ڕاستییەكان ئاشكرا دەبن! كوشتنی عەلی عەسكەریی و هاوڕێكانی بە بڕیاری مەلا مستەفا بووە

Thursday, 09/08/2012, 12:00

5546 بینراوە


(ئه‌م دیمانه‌یه‌ کاتی خۆی له‌گه‌ڵ سه‌بیجه‌ خان، خێزانی عه‌لی عه‌سکه‌ریی بڵاوکرایه‌وه‌، ئه‌مڕۆش وه‌ک به‌ڵگه‌ له‌گه‌ڵ ده‌قی هه‌ردوو بڕیاری قیاده‌ موه‌قه‌ته‌، له‌ کوردستانپۆستدا بڵاوی ده‌که‌ینه‌وه‌).

بەپێی بەڵگەنامەیەك كە نووسراوێكە باس لە كوشتنی عەلی عەسكەریی و هاوڕێكانی دەكات، هاوكات لەچوارچێوەی چاوپێكەوتنێكدا كە چوارساڵ بەر لەئێستا لەگەڵ سەبیحە عەسكەری هاوسەری عەلی عەسكەری ئامادەم كردووە، كۆمەڵێك ڕاستیی ئاشكرا دەبێت سەبارەت بە ڕووداوەكەی كارەساتی هەكاری كە لەلایەن قیادەی موه‌قەتەوە بەبڕیاری شەخسی مەلا مستەفا بارزانیی بووه‌، که‌ هەریەك لە عەلی عەسكەری و هاوڕێكانی بەدیلی ده‌گیرێن و بڕیاری كوشتنیان دراوە.
یه‌که‌مینجاریش له‌ زاری مه‌لا مسته‌فاوه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ کراوه‌ که‌ پیاوی گه‌وره‌ ده‌بێت به‌ چه‌کی گه‌وره‌ بکوژرێت، له‌ویشه‌وه‌ قسه‌که‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئیدریس بارزانی.
ئەگەرچی(بە وتەی سەبیحە عەسكەری) لای خودی مەلا مستەفاوە بڕیارەكە دراوە، هاوكات لەلایەن (جه‌وهه‌ر نامیق، كەمال كەركوكی، سامی عەبدولڕەحمان و ئازاد به‌رواریی) له‌ ژێر چاودێریی میتی توركییدا پرۆسه‌ی كوشتنەكە جێبەجێكراوە و هەریەك لە عەلی عەسكەری و هاوڕێكانیان بە زیندوی بەدارەوە بەستراونه‌ته‌وه‌ و بە قازیفە كوشتویانن.
گۆران دوکانی - ئه‌مه‌ریکا

ئەمەی خوارەوە دەقی چاوپێكەوتنەكەی سەبیحە خانی هاوسەری عەلی عەسكەریە، چیرۆكی كارەساتەكە بە وردی دەگێڕێتەوە...

هاوسەری عەلی عەسكەریی:
*كاك مەسعود سۆیندی خوارد دەستی، که‌ لە كوشتنی عەلی عەسكەرییدا نەبووە
* مەلا مستەفا جوابی ناردبوو، كە پیاوی گەورە دەبێت بەچەكی گەورە بكوژرێت‌ و نابێت ئەمانە بمێننەوە.
* عەلی عەسكەریی و هاوڕێكانیان بەدارەوە بەستۆتەوە و بە قازیفە كوشتویانن
* كەمال كەركوكی و سامی عەبدولڕەحمان و میتی توركی دەستیان لە كوشتنەكەیاندا هەبووە
* ئێمە ڕوحی كوردایەتی، شۆڕشی پێكردین، نەمانزانی شۆڕش بۆ قەسرو ڕابواردن و شتیتر كرا.
* ئەگەر شاڵاوی كوڕم پەیوەندیی لەگەڵ موخابەرات هەبووبێت زۆڵە‌ و داوا دەكە‌م ‌وەك جاش ‌و مستەشارەكان دادگایی بكرێت.
* ئەگەر ئێمە كەرامەتمان هەبێت دەبێت كەرامەتی میللەتەكەمان بە هی خۆمان بزانین



چاوپێكەوتنی: گۆران دوكانی
سەبیحە عەسكەری خێزانی عەلی عەسكەری لە چاوپێكەوتنێكدا باس لە چۆنێتی كوشتنی عەلی عەسكەری دەكات ‌و هەریەكە لە كەمال كەركوكی ‌و سامی عەبدولرەحمان تۆمەتبار دەكات بەوەی كە دەستیان لە كوشتنی عەلی عەسكەریدا هەبووه‌، ئەوەش ئاشكرا دەكات كە دوای راپەڕین مەسعود بارزانی داوای لیبوردنیل ڵیكردووە و وتوویەتی دەستی لەوكوشتنەدا نییە، ئاماژەش بەوە دەكات ئەگەر شاڵاوی كوڕی پەیوەندی لەگەڵ موخابەرات هەبووبێت زۆڵە‌ و داوا دەكات ‌وەك جاش‌و مستەشارەكان دادگایی بكرێت.

پ: تا ئێستا قسە و گێڕانەوەی جیاواز هەیە لەسەر كوشتنی عەلی عەسكەری، تۆ ‌وەك خێزانی ئەو دەتوانیت چۆنیەتیی كوشتنەكەی بخەیتە ڕوو؟
سەبیحە عەسكەری: كاتێك هیزی پێشمەرگە بە سەركردایەتیی عەلی عەسكەری ‌و دكتۆر خالید بەرەو سنوری توركیا و سوریا كەوتنەرێ بۆ ئەوەی چەك لە سوریاوە بهێنن، قیادەی موقەتە (پارتی) هێرشدەكەنە سەریان. چونكە ئەو كاتە لە سوریاوە یارمەتی شۆرش دەدرا، یەكێك لەوانە كە كوڕە گەورەكەم بوو بەناوی شۆڕش بەشداربوو لەو چەكانەی كە دەیاننارد بۆ پێشمەرگە ‌و كوردستان، لەبن سیمەوە كە لەسنورەكانی توركیا‌و سوریادا دانرا بوون چەكیان رەوانە دەكرد بۆ كوردستان بۆ ئەوەی كە پێشمەرگە چەكیان لێنەبرێت، خەڵكیان هەبوو لە توركیا یارمەتیی پێشمەرگەیان دەدا‌ و چەند قاچاخچییەك هاوكارییان دەكردن، چەند كەسێكیش لەو رێگایەدا شەهیدبوون ‌وەك ئیبراهیم عەزۆ ‌و حەسەن خوشناو ‌و چەند كەسێكی تر، جەماعەتی سێیەم عەلی عەسكەری‌ و ئە‌وان بوون، بەبێ چەك هاتبوون ‌و دەیانویست بنكە لە بادینانیش دابنێن بۆ ئەوەی ببێت بەپاڵپشتییەك بۆ پێشمەرگە كەهاوكاریشیان لەوێوە بۆ بێت، پارتی ئیستگەیەكیان دەبێت لە توركیا ناوچەی هەكاری، سنورەكەی پێی ده‌ڵێن ئیستگەی قیادە موەقەتە، كۆمەَڵیك كەسیان تووش دەبێت لە جەماعەتی پارتی، دكتۆر خالید سەعید خەڵكی كۆیە بەعەلی عەسكەری ده‌ڵێت كاك عەلی ئەمانە خائینن لەگەڵمان ‌و نیازیان خراپە، یەكیان عەبوو عەنتەریان پێدەوت ‌و كەمال كەركوكی ‌و سامی عەبدولرەحمان ‌و چەند كەسێكی تر بوون. ساڵی ١٩٧٧ كاتێك چووینە سوریا هەواڵمان بۆ هات عەلی عەسكەری‌و هاوڕێكانی دكتۆر خالید‌ و ملازم عومەر‌و شێخ حسێن بابە شێخ دەستگیر كراون، هۆكارەكەشی تەنیا ئەوەبوو عەلی عەسكەری كە دەیتوانی تینێك بداتەوە بە شۆڕش یەكەم كەس بوو خەڵك بڕوای پێی بوو كە دووبارە خەبات دەستپێبكاتەوە، بەڵام كە پارتی ئەمەیان دی پێیان خۆش نەبوو، هیچ حیزبێك پێی خۆش نییە شۆڕشی خۆی شكست بهێنێت ‌و كەسێكی تر هەوڵ بدات شۆڕش هەڵبگیرسێنێتەوە، كەسێك ناوی بەوە دەربچێت كە ئاشبەتاڵی كردووە‌ و كەسێكی تریش شۆڕِش دروستبكاتەوە، هیچ هۆكارێك نەبووە بچێ كورد بكوژێت‌ و زیان بە پێشمەرگە بگەیەنێت، دواتر لەلایەن كەمال كەركوكی‌ و سامی عەبدولرەحمان ‌و چەند كەسێكی ترەوە دوای سێ رۆژ سەلام كە خزمی نزیكی عەلی عەسكەری بووە لێی دووردەخەنەوە، عەسكەری كەسێكی حەق ‌و رەق بوو، حەزی بە تەنازول نەبووە كە بیكات، پارتی ‌وتوویانە ئەمانە جاشی سەدامن هاتوون ماڵ تاڵان دەكەن ‌و پیاوخراپن، لە كوشتنی عەلی عەسكەریدا پارتی میتی توركی ‌و عەشایەری توركیایان لەگەڵ بووە، ‌وەك لایەنی ئاشكرا كە عەلی عەسكەرییان شەهید كردووە ماڵی مەلا مستەفا بوون، شتەكە ئاشكرایە ‌و نهێنی نییە. كەمال كەركوكی كە ئێستا جێگری سەرۆكی پەرلەمانە‌ و سامی عەبدولرەحمان‌ و میتی توركیاشیان لەگەڵ بووە، لە ناوچەی هەكاری توركیادا هەر سێكیان بەدار بەسراونەتەوە‌ و بە قازیفە شەهیدیان كردوون، یەكێك دەیوت عەلی عەسكەرییان بەیەك قازیفە كوشتووە ‌و دكتۆر خالید‌ و شێخ حسێنیش بە قازیفه‌یه‌کی تر، هەرسێكیان بەقازیفە كوژراون، مەلا مستەفا جوابی ناردبوو، كە پیاوی گەورە دەبێت بەچەكی گەورە بكوژرێت‌و نابێت ئەمانە بمێننەوە، ئەمە لەكاتێكدا كە عەلی عەسكەری تا كۆتاییه‌كاتی ئاشبەتاڵ ئیدریس‌و مەسعودی بەجێنەهێشتبوو، ئەوەبوو عەلی عەسكەری ئیدریس ‌و مەسعودی گەیاندبووە نەغەدە لە كوردستانی ئێران، بەڵام بەداخەوە كە پاداشتەكەیان بەو شێوەیە دایەوە.

پ: پێتوایە كوشتنی عەلی عەسكەری ‌و هاورێیانی تاچەند زیانی بە شۆڕِش گەیاند لەو كاتەدا؟
سەبیحە عەسكەری: نەك هەرعەلی عەسكەری، هەر كەسێكی تر بووایە، ئەگەر بیڕوباوەری جارانمان هەبووایە ‌و روحی كوردایەتیمان هەبووایە، بۆ كوردمان بكردایە، ئێمە ‌وامانزانی كە شۆڕش دەكەین بۆ كوردی دەكەین، نەمانزانی بۆ قەسر ‌و بۆ رابواردن ‌و شتی تر كرا، كە شۆڕشمان كرد بەیەك دڵەوە كردمان، كە كورد ئازاد بێت، بەڵام بەداخەوە ئێستا دەَڵیین ئێمە بۆچی شۆڕشمان كرد! بۆچی چەند ‌وەختە گیانی خۆمان خستە ناڕەحەتییەوە، ئەوەی ئێستا دەیبینین كە بەرپرسەكان بە مانای وشه‌ بەرپرس بن، بەرژەوەندیی ‌وڵات ‌و هەرێمەكەی لە پێش بەرژەوەندیی خۆیەوە بۆیت، بەداخەوە ئێستا ‌وانیە، بریا بمانوتایە ئەگەر ئەم بەرپرسانە نەمێنن ئێمە بێ شوان دەبین، بەڵام لەناو هەموو هاوڵاتیاندا بەپێچەوانەوەیە.

پ: دوای نزیكەی ٣٠ ساڵ بەسەر تێپەڕبوونی كوژرانی عەلی عەسكەری‌ و هاورێیانیدا، لە رێگەی تاڵەبانییەوە سەردانی پارتیتان كردووە بۆ ئەوەی كە مافی خۆتان ‌وەربگرنەوە؟

سەبیحە عەسكەری: كاك مەسعود لە دوای راپەڕینەەوە لە ساڵی ٩٣ بۆ ٩٤هات بۆ ماڵی ئێمە داوای لێبوردنی كرد و سۆیندی خوارد كە تاوانی ئەوی تێدا نەبووە‌، ‌وتی هیوادارم بە كوڕێكی ئەم ماڵەم قبۆلبكەن ‌و سەری بۆ‌وێنەكەی عەلی عەسكەری دانەواند‌ و شاڵاوی كوڕشم پێیوت یەكێتیی لێدەرچێت تۆش یەكێكیت ‌وەك مام جەلال، دوای روخانی رژێمی سەدام بە مام جەلالم وت ‌وەك هەموو ئەو خەڵكە داوای مافی خۆم دەكەم، دواتر لە رێگەی دكتۆر بەرهەمەوە چوومە لای كاك مەسعود‌ و پێموت داوات لێدەكەم وەك چۆن تەرمی ئەنفالكراوەكان ‌و بارزانییەكان دەهێنرێتەوە ‌و ئاڵایەكی كوردی بەسەرەوەیە، منیش دەمەۆیت ئێسك‌ و پروسكی عەلی عەسكەری بهێنمەوە، عەلی عەسكەری پیاوی ئێران‌ و توركیا‌و ئیسرائیل نەبووە، دەروێشی كورد بووە‌ و كەشكۆڵەكەی هەڵگرتووە، كاك مەسعودیش پێیوتم خۆم‌ و مام جەلال تەنسیق دەكەین، بەڵام تاكو ئێستا هیچ تەنسیقێك نەكراوە، لێرەوە داوادەكەم كە تەرمی عەلی عەسكەریم بۆ بهێننەوە یان شۆینەكەیم بەتەواویی پێبڵێن.

پ: دەوترێ عارف تەیفور لە رۆژنامەیەكدا ئەوەی ئاشكرا كردووە كە پارتی ئەوانی دەستگیركردووە؟
سەبیحە عەسكەری: عارف تەیفور لە لوبنان بوو، كە خزمی خۆم‌ و عەلی عەسكەریشە، لە رۆژنامە بڵاوی كردبووە، كە پارتی ‌و جەماعەتی قیادە موقەتە عەلی عەسكەری ‌و شێخ حسێن ‌و دكتۆر خالیدیان دەستگیركردووە، لەگەڵ ئەمانەشدا هەر ئەو كات ئێمە هەواڵمان بۆ هات كە پارتی عەلی عەسكەری ‌و هاورێكانیان دەستگیركردووە، ئێمەش رۆژنامەكامان برد بۆ دكتۆر فوئاد مەعسوم، بەڵام یەكێتی ئەو كات ئەوەی رەتكردەوە كە دەستگیركرابن.

