رۆژانە لەسەر زمانی سەرۆکەکان و بەرپرسانی باڵای کوردستان و عیراقەوە باس لە هەبوونی گەندەڵی و تاوان دەکرێت لە کۆی جومگەکانی دەڵاتی سیاسیدا، بەڵام تا ئێستا نەبینرا و نەمانبیست کەسێک لەم تاوان بار و گەندەڵانە لەسەر گەندەڵی و خیانەتی نیشتیمانی راپێچی دادگا بکرێن، لەبەرامبەردا رۆژانە، خەڵکانی ئازادیخواز لەگشت چین و توێژەکان بەتۆمەتی بێمانا و داتاشراو راپێچی دادگاو زیندانەکان دەکرێن.
دادگاکانی کوردستان هێندە بڕیار و تۆماری قزەون و شەرمهێنەری تێدایە کە بۆتە پەڵەیەکی رەش و شەرمەزاریەکی گەورە و لەکەدارکردنی ناو وناوبانگی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەشی.
دۆسییەکانی تیرۆری ئازادیخوازان و رۆژنامەنووسانی وەک بەکر عەلی و سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و چەندانی تر، رفاندن و هەوڵی کوشتنی رۆژنامەنووس و رۆشبیری دیار لە شێوەی کەیسەکانی هەوڵی تیرۆری ئەحمەد میرە و ئاسۆس هەردی و دەیانی تر. کردنەوەی دۆسێیەی بێ بنەما لەدژی دەیان رۆژنامەنووس و خاوەن قەڵەم بڕینەوەی حوکمی زیندانیکردن و غەرامە کردنیان بە ژمارەی خەیاڵی، دەرکردنی بڕیاری گرتن و سزای بڕینەوەی حوکمی بە هەوانتە بۆ چالاکوانانی مەدەنی و رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان لەنمونەی، برایمی کاکەئەحە و بیلال نوری و سەید ئەکرەم. ئەمە جگە لە تاوانباکردنی ئەندامانی تۆری بەرگری لەماف و ئازادییەکانی خەڵک وەک رێکخەری خۆپێشاندانەکەی ١٧ شوبات بە بیانوی تۆمەتی نابەجێ و بێ ببنەما، راپێچکردنی چالاکوانان و هەراسانکردنی خۆیان و خانەوادەکانیان لەلایەن دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایشەوە تەنها لەبەرخاتری ئەوەی کە ئامادەی دانوسان و سات و سەودا نەبوون لەگەڵ دەسەڵاتدا لەسەرمافەکانی خەڵک. راپێچکردنی نزار محەمەد دووجار بۆ بەردەم دادگای حیزب و توندکردنەوەی فشاری بەردەوام لەسەری، بەهەمان شێوە ئارام جەلال و خالید عومەر و ئەندامانی تری تۆری بەرگری لەلایەن دادگاوە، هەر رۆژەو بەبیانویەک و لەسەر خواستی تەقەکەران و تاوانبارانی ١٧ شوبات، ئەو راستیە ئەسەلمێنێت کە دادگا تەنها مەبەستی دادگای کردنی ئازادی و ئازادیخوازانە، دەیەوێت لەم رێگەیەوە چالاکوانان و رۆژنامەنووسان و تەواوی ئازادیخوازانی کۆمەڵگا دەمکوت و سەرکوت بکات.
هەموو ئەمانەش مشتێکن لەخەرواری تاوانەکانی دادگا و دادوەرانی کوردستان، کە ئەمرۆ لەسایەی یەکێتی و پارتیدا بەناوی یاساوە دەستیان خستوەتە بینەقاقای خەڵک و خەڵکی بێتاوان راپێچی زیندان و ژورە تاریکەکان دەکرێن.
لە بەرامبەر ئەم هەموو ناشرینی و نا دادییەدا تاوانباران ئازاد دەکرێن و خەڵات دەکرێن ! مرۆڤ کوژان و خوێن ڕێژانی سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوبات و رۆژانی دوای، کە رۆژانە بە بەرچاوی دادگاکانەوە خەڵات و شاباش دەکرێن نمونەی دیاری ئەم نا دادیانەن.
بۆیە دەکرێت بپرسین، ئایا لەکوردستاندا شتێک هەیە بەناوی دادگا ؟ ئەگەر هەیە کامە کارو فەرمان و کاریگەرییەکانیەتی، لەکاتێکدا کە رۆژانە رێژەی تاوانەکانی ژن کوشتن و شەڕ و تۆڵە کۆمەڵایەتییەکان لە ئاستێکدایە کە کەس لەسەر و ماڵی دڵنیانییە. لەسایەی دەستێوەردانی حزب و خۆفرۆشی دادوەرەکان ڕێژەی تاوان ڕۆژانە لە هەڵکشاندایە، ئەگەر دادگایەک لەجێگای دادوەری کردن و دەرکردنی حوکمی دادپەروارانە، بڕیار و دۆسییەکان ئاوەژوبکاتەوە ئەگەر هەشبێت داخستنی باشترەنییە ؟ ئەوەی لە ئێستادا لەکوردستان رودەدات، بەپێچەوانەی هەموو دنیاوە لەدادگاکاندا ئازادی دادگای دەکرێت، تاوانباران بکوژانی و خەڵک بڕیاری لێخۆشبونیان بۆ دەردەکرێت.
بۆ ئەم مەبەستەش، لێرەوە بانگەواز لەگشت چین و توێژ و رێکخراو کەسانی ئازایخواز لایەنێک ئەکەین کە هەرچی زوە هەلوێستی مرۆڤدۆستانەی خۆیان دەربرن و بەشێوازی مەدەنی جۆراوجۆر بۆ گەرانەوەی کەرامەت و سەروەری بۆ دادگاکان و راپێچکردنی دادوەرانی خۆفرۆش و تاوانبار بۆ لێپرسینەوە، وە هەموولایەک دەستبدەنە سەرەکۆنەکردن و رەخنەگرتن و فشاری جۆراوجۆر بۆ پاک کردنەوەی دادگاکان لە دادوەرانێک کە بریاری هەڵە لە چارەنوسی هەزاران خەڵکی بێتاوان دەدەن لەلایەک ، دادوەران و دادگاکان خۆیان بونەتەوە هۆکاری دێرێژەدان بە تاوان و گەندەڵی لەلایەکی تر. وە هەموولایەک دەستبدەنە رێکخستنی کەمپینگ و کاروچالاکی، مەدەنی و میدیای و هونەری و سیاسی و هەرکار و چالاکیەکی دیکە کە بتوانێت رووی راستی دادوەران و دادگاکان بۆخەڵک ئاشکرابکات، لە پێناوی گەڕانەوەی رۆڵی راستەقینەی دادگا بۆ بەدیهێنانی دادوەری.