عەلی حەججار: رەفزكردنى دەشنێ گوناهێكى گەورەیەى هونەرییە

Friday, 01/01/2010, 12:00

2112 بینراوە


هونەرمەندی بەناوبانگی میسری عەلی حەججار لەدیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ (سڤیل)، قسە لەسەر گۆرانی كوردی دەكا و ئاماژەش بەچۆنیەتی كاركردنی لەگەڵ هونەرمەند لەیلا فەریقی دەكات و دەڵێ "لەهەموو چاوپێكەوتنەكانمدا پرسیاری ئەوەم لێ دەكەن، ئەو كچە جوان و دەنگخۆشە كێیە لەگەڵتدایە، گوتوومە ئەوە لەیلا فەریقیی كوردانە، یەكێك لەجوانترین و سەركەوتووترین هونەرمەندەكانی كوردە".
هونەرمەند عەلی حەججار، كە ئێستا خاوەنی 17 ئەلبومی گۆرانییە و یەكەم ئەلبومی بەناوی (كنت فین با علی قد ماحبینا) لەوڵاتی میسر بڵاوكردەوە، لەساڵی 4/4/1954 لەگوندی (زنین) سەر بەپارێزگای (الجیزە)، لەدایكبووە. حەججار لەو دیمانەیەى ئاماژەی بەوە دەكا، هیچكات بیری لەوە نەكردبووەوە بەزمانی كوردی گۆرانی بڵێت، هەروەها هیچ ئاشنایەتییەكی بەموزیك و گۆرانی كوردی نەبووە، دەڵێ "لەرێگەی ئەو گۆرانییەی لەگەڵ هونەرمەندی كورد لەیلا فەریقی تۆمارم كرد، مۆسیقای كوردیم ناسی و زیاتر گوێم بۆ گۆرانی كوردی گرت و ئاشنایەتیم دروست كرد، هەروەها لەیلا فەریقیشم لەرێگەی هونەرمەند هەڵكەوت زاهیر ناسی". لەبارەی ئەو گۆرانییەی لەگەڵ لەیلا فەریقی تۆماری كردووە، زۆر قسەی هەیە و گوتی "ئەو گۆرانییە سەركەوتنێكی زۆری بەدەستهێنا و میلۆدی گۆرانییەكە خەڵاتی یەكەمی ساڵی وەرگرت، لە راگەیاندنە عەرەبییەكاندا چەندین نووسراوی باش لەسەر توانای میلۆدی ئەو گۆرانییە بڵاوكرایەوە، پێیدەگوترا (ساروخ) یان (قومبەلەی مەوسم)، دەستخۆشی لەبرای خۆشەویستم كاك هەڵكەوت زاهیر دەكەم"، ناوبراو ئەو گۆرانییە بەیەكێك لەگۆرانییە زۆر باشەكانی خۆی دەزانێ و گوتیشی "بەراستی هونەمەند لەیلای فەریقی توانایەكی ئێجگار زۆری هەیە و توانی زۆر بەباشی ئەو گۆرانییە بڵێ و لەقاهیرە ناسراویەكی زۆری وەرگرت، ئەگەر لەیلا فەریقی لەوڵاتی میسر كاری هونەری بكردبووایە، دەبووە یەكێك لەناودارەكانی موزیك و گۆرانی ئەمڕۆ".
ئەو ئێستا هێندە موتابەعەی گۆرانی كوردی دەكات، ئاگاداری هەموو ئەو رەخنانەش هەیە، كە لەدوا ئەلبومی لەیلا فەریقی گیراوە، لەبەرئەوە حەججار لەدیمانەیەكی گۆڤاری (رۆتانا) باسی لەتوانای هونەری لەیلا و دوا ئەلبومی ئەوی كردووە، ئێستاش دەڵێ "هەمیشە رەخنە لەكاری باش دەگیرێ، بەڵام لەیلا فەریقی لەهەڵبژاردنی گۆرانی زۆر زیرەكە، من ئەلبومەكەم گوێ لێ بووە، كاری زۆر جوانی تێدا كراوە، پاشان موزیك سنوری نییە و گەلان بەیەكەوە دەبەستێتەوە، چونكە موزیك خۆی زمانێكە". عەلی حەججار لەو دیمانەیەدا خۆی بەیەكێك لە هونەرمەندە ئەزمووندارەكانی وڵاتی میسر وەسف دەكات و گۆڕانكاری و نوێكارییەكانی ئێستای گۆرانی عەرەبیش رەت ناكاتەوە، ناوبراو لە دواین ئەلبومی خۆی كە پار بەناوی (مكتوبالی) بڵاویكردووە، خۆی خستۆتە ناو ئەو نوێكاریەوە، گوتی "گۆرانیبێژ هەیە تەنیا بۆ كەیف و سەفا و دروستكردنی ساتێكی هەڵپەڕكێ گۆرانی دەڵێ، بەڵام هونەرمەندی راستەقینە پەیامێكی هەیە و دەیەوێت بیگەیەنێت، لەگەڵ ئەوەشدا ناكرێ هیچكام لەو هونەرانە رەت بكرێنەوە، ئەوە خەڵك و مێژوو بڕیار دەدات، كامە هونەر سەركەوتووە، هەروەها هەموو نوێكارییەكی ئێستا خراپ نین و نوێكاری بریتی نییە لەبێ پەیامی و بێتوانایی، ئەگەر گوێ لە دوا ئەلبومم بگری، نوێكاری هونەری زۆر جوان كراوە، ئەوانە داهێنانن"، ناوبراو وەك خۆی باسی كرد، زووزوو سەردانی وڵاتی لوبنان دەكات و زۆریش حەز بە هاوڕێیەتی هونەرمەندان دەكا، "بەتایبەت هاوڕێیەتی هەر لەگەڵ هونەرمەندانی ئافرەت خۆشە، كاركردنیش لەگەڵیان خۆشە". حەججار پێشی خۆشە منداڵەكانی ئەو هونەر بكەنە پیشەی خۆیان، ئەو گوتی "منداڵەكانی من ئازادن لەهەڵبژاردنی كاری خۆیان، زۆریشم پێخۆش دەبێت، ئەگەر كاری هونەری هەڵبژێرن، چونكە ئەوان بەهرەی هونەرییان هەیە، بەتایبەت كوڕەكەم، بەڵێن دەدەم هاوكاریشیان دەبم، چونكە منیش بەپشتگیری باوكم گۆرانیم هەڵبژارد، باوكم رەنگدانەوەی بەسەرماندا هەبووە، رۆژانە لەماڵەوە لەسەر دەستی باوكم (ئیبراهیم ئەلحەججار) فێری هونەری گۆرانی گوتن بووم، كە ئاوازدانەر و گۆرانیبێژێكی بەناوبانگ بوو، دواتر داهێنەری گەورە (بەلیغ حەمدی) توانی دنیای هونەریم بۆ بكاتەوە".
لەبەرئەوەی هیچ لایەك داوەتی نەكردووە، یەكێك لە حەزەكانی حەججار نەهاتووەتە دی، چونكە ئەو ئاشكرای كرد، زۆر حەز بەبینینی كوردستان دەكات، حەججار دەڵێ "بیرم كردۆتەوە بێمە كوردستان، ئەوەی كە گوێم لێ بووە، كوردستان زۆر پێشكەوتوو بووە و خەڵكەكەی هونەردۆستن". ناوبراو باسی دانیشتنێكی خۆی دەكات لەگەڵ مۆسیقییەكی كورد، لەوێوە گوێبیست بووە، كە لەكوردستان رەخنەی زۆر لە (دەشنێ) دەگیرێ، دەڵێت "راستی رەفزكردنی دەشنێ، گوناهێكی گەورەی هونەرییە، بەڵام ئەگەر لە كوردستانیش رەفز بكرێ، شوێنێ دی هەیە باوەشی بۆ بكاتەوە، ئەوەی من بزانم رۆتانا پەیوەندی پێوە كردووە، بۆئەوەی كاری بۆ بكات، كە ئەوەم بیست زۆر دڵخۆش بووم".
هەروەها عەلی حەججار دەشڵێ "گۆرانی (دوو هەفتەیە)، زۆر بەلامەوە خۆشە، گوێم لەبەرهەمەكانی (دەشنێ)ـی شاكیرای كوردستان بووە و زۆر بەتوانایە، هەروەها (لۆكە) دەنگێكی راقی هەیە، هەروەها دەنگی (میرا)م زۆر پێخۆشە و كاتی گەنجی خۆم بیردەخاتەوە، هەروەها گۆرانی (چاوەڕێ بووم)ـی (دڵنیا رەزازی) زۆر خۆشە، بەردەوام خۆزگەم خواستووە، ئەو گۆرانییە هی من بووایە، زۆر لەهونەرمەندەكان دەناسم".
ئەو هونەرمەندە میسرییە، كە زیاتر لە(70) درامادا گۆرانییەكانی گوتووە، هەروەها لە(3) فیلمی سینەمایی بەنواندن و گۆرانیگوتن بەشداری كردووە، بەڵام بەبەراورد لەگەڵ هونەرمەندانی دیكەی میسری و عەرەبی كەمتر چاوپێكەوتن ئەنجام دەدات، زۆرجاریش تەدەخول لەپرسیار دورستكردن دەكات، پێشی ناخۆشە لەبارەی هونەرمەندانی دیكەوە پرسیاری لێ بكرێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە