بڕوانامەی ساختە لە هەرێمی كوردستان (زانكۆکان بە نمونە)

Thursday, 08/09/2011, 12:00

3673 بینراوە


بروانامەی ساختە سوكایەتییە بەزانكۆ و بە پیرۆزیی بروانامە
بروانامەی ساختە دیاردەیەكی نوێ نییە لە جیهاندا بەلام بەزۆری لەو ولاتانەدا بەرچاو دەكەون كە بارودۆخی جەنگ یان پشێوی و گەندەڵی و بێ یاسایی بەرقەرارە. عێراق و هەرێمی كوردستانیش یەكێكە لەو ولاتانە. بروانامەی ساختە لەهەرێمی كوردستاندا بەتەنیا ئەوانەی نێو زانكۆ ناگرێتەوە بەڵكو سەرجەم دامودەزگاكانی دەولەت دەگرێتەوە، لە نێو حكومەت و حیزب و وەزارەتەكان، زانكۆ و پەروەردە و بگرە نێو پەرلەمان و ئەنجومەنی پاریزگاكانیش دەگرێتەوە. ژمارەیەكی بەرچاو لەبروانامەی ساختە لەهەرێمی كورستاندا هەن، بەڵام لەوە تراژیدی تر ئەوەیە كە دەسەلات ئامادە نەبووە لێكۆلینەوە و لێپێچینەوە ئەنجام بدات وێرای بەلگەنامەكان. داخۆ هۆكەی لەوەدا بێت كە ژماریەكی بەرچاو لە بەرپرسانی دەسەلات خۆیان خاوەن بروانامەی ساختە بن؟.ئەم شتە بەتەنیا كێشەی بروانامە و ئەكادیمیا نییە، كێشەكە پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیشەوە هەیە، غەدرێكی نەتەوەیی و ئینسانیشە و كوشتنی زانست و سوكایەتییە بەدەولەت و زانكۆش وپیرۆزیی بروانامە بەگشتی.

بریارەكەی وەزارەتی خوێندنی بالا بۆ پێداچوونەوە بە بروانامەكان
ئەو كاتەی من ئەندامی لیژنەی هاوتاكردنی بروانامەكان بووم لەزانكۆی سلێمانی پرۆژەیەكی پێنج خاڵ لەلایەن منەوە بەریگای لیژنەكەوە بۆ یەكلایكردنەوەی بروانامەكان خرایە بەردەم وەزیری خوێندنی بالای ئەوكاتەی حكومەتەكەی سلێمانی كە د.ئەختەر بوو. رەزامەندی لەسەر پرۆژەكە دەربری كە لیژنەكەمان لەسالی 1992 بەدواوە هەتا بەرواری پرۆژەكە پێداچونەوە بەبروانامەكاندا بكەین. لەبەر رۆشنایی ئەو بریارەی وەزیری خوێندنی بالای ئەو كاتە سەرۆكی زانكۆی سلێمانی لە 6/3/2006 داوای لە كۆلێژەكان كرد بۆ ناردنی بروانامەكانیان. دواتر لەسەر داوای ئێمە نووسینەكە راستكرایەوەو لە 9/3/2006 داوای كردەوە كە بروانامە هاوتاكراو، هەروە‌ها هاوتا نەكراوەكانیش بنێردرێن بۆ لیژنەكە چونكە هەیە بروانامەكەی هاوتاكراوە بەلام موستەحەقی ئەو هاوتا كردنەی نەبووە.

كەس بەدەنگ داواكاریەكەی سەرۆكی زانكۆوە نەهات
بۆ داواكاریەكەی سەرۆكی زانكۆ كەس لەكۆلێژو مامۆستاكان بەدەنگ داواكاریەكەوە نەهاتن. بروانامەكان نەنێردران ولێپرسینەوەش ئەنجام نەدرا. دوای ئاراستەكردنی نوسراوێكی ئێمە سەبارەت بەم بابەتە بۆ ئەنجومەنی زانكۆ، سەرۆكی زانكۆ لەبەرواری 30/6/2006 بەنامەیەك وەلامی دامەوەو دەنوسێت: "ئەم یاداشتە پێویستی بە دارشتنی میكانیزمێكی گونجاو هەیەو لە ئایندەیەكی نزیكدا لیژنە بەرێزەكەتانی لێ ئاگادار دەكەینەوەو دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی زانكۆ". ئەم ئاگادار كردنەوەیەو میكانیزمە گونجاوە هەتا ئەمرۆش بێدەنگ ماوەتەوە.

خراپ هاوتاكردنی بروانامەكان
چەندین هەن بەكالۆریۆسیان هەبوە، لەبەر هەر هۆیەك بێت بۆیان كراوەتە ماستەر بێئەوەی توێژینەوەی ماستەریان هەبێت و وەحدەی تەواویان هەبێت. هەیە بروانامەی بەكالۆریۆسی نیەو بۆی هاوتاكراوە بە بەكالۆریۆس، چەندین هەن بەكالۆریۆسی تەواو كردوە لە زانكۆ بیئەوەی بروانامەی دواناوەندی هەبێت و سەرۆكی زانكۆو راگرەكانیش ئاگادارن، ئایا ئەمەیە چاكسازیەكانی دەسەلات لەم هەرێمە؟ ئەگەر داوای بروانامە لەهەندێك بكرێت ئەوەی هاوتاكراوەكەت بۆ دەهێنێت، بەلام ئایا بروانامە ئەسلیەكە گونجاوە لەگەل هاوتاكراوەكە؟ كەسێك بروانامەی ماستەری هەبێت ئەی نابێت (بەحسی ماستەری) هەبێت؟ هەروەها ئەبیت بەحسی بەكالۆریۆسیشی هەبێت. دوو بروانامەو دوو بەحسی تەخەروج دەبێت هەبن (بەكالۆریۆس/ماستەر/ دكتۆرا). لەئەلمانیا بۆ دەرچووی زانكۆ دوو جۆر لە بروانامە هەبوون، یەكێكیان دبلۆم، ئەوەی تر لەسەری نوسراوە ماستەر ئارتیۆم بەلام ئەمە ماستەر نیە بەلكو بەكالۆریۆسەو هەندێك كەس لەهەرێمی كوردستان ئەم شتەیان بۆ مەبەستی خراپ بەكارهێناوە، بەلام بۆیان هاوتاكراوە بەماستەر، ئەگەر لەنەزانینەوە بێت لەهەریم، خۆدەبێت بەحسی ماستەرەكەی بخاتە بەردەم هەروەها ئەوەی بەكالۆریۆسەكەشی، ئەگەر زانراویش بوبێت و بۆی كرابێت ئەوە لیژنەی هاوتاكردنەكە لێی بەرپرسە.

لیژنەكەمان هەلوەشێندرایەوە بێ ئالوگۆر كردنی بەلگەنامەكان
لیژنەكەمان، لیژنەی هاوتاكردنی بروانامەكان لە سلێمانی هەلوەشێندرایەوە نەك هەر پێشتر ئاگادار نەكراینەوە لەو بریارە بەلكو لیژنە نوێكەی هەولێر داوای دۆسیەكانیشی لەئێمە نەكرد، یان ئەو كێشەی بروانامانە بخەین بەلایەكدا كە هێشتا هەلواسراو بوو. هەیە لە لایەن لیژنەكەی سلێمانی وەك هاوكاریەك بۆ ماوەیەكی كاتی بروانامەكەی بۆ هاوتا كراوە بەو مەرجەی كە لەماوەی چەند مانگێكدا وەحدە نوقسانەكانی بهێنێت لەو ولاتەی لێوەی هاتوە، بۆ نمونە "مامۆستا" سەرنج سالح عەزیز كە مامۆستایە لە بەشی كۆمەلناسی زانكۆی سلێمانی و كرایە سەرۆك بەش یش (بروانە ئاوێنە، 9.8.2011، ل.2). بەلام دواتر بروانامەكەی نەهێناو هەر هێشتا مامۆستایە. ئیستە زانراوە كە تەنیا یەك سالی ماستەری خوێندوە (بروانە ئاوێنە). هەیە راوێژكاری سەرۆك كۆمارەو گۆمانی قورس لەبروانامەكەی دەكرێ كە لەروسیا گوایە بەدەستی هێناوە. چەندین بروانامەی ساختە لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ دەرەوەی عێراق دروستكراوە.

وتوێژەكانم لەگەل وەزیرەكانی خوێندنی بالا
من لەگەل وەزیری خوێندنی بالای پێشوو د. ئیدریس هادی لە وەزارەت لەسەر ئەم بابەتە دووام. وتی من ئاگاداری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی دەكەم بەلایەنی كەمەوە بروانامە هەلواسراوەكان بخەن بەلایەكدا، ئەم بەرێزەش هیچی ئەنجامنەدا. بەم شێوەیە لەگەل وەزیری خوێندنی بالای ئێستەش بەرێز د.دلاوەر لە وەزارەت نوسینیشم خستە بەردەم، ئەمیش بێئەنجام ماوەتەوە. ئێستە دۆسیەكەم بۆ داواكاری گشتی / سلێمانی ناردوە. بزانین ئەم دەزگایە چیدەكات.

دادوەرێك فەرمانی سزا دەردەكات بەلام بروانامەكەی ساختەیە
كەسێك ویژدانی چۆن قبول دەكات بروانامەیەكی لەگیرفاندایە ساختەیە یان بەغەدر بۆی هاوتا كراوە. یاساییەك لەوانەیە رۆژگار بیكاتە دادوەر، یان پزیشكێك دواتر نەشتەرگەری مرۆڤ بكات بەلام بروانامەكەی ساختەیە، یان دادوەرەكە فەرمانی كوشتن یان زیندانی بەسەر تۆمەتباریكدا ئەدات بەلام لەبنەرەتدا بروانامەكەی شەرعی نیە. ئەی ئایا دەسەلاتێكی سیاسی دەولەت وهەرێمێك چۆن پێناسە بكرێت ئەم راستیانە بزانێت وهیچیش ئەنجام نەدەن؟

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە