ئەم حكومەتە نەیجوڵێنى ناجوڵێ

Wednesday, 19/02/2014, 12:00

1982 بینراوە


پیرەمێردى نەمر لە بیستەكانى سەدەى بیستدادەڵێت:(ئەبێ بەخشندە مل كەچ كا لەئاستى موچەخۆرى خۆى/ سوراحى سەرفرود دێنێ لە بۆ پیاڵە كە تێكا بۆى) سوراحى لەم شیعرەى پیرەمێردا واتە حكومەت، حكومەتیش دەبێت سەر دانەوێنێت بۆ هاوڵاتیانى خۆى، وەكو چۆن سوراحى بەو گەورەییەوە سەر بۆ پەرداخ و پیاڵە شۆڕدەكاتەوە. ئەگەر سەرەنج بدەین سوراحى حكومەتى هەرێم نەك سەردانانەوێنێ بۆ هاوڵاتیان، بەڵكو زۆر بێباك و كەمتەرخەمیشە، لەزۆربەى وڵاتانى جیهان حكومەت رێزى هاوڵاتیانى خۆى دەگرێت و لەبەرامبەر هەر كەموكوڕییەك داواى لێبوردن لە هاوڵاتیانى دەكات، بەڵام لاى حكومەتى هەرێم رێك پێچەوانەیە، ئەوەتا دواكەوتنى موچەى مامۆستایان و فەرمانبەران لەتام دەردەچێت، كەچى ئەم حكومەتە نە بەرنامەى چارەسەرى هەیە، نە داواى لێبوردن لەخەڵك دەكات، مامۆستایان و فەرمانبەرانیش ناچارن فشاروگوشار دروستبكەن، ئەڵبەتە ئەمە یەكەمجار نیە حكومەتى هەرێم بەبێ فشار بجوڵێ و ئەركى سەرشانى جێ بەجێبكات، زۆر دوور ناڕۆین بەهۆى فشارەوە بوو بۆ خۆپیشاندانەكانى سەید ێاق هاتنە سەر خەت، بەهۆى فشارەوە بوو كەیسى شەهید كاوە گەرمیانى گەرم و گوڕى بەخۆیەوە دى و سومعەى حیزبێكى سیاسى هێنایە خوارەوە، رۆژگارێك بوو حكومەت بەخۆى دەوت ساوا، ئەى ئێستا؟ رۆژگاریك بوو بەعس مابوو مامۆستایان لەبەرامبەر مانەوەى ئەزمونە نوێیەكەى حكومەتى هەرێم دروشمى (سەرى بەرزمان بۆ موچە نەوى ناكەین)یان بەرزكردەوە، ئەى ئێستا؟ ئێستا كاتى ئەوە هاتووە مامۆستایان و فەرمانبەران سەر بەحكومەت نەوى بكەن، نەوى كردن واتە فێرى بەرنامەو پلان بكرێت، فێرى ئەوە بكرێت رێز بۆ مامۆستاو فەرمانبەر دابنێت و داواى لێبوردن بكات كە موچەى خەڵك دوادەكەوێت، پێویستە یەكێتى مامۆستایانیش بەتایبەت لیستى یەكێتى وپارتى ئەوەندە ترسنۆك و بێ هەڵوێست نەبن و بڕیارى بایكۆتى دوو وانەو سێ وانە دەرنەكەن (ئەگەرچى نوێنەرى یەكێتى نیشتمانى كوردستان لەسلێمانى: دڵشاد مجید فەرەج لەمەش پەشیمان بۆوە)، بەڵكو راستەوخۆ بڕیارى داخستنى خوێندنگەكان دەربكەن و قڵى لێبدەن بۆ ئەوەى حكومەت بزانێت بایكۆت یەعنى چى؟ بۆ ئەوەى شكۆى رۆشتووى مامۆستایان بگەڕێتەوە، چونكە یەكێتى و پارتى شكۆى مامۆستایان نەهێشت، سەیر لەوەدایە هەندێ لە مەقاشەكانى دەستى یەكێتى و پارتى كەوتنە موزایەدەى دڵسۆزى هەڵڕشتن بە بیانووى ئەوەى ئەگەر مامۆستا بایكۆت بكات چى بە قوتابى بڵێت؟ بڵێت مەعاش نادەن؟ بۆیە وانە ناخوێنین؟ لەوەڵامدا بەم جۆرە كۆلكە خوێندەوارو مەقاشى دەستى حیزبیانە دەڵێین بەڵێ پێویستە هەموومان ئەوە فێرى قوتابى بكەین ئەوە ئێمەى مامۆستایانین وانە بەئێوە ناڵێین لەسەر مافى خۆمان، ئەوە ئێوەى قوتابین كە پێویستە بێدەنگ نەبن لەو كەلاوەخانەیەى كەناونراوە پەروەردەو مناڵێكى وەزیرێك یان بەرپرسێك نادۆزیتەوە لەم جۆرە قوتابخانەیە بخوێنێت مەگەر تاك و نەرا نەبێت. لەكۆتاییدا بەو كەسانە دەڵێین كەرایان وایە مامۆستا سەرى بۆ موچە نەوى كرد، دەڵێین زۆر هەڵەن حكومەتى هەرێم نە لەبارێكى ئاسایى دا دەژى تاوەكو خەڵك لێى قبوڵ بكات، نە لافاو و كارەساتى سروشتى روویداوە، نەشەڕى سنووروگێڕانەوەى ناوچە دابڕاوەكانى مادەى 140 دەكات.. هەروەها بەو كەسانەش دەڵێین كە كوێرانە بەرگرى لەموچەى پێشمەرگە دەكەن و گوایە دوو مانگ جارێك موچەیان دەدرێتێ، بابچن ئێخەى سەرۆكى هەرێم بگرن و پێى بڵێن: ئەى تۆ نەتگوت پێشمەرگە لە هەموو كەس پیرۆزترە، ئەى تۆ نەتگووت پێشمەرگە هێڵى سوورە.. بەڵێ بەرپرسان هەر بەدەم وا دەڵێن، بەڵام ئێمە لەناخەوە دەڵێین: پێشمەرگە موڵكى میللەتە، پێشمەرگە دەسكەلاى دەستى حیزب نیە بۆ براكوژى، بەڵكو پێویستە رێزوشكۆى بۆ بگەڕێتەوەوبكرێتە هێزى نیشتمانى و مافى بدرێتێ و ژیانێكى سەربەرز بژى.

مەریوان سەلاح حیلمى
كەمال مەحمود ساڵح

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە