کێشەکان بەچی چارەسەر دەبن ؟

Wednesday, 29/06/2011, 12:00

2531 بینراوە


(ژیان پاڵێوراو و هه‌ڵێنجراوی بیركردنه‌وه‌مانه‌)
ماركۆس ئوریلیۆس
بیر نەکردنەوە لە چارەسەر کردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان ، لە پێشەوەی هەموو کێشەکانە، چونکی بیر کردنەوە داهێنان و دیالۆگ و لێك گەیشتن دێنێتەکایەوە ، بیر و هزر ڕەش و سپی لێك جودا دەکاتەوە ،گەر بیرو هزر هاتە بوون چارەسەر کردن زوتر دێتە بوون ، ئەوەی ئەمڕۆ وای کردووە کوردستان بەم دۆخەبەرێت ، نەدیتنی بیرکردنەوەیەکی ڕستەقینە و پرکتیکیانە لەم دۆخە ئاڵۆزەی هەرێمه ، ئەوەی نابینرێت بیرکردنەوەیە لە چارەسەر کردنی کێشەکان . بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان بەبێ بونی بیر و هزر جگە لە ئاڵۆزتر کردنی دۆخەکە هیچ هەنگاوێکی دیکە نابینرێت .
لە ئیستادا هەرێـم لە قەیرانێکی هێجگار ئاڵۆزدا گوزەر دەکات ، ئەم قەیرانەیش لە هیچ شوێنێکەوە نەهاتووە بۆ ئێرە ، دەستی دەرەکیش نیە ، دەستی ناحەزان و دوژمنانی نەتەوەکەیشمان نیە ، ئەم قەیرانە لەسەر دەستی کەمینەیەک لەم هەرێمە هاتووەتە بوون ، یانی هەموو کێشەکانی هەرێم لەسەر دەستی کەمینەیەکی حکومکەر هاتونەتە بەرهەم ، ئەم کەمینەیەیش بەلایەنەوە گرنگ نیە چی دەبێت باببێت ، گرنگ نیە بەلایانەوە چەند ڕۆڵەی کورد دەکوژرێت و دەکوژن ، چوون ئەوان زمان و گتوگۆیان نیە ، بە لۆژیك ناتووانن گوزەر بە دۆخەکە بدەن ، بەڵکو ئەوان وەک چۆن خۆیان ئەڵێن بە خوێن هاتوین و بە خوێنیش دەڕۆین ، هەرئەمەیش چاوەڕێ دەکرێت ،لەم وڵاتی ئێمەدا کەمینەیەک سیاسەت دەکات لەسیاسی ناچن ، مرۆڤ لەلای ئەم کەمینەیە هیچ بەهاو نرخێکی نیە .
هەر بۆیەیش هەنوکە ئەو هەرێمەی بە ئاسایشترین جێگای ولاتێك ناو دەهێنرا ، بەرەو فەلوجەکەی جاران هەنگاو دەنێت ، یانی بە ڕۆژی نیوەڕۆ کەسە چالاکوانەکان و نوسەر و ڕۆژنامەنوسان ، دەبەن و دەکوژن ، دوواتر ئاسایشی هەرێــم لە بری لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە ، بە شتێکی ئاسایی وەری دەگرێت ، لەهەمان کاتدا ئەوکەسانەی دەبرێن و دەکوژرین ، هەر ئەوکەسانە بوون دەنگی بێدەنگیان هەڵهێناوە و هوتافی ئازادییان گوتووەتەوە ،ئەو ئازادییەی لەم هەرێمەدا ئەمڕۆ زیندانی دەکرێت ، لە کاتێكدایە گەلێك سەد ساڵ خەبات و قوربانی بۆ دابێت ، ئەوانەیشی دەڕفێنرێن و ئازار دەدرێن ، تەنیا خاوەن پێنوسەکانن ، نیلسۆن ماندێلا دەڵێت : هێرشی ئاژه‌ڵێكی دڕنده‌ به‌ده‌ستێكی بێ چه‌ك ناگه‌ڕێته‌وه‌ .
لە ئێستادا بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی هەرێم بەبی بونی بیر و هزر ، هەنگاوی ڕاستەقینە نانرێت و نابینرێت ، هەرێم پێویستی بەو کەسانەیە ئەزمونیان هەیە لە بیر کردنەوە ، ئاڵۆزی ئەم دۆخە و چارەسەر کردنی کێشەکان ، پێویستی بە سیاسەتوانی ڕستەقینە هەیە ،نه ك ئه وه ى که کێشەکان زیاتر ئاڵۆز دەبن ، فەرماندەیەکی سەربازی یان سیاسییەکی نا سیاسی دەنێردرێتە نێو هۆڵی گفتوگۆکان ، بۆ چارەسەر کردن !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە