ئەو نووسەر و روناکبیرانەی، هانی خەڵک دەدەن بۆ دەنگدان، دەیانەوێت خەڵکەکە راکێشن بۆ نێو هزری تاریکی خۆیان و گوریسی زوڵم و ستەم بۆ دەسەڵات ئەستور بکەن


دیمانەیەک لەگەڵ سیروان عەبدول سەبارەت بە بەهای تۆڵێڕانس و قسەی بریندارکەرانە و سنوورەکانی ئازادیی دەربڕین

Thursday, 02.28.2013, 12:00

2488 بینراوە



سازدانی: ئازاد فایه‌ق محه‌مه‌د















چه‌ند بڕگه‌یه‌کی هه‌ڵبژارده‌ له‌ نێو چاوپێکه‌وتنه‌که‌‌:

لە بنەڕەتدا هەم جنێو و هەم بیروڕادەربڕینی هێمنانە و هەم قسەی ڕەق و هەتا قسەی توندڕەوانەش، هەموو ئەمانە وەک یەک، مافن. هەر شتێکیش کە ماف بوو دەبێت رێگەپێدراو بێت تا ئەو کاتەی دەسەلمێت کە مومارەسەکردنی ئەو مافە مافی بەرامبەرێک بەرتەسک دەکاتەوە.

هەر ڕێگرییەکی ناڕەوا لە مافی دەربڕین، بەدوای خۆیدا ناحەقیی و سەرکوتگەریی و ناسەقامگیریی گەورە دەخاتەوە ناو وڵاتەوە.

تۆلێڕانس و تەحەمول ئەوە نییە داوا بکەین بەرامبەرەکەمان تۆڵێڕانس و تەحەمولی هەبێت و خۆی بگرێت قسەی ناو دڵی خۆی نەکات، بەڵکو ئەوەیە کە ئێمە دەبێت تۆڵێڕانسمان هەبێت و تەحەمول بکەین گوێمان لە قسەی ناودڵی ئەو بێت و ڕێگریی بۆ ئەو قسەکردنەی دروست نەکەین.

ناوبردنی سیمبولێکی خەباتی عەرەبایەتیی وەک موعەمەر قەزافیی بە جرج لەلایەن میللەتی لیبیاوە جنێوێکی بەلاشە نەبوو، بەڵکو ناڕەزاییدەربڕینێکی سیاسیی ڕەوا و تووڕەییدەربڕینێکی تەواو پێویست بوو. بەڵام لەبەرامبەردا، ناوبردنی خەڵک بە جرج لەلایەن قەزافییەوە هەوڵێک بوو بۆ شەرعییەتدان بەو هەمەجییەتەی کە ئەو پیاوە ساڵی پار لەبەرامبەر خۆپیشاندەراندا ئەنجامی دا.

ئەوەی کە پێویست دەکات ڕێزت بۆ ئەوە هەبێت کە بەرامبەرەکەت بیروڕا و باوەڕێکی جیاواز لە هی تۆی هەبێت، بە هیچ شێوەیەک مانای ئەوە نییە کە دەبێت ڕیزیشت بۆ ئەو بیروڕا و باوەڕەی ئەو هەبێت یان تا ئاستی دڵبریندارکردن ڕەخنەی نەکەیت.

ئەم ساڵانە کلتورێکی ڕەخنەکوژ و هەندێک ڕۆشنبیری ''نەوایا حەمیدە'' لەناوەندی ڕۆشنبیریی و سیاسیی ئێمەدا دروست بوون کە وەک ''ڕیش سپیی'' کەوتوونەتە سوڵحی نێوان بیروڕا و باوەڕە جیاوازەکان و هەموو ڕەخنەیەک کە دڵی بەرامبەرێک بیەشێنێت بە ''توندڕەویی'' ناو دەبەن.

ئێستا لە کوردستاندا هەوڵی گەورە و سیستەماتیک هەیە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بۆ ئەوەی موستەفا بارزانیی، بە چەشنی موستەفا کەمال ئەتاتورک لە تورکیا و ماو زیتۆنگ لە چین و کیم ئیڵ سۆنگ لە کۆریای باکور، بکرێتە ڕەمزێکی شەرعییەتپێدەری ئایدۆلۆجیایەک و دۆکترینی دەوڵەتێکی سەرکوتگەر و پاکانەکەری حەقارەتەکانی دەسەڵاتێکی ئۆتۆریتار لەبەرامبەر خەڵکی وڵاتدا.

لەناو کارێکی خەتەرناکی وەک پشتگوێخستنی دادگاکاندا. لە هێرشێکی شەقاوەییانەدا دا بۆ سەر ئەو دەزگایانەی کە بە دڵی پارتیی نین و دەیەوێت زەلیلیان بکات و چاوترسێنیان بکات. لەناو ئەم بردنەپێشەوەیەی پرۆژەی بەدیکتاتۆربووندا، ئەو حیزبە توانیویەتی خەڵکی ئێمە مەشغوڵی ووتنەوەی وانەی مۆڕاڵی قسەکردن و ئەتەکێتی کۆمەڵایەتیی بکات.

<پرسیار/ به‌ڕێزتان دوابەدوای ئەو هێرشەی کرایە سەر کەناڵی ئێن ئاڕتی، وتارێکتان نووسی به‌ناونیشانی (جنێودان بە موستەفا بارزانیی دەبێت  ڕێگەپێدراو بێت) و لەوێدا باس لە گرنگیی ئەوە دەکەن کە جنێو رێگەپێدراو بێت و دەیبەستن بە دۆزی ئازادیی بیروڕادەربڕینەوە. هه‌روه‌ها له‌ سیمینارێکیشدا لەسەر تۆڕی پاڵتاڵک قسه‌تان له‌سه‌ر ووردەکارییەکانی هه‌مان مه‌سه‌له‌ کرد. پرسیاری ئێمه‌یه‌ لێره‌دا ئەوەیە: ئێوه‌ که‌ ده‌ڵێن جنێوی رێگەپێدراو، ئایا جنێویش هه‌یه‌ رێگەپێنه‌دراو بێت؟ جیاوازیی رێگەپێدراو و رێگەپێنه‌دراو له‌ جنێودا چییه‌؟
سیروان عه‌بدول/ بێگومان نەک هەر جنێو، بەڵکو زۆر بیروڕاش هەیە کە دەبێت قەدەغە بکرێن و ڕێگە لە دەربڕینیان بگیردرێت. بەڵام لە هەمان کاتدا زۆر سیاق هەیە کە دەخوازێت تیایدا هیچ ڕێگرییەک لەبەردەم جنێودا دانەنێین و وەک مافێک داکۆکیی لە مومارەسەکردنی بکەین.

بە مانایەکی تر، لەسەر ئەو سیاقە کەوتووە کە بیروڕاکە یان قسەڕەقەکە یان جنێوەکەی تیادا بەرچاو دەخرێت، نەک ئەوەی کە ئایا قسەکە یان دەربڕینەکە تا چەند بیروڕایە یان تا چەند تیژە و دڵی بەرامبەر دەیەشێنێت.

لە بنەڕەتدا هەم جنێو و هەم بیروڕادەربڕینی هێمنانە و هەم قسەی ڕەق و هەتا قسەی توندڕەوانەش، هەموو ئەمانە وەک یەک، مافن و دەبێت ڕێگەپێدراو بن. بۆیە کاتێک دەسەڵاتێک یان گروپێک لە خەڵک یان حیزبێک یان ڕێکخراوێک یان تاکێک داوا دەکات ڕێگە لە یەکێک لەم مافانە بگیردرێت، دەبێت سەیری ئەوە بکەین کە ئایا بۆچی داوایەکی وا دەکات، وە ڕێلێگرتن و قەدەغەکردنی دەربڕینێکی وا چی خزمەتێک دەکات، یان ڕێلێنەگرتن و قەدەغەنەکردنی چی خزمەتێک دەکات. بە دەربڕینێکی تر بیڵێم: لەسەر ئەوە نەکەوتووە کە ئایا چی ڕایەک دەوترێت یان چی لەفزێکی جوان یان ناشیرین بەکار دەهێنرێت، یان دەربڕینەکە تا چەند ڕەخنەیە و تا چەند جنێوی ڕووت و داماڵڕاو لە بیروڕایە، بەڵکو لەسەر ئەوە کەوتووە کە ئایا ئەو ڕایە یان ئەو لەفزە لەپێناو چییدا بەکار دێت و، هەبوونی چی زەرەرێک دەدات، یان هەبوونی چەند گرنگە و ڕێگەپێنەدانی یان ڕێگەلێگرتنی قازانج بە چی بەها و چی مەبدەئێک و چی سیاسەتێک دەگەیەنێت. ئەمە بەو مانایەیە کە هەر حاڵەتێک دەخوازێت لێکدانەوەی تایبەتی خۆی بۆ بکرێت و لەسەر بنەمای لێکدانەوەی ئاکامەکانی بڕیار بدرێت کە ئایا دروستە دەربڕینێکی وا ڕێگەی پێ بدرێت یان ڕێگەی لێ بگیردرێت.

بۆ ڕوونکردنەوەی ئەمە کەسێک دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو نموونەیەی کە فەیلەسوفی بریتانیی جۆن ستیوارت میڵ لە کتێبی سەبارەت بە ئازادییدا دەیهێنێتەوە. ئەو دەڵێت دەبێت ئەوە تەواو ڕێگەپێدراو کە کەسێک لە وتارێکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایەکی وا بدات کە برسێتیی هەژاران خەتای چاوچنۆکیی بازرگانانی گەنم و جۆیە. بەڵام بۆی هەیە هەر هەمان قسە ئەو کەسە شایان بە دادگاییکردن و سزادان بکات ئەگەر بێتو لەناو جەمعێک لە خەڵکی برسیی و تووڕەدا بیکات کە لەبەردەم ماڵی گەنم و جۆ-فرۆشێکدا کۆبوونەتەوە.

نموونەیەکی تر دەکرێت قسەیەکی ڕەقی وابێت (دیارە لە دیدی کلتوری کوردییەوە) کە کەسێک بشوبهێنیت بە سەگ. من پێموایە ئەوە ئازادیی بیروڕایە، وە جنێوێکی پێویست و موستەحەقانەیە، وە ڕەخنەیەکی گرنگیشە لە دۆخی ئێستای کوردستاندا ئەگەر کەسێک لە وتارێکدا بنوسێت یان لە شوێنێکدا بڵێت کە ئەو پێیوایە ئەو پینەوپەڕۆ و داکۆکییانەی بەرپرسی پێشووی مەکتەبی ناوەندیی راگەیاندنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە گەندەڵیی و سەرکوتگەرییەکانی حیزبەکەی لەبەرامبەر خەڵکی کوردستان و ڕەخنەگرانی دەسەڵاتدا چەند ساڵێک پێش ئێستا دەیکرد، زیاتر لە وەڕینی سەگ دەچوو تا قسەی پیاوێکی سیاسەتکاری بەرپرس کە بزانێت حوکمداریی باش مانای چییە و دیموکراتییەت و مافە مەدەنیی و سیاسییەکانی مرۆڤ چی دەگەیەنن. لەبەرامبەردا، ئەوەی ئەو بەرپرسە خەڵکی کوردستان بشوبهێنێت بە سەگ، ئەوە کەشفبوونی ڕایەکی خەتەرناکە لای ئەو کەسە لەسەر هاوڵاتییانی کوردستان، کە ئەگەر ئاگاداری نەبین و ڕووبەڕووی نەبینەوە، سەرکوتگەریی گەورەی لەلایەن دەسەڵاتەوە دژ بەو خەڵکە لێدەکەوێتەوە. قسەیەکی وا دەرخەری ئەو بەبێقیمەتزانینەی خەڵکە لە زیهنی دەسەڵاتبەدەستانی هەرێمی کوردستاندا کە لە مێژوودا کارەساتی وەک هۆڵۆکۆست و سریبرینیشا و ئەنفال و هەڵەبجەی لەسەر دەستی دەسەڵاتداران خستۆتەوە بێئەوەی دەسەڵاتداران خۆیان پێیانوابووبێت کە تاوانێکی گەورەیان کردووە.

هەر ئەو بەکەمزانینەی خەڵکی کوردستانە لە زیهنی دەسەڵاتدارانی ئێستای کورستاندا کە وادەکات خەڵکی خۆپیشاندەر بکوژن، ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگر لەناو بەرن، زیندانی گەورەی حیزبیی لە ئاکرێ و قەڵاچوالان بۆ خۆیان ساز بدەن و خەڵکی تیا ئەشکەنجە بدەن و، ئینجا هێشتاش پێیانوابێت کە خەڵک ناحەقیی دەکەن و زیاتر لەوە داوا دەکەن کە شایەنین.

لەحاڵەتی وادایە کە دەبێت ئازادیی دەربڕینی بەرپرسان بەرتەسک بکرێتەوە و مافی ئەوەیان نەبێت قسەیەک بکەن کە زەمینەسازیی بێت بۆ شەرعییەتدان بە گەندەڵیی و سەرکوتگەریی خەڵک و بەدئیستیفادە لە دەسەڵاتدارێتیی. بۆ نموونە ڕەواترین و بێزەرەرترین و وردترین وەسف و دەربڕینێک کە دروست بوو لە چل ساڵی ڕابردوودا لەلایەن میللەتی لیبیاوە بە سیمبولێکی عەرەبایەتیی وەک موعەمەر قەزافیی بوترایە ئەوەبوو پێی بڵێن جرج. بەڵام ئێمە بینیمان ساڵی پار بەکارهێنانی هەر هەمان لەفز لەلایەن قەزافییەوە شەرعییەتی دەدایە ئەو هەمەجییەتەی ئەو پیاوە لەبەرامبەر خۆپیشاندەراندا ئەنجامی دەدا.


پرسیار/ کەواتە با پرسیاری ئەوە بکەم کە ئایا پێوانەکە چییە بۆ ئەوەی بزانین چی دەربڕینێک رێگەی پێبدرێت و چی دەربڕینێک ڕێگەی پێ نەدرێت؟

سیروان عه‌بدول/ ئەمە پرسیارێکی گرنگە.

پێوانەکە ئاسانە دیاریی بکرێت، بەڵام ڕێککەوتن لەسەر پێوانەکە مانای ئەوە نییە کە ئیتر لە کەیسی دیارییکراودا ئاسان دەبێت بزانین کێ لەسەر حەقە و کێ لەسەر ناحەق. ڕەنگە لێرەدا دەرفەت نەبێت باسی ئەو ئیشکالییەتە بکەم کە باسی حەقیقەت و حەقداریی دەبەستێت بەم باسەوە. لێرەدا تەنها باسی پێوانەکە دەکەم.

بەکورتیی، پرەنسیپی ئازادیی دەربڕین ئەوەیە کە لە خاڵی سەرەتادا هەموو، هەر هەموو، جۆرە دەربڕینێکی ناتوندوتیژانە ئازادە و، مافی هەر کەسێکە چۆنی بوێت بەو شێوەیە، ناتوندوتیژانە، ئەوەی لە ناخیدایە دەریببڕێت. بەڵام مادام مافی تاکەکان یەکتر دەبڕن، کەواتە ئەو ئازادییەش دەبێت لە شوێنێکدا سنووری هەبێت بۆ ئەوەی مومارەسەی ئازادیی کەسێک دزە نەکاتە ناو ڕووبەری ئازادیی کەسانێکی ترەوە.

هەر لەو کتێبەدا کە ئێستا باسم کرد، جۆن ستیوارت میڵ پرەنسیپێک دەکاتە پێوانە و دەڵێت ئازادیی من لەو شوینەدا تەواو دەبێت کە ئازادیی تۆ دەست پێدەکات. ئەم پرەنسیپە هەر تەنها بۆ ڕیکخستنی پەیوەندیی نێوان تاکەکان وە سنوورکێشان لەنێوان مافەکانی تاکەکەسەکاندا نییە، بەڵکو لەسەر هەمان پرەنسیپ سنووری نێوان مافەکانی دەسەڵاتداران و گروپی خەڵک و هاوڵاتییان ڕێک دەخرێت. بەکورتیی، تەنها ئەو دەربڕینانە دەبێت ڕێی لێبگیردرێت کە دەبێتە هۆی بەرتەسکبوونەوەی مافی ئەوانی تر. بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە لێرەدا قسە لەسەر مافە نەک حەزی پارێزراویی لە ڕەخنە و حەزی قەدەغەکردنی جۆرە دەربڕینێک کە بەرامبەرەکەت مافی هەیە بیکات و تۆش ناتوانیت بیسەلمینێت کە زەربە لە مافەکانی تۆ دەدات.

زەربەنەخورادنی عەقیدە و ئاین و ئایدۆلۆجیا و حیزب و سیمبولی نەتەوەیی ماف نییە تا داوا بکەیت ئازادیی تاکەکەسەکانی بۆ بەرتەسک بکرێتەوە. هێرشی ''توندی ناتوندوتیژ'' بۆ سەر عەقیدە و ئاین و ئایدۆلۆجیا و حیزب و سیمبولی نەتەوەیی تەنها لەحاڵەتێکدا دەبێت ڕێگریی لێبکرێت ئەگەر ئاشکرا دیار بێت کە ئەو هێرشە دەبیتە هۆی ئەوەی لایەنگرانی ئەو عەقیدە و دین و ئایدۆلۆجیایە گوشارێکی وایان بۆ دێت کە نەتوانن مافی مومارەسەکردنی باوەڕەکەی خۆیان پیادە بکەن. یان ئاشکرا دیار بێت کە ڕەخنەی تیژی ئەو حیزبە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەندامانی ئەو حیزبە ئازادیی ڕیکخراوبوونیان لێ بەرتەسک بێتەوە. یان ئاشکرا دیار بێت کە جنێودان بە شەخسییەت و سیمبولێکی نەتەوەیی دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو نەتەوەیە ببنە کۆیلەی حوکمداریی چەند بنەماڵەیەکی چەکداری گەندەڵ و خۆفەرزکەر و بێباک لە تووڕەیی خەڵک.

کەواتە هەر شتێک کە مافە دەبێت رێگەپێدراو بێت تا ئەو کاتەی دەسەلمێت کە مومارەسەکردنی ئەو مافە مافی بەرامبەرێک بەرتەسک دەکاتەوە. هەر بەرتەسکردنەوەیەکی مافی دەربڕین بەبێ ڕەچاوکردنی ئەم پێوانەیە، ئیجرائێکی ناحەقانەیە و، ئەگەر ڕیگەی پێ بدەین، ئەوا بەدوای خۆیدا ناحەقیی گەورە و سەرکوتگەریی و ناسەقامگیریی گەورە لەناو وڵاتدا دەخاتەوە.

گرنگە لێرەدا ئەوە جەخت لێ بکەمەوە کە ''هەستبریندارنەبوون'' ماف نییە. لەم ساڵانەی دواییدا زۆرێک باسی ئەوە دەکرێت کە کەسێک یان گروپێک یان باوەڕداران بە ئاینێک هەست دەکەن سوکایەتییان پێکراوە و دەربڕینی بریندارکەرانەی وا لەبەرامبەر بیروڕا و باوەڕ و گروپ سیمبولەکانیاندا بەکار هاتووە کە بە بێڕێزیی دەزانن. لە کۆمەڵگای مۆدێرندا کە کۆمەڵگایەکە فرەیی بیروڕا و جۆری بیرکردنەوەی جیاواز جیاوازی تیایە، تەنها یەک بەدیل و چارەسەر بۆ ئەم کەس و گروپانە هەیە، ئەویش تەحەمول و تۆڵێڕانسە. ئەوە ئەوانن کە دەبێت پەتی تەحەمولی خۆیان درێژ بکەنەوە لەبەر ئەوەی بەرامبەرەکەیان مافی هەیە ئەوە بڵێت کە دڵی ئەوان ئازار دەدات، نەک ئەوەی داوا بکەن بەرامبەرەکەیان لەبەر دڵی ئەوان ئازادییەکی خۆی مومارەسە نەکات.

ئازادیی کە نەتتوانی مومارەسەی بکەیت ئیتر لەوە دەکەوێت کە ئازادیی بێت. زۆرێک هەن، بەتایبەت ئیسلامییە توندڕەوەکان و دەسەڵاتدارە سەرکوتگەرەکان، کە بەردەوام ڕێتۆرکێکی وا عەبەسیی و بێمانا دووبارە دەکەنەوە کە دەڵێن ئەوان قبوڵیانە خەڵک ئازادیی ووتنی ڕای خۆیان هەبێت لەسەر ئەوان و عەقیدەی ئەوان، بەڵام بەو مەرجەی ئەو خەڵکە ئەو ئازادییەیان مومارەسە نەکەن.

تۆڵێڕانس بەمانای ئەوەیە کە دەبێت ئەوان تەحەمولی ئەو واقیعە بکەن کە خەڵکی تر هەن وەک ئەوان بیر ناکەنەوە و هەمان ڕای ئەوانیان نییە و لە هەمان کاتدا مافی ئەوەیان هەیە کە ئەو ڕا و ئیحساسەی خۆیان دەرببڕن سەبارەت بە عەقیدە و سیمبوڵەکانی ئەوان. هەر هێزێک یان تاکێکیش کە ئامادە نییە بچێتە ژێرباری ئەم مەرجەوە و ئەو تەحەمولە پیشان بدات، ئەو هێزە یان ئەو تاکە توندڕەوە. توندڕەو ئەو تەرەفە نییە کە مومارەسەی مافێکی خۆی پێ گرنگترە لە هەستبرینداربوونی زاتییانەی تەرەفی بەرامبەر، بەڵکو ئەو تەرەفە توندڕەوە کە مەرجی هەیە بە ئەندازەی تەنگیی جیقەڵدانەی ئەو، ڕووبەری دێبات لەناو فەزای گشتییدا تەسک بکەینەوە.

تەنانەت دەستداگریی و قسەی ڕەقیش نابێتە پاکانەیەک بۆ ئەوەی مەرجی ئەوە دابنێین کەسێک قسەی خۆی نەکات. تۆلێڕانس مانای ئەوەیە تەحەمولت بۆ ئەوە هەبێت کە بەرامبەرەکەت بیروڕای خۆی تەنانەت بە توندترین زمان و دەربڕین لەسەر بیروڕا و باوەڕی تۆ دەربڕێت و، بەرامبەرەکەشت تەحەمولی بۆ ئەوە هەبێت کە تۆش هەمانشت لەبەرامبەر ئەودا بکەیت. گرنگە ئەوە ش تاکید لێبکەمەوە کە تۆڵێڕانس مانای ئەوە نییە کە لەگەڵ تەحەمولکردنی ڕای یەکتردا ڕێزیشتان بۆ بیروڕا و عەقیدەی یەکتر هەبێت. بە مانایەکی تر، ئەوەی کە دەڵێم گرنگە ڕێزت بۆ ئەوە هەبێت کە بەرامبەرەکەت بیروڕا و باوەڕێکی جیاواز لە هی تۆی هەبێت، بە هیج شێوەیەک مانای ئەوە نییە کە دەبێت ڕیزیشت بۆ ئەو بیروڕا و باوەڕەی ئەو هەبێت.

ئەم جیاوازییەیە کە زۆربەی زۆری خەڵکی ئێمە لێی تێکەڵ دەبێت. هەر ئەم تێکەڵکردنەشە وایکردووە کە زۆربەی زۆری ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی ئێمە بە هەڵە لەو ووتە گرنگەی ڤۆڵتێر تێبگەن کە دەڵێت تەواو ناکۆکم لەگەڵ ئەو قسەیەدا کە دەیڵێیت، بەڵام ئامادەم تا مردن داکۆکیی لەوە بکەم کە مافت هەبێت بیڵێیت. لەو وەرگێڕانانەدا کە بۆ ئەم ووتەیە دەکرێت دەردەکەوێت کە زۆربە وای لێتێدەگەن کە ڤۆڵتێر وتووبێتی ئامادەیە گیانی خۆی لەپێناو ڕای بەرامبەرەکەیدا بەخت بکات. ئەمە تێگەیشتنێکی تەواو لنگەوقوچی ئەو ووتەیەیە. ڤۆڵتێر لەو ووتەیەدا دەڵێت کە ئەو ئامادەیە هەموو ژیانی لە خەبات لەپێناو ئەوەدا خەرج بکات کە بەرامبەرەکەی مافی ووتنی ڕاکانی خۆی هەبێت. بە زمانێکی ڕۆشنتر بیڵێم، ڤۆڵتێر لەوێدا دەڵێت کە ئەو ئامادەیە هەموو ژیانی لە خەبات لەپێناو ئازادیی دەربڕیندا خەرج بکات، نەک ئەوەی ڕای بەرامبەرەکەی پێ گرنگ بێت. ئەو ئاشکرا لە سەرەتای دێڕەکەوە بە هەموو توندییەکەوە بە بەرامبەرەکەی ڕادەگەیەنێت کە ئەو دژی ڕاکەی ئەوە. لای ئێمە ئەو ووتەیە دەهێنرێتەوە بۆ ئارگیومێنتی ئەوەی کە توند ڕووبەڕووی یەکتر نەبینەوە و ''توندڕەوانە'' ڕای ڕاشکاوی خۆمان لەسەر عەقیدەی ئەوانی تر بەیان نەکەین. هەر لەبەر ئەم بەهەڵەتێگەیشتنەشە کە ووشەی ''تۆڵێڕانس'' بە ''لێبوردەیی'' تەرجومە دەکرێت و بە عەرەبیی دەیکەنە ''تەساموح''. لێکدانەوە و وەرگێڕانێکی لەم چەشنە تەسەورێکی هەڵەی وا دەدات وەک ئەوەی ڕەخنەکراو مافی هەبێت قبوڵ نەکات بەرامبەرەکەی ڕەخنەی بکات و مافی هەبێت ڕێگەی لێ بگرێت بەڵام لەبەر دڵگەورەیی و لێبوردەیی خۆی نایکات. ئەمە لێکدانەوەیەکی هەڵەیە چونکە تۆڵێڕانس مانای ئەوەیە کە تۆ هیچ مافی ئەوەت نییە کارێک بکەیت کە ببێتە هۆی ئەوەی بەرامبەرەکەت نەتوانێت قسەی ناودڵی خۆی بکات، نەک لە کوڕی چاکیی خۆت لە مافێکی خۆت بوورابیت. ئەم بەهەڵەتێگەیشتنە، ئاگادار نەبین، پاسیفیزم و کلتورێکی پڕ لە موجامەلەی کوشندە و ناشیرنکردنی ئەوانەی لێدەکەوێتەوە کە دەزانن تۆکمەکردنی پایەکانی دیموکراتییەت و مافەکانی مرۆڤ تەنها لەڕێگەی دێبات و چالاکیی ڕەخنەوە دەبێت. وە لەدرێژەدا ئەم کارە ئازادییە مادەنیی و سیاسییەکان بنکۆڵ دەکات. ڕۆماننوسی بریتانیی جۆرج ئۆروێڵ لە پێشەکیی ڕۆمانی ''مەزرای ئاژەڵەکان''دا دەڵێت ئەگەر ئازادیی مانایەکی هەبێت، دەبێت مانای ئەوە بێت کە مافت هەبێت شتهایەک بە خەڵکیی بڵێیت کە پێیان خۆش نییە گوێیان لێ بێت.

داوای کولکردنی دەمی ڕەخنە لەپێناو دڵبریندارنەبوونی ڕەخنەلێکراودا دژایەتییەکی خەتەرناکی ئازادیی دەربڕینە نەک دروستکردنی زەمینەی لەبار بۆ مومارەسەی ئەو ئازادییە. هەر ئەم بەهەڵەتێگەیشتنەیە کە ئێستا کلتورێکی ڕەخنەکوژ و هەندێک ڕۆشنبیری ''نەوایا حەمیدە''ی لەناوەندی ڕۆشنبیریی و سیاسیی ئێمەدا دروست کردووە کە وەک ''ڕیش سپیی'' کەوتوونەتە نێوان بیروڕا و باوەڕە ناکۆکەکانەوە و هەموو ڕەخنەیەک کە دڵی بەرامبەرێک بیەشێنێت بە ''توندڕەویی'' ناو دەبەن، کە دەکرێت لێرەدا بەڕێزان کاک ڕێبین هەردی و کاک مەریوان وریا و کاک عادیل باخەوان وەک نموونەی ئەم ڕۆشنبیرانە بهێنینەوە.

دیارە هەر وا رێککەوت نییە ڕۆشنبیرانی ئێمە ئەم جۆرە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ناکۆکییدا هەڵدەبژێرن. ئەمە ڕەگی لەو کلتوری چارەسەکردنی ناکۆکی و کێشەیەدا هەیە کە لە وڵاتانی ئێمە لە ڕۆژهەڵات هەیە. چارەسەکردنی ناکۆکیی لای ئێمە بەوە دەکرێت کە هەردوو تەرەفی ناکۆک پێکدەهێنرێن و سوڵحیان پێ دەکرێت و لەسەر ئەوە ڕیک دەکەون کە ئیتر کارێکی وا دژ بە یەکتر نەکەن کە ببێتە هۆی ئەوەی ئەو سوڵحە هەڵبوەشێتەوە. بەڵام ئەگەر ووردتر لێکی بدەینەوە ئەمە ئاشتیی و سەقامگیریی نییە بەڵکو هودنە و خەواندن و تەئجیلکردنی ناکۆکییەکانە. ئێمە دەبێت ئەوە بزانین کە چارەسەری ڕیشەیی ناکۆکیی لەڕێگەی ئەوەوە دەبێت کە ڕای ڕاشکاوی تەرەفەکان لەسەر یەکتر ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە و دەرکەوێت کە کێ لەسەر حەقە و کێ لەسەر ناحەق. ئەمەیە دیالۆگ و ئەمە ئاشتیی ڕاستەقینە و ڕەگدار دەخاتەوە. دیالۆگ لای ئێمە پێناسەیەکی وای وەرگرتووە وەک ئەوەی موجامەلە و قسەوباسێکی پڕ ڕێز و قسەی دۆستانە بێت کە تیایدا خۆت لە ناکۆکییە قوڵ و هەستیارەکان نەدەیت و تەرەفەکان ئەوەندە ''لێبوردە'' بن کە لە قسەوباسەکاندا ڕای سەریح و دڵڕووشێنەری خۆیان لەسەر یەکتر ئامادە نەکەن. ئەمە تێگەیشتنی سەدان ساڵەی کلتوری ڕۆژهەڵاتە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیی و بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە، بۆیە ئێستاش دوژمانیەتیی قوڵ و موزمین و سەدان شەڕوشۆڕ و کوشتوبڕ و بەربەرییەتی سەربڕینی ئینسان و کوشتنی دیل و سەدان هەمەجییەتی تر لەو ناوچەیەدا هەر بەردەوامە.


پرسیار/ ئێوه‌ ده‌ڵێن (جنێودان بە موستەفا بارزانیی دەبێت ڕێگەپێدراو بێت). پرسیاری ئێمە ئەوەیە کە ئایا لەمەدا ئێوە بەدیارییکراویی و تە‌نها مه‌به‌ستتان له‌ مه‌لا مسته‌فایه‌، یان ناوی مه‌لا مسته‌فا ته‌نها بە هۆی ئەو ڕووداوەوە هاتۆتە ناوەوە کە لەسەر جنێودانی بینەرێک بەو کەسایەتییە، هێرش کرایە سەر کەناڵی ئێن ئاڕتی؟ بە مانایەکی تر، ئایا ئێوە لایەنگری ئەوەن کە جنێودان بە هه‌موو به‌رپرس و سه‌رۆکی حیزب و که‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌کان ڕێگەپێدراو بێت؟

سیروان عه‌بدول/ بێگومان من هەر تەنها و بەدیارییکراوی مەبەستم موستەفا بارزانیی نییە. ئەو وتارەم تەنانەت لەپێناوی ئەوەشدا نەنووسراوە کە باس بکەم من چی ڕەخنەیەک و چی ڕایەکی نێگەتیڤ یان پۆزەتیڤم لەسەر موستەفا بارزانیی هەیە. بە مانایەکی تر، من لەوێدا ئارگیومێنت بۆ ئەوە ناکەم کە موستەفا بارزانیی شایان بە جنێوە و دەبێت جنێوی پێ بدرێت، بەڵکو داکۆکیی لەوە دەکەم کە هەموو کەس مافی جنێودانی بەو بە سیاسەتمەدارانی تر هەبێت و هەرکاتێک کەسێک ویستی جنێو بە موستەفا بارزانیی بدات، بتوانێت جنێو بدات بەبێئەوەی ئەو جنێودانە هیچ مولاحەقەیەکی یاسایی بەدوادا بێت یان ناحەقیی بەرامبەر بکرێت، بۆ نموونە نانبڕاو بکرێت، کە ئێستا سزادانێکی باوە بۆ ئەو کەسانەی جورئەت دەکەن ڕەخنە بکەن. ئەگەر لە سەر تۆنی قسەکەی ڤۆڵتێر بیڵێم، ئەوا من تائەوپەڕی پێم خۆشە وڵاتێکی ئەوەندە پڕدادپەروەرییمان هەبێت کە کەس نەیەوێت و زەرورەت نەبینێت بە جنێو هەڵوێستی سیاسیی خۆی پیشان بدات، بەڵام لەهەمانکاتدا ئامادەم گیانم بەخت بکەم لەپێناو ئەوەدا کە خەڵک مافی هەبێت، هەرکات ویستیان، جنێو بە موستەفا بارزانیی و هەر سیاسەتمەدا و بەرپرس و ناودار و سیمبول و پیرۆزییەکی تر بدەن.

موستەفا بارزانیی لەبەر دوو هۆ بووە نموونەی ناو ئەو وتارەی من.
یەکەم، چونکە وتارەکە لەپەیوەند بەو ڕووداوەوە نووسراوە کە هەم پارتیی و هەم خەڵکێکی زۆر و هەم بەڕێوەبەری کەناڵی ئێن ئاڕتی و دواییش بڕێک لە نووسەر و ڕۆشنبیران چی بە ووتارنووسین چی بە بێدەنگەلێکردن، هەموو پێکەوە کۆکبوونی خۆیان لەسەر ئەوە پیشان دا کە هەرکەسێک لە کوردستاندا پێیوابێت بۆ جوڵاندنی ڕەخنە بەرامبەر بە دەسەڵاتێکی بێگوێی وەک پارتیی پێویست دەکات جنێو بە موستەفا بارزانیی بدات، کەیفی خۆیەتی و نابێت ئەو مافەی خۆی مومارەسە بکات و ئەگەر کردیشی دەبێت ئیدانە بکرێت و سزا بدرێت.
دووەم، چونکە ئێستا لە کوردستاندا هەوڵی گەورە و سیستەماتیک هەیە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بۆ ئەوەی موستەفا بارزانیی، بە چەشنی موستەفا کەمال ئەتاتورک لە تورکیا و ماو زیتۆنگ لە چین و کیم ئیڵ سۆنگ لە کۆریای باکور، بکرێتە ڕەمزێکی شەرعییەتپێدەری ئایدۆلۆجیایەک و دۆکترینی دەوڵەتێکی سەرکوتگەر و پاکانەکەری حەقارەتەکانی دەسەڵاتێکی تۆتالیتار لەبەرامبەر خەڵکی وڵاتدا.

وەستانەوە لەبەردەم ئەم هەوڵی بەپیرۆزکردنی تاکەکەس و هەوڵی پاکانەکردنی ئەو سەرکوتگەریی و دزیی و تاڵانییەی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا دەیکات بەناوی خەباتی دوورودرێژ و کوردایەتییکردنی باوکی سەرۆکەوە، گرنگترین و هەنوکەییترین کارێکە کە خەڵک بیکات بۆ ڕێگرتن لە کەوتنەوەی دیکتاتۆرییەت لە کوردستاندا.

خەباتی موستەفا بارزانیی بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی ئەگەر مانایەک و قیمەتێکی هەبێت، دەبێت هەر لەبەر ئەوە بێت کە خەبات بۆ مافی نەتەوەیەک خەباتە بۆ وەستانەوە لەبەرامبەر پێشێلکرددنی مافە مەدەنیی و سیاسیی و کلتورییەکانی ئەو خەڵکە، لەوانە مافی ئازادیی دەربڕین و ئازادیی جنێودان و نوکتەکردن و مەسخەرەکردن بە سەرکردەکان و ناوە دیارەکان. بۆیە ئەگەر ئەو خەباتە لەڕۆژێکدا دەبێتە یان دەکرێتە وەسیلەی وەستانەوە لەبەرامبەر ئازادیی دەربڕیندا، ئیتر مانایەک و قیمەتێکی وای نامێنێتەوە کە بهێنێت ئینسان ڕێزی بۆ دۆکترینە دەوڵەتییەکەی هەبێت و پێویستی بێت بە گرنگی بزانێت.

لەم کاتانەدایە کە شکاندنی ئەو حەرەمەی بە دەوری ئەو ناوەدا دروست دەکرێت و یاخییبوون لەو تابۆیەی کە دەڵێت ئەگەر ناوی کەسێکی وەک موستەفا بارزانیی بووە وەسیلەی شەرعییەتپێدانی درۆیەکی وا کە بۆ نموونە سەردەشت عوسمان ئەنسارولئیسلام بووە، هێشتاش تۆ دەبێت تووڕەیی و حەزی جنێودانت بۆ خۆت هەڵگریت و دەرینەبڕیت، لەم کاتانەدایە کە جنێودان کارێکی شۆڕشگێڕانەی ئازایانەیە کە پێویستیی گەورە هەیە دەستی بۆ ببردرێت. لە حاڵەتێکی وادا دروستترین و شۆڕشگێڕانەترین کارێک بکرێت ئەوەیە کە بتوانیت ئەو دۆخە چەقگرتووە بشکێنیت و ئەو گۆمە مەنگەی بێباکیی دەسەڵات لە ڕەخنەی بێ-جنێو بشڵەقێنیت و یاخیی بیت لە تابۆی پارێزراویی ناوە دیارەکان لە جنێو.

من پێموایە ئەوەی ئەو گوێگرەی ئێن ئاڕتی کردی دروستترین و هەنوکییترین کاری شۆڕشگێڕانە بوو بۆ وەستانەوە لەبەرامبەر ئەو ملهوڕییانەدا کە مەسعود بارزانیی چەند ساڵێکە لەبەرامبەر خەڵکی هەرێمی کوردستاندا دەستی داوەتێ. ئەو گوێگرە لەو لەحزەیەدا لە هەموومان یاخییتر و شۆڕشگێڕتر و چاونەترستر بوو. ئەو کارە شایان بە ڕێزی دەکات نەک شایان بەو هێرشەی کە هەموو بە نەفەسێکی بارزانییانەوە ڕووبەڕوویان کردەوە و کون بە کون بەدوای خۆی و بەدوای ژمارەتەلەفۆنەکەیدا دەگەڕان بۆ گوێڕاکێشان و سزادانی. ئەو گوێگرە بەو کارەی باشترین زەمینەی خستەوە بۆ دێباتکردن و کە گرنگە بوو بۆ پاشەکشەپێکردنێکی کەم یان زۆر بە سنوربڕییەکانی مەسعود بارزانیی. ئەوەی کە ئەو هەلە گرنگەی کە ئەو گوێگرە بۆ دێبات خستییەوە نەقۆزرایەوە، خەتای ئەو گوێگرەی تیا نییە، بەڵکو خەتای هەرکەسێکمانی تیایە کە لەبەر هەر ئیعتیباراتێک بێت، ئامادە نەبووین داکۆکی لە نەپارێزراویی موستەفا بارزانیی بکەین لە جنێو و سوکایەتییپێکردن.

من چاوەڕوان بووم لە کاتی ئەو پێداگرییەی پارتیی لەسەر حەرامکردنی جنێودان و سوکایەتییپێکردن بە موستەفا بارزانیی، هەر هیچ نان ڕۆشنبیران، لە لیستێکی درێژدا ناوی خۆیان بنووسن و بڵێن: ''لەم لەحزەیەدا هەموومان ئامادەین ئەو تابۆیە بشکێنین کە پێداگریی لەسە دەکرێت و ئامادەین جنێو بە موستەفا بارزانیی بدەین بۆ ئەوەی پێداگریی لەسەر حەرامنەبوونی کارێکی وا بکەین''. بەڵام ئەوەی کە بۆچی ئەمە نەکرا، من هەوڵدەدەم و دەمەوێت ''حوسنی زەن''م هەبێت و وایدانێم کە لەبەر سەردەرنەکەریی ڕۆشنبیرانی ئێمە بوو لەم وردەکارییانەی ئەو دۆزە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نامەوێت وا ناییڤانە بیر بکەمەوە. من باوەڕم وایە کە لەپاڵ سەردەرنەکەرییەوە، چاوترساویی و ترسی لەدەستدانی وەزیفە و مووچە و ئیمتیازات و ڕەفاقەت و موجامەلەی بەرپرسانێکی حیزبیی کە دەیانناسن و ترس لە دەرکەوتن وەک توندڕەوی یاخیی و ترس لە لەدەستدانی ئەو ئیمەیجی میانڕەو و ئەو خۆدەرخستنە وەک ''دۆستی هەموولایەک'' کە زۆرێک دەستیان داوەتێ، ئەمانەش هەموو هۆکاری ئەو بێباکیی و بێدەنگییە بوو کە ڕۆژنامەکان و ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نووسەران و ڕۆشنبیرانی ئێمە لەئاست هەڵمەتی لقی چواری پارتیی بۆ چاوترساندنی خەڵک نواندیان.

دیارە ئەم بێدەنگەلێکردن و خۆدزینەوەیە لە هەڵوێستوەرگرتن زەربەی کوشندە دەدات لە دۆزی ئازادیی دەربڕین لە کوردستاندا. پارتیی بەو کارەی کردی ئامانجێکی گەورەی خۆی پێ پێکا. بیرکەرەوە ئێستا ئیتر خەڵک و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بەبەراورد لەگەڵ دوو هەفتە بەر لەئێستا، چەند بە حەزەرێکی زیاترەوە بیر لە ڕەخنەکردنی پارتیی و دەستبردن بۆ جنێو یان نوکتەکردن بە موستەفا بارزانیی دەبەن. ئەو سانسۆرە خودییە پێی دەڵێن بەرتەسکبوونەوەی ئازادیی دەربڕین و هیچ ناوێکی تری نییە.

سەبارەت بەو بەشەی پرسیارەکەت کە ئایا من لایەنگری ئەوەم کە جنێودان بە هه‌موو به‌رپرس و سه‌رۆکی حیزب و که‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌کان ڕێگەپێدراو بێت، ئەوا ئاشکرایە کە وەڵامی من بەڵی-یە. من بە گرنگی دەزانم ڕێگەپێدراو بێت بەڵام کار بۆ ئەوە ئەکەم کە کەس پێویستی نەبێت ئەو مافە بەکار بێنێت. بەڵام ئەوە بزانین کە ئەم ئامانجە تەنها لەو ڕێگەیەوە پێی دەگەین کە جنێودان بەو کەسانە ڕێگەپێدراو بکەین، نەک بەپێچەوانەوە. تۆ سەیری ئەو بەشەی دونیا بکە کە تیایدا تەنانەت پێغەمبەرەکانیش ئەوەندەیان قودسییەت نییە کە جنێودان و مەسخەرەپێکردنیان لەلایەن خەڵکەوە قەدەغە بێت، لەو بەشەدا دیاردەی جنێودان بە ناوە دیارەکان و بە سیاسەتمەدارانی وڵات زۆر کەمترە بەبەراورد لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە جنێودان بە ناوە دیارەکان و بە سیاسەتمەدارانی وڵات ئەو بەرپەرچە توندەی لێوەردەگیردرێت کە لەبەرامبەر ئەو بینەرەی کەناڵی ئێن ئاڕتیدا وەرگیرا.

خاڵێک کە گرنگە تاکیدی لێ بکەمەوە ئەوەیە کە من بەپێچەوانەی ئەو کەسانەوە کە دەڵێن سەرکردەکان و ناوە دیارەکان و سیمبولەکان و ناوە پیرۆزەکان دەبێت لە خەڵکی تر زیاتر لە سوکایەتییپێکردن پارێزراو بکرێن، من پێموایە کە گرنگە هاوڵاتیی سادە زیاتر پارێزراو بکەین لە جنێو تا ناوە دیارەکان و سیاسەتمەداران. ئەمە لەبەر ئەوەی جنێودان و سوکایەتییکردن بە ناوە دیارەکان و سیاسەتمەداران بیروڕا و باوەڕێکی لەپشتەوەیە و پەیامێکی سیاسیی دەگەیەنێت. بەپێچەوانەی جنێودان و سوکایەتییکردن بە خەڵکی تر کە زیاتر بەتاڵکردنەوەی تووڕەیی کەسێکە لە کەسێک.


پرسیار: هه‌ندێک که‌س پێیان وایه‌ جنێودان نابێت بچێته‌ نێو راگه‌یاندنه‌کانه‌وه‌ و وه‌ک ئازادیی بیروڕاده‌ربڕین چاوی لێبکرێت. وە دەوترێت ئه‌وه‌ی جنێو ده‌دات ته‌نها بۆ خۆبه‌تاڵکردنه‌وه‌یه‌ نه‌ک بۆ ڕووبەڕووبونه‌وه‌ و دیالۆگێکی زانستیی و مه‌عریفیانه‌. بۆ ئه‌مه‌ چ قسه‌یه‌کتان هه‌یه‌؟

سیروان عه‌بدول/ لە پرسیارەکەتدا سێ خاڵی گرنگ هەیە کە پێویست دەکات قسەی لەسەر بکرێت.
یەکەم: ئایا دروستە میدیاکان ''قسەی بازاڕیی'' و جنێو بڵاو بکەنەوە؟
دووەم: ئایا جنێو تەشهیرە؟
سێیەم: ئایا ڕاوبۆچوون یان دەربڕینێک دەبێت زانستیی بێت و ڕاست دەرکەوێت ئینجا بڵاو بکرێتەوە یان بووترێت.
من لێرەدا یەک یەک وەڵامی ئەم سێ پرسیارە دەدەمەوە.
وەڵامی پرسیاری یەکەم: بڵاوکردنەوەی ڕا و دەربڕینەکان لە ڕاگەیاندندا دەبێت بە پرەنسیپەکانی مافی چاپ و بڵاوکردنەوە ڕێک بخرێت و مامەڵەی لەگەل بکرێت، نەک پرەنسیپەکانی مافی دەربڕین. ئەوەی کە کەسێک مافی دەربڕینی شتێکی هەیە، مانای ئەوە نییە مافیشی هەبێت بۆی بڵاو بکرێتەوە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئەرکیانە کار بۆ پاراستن و بەرفراوانکردنەوە و مومارەسەکردنی فیعلیی ئازادیی دەربڕین بکەن. هەر لەپێناو پاراستنی ئازادیی دەربڕیندا جار هەیە وادەخوازێت دەزگایەکی ڕاگەیاندن ڕایەکی دیارییکراو یان دەربڕینێکی دیارییکراو بڵاو نەکاتەوە. بۆ نموونە مادامێک ئەوە ئەرکی ڕاگەیاندنە کە کار بۆ ئەوە بکات کە هیچ کەسێک ئازادیی دەربڕینی لێ بەرتەسک نەکرێتەوە، کەواتە ئەگەر، بۆ نموونە، کەسێک لە وەڵامی ڕەخنەیەکدا دەنووسێت کە کەسی ڕەخنەگری بەرامبەری ''دەبەنگ'' یان ''زڕنووس''ە یان هەر لەفزێکی تر لەو جۆرە بەکار دەهێنێت، ئەرکی میدیایە پرسیاری ئەوە بکات کە ئایا بڵاوکردنەوەی قسەیەکی وا هیچ لە بابەتی دێباتەکە دەوڵەمەند دەکات؟ هەروەها دەبێت بپرسێت کە ئایا بڵاوکردنەوەی لەفزێکی ئاوا بێئتستیفادە و دڵئێشێنەر نابێتە هۆی ئەوەی کە تەرەفی بەرامبەر خوڵقی دێباتەکەی نەمێنێت و خۆی لێ بکشێنێتەوە و بەم شێوەیەش چەندین دێباتی گرنگ لەناو بچێت؟

بەکورتیی، مادام لەم حاڵەتەدا بڵاوکردنەوەی لەفزێکی وا هیچ وەزیفەیەکی نییە و بگرە زەربە لە دێباتی ئازادانەی ناو فەزای گشتیی دەدات، میدیا نەک هەر ئەرکی نییە بڵاوی بکاتەوە، بەڵکو ئەرکێتی بڵاوی نەکاتەوە. بەڵێ ئەو کەسە ئەو مافەی هەیە ئەو لەفزە بەکار بێنێت بەڵام مافی ئەوەی بەسەر ڕاگەیاندنەوە نییە بۆی بڵاو بکەنەوە.

بەڵام هەر هەمان ووشە بۆی هەیە کە لەسیاقێکی تردا دەوترێت، ئەرکی ڕاگەیاندن بێت بڵاوی بکاتەوە، وە بڵاونەکردنەوەی کارکردن بێت بەپێچەوانەی پرەسنیپەکانی ئازادیی دەربڕینەوە. بۆ نموونە ئەگەر کەسێک، بەتایبەت کەسێک کە ڕای ئەو لەو بوارەدا گرنگ بێت یان کەسێکی پەیوەنددارە بە مەسەلەکەوە، پێیوایە فڵانە کەسی ناودار، بۆ نموونە وەزیرێک یان سەرۆکێک، کەسێکی ''دەبەنگ''ە و لە جێبەجێکردنی وەزیفەکەی خۆیدا کەتنی گەورەی لە دەست دەقەومێت، بڵاوکردنەوەی قسەیەکی وا ئەهەمییەتی هەیە.

هەروەها لەسەر ئەوە کەوتووە کە ئایا دەربڕینەکە لە چی شوێنێکدا و وەک چی بڵاو دەبێتەوە. بۆ نموونە لە کۆمێنتی خوێنەران و نامەی هاوڵاتییاندا دەبێت ڕێگە بە پەراوێزێکی زۆر بەرفروانتری زمانی زبڕ و بازاڕیی و ڕەق بدرێت تا لەناو وتارێکدا. ئەمە بەتایبەت ئەگەر دەسەڵاتدارێتییەکی بێگوێ و بێباک لە ڕەخنەی وەک دەسەڵاتدارێتیی ئێستای هەرێمت هەبێت.

ڕاگەیاندن دەبێت فلتەرێکی ''سفت''تری هەبێت لەو فلتەرەی کە بۆ ئازادیی دەربڕین لە کۆمەڵگادا هەیە، بەڵام ئەمە قەت مانای ئەوە نییە کە ڕاگەیاندن ئەرکی بێت دڵی ئەم و ئەو ڕاگرێت و دۆستێک یان سیاسەتمەدارێک لە ڕەخنەی تیژ بیپارێزێت، یان زۆرجار هەر لە ڕەخنە بیپارێزێت و تەنانەت نەهێڵێت هیچ خوێنەرێک کۆمێنتێکیش لەسەر ڕای دۆستێکی بۆ نموونە سەرنووسەر بدات. کارێکی وا لە ئەخلاقێکی ڕۆژنامەوانیی وا نزمەوە دێت کە لەناوچوونی دێبات و زەربەخواردنی دۆزی ئازادیی دەربڕین و گەشەی دیموکراتییەتی لەناو وڵاتدا مەسەلەیەک نییە بۆ ئەو و هیچی بگەیەنێت.

لە زانستی حقوقدا ئازادیی دەربڕین لە سێ ئاستدا قسەی لێدەکرێت: ئازادیی دەربڕین لە ئاستی فەرمییدا، ئازادیی دەربڕین لە ئاستی ماددیدا و ئازادیی دەربڕین لە ئاستی فیعلییدا. ''فەرمیی'' ئەوەیە کە بە یاسا ڕەسمییەت بەو مافە درابێت، کە ئەمە لە زۆربەی وڵاتاندا کراوە. ''ماددی'' ئەوەیە کە کۆمەڵگایەکت هەبێت کە تیایدا مومارەسەی ئازادیی دەربڕین ئەوەندە گەشەی کردبێت کە قسەکردنت نەبێتە هۆی گوشار بۆ سەرت یان سزادانت. ''فیعلی'' ئەوەیە کە کاتێک ڕایەکی جیاواز لەو ڕایانەت هەیە کە لە دێباتێکی دیارییکراودا بەرچاو خراون، ڕاکەت بگاتە گوێی دەوروبەر. ئەمەیان لە دنیای مۆدێرندا ئەرکی میدیایە. بۆیە جار هەیە لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا لە ڕۆژنامەی بەناوبانگدا وتاری هاوڵاتییانێکی وا سادە بڵاو دەبێتەوە کە توانای داڕشتنەوەیەکی جوانی وتارەکەی نەبووە، بەڵام بڵاو دەبێتەوە چونکە تەنها ئەو کەسە ئەو ڕوانگە جیاوازەی بۆ ئەو دۆزە دیارییکراوە هەیە.

وەڵامی پرسیاری دووەم، ئەوەی کە ئایا جنێو تەشهیرە. نەخێر جنێو تەشهیر نییە و تەشهیر بە مانای جنێو نایەت. من تێبینیی ئەوەم کردووە کە بەهەڵەتێگەیشتنێکی تەواو لە ووشەی تەشهیر هەیە لە ناوەندی سیاسیی و ڕۆشنبیریی و تەنانەت حقوقیی و دادگاکانی کوردستانیشدا هەیە. تەشهیر ناوزڕاندنە لەڕێگەی زانیاریی هەڵەوە کە تەنها لەپێناو ناوزڕاندندا دروست کرابێت.

ئەوە تەشهیر نییە کە کەسێک لە ڕۆژنامەیەکدا لەسەر فیعلەکانی خۆی ئەوەندە ڕەخنە کرابێت یان ئەوەندە تووڕەیی خوێنەری بەسەردا باریبێت کە لەبەرچاوی خەڵک کەوتبێت. تەشهیر ئەوە نییە ئایا کەسێک تا چەند ڕەخنەکەی لەسەر دڵ قورسە یان تا چەند ئەو کەسە لەبەرچاوی خەڵک کەوتووە، بەڵکو ئەوەیە کە ئایا چەند شتی بۆ هەڵبەستراوە و بەناحەق لە چاوی خەڵکدا زەربە لەناوی دراوە.

دەربڕینی ڕق و تووڕەیی لە کەسێک تەشهیر نییە بەڵکو ئازادیی دەربڕینە. ئەم ئازادییە گرنگە بەرفراوانی بکەینەوە تا سنووری ئەوەی کە دەبێتە قسەهەڵبەستن ئینجا سزای هەبێت. ئەمە لەبەرامبەر هاوڵاتیی سادەدا سنوورەکە لێرەدا تەواو دەبێت، بەڵام بۆ بەرپرسی دەوڵەتیی زۆر زۆر درەنگتر دەربڕینێک دەبێتە تەشهیر چونکە بەرپرسان دەبێت پەراوێزێکی گەورەتر لە ڕەخنە و ڕووبەڕووبونەوەی تۆمەت قبوڵ بکەن. ئەمە بۆ ئەوەی فەزای گشتیی و میدیاکان ئاسانتر بتوانن ڕەقیب بن بەسەر دەسەڵاتەوە، بەبێئەوەی لەوە بترسن شکاتیان لێ بکرێت و بدرێنە دادگا. بۆ نموونە زۆربەی جارەکان گەندەڵیی گەورە لە دۆزینەوەی سەرەداوێکی بچوکەوە دەست پێدەکات کە زانیارییەکەو ڕۆژنامەنووسێک لە سەرچاوەیەکی لاوازەوە دەستی کەوتووە. ئەگەر هەواڵەکە سەبارەت بە دزییەکی هاوڵاتییەکی ئاسایی بێت، ڕۆژنامە ئەرکێتی لێکۆڵینەوەی زۆر ووردتر بکات و تەواو دڵنیا بێت ئینجا ئەگەر بڵاوبوونەوەی ئەهەمییەتدار بێت بۆ ڕای گشتیی، بڵاوی بکاتەوە. بەڵام ئەگەر سەرەداوەکە هەواڵێکی لاوازی گەندەڵیی بەرپرسێک یان بۆ نموونە ڕۆژنامەیەکە، ئەوا ئەرکی ڕاگەیاندنە مەرجی کەمتر لە هی هاوڵاتییە ئاساییەکە بۆ تاکیدکردن لە دروستییەکەی دابنێت و ئاسانتر بڵاوی بکاتەوە.

وەڵامی پرسیاری سێیەم، ئەوەی کە ئایا ڕاوبۆچوون یان دەربڕینێک دەبێت زانستیی بێت و ڕاست دەرکەوێت ئینجا بڵاو بکرێتەوە یان بووترێت. وەڵامی من نەخێرە. ڕاوبۆچوونی ڕاست و دروست لەڕێگەی ئەو پرۆسەیەوە دەدۆزرێتەوە کە ڕا جیاوازەکان بە دروست و نادروستیانەوە ڕووبەڕووی یەکتر بکرێنەوە، نەک ئەوەی پێشوەخت بزانین چی ڕاستە و چی ناڕاست.

ئێمە قەت ناتوانین دڵنیا بین کە ئایا ئەوەی ئەمڕۆ پێمان ڕاست و زانستییە، سبەی هەروا دەمێنتەوە. شاعیری ئیرلەندیی ئۆسکار وایڵد لە وەسفی ئەمەدا، لەسەر تۆنی ئەوەی کە کەسێک دەڵێت ''بۆ کوێ ئەڕۆیت، مادام درۆ ئەکەیت هەر ڕۆژێک دێت کەشف دەبیت''، ئەو دەڵێت بۆ کوێ ئەڕۆیت؟ مادام ڕاست دەڵێیت هەر ڕۆژێک دێت کەشف دەبیت!.


پرسیار/ دوایین پرسیارم ئەوەیە کە ئایا ئەوانەی کە دەڵێن ئەو جۆرە جنێودانە رووتەی کە ئەو بینەرە لە کەناڵی ئێن ئاڕتییەوە دەریبڕی ئەڵفازێکی ناشیرینە، تا ئاستێک ئەو ڕایەیان مەعقوڵ نییە؟

سیروان عه‌بدول/ لەو ڕووداوەدا بۆ من شتێک گرنگە و بۆ ئەو کەسانەی ئەو قسەیە دەکەن شتێکی تر. ئەو رووداوە لە زیهنی مندا هەڵسانی خەڵکێکی کەمتەحەمول و پارتێکی دەسەڵاتدار و بەهێز و گەورەیە دژ بە هەبوونی ڕەخنە لەسەر ئەو پرۆژەی خۆبەدیکتاتۆرکردنە بەسەر خەڵکی کوردستاندا کە چەند ساڵێکە بە چڕیی لە سەری ڕەشەوە دەستی پێکردووە. ئەو هەڵکوتانە سەر کەناڵی تەلەفزیۆنە بۆ من ڕاگەیاندنی قسەیەکی وایە کە ئیتر هەر کەسێک جنێو بە مستەفا بارزانیی بدات، پارتیی بەبێ گەڕانەوە بۆ دادگا و شکات و شکاتکاریی، خەڵکی خۆی دەنێرێتە سەری و بەم جۆرە ڕاگەیاندن و هەموو خەڵکی چاوترسێن دەکەن. ئەو ترساوییەی بەڕێوەبەری کەناڵی ئێن ئاڕتی پیشاندەری ئەوەیە کە پارتیی بە چی ئەندازەیەک ترسی خستۆتە دڵی میدیاکانەوە لە کوردستاندا.

لەم کاتەدایە کە ئەتەکێتی قسەکردن و مۆڕاڵی کۆمەڵایەتیی شتهایەکن کە من داکۆکییلێکردنیان تەواو تاجیل دەکەم، چونکە هەر تێگەیشتنپیشاندانێک بۆ زەرورەتی زمانپاکیی و جنێونەدان لە سیاقی ئەو ڕووداوەدا، بەرامبەرکردنەوە و یەکسانکردنەوەی زمانپیسییە لەگەڵ ئەو کەڵەگاییەدا کە ئەو حیزبە دژ بە کەناڵی ئێن ئاڕتی و هەموو خەڵکی کوردستان و دۆزی ئازادیی دەربڕین مومارەسەی کرد.

ئەوەی جێگەی ئەسەفە ئەوەیە کە وەک بینیمان لەو مەسەلەیەدا ڕەخنەکردنی ناشیرینیی زمانی گوێگرەکە زۆر زیاتر بوو لە ڕەخنەکردنی تەسەڕوفەی پارتیی. ڕێک ئەم روانگەیەیە بۆ دۆزەکە کە پارتیی دەیەوێت لای خەڵک دروستی بکات. ئەم شەڕەیە بۆ فەنییاتی قسەکردن لەناو کارێکی خەتەرناکی وەک پشتگوێخستنی دادگاکاندا، کە پارتیی دەیەوێت بیکات. لە هێرشێکی وا شەقاوەییانەدا بۆ سەر ئەو دەزگایانەی کە بە دڵی پارتیی نین و دەیەوێت زەلیلیان بکات و چاوترسێنیان بکات، ئەو حیزبە توانیویەتی خەڵکی ئێمە مەشغوڵی ووتنەوەی وانەی مۆڕاڵی قسەکردن بکات.

ئەم جۆرە سیاسەتکردنە بێئاگایانەیە کە من نامەوێت موساهەمەم هەبێت تیایدا.