پ: قسەیەك هەیە كە ده‌ڵێت عەلی عەسكەری بە كۆپتەر چووە بۆ بەغداد ‌و پەیوەندیی هەبووە؟
سەبیحە عەسكەری: ئەو كە چووە بۆ بەغداد لەوە‌وە هاتووە كە كورد گەمارۆ درابوو، كەس نەیدەۆیرا بڕوات، نان نەمابوو، ئەو دەچوو بۆ مفاوەزات، قوربانییه‌که‌ عەلی عەسكەری بوو، ئینجا خۆ هەر خۆی نەبوو لەگەڵ شێخ محەمەدی لۆلان‌و چەند كەسێكی تر بووە، بەسەدامی ‌وتبوو كورد ئەمە‌ و ئەوەی دەۆیت ئەوەش لە ساڵی 76 بۆ 77 بوو، ئەو قسەیەش پارتییەكان بۆیان دروستكردبوو.

پ:كۆمه‌ڵێک جاش ‌و مستەشار دەستیان هەبووە لە رووداوی ئەنفالدا، زۆربەشیان لەلایەن پارتی ‌و یەكێتییەوە داڵدەدراون، ‌وەك ژنە سەركردەیەك هەڵۆیستت چییە لەسەر ئەوە؟

سەبیحە عەسكەری: هەر كەسێك خیانەتی مسقاڵە زەڕەیەك بەرانبەر بەم میللەتە كردبێت، ئایا مستەشار بێت‌، یان مەسئول بێت، ئەوە حەقە دادگایی بكرێت‌ و سزای خۆی ‌وەربگرێت، كەسوكاری ئەنفالكراوەكان بە ماددە تەنیا ناتوانرێ قەرەبوو بكرێنەوە، بەڵام پێویستیشە دادگایی ئەو كەسانە بكرێت كە ئەو شێرانە دەكوژن بە بێ تاوان‌ وەك عەلی عەسكەری‌ و شێخ حسێن‌و دكتۆرخالیدیان كوشت، پێویستە دادگایەك دروست ببێت لەمانەش بپرسێتەوە یان ئەوانەی كە بوون بەهۆكاری هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ‌ و چەندین كوردیان دا بەكوشت، پێویستە ئەوانەش دادگایی بكرێن.

پ: لە راگەیاندنەكاندا ئەوە بڵاوكرایەوە كە بەڵگە هەیە لە سەرئەوەی شاڵاوی عەلی عەسكەری پەیوەندیی لەگەڵ رژێمی بەعسدا هەبووە، بۆ ئەمەیان ده‌ڵێیت چی؟
سەبیحە عەسكەری: ئەگەر كوڕی منیش ئەوەندە زۆڵ بێت‌ و رەوشتی‌ وا بووبێت ‌و شیری منی خوارد بێت‌ و كوڕی عەلی عەسكەری بوو بێت، ‌وای كردبێت، حەقە بەدەستی خۆیان لەسێدارەی بدەن، بەڵام چۆن قسە بە مەسعود بارزانی ‌و تاڵەبانی ‌وتراوە، ئەگەر بەڵگەی تەواو هەبێت لە سەری پێویستە ‌وەك جاش‌ و مستەشارەكانی تر دادگاییبكرێت.

پ: یەكێتی تا چ ئاستێك هاوكاریی كردوون؟
سەبیحە عەسكەری: تەنیا زەوییەكم ‌وەرگرتووە، ئێمە بۆ ماددەمان نەكردووە، ئەگەر بۆ مادەمان بكردایە دنیا لە شۆینێكی تردا دەبوو یان ‌وەك مەسئولەكانی تر كە لە باشترین ژیاندان، ئێمە عەلی عەسكەریمان لە دەست دەرچووە، گیانی ئەومان بەهەموو دنیا نەداوە، مادە هەموو شتێك نییە، ئێمە تەنیا میللەت بەچاوی شەریفانە سەیرمان بكات بۆ ئێمە بەسە كە شێرێكمان لەدەستدا لەپێناوی رزگاركردنی خاكی كوردستاندا.

پ: داوای چی لە سەركردەكانی كورد دەكەیت؟
سەبیحەعەسكەری:ئایا بڕوام پێیان هەیە تا داوایان لێبكەم، ئایا مەیتەكەم دەدەنەوە ‌و ئەوەندە بەوەفان بەرانبەر بەخەڵكی شەهید ‌و كەسانی قارەمان، بۆ نمونە ناویشیان خراپ نەكەن، من ناوبانگی كەرامەتم دەۆیت لەبەرپرسەكان نەك شتی ماددی‌ و سەیارە، ئاواتەخوازم كە لەو بن ئەشكەوت‌ و شاخە بوومایە وەكو جاران‌ و نانە رەقەم لە كونی مشك دەربكردایە‌ و بمخواردایە، هەندێك شتم نەدیبایە، داوا دەكەم كە هەموو شتە خراپەكان ‌وەلابنێن ‌و ئیتر بكەونەوە خۆشەویستیی میللەت‌ و بەخۆیاندا بچنەوە، ببنەوە بە پێشمەرگەكەی شاخ‌ و دڵسۆزانە كار بكەن بۆ‌ وڵاتەكە ‌و ئاوەدانی بكەنەوە، لوتیان بەرز نەبێت ‌و هیچی تر، هەتا سەرهەڵبڕی دەبێت سەریشت دابنەۆینیت ‌و ملكەچ بن بۆ میللەت.

پ: ‌واتا بەرپرسەكان ‌وەك جاران هەڵسوكەوت ناكەن‌ و خەمخۆری میللەت نین؟
سەبیحە عەسكەری: بەَڵی، ئەو كات كەرامەتی ئەوان هی ئێمە بوو‌ كەرامەتی ئێمە هیی ئەوان بوو، دڵسۆزانە خەباتیان دەكرد بۆ ئەوەی كورد رزگاری بێت، بەڵام ئێستا كەی كەرامەتمان هی یەكترە، ئەگەر ئێمە كەرامەتمان هەبێت؟ دەبێت كەرامەتی میللەتەكەمان بە هی خۆمان بزانین، ئێستا ئەوەی بەرژەوەندیی لە حیزبێكدا نەبێت ئیشی بۆ ناكات.


پرۆفایل:
- سەبیحە شێخ جەلال شێخ عوسمان
- لەساڵی(1944)لە سەرگەڵو لەدایكبووە
- لە ساڵی(1959) لەگەڵ عەلی عەسكەرییدا ژیانی هاوسه‌رگیریی پێكهێناوە. خاڵۆزا و پورزا بوون لەگەڵ یەكتردا.
- سێ كوڕی بە ناوەكانی (شۆڕشگێر، شاڵاو، شایان) و كچێكیشی بەناوی (شنە)
هەبووە، عه‌لی عه‌سکه‌ریی لە ژنی دووەمیش شەپۆل ‌و شكۆ ‌و شەنگی هەبووە.

مه‌لا مسته‌فا بارزانی:
* له‌ رۆژی 1 / 3 / 1979 به‌ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ گیانی له‌ ده‌ست دا.
* له‌ رۆژی 7 / 7 / 1978 له‌ دوو فه‌رمانی فه‌رمانی جیاوازدا بڕیاریی کوشتنی عه‌لی عه‌سکه‌ریی و هاوڕێکانی له‌لایه‌ن قیاده‌ موه‌قه‌ته‌وه‌ دراوه‌.، واته‌ هه‌شت مانگ به‌ر له‌ کۆچی دوایی مه‌لا مسته‌فا.

بۆ بینینی هه‌ردوو بڕیاڕه‌که‌ی قیده‌ موه‌قه‌ته‌ کلیکی ئه‌و لینکه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌:
* بڕیاری یه‌که‌م: بڕیاریی کوشتنی عه‌لی عه‌سکه‌ریی.
* بڕیاری دووه‌م : بڕیاریی کوشتنی خالید سه‌عید و حسێن بابه‌ شێخ

تێبینی: ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ ئه‌و دوو بڕیاره‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بیی بووه‌، ئه‌مه‌ش مانایه‌کی تایبه‌تیی خۆی هه‌یه‌، که‌ ده‌بێت بپرسرێت بۆچی به‌ زمانی عه‌ره‌بیی ئه‌و فه‌رمانانه‌ ده‌رکراوه‌؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە