نوسینی مێژووی کورد لە ژێر سێبەری کلیپتۆکراتی [1] باشوردا

Sunday, 16/11/2014, 12:00

3110 بینراوە


زۆر لە روداوەکانی مێژوو بەو شێوەیە نەبوون
دەستەڵات رێگا نادات مێژوو بە دڵی ئەو نەبێت

دەستەڵاتی دیکتاتۆر و پیسخۆر دەست دەخاتە ناو هەموو قوژبنێکی ژیانی کۆمەڵگاوە. بێجگە لە تاڵانکردنی وڵات، تێکدانی ڕەوشتی مرۆڤ، شکاندنی کەرامەتی هاوڵاتیان و بێدادیی، مێژوو بە گوێرەی هەوەس و بەرژەوەندیی خۆی دادەڕێژێت. گەل دەخاتە تاریکییەوە. بیروڕای هەڵە لە بابەت مێژووی گەلەوە لە مێشکی خەڵکییدا دەچەسپێنێت. بیروڕایەک کە بە پێچەوانەی راستییەکانی مێژووەوەن.

لە ناو گەلانی زیندودا، نوسەری شیاو و نەترس دژی ئەم هەڵوێستە وێرانکەرە دەوەستێت، زانستییەکەی و راستییەکان دەخاتە بەردەمی گەلی خۆی. گەلى زیندو رێز لەو نوسەرە دەگرێت و سودمەند دەبێت لەو راستییانەی مێژووی. بوار نادات بە قەڵەم فرۆشەکانی دەستەڵات کە مێژوو لە سەر بناغەی درۆ دەنوسن بۆ دڵخوشیی و رازیکردنی دەستەڵاتی کلیپتوکرات بۆ پارەوەرگرتن.

زانینی خۆم لەسەر مێژووی ساڵەکانی 1914 تا 1975 هەڵە بوون. زۆر لە روداوەکانی مێژوو بەو شێوەیە نەبوون کە بە منیان وتبوو یان لە کتێبەکاندا خوێندبوومەوە چی بە کوردیی یان بە عەرەبیی بەتایبەتیی بڵاوکراوەکانی (پدک). بەتەواویی بۆچونەکەم گۆڕا لە سەر مێژوو پاش پێداچونەوەیەکی هێمنانە و سەربەخۆ کە هیچ مەبەستێکم نەبوو بێجگە لە زانینی راستییەکان. وردە وردە روداوەکانم باشتر لە لا رون بووەوە [2]. بە تایبەتیی لە دوای شەستەکان لە سەدەی رابوردودا. بەڵام ئەو کاتە زۆربەی گەلەکەمان کەوتبوونە چاڵی پڕوپاگەندەی دەستەڵاتی حیزبییەوەو کورتبین بوون. نەیان دەزانی یانیش حەزیان نەدەکرد بزانن ئەم دەستەڵاتە، کە "شۆڕش" بەرێووە دەبات، دەستەڵاتێکى دوورە لە ئاستی رێبەریی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەماندا. کاتێک ئاشبەتاڵ ڕوی دا، کۆمەڵگا توشی "تروما" بوو، زۆر کەم بوون ئەوانەی هوشیار ببنەوە لە خەون و خەیاڵ و ناسینی جەوهەری دەستەڵاتەکە. ئەمە یەکێکە لە دەرفەتەکان کە بە هۆیەوە هەمان دەستەڵات گەڕایەوە بۆ لوتکەی حوکومڕانیی کوردستان.

دەوڵەتی ئیسرائیل کە دامەزرا لە سەر بناغەی ئەو ياسایە بوو کە پێش 2000 هەزار ساڵ ئیمپراتۆری رۆمانەکان گەلى جولەکەیان لە وڵاتی خۆیان دەرکرد و پەرت و بڵاو بوونەوە لە جیهاندا. بە گوێرەی "مافی گەڕانەوە" بۆ وڵاتی ئاینیی و مێژوویی خۆیان دەوڵەتی ئیسرائیلیان ساڵی 1948 دامەزراند. بەڵام بە گوێرەی "شلۆمۆ ساند" ئەو روداوە حەکایەت بوو.

"شلۆمۆ ساند" مێژووناسی ئیسرائیلیی لەم بارەیەوە دەڵێت:
"پێم خۆش بوو لێکۆڵینەوە لە سەر مێژووی زایۆنیزم و ئیسرائیل بکەم. بۆ من ئاسان بوو لە سەر مێژووی ئەوروپا بنوسم. بەڵام کە لە سەر مێژووی جولەکە دەستم پێ کرد، چەند کەسانێک پێیان ناخۆش بوو لێکۆڵینەوە بکەم، وەک شێتیان لێ هاتبوو، منیان تاوانبار دەکرد. گوایە من هەوڵ دەدەم پەیوەندیى لە نێوانی جولەکە و خاکی ئیسرائیل بپچڕم. بە هیچ شێوەیەک ئەوە ئامانجی من نەبوو. لە کتێبی یەکەممدا هەوڵم دا تێبگەم ئایا ئەوەی من خوێندومە لە قوتابخانە راستە؟ ئەوەی لەم لێکۆڵینەوەیەدا زانیم بۆ من وەکو شۆک بوو. من وەک هاوڵاتییەکی ئیسرائیل و مێژوناس پێش 10 ساڵ لام وابوو کە کۆمەڵگای" جوێلەکان" رۆمانەکان کۆچیان پێ کردون، کەچی بۆم دەرکەوت ئەمە حەکایەت بوو. دیسان دەرچونى جولەکە لە میسر هیچ بناغەیەکی نییە جگە لە حەکایەت نەبێت.. هتد 3."

بە پێچەوانەی کوردستانی باشورەوە لە ژێر دەستەڵاتی کلیپتوکراتی هەولێردا، لە وڵاتی ئیسرائیل "شلۆمۆ ساند" نەکوژرا، زیندانیی نەکرا، نەفڕێندراو سوکایەتیی پێ نەکرا لە لایەن باندێکی دەموچاو هەڵبەستراوی دەستەڵاتەوە. کتێب بە دڵی ئەندامانی کلیپتوکراتی بنەماڵەیی نەبێت کتێبخانەکان ناوێرن بیفرۆشن و قەدەغە دەکرێن. ئەم دیاردەیە چەند جار لە کوردستانی باشور ڕووی داوە.

سەرۆک کۆماری تونس "مونسیف المرزوقی" کەسێکی دەگمەنە لە ناو تێکۆشەرانی عەرەبدا لە پاکیی ومرۆڤایەتییدا. "مونسیف" داوا دەکات پێداچونەوەیەکی زانستییانە لە مێژووی عەرەبدا بکرێت کە سەردەمی پێش و پاش ئاینی ئیسلام بگرێتەوە. چونکە هەڵەی زۆر بێگومان کەوتۆتە ناو مێژووی عەرەبەوە.

ئێمە لەبەردەمی شۆڕشێکدا وەستاوین خۆتانی لێ مەدزنەوە!

https://www.facebook.com/3kontrakt?fref=ts




سەنتەری لێکٶڵینەوەی کۆنتراکت


ئەیوب بارزانی
مەفرەزەی قەڵەم
نوسەرانی ئەقڵی ئازاد
٢٠١٤/١١/١٠



سەرچاوەو پەراوێز:
.1 کلیپتوکرات: بە دەستەڵاتێکی پیسخۆر دەوترێت.
2. بارزان وحرکە الوعی القومی الکردی.. سالی چاپ 1980
٣. المقاومە الکردیە للاحتلال 1914 1958 .. سالی چاپ 20023
٤. الحرکە التحرریە الکردیە وسراع القوى الاقلیمیە والدولیە 1958 1975 .. .. سالی چاپ . چاپی سێیەم 2013. ٥COMMENT LE PEUPLE JUIF FUT INVENTE. Shlomo Sand. Fayard 2008.
٦. COMMENT LA TERRE DISRAEL FUT INVENTEE. Shlomo Sand . Flammarion 2012

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە