عوسمان عەزیز ئەندامی دەستەی كارگێڕی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان رایگەیاند كە رۆژی 18/6/2011 دەستەی كارگێڕی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامداوەو لەكۆبوونەوەدا هەڵوەستە لەسەر دوو تەوەر كراوە، تەوەری یەكەم هەڵسەنگاندنی بارودۆخی كوردستان و ئێراق و ناوچەكە بووە و تەوەری دووەمیش ئامادەكارییەكانی پێنجەمین كۆنگرەی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان بووە.
عوسمان عەزیز گوتی سەبارەت بە بارودۆخی ئەمڕۆی كوردستان دەستەی كارگێڕی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە دیالۆك و دانوستاندنی پێنج قۆڵی لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی ناو پەرلەماندا هەنگاوێكی باش بوو بە ئاڕاستەی چارەسەر كردنی پرسەكاندا و بەردەوامیدان بەو دانیشتنانەی بە پێویست بینی. بەڵام پێی وابوو كە قەتیسكردنی دانوستاندنەكان لەنێوان ئەو پێنج لایەنەدا ناتوانێت چارەسەری ریشەیی بۆ پرسەكان دەستەبەر بكات. هەر بۆیە بە پێویستی بینی كە دانوستاندنەكان بەرفراوان بكرێن و سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و نوێنەری جەماوەر لە سەرجەم شاروشارۆچكەكانی كوردستان و نوێنەری دەسەڵاتەكانی یاسادانان، جێبەجێكردن، دادوەری بەشداریش تێدا بكەن. هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەوان پێیان وایە ئەگەر دیالۆك و دانوستاندنەكان فراوان نەكرێن و پرەنسیپەكانی دیموكراتی لەكاتی دیالۆگدا بەبنەما نەگیرێن، ئەوا ئەو دیالۆگانە ئاشتییەكی سەقامگیر و گۆڕانكاریی ریشەیی و چاكسازی لێ ناكەوێتەوە. بەپێچەوانەوە یان جارێكی تر بارگرژی باڵ بەسەر كوردستاندا دەكێشێت، یاخود سازشێكی پێنج قۆڵی لێ دەكەوێتەوە كە ئەویش پەراوێزخستنی گەل و دیموكراتی لەگەڵ خۆیدا دێنێت.
عوسمان عەزیز وتی ئێمە كۆنفرانسی "بەڵێ بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموكراتی ..نا بۆ توندوتیژی و سەپاندنی بێ چارەیی " كەبەدەستپێشخەریی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان ئەنجامدراو زیاتر لە 25 پارت و رێكخراوی مەدەنی و دەیان كەسایەتی ئەكادیمی و كۆمەڵایەتی و ئایینی بەشداریان تێدا كردو ئەنجامەكانی و دروستكردنی ئەنجومەنی بەڵێ بۆ دیالۆگ بەهەوڵێكی گرنگ دەنرخێنین و پێمان وایە ئەو ئەنجومەنە دەتوانێت میكانیزمەیەكی گونجاو بۆ سەرخستنی دیالۆگ بەرهەم بهێنێت. رەخنەی ئاڕاستەی پێنج لایەنەكە كرد كە سەرەڕای بانگێشتكردنیان ئامادەی كۆنفرانسەكە نەبوون. هیوای خواست كەلەكۆنفرانسی ئاییندەدا ئامادە بن.
هەر لەم بارەیەوە عوسمان عەزیزئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە پێویست بوو پرۆژەی سێ لایەنەكە بۆ گفتوگۆ تەنیا ئاماژەی بۆ پرۆژەكەی خۆیان و پەرلەمان و ئەنجومەنی سەرای ئازادی و لێدوانەكانی سەرۆكی هەرێم نەكردایە، بەڵكو ئاماژەی بۆ پرۆژەی لایەنەكانی ترو خەڵكانی سەربەخۆش بكردایە، چونكە ئەو پرۆژانە بە تەنیا هەموو داخوازییەكانی جەماوەر لەخۆ ناگرن. ئەمەشی وەكو پەراوێزخستنی داخوازی بەشێكی جەماوەر ولایەنە سیاسیەكانی كوردستان بەناو كرد. هەروەها نەبوونی ئالیەتێكی گونجاو لەناو پرۆژەكەدا بۆ فراوانكردنی دیالۆك و گۆڕانكاری بەبەشێكی تری لاوازی پرۆژەكە لەقەڵەمداو بە پێویستی بینی كە ئەو كەموكورتیانە لەبەرچاو بگیرێن و ئۆپۆزسیۆنی ناو پەرلەمان بە نەفەسی دەسەڵات مامەڵە لەگەڵ دانوستاندنەكان نەكات و پێداگیری لەسەر فراوانكردنی مێزی گفتوگۆ بكات. چونكە نەبوونی ئالییەتێكی گونجاو لەهەر پرۆسەیەكدا هۆكارێكی سەرەكییە بۆ بن كەوتنی پرۆسەكەو لێرەشدا بەزیانی گەل و دیموكراتخوازان تەواو دەبێت.
عوسمان عەزیز سەبارەت بە راگەیاندنی ئەنجامی قۆناخی یەكەمی چاكسازیی لەلایەنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە گوتی ئێمە ئەو هەنگاوانەمان وەكو هەنگاوی باش بینی و بەڵام پێمان وایە ئەو هەنگاوانە سەرەتایەكی كەمن و پێویستە هەنگاوی مەزنی بەدوادا بێت و تەنیا لە بواری تەكنیكیدا نەمێنێتەوە و بتوانێت دەست لە پرسە مەزنەكانیش وەر بدات و سەر پێچیكارانیش ئاشكرا بكرێن و بدرێنە داداگا. هەروەها بەپێویستی بینی كە سەرۆكی هەرێم رۆڵی خۆی ببینێ لە دروستكردنی ئالییەتێكی بەرفراوان و گونجاودا لەپێناوی گۆڕانكاری ڕیشەیی و سەرلەنوێ بونیادنانەوەی هەرێمی كوردستاندا. عوسمان عەزیز گوتی ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی كە تێكۆشانی بەردەوام و هەمە لایەنە بەڕێوە ببەین لەپێناوی چارەسەری دیموكراتیانەی كێشەكان و چەسپاندنی عەدالەت و ئاشتیەكی كۆمەڵایەتیدا.
عوسمان عەزیز گوتی ئێمە وەكو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان ئاڵۆزی بارودۆخی ئێراق و ناجێگیری حكومەت و بەهەڵواسراوی مانەوەی پرسەكان و قوڵبوونەوەی ململانێیەكانی نێوان لایەنە عەرەبەكانی ئێراق و پرسی چوون یان نەچوونی سوپای ئەمریكا لە ئێراق بە كۆمەڵێك كێشەی جددی دەبینین و پێمان وایە پێویستە كە وەكو كورد هاوشێوەی باكووری كوردستان كار بكەین بۆ ئەوەی ببینە خاوەنی ئەجیندایەكی هاوبەش هەم لەناو خۆماندا هەم لەگەڵ لایەنە دیموكراتخوازەكانی ئێراقداو بەیەكەوە كار بۆ سەرخستنی بكەین چونكە تەنیا لەرێگەیەكی بەو ڕەنگەوە دەتوانین چارەسەرییەكی دیموكراتیانە و ئایندەیەكی ئارام دەستەبەر بكەین و لەم چوارچێوەیەدا ئەو دەستپێشخەرییەی كە لەم ماوەیەدا لەكەركوك كرا بۆ پێشخستنی دیالۆك لەنێوان كورد و توركماندا و پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستانیش بەشدار بوو تێیدا بەدەستپێشخەرییەكی باشی نرخاند و گوتی ئێمە هەوڵ دەدەین ئەم جۆرە دیالۆكانە بەردەوام بێت. ئەوەشی گوت كە دروستكردنی "گروپی ئایندە" لەلایەنی كۆمەڵێك رۆشنبیر و لایەنی سیاسی و مەدەنییەوە لەكەركوكیش كە ئێمەش بەشدارین تێیدا هەوڵێكی لەم جۆرەیە.
عوسمان عەزیز سەركەوتنی بەرەی رەنج و ئازادی و دیموكراتی لەهەڵبژاردنەكانی توركیا و سەرهەڵدانی گەلەكەمان لە رۆژئاوای كوردستانی بە دەسكەوتی گرنگ پێناسە كرد و گوتی ئەوانە زەمینەی ئەنجامدانی كۆنفرانسی نەتەوەییان رەخساندووەو گرنگە هەوڵەكان چڕ بكەینەوەوە بۆ ئەوەی هەرچی زووە هەنگاوی كرداری بەم ئاڕاستەیەدا بنێین و جەختی لەوە كردەوە كە ئەوان هەموو تواناكانی خۆیان لەم پێناوەدا دەخەنە گەڕ. بەپێویستی بێنی كە لەم قۆناخەدا پشتیوانی لەو دەسكەوتانە بكەین كە لە باكوور و رۆژئاوا بەدەست هاتوون و هانی پارت و لایەنە كوردستانیەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش بدەین كە بەم ئاڕاستەدا هەنگاو بنێن.
لەكۆتاییدا عوسمان عەزیز باسی لەوە كرد كە ئامادەكارییەكانیان بۆ بەستنی كۆنگرەی پێنجەم بەرەو تەواو بوون دەچێت و بڕیارە لە پایزی داهاتوودا كۆنگرە ئەنجام بدەن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە