كەركوك پەیامێكە پێمان دەڵێ: سەربەخۆیی خەونى حوشترە

Sunday, 22/12/2013, 12:00

1546 بینراوە





جێی داخە ژمارەیێ لەدەسەڵاتدارانى سیاسی كورد(لەدیدگای بیردانى تەسكى حزبی) یەوە تا بۆی بلوێ لەپێناو دەستكەوتى پێگە و جێگە و دەسەڵاتى خۆیان، ئەوەى لەدەستیانبێ تووشی شۆك و پەتاى كوشندەی ڕقهەڵگرتن و بێزبوونەوەمان لەدیرۆكى ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو دەكەن كە چەپ و ڕاست بەسەر كۆی شانازیەكان دابێنین نەخاسمە ئەوانەى ئامادەگیان لە ساحەكەدا هەیە و كەچی لەپێناو ڕەچاوكردنى بەرژەوەندییەكی بەرتەسك (دروشمهەڵگرێكن بەهوتافی: ئەگەر دەسەڵات دەسەڵاتى من نەبێ ئەوە نابێ ئەو دەسەڵاتە بۆ كەس بێ) هەر بۆیە هەڵگری ئاڵای ئەو دروشم و ئەقڵیەتە كۆنەپەرستیە جۆشی دەدات قوربانى بەهەموو شتە پیرۆزەكان بدەن، با ئەو پیرۆزیان بە قودس و دڵ و خۆر و هەناسە و چی و چی ناوزەد كرابێ.
بینیومانە و دەیبیستین وڵاتگەلێ لەسایەى سامانە دەوڵەمەندەكەی زۆروزەبەندی نەوتەوە (نەوت لەچاوى نیعمەت) گەیشتوونەتە لوتكەی خۆشنوودی و خەڵكەكەى لەو پەڕی بەختەوەری دەگوزەرێ كە لەهاوكێشە گشتیەكەدا بوونەتە پێشەنگ و سەرقافڵەى مرۆڤایەتى. وەلێ لەتەكدا هەیشە (نەوت لەچاوى لەعنەت) نەهامەتى بۆ هێناوە خێروخۆشی لەو گەنجینە و زێڕە ڕەشە نەبینێ كە وەك دێوەزمە و مۆتەكەی پڕ مەینەتى هەمیشە بچەوسێتەوە، هەمیشە چاوى نەیار و داگیركەرانى بەسەرەوە ببێ و بەردەوام لەئاست خواست و داخوازیەكانیدا سەركوت و دەمكوت بكرێ و تەنها و تەنها بەشمەینەتی و نەگبەتی بۆ بمێنێتەوە، ئەوەتا كورد لەزێد و شارستانیەتى خۆی لەسەر سینگە نەوتاویەكەى بابە گوڕگوڕ ڕادەگوازێ و هەموو شێوازەكانى تەعریب و تەبعیس و داپلۆسینێكى لەهەمبەر تاقی دەكرێتەوە و تا بەم ئان و ساتە ڕادەگات خودان شوناس و بڕیاربەدەستى خۆی نییە لەدەست نیشانكردنى چارەنووسیدا.
هەڵبەتە لەوەتەى دەوڵەتى ئێراق دامەزراوە ئەم شارە خێر لەخۆ نەدیوە پەیتا پەیتا لەژێر مەحكومیەت و چاوتێبڕینى دەسەڵاتدارە سەركوتكارە یەك لەدوا یەكەكان، خێر و بێرەكەى بۆ خۆیان دەبەن و هیچ خێرێكى پێ ناكەن كە سەروسیمای لەشار و هەناسەى ژیان تێیدا بە ئاسانى بدات بەتایبەت بەرامبەر بە زۆرینەى دانیشتوانەكەى كە كوردە و بەكوردستانى تێ دەگات كە ئەگەر ئەو نەوتە نەبوایە زۆر لەمێژبوو دارودەستەى ئەو حكومەتانەی پێشووبە دیاری و بێ بەرامبەر ئەو شارەیان بۆ جێ دەهێشتین و ئەو هەموو هەرا و شەڕو شۆیەیشی پێ نەدەویست.
ئەم زەویە پڕ لە نەوتە دابینكەری داهتوویەكى گەشە بۆ كورد لەڕوانگەى كوردستانى بوونیەوە، كەچی دەسەڵاتدارانى كورد ئەوەندە بچوكیان كردۆتەوە، پیاو سەرسام دەبێ ئاخۆ ئەو هەموو سازشەیان لەسەر چییە؟ بۆ دەبێ دۆڕاوى یەكەم و دواهەمینیان گرەوكردنبێ لەسەر لاشە تۆپیویەكەى هەندێ بەرژەوەندی تایبەت؟ لەكاتێكدا بە وتەى بەرپرسێكى ئەمریكی كە لە یەك لەدانیشتنەكان گوێبیستى بووم، بێ پەروا ئەوەی جاڕدا كە كورد بە یەك دەستى و كۆڵەگە بەهێزەكەى یەكخستنى ماڵی خۆی دەتوانێ بە مافە ڕەواكانى بگات و لە پچڕ پچڕ بوونی گفتار و وتار و ئاڕاستە جیاوازەكان و دژە هەڵوێستەكانیان هیچ تروسكاییەك بۆ ئەو سەربەخۆییە ناهێڵێتەوە كە ئەوان داوای دەكەن، تەنانە لە پرسیارێكدا: ئاخۆ ئەوە نییە پارتى و یەكێتى لەسەر ئەم شارە شەڕی ئەم ناوچە كێشە لەسەرانەیان بۆ بەغدا گواستۆتەوە؟ بە پێكەنینەوە هەڵیدایێ: ئەوەى ئێمە دەیبینین ئێوە دركى پێ ناكەن، ئەوەندەى بۆ ئاڵوگۆڕكردنى بیروبۆچوونەكان سەردانى بارەگاكانى پارتى و یەكێتیمان لەم شارە كردووە وەك دوو حزبی دەسەڵاتدار و دەستڕۆیشتوو تەعەجوب ماوین بەو شێوەیە گەمە بەهەست و نەستى یەك دەكەن، دەچینە لای یەكێتى لەجیاتى پرۆژە و شتى لەو بابەتە تەنها زەم زەمى پارتیە و بەدیوەكەى دیكەیش بەهەمان شێوە ڕاستە.
ئەوەى لەو كۆمێنتە دەفامرێ ئەوەیە بەرپرسانى ئەم شارە ئەوەندەى لەخەمى سووك كردنی یەكتر و دابەزینن بۆ سەر كەرامەتى یەكدی، نیو هێندە هەڵگری ئەو پەیامە نین لە خەمى پڕۆژەى نیشتیمانى و ئینتیمای نەتەوەییدا ململانێكانیان چڕ بكەنەوە كە لەبەردەم هەڕەشەكان و هەموو ئەگەرە چاوەڕوان نەكراوەكاندا خەڵكە دڵی بۆ وەزعەكە بسووتێ و لەكاڵبوونەوەى هەژموونى ئەو نادادپەروەری و كێبڕكێیەى لەپێناو هیچ بۆی تێ دەكۆشن بەكڵۆجێ باڵی بەسەر خەڵكەكە كێشاوە كەمتر خۆیان بەخەمخۆر و پەرۆشی ئەو داهاتووە بزانن كە خۆی لەسەربەخۆیی دەدۆزێتەوە.
درزخستنە نێو ماڵی كورد و یەكڕیزى دەنگ و ڕەنگ و بیرو ڕاكان، شكستى بەو هەوڵە هێنا كە لێرە و لەوێ خەڵكانێك بەناوى پەرۆشی بۆ داهاتوو و دابینكەری مافە سروشتیەكان هەوڵەكانیان خستبووە گەڕ، ئەفسووس پاساوەكانى ئەم ماوەیەى هەڵوەشاندنەوەى لیستى كوردستانى لەم شارە زەنگێكى خەتەرناكى بەگوێی هەمووان چرپاند كە لەم قۆناغەدا پاساوە بێ بنەما و هەنجەتە بێ هەنجەتەكان هی ئەوە نەبوون نموونەیەك لە پەرتەوازەیی نیشانى دەرەوە بدەن لە گەورەكردنى مێشێ بە گامێشێ كە لەئاكامى خۆفەرزكردن و نەچوونە بن باڵی ئەم سیاسەت و ئەو سیاسەتەوە، پەیامەكان ڕوونتر دەركەوتن كە نیەت پاكى لە یەكڕیزى سەركردایەتى سیاسی كورد نییە نەخاسمە ناوچە كوردستانیەكانى دەرەوەى هەرێم.
من لەڕوانگەى پێ ناخۆشبوون و پەرۆشیەوە وای دەبینم دەستى دژایەتى تۆمەتباركردنى پارتى و یەكێتى بەیەكتر خزمەت بەدۆزى ڕەوای ئەم شارە ناگەیەنێ، لەكاتێكدا:

یەكەم: ئەگەر پارتى بیانووەكانى بۆ سەرۆكى ئەو لیستە(د.نەجمەدین) دوای ئیمزاكردن و دەربڕینى تەواوی لایەنەكان كە دواتر بە كەمتر لەدوو كاتژمێر سەرتۆپی لیستەكە هەڵوەشایەوە، بیانووەكان بۆ دەرچوون و قایل نەبوون بەو كەسە تا ببێتە سەرۆكى لیستى برایەتى و پێكەوە ژیان لەو شارەدا ئەگەر ئەوەبێ گوایە نەجمەدین كەریم دیوانى پارێزگای كردۆتە مەڵبەند و كۆمیتە، رێنماییەكان لەوانەوە وەردەگرێ، كە دیارترین و زەقترین ڕەنگدانەوەى بەڵگە بۆ ئەو حاڵەتە لابردنى چەند بەڕێوەبەرێكى پارتى لە پۆستەكانیان، ئەوەش دەریدەخات ئەو كابرایە لەو شارەدا پیادەى حزبایەتیەكى بەرتەسك دەكات و كار بۆ سڕینەوە و لاوازكردنى پارتى لەو شارە دەدات كە ئەوەش بۆ پارتى مایەى قەبوڵكردن نییە و هەڵوێستى خۆی لەوەدا وەردەگرێ یان دەبێ دكتۆر نەجمەدین سەرۆكى ئەو لیستە نەبێ وەئەگەر هیچی پێ نەكرێ ئەوا قورسایی خۆی هەیە و لەو لیستە دەكشێتەوە وەكو دواتر بەهەڵوەشاندنەوەى لیستى كوردستانى تەواو بوو.

دووەم: هاوكێشەیەكى نەگۆڕ بۆ دابەشكردنى پۆستە ئیدارییەكان لە شارەكانی دەرەوەى هەرێم بەپێی رێكەوتنێك لەگۆڕێ بووە لەسەر بنچینەى ئەو دابەشبوونەى پشكى دهۆك و هەولێر بۆ پارتی و سلێمانیش بۆ یەكێتی، لەوەشدا یەكێتى خۆی بە مەزلووم و مەغدوور دەزانێ كە لەهەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگای موسڵ بەپێی لیستى هاوبەش پارتى هیچ حیسابێكى بۆ یەكێتى نەكرد و لەو شارەدا سەرەڕای ئەوەى هاولیست بوو كەچی ئێستا ئەو لە ئیدارەیە و ئەویش بووەتە ئۆپۆزسیۆن .

سێ یەم: دیسان جێی داخ و نیگەرانیە كە تا ئێستا حزبە بچووكەكان و تەنانەت ئەوانەى دیكەیش كە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن لەهەرێم دەزانن نەیانتوانى هەڵوێستێكى ڕوون دەرببڕن تا لە ئەنجامى ئەو ململانێیەى نێوان پارتى و یەكێتى، داكۆكى لەسەر یەك لیستى بكەن و نەكشێنەوە، كەچی بەجۆرێ خۆیان دەرخست ئەگەر لەهەر شوێنێ پارتى و یەكێتى بەیەكەوە نەبوون ئەوە نابێ ئەوانیش بچنە نێو هاوكێشەیەك كە لەدەرەوەى ئەواندابێ.

چوارەم: بۆ كورد تا ژمارەى كورسیەكانى لەپەرلەمانى ئێراق زیاتربێ ئەوەندە دەتوانێ جەخت لەسەر داواكاری و داخوازیەكانى بكاتەوە كە بەبۆچوونى من ژمارەى كورسیەكان هەرچەندێكبن هێشتا ناگەنە ژمارەى كورسی عەرەبەكان، وەلێ كورد بەم هەڵوەشاندنەوە دیارییەكى بەنرخی پێشكەش بەعەرەبە شۆفێنیستەكان كرد و مەسجێكیان نارد بەوەى چیتر نەترسێن كورد لێیان جیابێتەوە چونكە بەكردەوە سەلماندى خاوەن یەك بریار و یەك وتاری سیاسی و لەمەسەلە چارەنووسسازەكان كۆدەنگ نییە كە ڕەنگە كاریگەری خراپ و دژواری لەسەر ورووژان و جاڕدانى دەوڵەتى سەربەخۆیی هەبێت بەڕەنگ و بۆیەكى ئەوتۆ عەرەبەكان پشتى خۆیان بكەنەوە و بڵێن: كورد خەونى حوشتر دەبینێ، ئەگەر جیایش بێتەوە ئەوەندە ناتەبا و ناجۆرن خۆبەخۆیی دەكەونە وێزە و گیانى یەكدی و شەڕی یەك دەكەن كە لەم قۆناغەدا بەهۆی بەرژەوەندیە تایبەتیەكانەوە ناچارن چاوپۆشی لەزۆر شت لەشتەكانى خۆیان بكەن.

پێنجەم: چارەنووسی ئەم شارە زۆر زۆر لەململانێی نێوان پارتى و یەكێتى گەورەترە كە هەر یەكێكیان وابیر بكەنەوە كە دەبێ هەر دەستكەوتێك لەم شارە بەدەستبێ دەبێ ئەوان ببنە ئەندازیاری دەستكەوتەكان.

شەشەم: پیادەكردنە سیاسەتى بەحزبیكردنى دام و دەزگاكانى هەرێم تا ئێستا قەتیس و چەقبەستوون هێشتا ئەو سەهۆڵبەندیەى نەشكاندووە فەرمانگەكان بە دامەزراوەیی بكرێن و بەدەر لەرێنماییە حزبیەكان هەر یەكە ئیش و كاری خۆی جێ بەجێ بكات، لەوەشدا هەمان سیاسەت لەناوچە دابڕاوە كورستانیەكان پەیڕەو دەكرێ كە لە هەموو حاڵەتەكان هەق نییە ڕووى ڕاستەقینەى ئەم شارە بشێوێنین و دڵی ڕەقیب و نەیارانمان خۆش بكەین بەوەى ئەم شارە بێ كەسە و خەریكە ڕووداوەكان ئەو هەقیقەتەمان بۆ ئاشكرا بكەن كە بەڕاستى بەهۆی سەرقاڵ بوون بەیەك و دژایەتى كردنى یەكدى و سیخوریكردن بەسەر یەكەوە ئاگامان لەوە نەمێنێ داخوا چ پیلانێك بۆ شێواندن و سڕینەوەى شوێنەواری كوردبوونى ئەم شارە لەگۆڕێیە!

حەوتەم: كات هێشتا گونجاوە بۆ ئەوەى تەواوى لایەنەكان لەسەر مێزى گفتوگۆ خڕ ببنەوە و بڕیاری چارەنووسساز دەرهەق بە ئایندەى ئەو شارەو شوێنەكانى دیكە بدەن و واز لەو پاساوە ناپاساوەكان بێنن كە لەو قۆناغە هەستیارەدا هەر عەیبە لەسەر هەندێ بابەتى ناوەندى و بچووك شتە گەورەكان لەبیر بكەن.. كوردایەتى ڕاستەقینە خزمەتكردن وسازش نەكردنە لەسەر داهاتووى ئەو خەونە گەورەى هەموومان ئاواتى بۆ دەخوازین كە خۆی لە سەربەخۆیی كوردستان دەدۆزێتەوە، بە هیوای بەخۆداچوونەوە و تۆماركردنى مێژوویەكى پاك و بێگەرد نەك مێژوویەك پڕبێ لە تف و لەعنەت.
* * *


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە