ئەندام پەرلەمانەكان سوێندیان بەچی خوارد؟

Thursday, 07/11/2013, 12:00

1606 بینراوە






سوێند خواردنی ئەندامانى پەرلەمان لەڕووى یاساییەوە گرێبەستێكى نەتەوەیی و نیشتیمانییە و بەرپرسیارییەتێكە لەشكاندنیدا لەلایەكەوە چ جای ئەوەى بێ فەرمانى خوای پەروەردگار دەگەیەنێ، لەلایەكى دیكەیشەوە پێشێلكاری و سنوور بەزاندنى هەموو ئەو دەنگانەیە كە لەڕووى متمانەوە خەڵكانێك لەسەروبەندى هەڵبژاردنەكاندا دەنگیان پێی داوە و باوەڕیان وابووە كە ئەو كاندیدانە دەبنە دەنگى هەق و ڕاستەقینەی خەڵك كە لە ئاست خواست و باس و داخوزاییەكاندا كارێك ئەنجام نادەن كە ببێتە مایەى پەژارە و پەژیوان بوون لەوەى دەنگەكانیان بۆ ئەوان بەفیڕۆ داوە و زۆریش لێی پەشیمانبن.

سوێندخواردن كۆتایی بەهەموو شتێك دێنێ بۆ هەموو ئەو شتانەى داهاتووى لەسەر بینا دەكرێ، لەوەیشدا ئەگەر ئەندام پەرلەمان خۆی نەدۆڕاند، ملكەچی ئیرادەییەكى شكستخواردووی هیچ كەس و لایەنێك نەبوو،، خۆی بەپارە و پوول نەگۆڕییەوە، هەڕەشەكان هەژموونى بەسەرەوە نەبوون و سڵی لەهیچ نەكردەوە، هەروەها بێدەنگى هەڵنەبژارد و جەختى لەسەر خودان هەڵوێستى نیشتیمانى و نەتەوەیی خۆی دوپات كردەوە كە خەمى خەڵك بەخەمى خۆی بزانێ و هەڵقوڵاوى داب و نەریتی كۆمەڵگاكەى خۆی بوو، ئەوانە جێی ستایشن بۆ ئەوەى ئەو هەڵوێستانەیان بەرز بنرخێندرێ بێ ئەوەى حیساب بۆ ئینتیما و لایەنى سیاسی بكرێت لەوەى ئەو كەسە چەپە یا ڕاست، یاخود عەلمانییە یا ئیسلامى و ...هتد.

لەیەكەم ڕۆژی سوێندخواردنى ئەندامانى خۆلی چوارەمى پەرلەمان، خەڵكانێكى زۆر بەئومێدەوە دەڕواننە ئەو سوێند خواردنە بەوەى لە ئاوێزان و تێكەڵبوونى دەنگە جیاوازەكاندا و لەچوارچێوەى داهاتووى حكومەتێكى بنكە فراوان، ئایندەیەكى گەش چاوەڕوانى هەرێمەكەمان دەكات، هەر دەبێ بەو ئەقارە هەنگاو هەڵگرێ، ئەفسووس هێشتان كەسانێكى زۆر هەنە لەجیاتى گەشبینى، بەڕەشبینییەوە تەماشای ئەو كابینەیە دەكەن و هیچ ئومێدێكى وایان بەو پەرلەمان و ئەو حكومەتە لەلا نەڕسكاوە گوایە ئەمانیش وەكو ئەوانەى پێشوو وەكو چۆن ئەمان چۆنیان هێناوە، ئێستایش بەهەمان نەفەسی پێشووەوە درێژە بەڕەوت و ئەجیندای خۆیان بدەن و هیچ لەبابەتەكە ناگۆڕێ.

لەو ڕۆژانە لەگەڵ كابراییەك لێمان بووە دەمەقاڵێ، نازانم لەچییەوە باس هاتە سەر باسی سوێند خواردن، من وتم: سوێند خواردن بەقورئان گەمە نییە، دەبێ لەخزمەت هەموواندابن و سوێندى خۆیان وا بەئاسانى نەخەن.

كابرا بەلاقرتێوە وتى: یانى ئەوانە سوێندی خۆیان ناكەوێنن ئەگەر چاویان بەو پارە زۆرە و ئەو ئیمتیازاتانە بكەوێ كە ڕەنگە لەخەویشدا خەونیان پێوەى نەبینیبێ؟

بەدەم زەردەخەنەییەكەوە وەڵامیم دایەوە وتم: دڵنیام ئەوانەى لەم پەرلەمانە دەرچوویتن، زۆربەى هەرە زۆریان كەسی چاك و باش و مێرخاسن.

كابرا خۆی بۆ نەگیرا بەم قسانەى من دایە قاقای پێكەنین.. بەسەرسوڕمانەوە لێم پرسی: ئەرێ شتێ لەقسەكانمدا هەیە قسەییەكى خراپم كردبێ؟

كابرا ئاهێكى قووڵی هەڵكێشا و وتى: كەسی خاڵی با لەئێستاوە ئەوەت پێ بڵێم، ئەو سوێندخواردنە نهێنییەكى تێداییە!

كە وتم: نهێنى چی؟ سوێندەكە دیار و ڕوونە و هیچ خەوشییەكى ئەوتۆی تێدا نییە كە لە خزمەت هاوڵاتیاندا دەبن و ئەركەكانى سەرشانیان بە ئەمانەتەوە بەڕێك و پێكى جێ بەجێ دەكەن.

كابرا یەكسەر تووڕی هەڵدا و وتى: دە ئەگەر لێم تووڕە نەبێ ئەوە من و تۆ و ڕۆژگار پاش ماوەییەكى دیكە بۆت دەردەكەوێ ئەوانە سوێندیان بەچی خواردووە!

كە پێموتەوە: ئاخر هیچ تەم و مژێك لەقسەكانیاندا نییە و سوێندخواردنەكە دیارە.

یەكسەر وتى: دەبا نهێنییەكەت پێ بڵێم ئەوانە بەشێكى زۆریان سوێند بەقورئان دەخۆن لەو دانیشتنەوە یەك قسەى ڕاست نەڵێن، لەو دانیشتنەوە چ شتێك بۆ خۆیان پێ خۆشە ئەوە بكەن با من و تۆش سندانمان بگاتێ نان نەبێ بیخۆین، هەر لەو دانیشتنەدا كام كار خوا پێی ناخۆشە سوێند بەوە دەخۆن ئەوە بكەن و لە گەندەڵی نەسڵەمێنەوە و درێخى نەكەن.

نەختێ سەرم لێی بادا و وتم: ئاخر پەنجەى دەست وەك یەك نییە.

بەدەم قاقای پێكەنینەوە وتى: تۆ دەڵێی لەم مەملەكەتە ناژێی، ئەگەر نەمردین و ڕۆژێ لە ڕۆژان یەكمان دییەوە ئەو كاتە ئەو قسانەت بەبیر دێنمەوە.

بەدەم ئەو قسانەوە هەناسەیەكى قووڵی هەڵكێشا و بۆ سەرەوە ڕۆیشت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە