ئه‌م وێنه‌یه‌ چۆن ده‌خوێنیته‌وه‌؟

Tuesday, 01.22.2013, 12:00

1607 بینراوە


ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ئه‌م وێنه‌یه‌ بده‌ین، به‌ قه‌باره‌ی کتێبێک ده‌توانین سەرنجی له‌سه‌ری بنووسین و لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بکه‌ین. خوێندنه‌وه‌مان بۆ بیرکردنه‌وه‌، بۆ قسه‌کردن، لە هه‌ڵسوکه‌وت و جوڵاندنی ئه‌ندامی له‌شی مرۆڤ له‌ سه‌ر و چاوه‌وه‌، تا ده‌گاته‌ قوله‌پێ، جل و به‌رگ له‌به‌رکردن، دیاریکردنی کات شوێن بۆ سه‌ردانی که‌سێک... هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌توانرێت که‌سایه‌تییه‌کان مه‌رام و مه‌به‌سته‌کانی تێدا بخوێنرێته‌وه‌. خوێندنه‌وه‌ی ئه‌مانه‌ بۆ خۆی هونه‌ره‌. پێش ئه‌وه‌ی بچمه‌ سه‌ر لێکدانه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی کورتی ئه‌م وێنه‌ حه‌ز ده‌که‌م بۆ خوێنه‌ره‌ به‌ڕێزه‌کان ئه‌م نمونه‌یه‌ بهێنمه‌وه‌، که‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ باسه‌مانه‌وه‌.
ده‌ڵێن مه‌لا مسته‌فای بارزانی کاتێک پێیان وتبێت فڵانه‌ که‌س، هاتووه‌، ده‌یه‌وێت بتبینێت، نه‌یهێشتووه‌ یه‌کسه‌ر بێته‌ ژوورێ، پێی وتوون با بوه‌ستن، یان پێیان بڵێ که‌ لێره‌ نییه‌، بابێته‌ ژوورێ و چاوه‌ڕێ بکات، ئیتر خۆی له‌ پڕ له‌ شوێنێکی تره‌وه‌، چۆته‌ ده‌رێ، یان میوانه‌که‌ی ناردووه‌ بۆ ژوورێکی تر، ئه‌وسا که‌ میوانه‌که‌ دانیشتووه‌، ئه‌م خۆی کردووه‌ به‌ ژووردا و ئه‌و له‌به‌ری هه‌ڵساوه‌، مه‌به‌ست له‌م تاکتیک و به‌زم و ره‌زمه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ بووه‌، که‌ نه‌یویستووه‌ خۆی له‌به‌ر میوانه‌که‌ هه‌ڵبستێ، به‌ڵکو وای کردووه‌ میوانه‌که‌ دابنێت و تا که‌ ئه‌م خۆی کرد به‌ ژووردا میوانه‌که‌ له‌به‌ری  هه‌ڵبستێت،
ئه‌مه‌ بیرکردنه‌وه‌ و هه‌ڵسوکه‌وتی که‌سانی نه‌خۆشه‌، که‌ له‌ مرۆڤه‌ ناته‌واو بچوکه‌کاندا هه‌یه‌ له‌و رێگایه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت بچوکی و نه‌زانینی خۆیان بشارنه‌وه‌ و خۆیان وه‌ک گه‌وره‌ پیشان بده‌ن، مه‌سعود بارزانیش و هه‌موو نه‌وه‌کانی مه‌لا مسته‌فا ئیستا ئه‌م تاکتیکه‌ به‌کار ده‌هێنن کاتێک بیانه‌وێت یه‌کێک ببینن، هه‌رگیز نه‌یانهێشتووه‌ له‌به‌ر هیچ که‌سێک هه‌ڵبستن. ئیستا هه‌مان تاکتیک  پیاوه‌کانی پارتیی و جامانه‌سووره‌کان پیاده‌ی ده‌که‌ن.
ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ئه‌و وێنه‌یه‌ بکه‌ین ده‌توانین به‌ کورتیی ئاوا ده‌ست پێبکه‌ین.
کابرایه‌کی به‌رپرسی پاره‌دار و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات، هه‌رچی خه‌سڵه‌ته‌ ناشرینه‌کانی ده‌سه‌لات و حیزبه‌که‌ی هه‌یه‌ تێیدا کۆبۆته‌وه‌، ده‌یه‌وێت وا خۆی پیشان بدات که‌ که‌سێکی میهره‌بان و دڵسۆز و هه‌ژاردۆسته‌، دز و ناپاک و به‌رتیلخۆر و شته‌ناشرینه‌کانی تر نییه‌، له‌ رێگای ته‌به‌قه‌ هێلکه‌یه‌که‌وه‌ ده‌یه‌وێت پێمان بڵێ،: ئه‌ها من چۆن یارمه‌تی هه‌ژاران ده‌ده‌م!
دیاره‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا چه‌ند که‌سێکی دوای خۆی خستووه‌، یه‌کێک له‌وانه‌ کامیرایه‌کی پێیه‌، پێی وتووه‌ که‌ من ته‌به‌قه‌ هێلکه‌که‌ ده‌ده‌مه‌ ده‌ست ئه‌م هه‌ژاره‌، تۆ یه‌کسه‌ر وێنه‌یه‌کم بگره‌، چاک وردبنه‌وه‌، ته‌به‌قه‌ هێلکه‌ له‌ ده‌ستی نابێته‌وه‌، تا به‌ ته‌واوی دڵنیانه‌بێت که‌ وێنه‌که‌ی گیراوه‌!
ته‌ماشای ماڵه‌که‌ بکه‌! له‌و منداڵانه‌ بڕوانه‌ له‌و پیاوه‌ بڕوانه‌ که‌ ته‌به‌قه‌ هێلکه‌که‌ وه‌رده‌گرێت،براگه‌وره‌یه‌، یان باوکیانه‌، گرنگ نییه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ ناچاری ده‌ستی گرتۆته‌وه‌ و هێلکه‌کانی لێوه‌رده‌گرێت!
پرسیار ئه‌وه‌یه‌ بۆچی ئه‌م به‌رپرسه‌ (وه‌ک ده‌ڵێن به‌رسی کۆمیته‌یه‌کی یه‌کێتییه‌ له‌ که‌رکوک) بۆچی له‌ ناو ئه‌و هه‌موو خێزانه‌ کورده‌ی که‌رکوکدا ئه‌م خێزانەی دۆزیوه‌ته‌وه‌ و ئه‌و ته‌به‌قه‌ هێلکه‌که‌ی بۆ بردوون!؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ زۆر ئاسانه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ پێشتر پێیان وتووه‌ ئه‌م خێزانه‌ هه‌ژارترتین که‌سن و پیویستیان به‌ یارمه‌تییه‌، ره‌نگه‌ زانیبیشێتی که‌ چه‌ند رۆژێکه‌ خواردنیان نه‌خواردبێت، یان توانای کڕین خواردن و زه‌خیره‌یان نه‌بێت، مناڵی زۆریان هه‌یه‌، ئیشیان نییه‌، خانه‌نشینی، یان شه‌هیدانه‌ و مووچه‌یه‌ک وه‌رناگرن، حاڵه‌تیان شڕه‌، ئه‌میش پاش بیرکردنه‌وه‌یه‌کی قوڵ و ماوه‌یه‌کی زۆر وای به‌ باش زانیوه‌ وه‌ک ریکلامکردنێک له‌ناو حیزبه‌که‌ی و یه‌کێتییدا  به‌م شێوه‌یه‌ ته‌به‌قێک هێلکه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بگرێت و  وێنه‌یه‌کیش بگرێت و پیشانی خه‌ڵکیی و هه‌ڤاڵانی خۆی بدات!
وه‌ک وتم ئه‌م وێنه‌یه‌ زۆر قسه‌ هه‌ڵده‌گرێت، که‌سایه‌تیی سوکی ئه‌و به‌رپرسه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێت که‌ بۆ خۆی پێش ئه‌وه‌ی به‌م ناز و نیعمه‌ته‌ی ده‌سه‌ڵات بگات، وه‌ک پیاوه‌ کۆنه‌کانی جاران ده‌یانوت، که‌سێکی سه‌رسواڵکه‌ری چروکه‌، له‌ ژیانیدا ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ یه‌که‌مین و دوایین پیاوه‌تیی بێت کردبێتی و له‌ ده‌ستی بووبێته‌وه‌.