بۆ خۆی: نەسرەوتن و گەشبینی، بۆ خەڵکیش .....

Sunday, 06/04/2014, 12:00

1950 بینراوە


هەل و مەرجی داگیرکراوی، برسێتی، نائارامی و ،شەڕە جۆرا و جۆرەکانی کوردوستان، هەبو(واقیع) ی سیستمی حوکمی دوحیزبی و دەسەڵاتی بنەماڵەیی و خێڵەکی لە کۆمەڵی کوردوستانا جۆرێک کەسێتیی لە دەسگاکانی حوکومەتی هەرێم و لە کۆمەڵەکەماندا بە گشتی هێناوەتە ئاراوە کە لە دەرونناسیدا پێی دەوترێت خۆپەرست (egoist). بۆ نمونە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی دوای ١٧ ی ٢ ی ٢٠١١ لە کۆبونەوەیەکی فرەگرنگدا دەربارەی شکانی حەرەمی زانکۆی سلەیمانی و دەسدرێژی بۆ سەر مامۆستایان و خوێندکارانی ناڕازی ، بە چاوی خۆم بینیم هەمو لێپرسراوانی گەورەی زانکۆی سلەیمانی بە درێژایی ئەو وت و وێژ و ڕەخنە و گلەییانەی لە بێهەڵوێستیان گیرا، هیچ کام لەو لێپرسراوانە بە یەک وشە بەشداریی لە وت و وێژەکەدا نەکرد، وەک بتێک هیچ، هەر هیچ جۆرە کاردانەوەیەکیان نەبو بەرانبەر بە غەم، توڕەیی، گلەیی وگازندە و ڕەخنەی ڕەوای ئەو مامۆستاو خوێندکارانەی لە لایەن دەسگا ئەمنیەکانی سلەیمانیەوە سوکایەتییان پێکرابو، لێیاندرابو، وە زیندانیکرابون. کورد دەڵێت (شاباشی خۆت بدە و قنج هەڵپەڕە)، یەکێک ماجستێرەکەی یا دوکتۆراکەی یا یاریدەدەری پرۆفیسۆریەکەی بە دەعوەت و ماستاو و پاڕانەوە و کڕوزانەوە و فڕ و فێڵ و دزی لە ئینتەرنێت و لەڕێی فشار و گوشاری حیزبی دەسەڵاتدارەوە وەرگرتبێت و بەو بڕوانامەیە بوبێتە بەرپرسی گەورە، لە بۆنە و کۆبونەوە چارەنوسسازەکانا ناتوانێ دەنگی دلێر بێت، ناتوانێ ئازاد و سەربەرز و سەربەخۆ بێت، ناچارە متق لە خۆی ببڕێ و سەری خۆی کزبکات! ساڵەکانی دوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩٢ هەر برسێتی و کارەساتی شەڕی براکوژیی لەگەڵ خۆیدا نەهێنا، بەڵکو بۆشاییەکی گەورەی لە کادیری زانستی هێنایە ئارەوە، کە بەشێکی زۆری بە خەڵکی کەمزانست و هەلپەرستی حیزبی و خۆپەرست پڕکرایەوە. لە دوای ١٩٨٩ وە، کاتی ‌هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤێت و بلۆکی سۆشیالیستی ، بێسەروبەری و برسێتیەکی وا باڵی شومی کێشا بە سەرئەو وڵاتانەدا، کە دەتوانرا لەو وڵاتانە نەک بڕوانامەی دوکتۆرا بەڵکو کچی چواردە ساڵیش بە بڕێکی کەم دۆلار بکڕدرێت! یەکێک لەم جۆرە مامۆستایانەی زانکۆ لە کاردانەوەی ئەوە کە کوردی خاوەن بڕوانامەی زانستیی ڕاست و دروست و بەرز لە ئەمریکا و کەندا و ئوسترالیاو ئەسکەندەناڤیا و ئەوروپای ڕۆژاوا وردە وردە دەیانەوێ و حەزدەکەن بگەڕێنەوە بۆ کوردوستانی دایکیان، ڕاستگۆیانە وتبوی(ئەگەر ئەوانە بێنەوە دەبێت ئێمەمانان واز لە وانەوتنەوە بێنین و بچینە بواری ئیدارە و کارگێڕی). لەم جۆرە مامۆستایانەی خاوەن (زڕەدوکتۆرا و زڕەماجستێر) و پاڵەوانی ڕۆژگاری سود و قازانجە شەخسیەکان، لە ڕێی حیزبەکانیانەوە سەردەکەن بە هەزار کوندا هەتا بە شێوەیەکی ناڕەوا شوقەیەک یا پارچەزەویەک لە حوکومەتی هەرێم ببچڕن، ئاخر مامۆستایانی ئاوا و پرۆسەی خوێندن؟ کەسێتیە خۆپەرستەکان لە پێناوی خۆیان و ژن و مناڵیاندا تێربون و ماندوبون نازانن، بۆ ئێستا و داهاتوی خۆیان و بنەماڵەکەنیان زۆر گەشبین و پڕپلان و لێوان لێون لە بیر و ئایدیای داهێنەرانە ، دروشمی ڕۆژانەیان(بۆ خۆم بە هەر وەسیلەیەک بێت نەسرەوتن تا گەیشتن بە ئامانجە بێکۆتاییەکان) ،ئەگەر دراوسێی دراوسێکەیان دەستڕۆیشتویەکی ناو دەسەڵات بێت، دەکەوێتە کلکەلەقە بۆی و بە زۆر دەیکات بە خزمی خۆی. کەسێتیە خۆپەرستەکان بە پێی توانا خۆیان لە وت و وێژ دەربارەی کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی کوردوستان بەدور دەگرن، لە ترسی لابردنیان لە پۆستەکانیان یا زیانپێکەوتنی مادی ناوێرن توخنی ئەو کەسانە (تەنانەت هاوڕیکانی جارانیان) بکەون کە نزیکن لە ئۆپۆزیسیۆن، ئەگەر بە ڕێکەوت توشی وت و وێژی سیاسی بون لە گەڵیان ، لە وەڵامی هەمو ڕەخنە ڕەواکان کە لە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دەگیرێ، بە ڕەشبینی و نائومێدیەکی زۆرەوە دەڵێن (ئەم وەزعە قەت چاک نابێت، لەم قوڕە هەر ئەم تۆزە هەڵدەسێت،ئاشی نەزان خوا دەیگێڕێت، دەس لە هەر شوێنێکی دەدەیت داڕزاوە و هەڵدەوەرێ، بۆیە وا باشترە هەر دەسکاریی نەکەیت تا خراپتر نەبێت..). ئینجا بەراوردی هەرێمی کوردوستان بە سۆمال و ئەفغانستان و بەغدا و فلوجە و موسڵ دەکەن و دەڵێن وەزعی ئێمە لەوان باشترە! پاشان داوای بێدەنگی دەکەن لە میدیای ئازاد و سەربەخۆ و لە ئۆپۆزیسیۆن لەبەر مەترسیی داگیرکەرانی کوردوستان کە دەوریان داوین. لە کۆمەڵی کوردوستاندا ڕێژەی گەنجان کە هێزی بنەڕەتیی گۆڕینن زۆر زۆرە، هێشتا خەڵکی دڵسۆزمان ماوە، بە بودجەی زۆری کوردوستان ولە ڕێگەی زەمینی و هەر دو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلەیمانیەوە دەتوانین باشترین و نوێترین کەرەسە و مەکینە و شت ومەکی پێویست بۆ ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی کوردوستان، لە بازاڕە ئازادەکانی دونیا بکڕین، دەتوانین باشترین زانا و کادیری زانستی و ئەندازیاری کورد و بێگانە لە بازاڕەکانی ئیش و کار لە دەروەی وڵات بەکرێ بگرین وبیهێنینە کوردوستان. کە ناتوانین کێشەکانمان چارەبکەین خەتای سیستمی کاری پارتی و یەکێتیە،کە بۆتە کۆسپ و تەگەرە لە ڕێی پیشکەوتنی کۆمەڵەکەماندا. کەسێتیە خۆپەرستەکانیش بەرهەمی ئەو سیستمەن!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە