تا ئێستاش كار بە تەزكیەى حیزبى دەكرێت

Wednesday, 30/10/2013, 12:00

1690 بینراوە




مامۆستایەك بۆى گێڕامەوەو وتى: (لەگەڕەكێكى قەراغ شارى سلێمانى وەكو مامۆستا دەوام دەكەم، خوێندنگەكەمان یاریدەدەرى نەبوو،چونكە یاریدەدەرەكەمان خانەنشین ببوو، بۆیە بەڕێوەبەرو سەرجەم مامۆستایان داوایان لەمن كرد ئەركى یاریدەدەرى خوێندنگەكە لە ئەستۆ بگرم، منیش تكام كرد ئەم داوایە لەمن نەكرێت و یەكێكى تر بۆ ئەم ئیشە دەستنیشان بكەن، وتیان لەتۆ زیاتر كەس نیە شایەنى ئەم ئیشە بێت، چونكە تۆ هەم شارەزایت، هەم سەرجەم مامۆستایان و بەڕێوەبەریش تۆیان دەوێت، منیش وتم یەك داوام هەیە ئەویش ئەوەیە من حەقى مەعامەلات و بەدەمەوە چوونى ئەم ئیشەم نیە، مادام خۆتان پێتان خۆشە، ئەوا خۆشتان بەدەمیەوە بچن، بەڕێوەبەر وتى : من خۆم بەدەمیەوە دەچم و من نوسراوەكە دەبەم بۆ لایەنى پەیوەندیدار و تۆ حەقى هیچ شتێكت نەبێ، لەبەروارى 9/9/2013 بەڕێوەبەر بە ئەركى سەرشانى خۆى هەڵساو چوو بۆ لاى (سەرپەشتیارى یەكەم) و نوسراوەكەى بە شایەتى دووسێ سەرپەرشتیار خستە بەردەم سەرپەشتیارى یەكەم، سەرپەرشتیارى یەكەم لەوەڵامدا پێى وتبوو ئەم ئیشە ناكرێت هەتا تەزكیەى حیزبى نەهێنیت، بەڕێوەبەریش پێى وتبوو ئێمە ئەم كەسەمان دەوێت و شارەزایە،ئایا مەجالى تیا نیە بۆمان بكەیت؟، وتبووى (نەخێر بە بێ تەزكیەى حیزبى كەس لە هیچ شوێنێك دانانێین).
جارێ پێش هەموو شتێك كەسێك سەرپەرشتیارى یەكەم بێت و بەكالۆریۆسى لەساڵى حەفتاكاندا هێنابێت هەر زۆر عەیب و شورەییە داواى وەها نابەجێ بكات، ئەوە نان نیە ئەو دەیخوات و لەسەرى دەژى بەڵكو ئەوە.... ئەمە یەك، دووەم حیزبى دەسەڵات چاك دەزانێت لەسەد كەس لانیكەم چل كەس ئۆپۆزسیۆنە و بەسیاسەتى یەكێتى و پارتى نارازییە، كەواتە دەسەڵاتێك ئەمە رەفتارو و پەروەردەى بێت حەق وایە لەسەر سندوقى دەنگدان لەوە خراپتر موحاسبە بكرێت. سێ: ئەركى بەڕێوەبردنى خوێندنگاكان ئەوەندە كارێكى ئاسان نیە تاوەكو بەهەموو كەس بكرێت. چوار: شوێنێكى چەور نیە تاوەكو حیزب داینابێت بۆ كەسى واستەچى و ماستاوچى و نزیكى حیزب. پێنج: ئەم دەسەڵاتە كەسێكى دەوێت حیزبى بێت و دەنگى بۆ بدات، ئیتر گرنگ نیە هەر كەسێك بێت دیارە تۆ بەم جۆرە ئەندام بۆ حیزبەكەت پەیدا بكەیت ئەویش تۆڵەت لێدەكاتەوە. شەش : حیزبى دەسەڵاتدار لایخۆى بەخۆیدا بچێتەوەو كوردستان بە موئەسەسات بكات و كەسى شیاو لە شوێنى شیاو دابنێ كەچى تازە بەتازە تەزكیەى حیزبى دەكاتە پێوەر بۆ هەموو شتێك. حەوت: جەنابى سەرپەرشتیاریش لە باتى ئەوەى شەڕى دیوارى روخاوى مەكتەب لەگەڵ حكومەتدا بكات كەچى چاوى لە ئاستى كەم و كوڕیەكاندا نابینایەو بەڵام بە زەقى بۆ تەزكیەى حیزبى دەڕوانێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە