رۆژی ڕەش و هێمن

Monday, 19/11/2012, 12:00

1725 بینراوە





بۆ پێناسە کردنی کۆمەڵگای دوا کەوتو هۆیەکان زۆرن. لەم کورتە نووسراوەیە دا بڕوا ناکام بکرێ یەکە یەکە ئاماژەیان پێ بکرێ. هەر وەکی دەزانین ژیانی مرۆڤ تژەیە لە رووداوی تاڵ و شیرین. نە رووداوە تاڵەکان لە بیر دەچن و نە رووداوە شیرینەکان. تەمەنی گەنجی مرۆڤ وێنەی بەهاری ژیانە کە بە باشی هەستی پێ ناکەی و قەدری نازانی.
دەخوازم باسی رۆژێکی رەشتان بۆ بکەم، ئەو رۆژەی کە وێنەی خوێن بە جەستەم دا دەگەڕێ و قەت لە بیرم ناچێ.
وێڕای چەند کەسێک لە دۆستان لە شاری مەهاباد، چوار رێگای ئازادی، تریکەی نیوەڕۆ دەبو راوەستابوین و باسی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتمان دەکرد کە لە پڕ کەسێکی جیهاندیدەی بەساڵاچوو هاتە لامان و گوتی:
"کوڕینە دەزانن مامۆستا هێمن کۆچی دوایی کردووە و خەریکە تەرمەکەی دەگاتە مەهاباد و قەرارە لە سەر شانی خەڵک بەڕێ بکرێ بۆ گۆڕستانی شار؟"
سەرەتا باوەرمان پێ نەکرد! بەڵام دوای چەند کاتژمێر دیتمان تەرمی پیرۆزی هێمن، شاعیر و فەیلەسووف گەیشتە چوارڕێگای ئازادی!
دارمەیتێکی کۆن و شکاو، لێفەیەکی شڕی کۆن (ئەو لێفەیەم لە ماڵی خۆی دیتبو)، و نزیکەی 100 کەسێک بە دانی دروشم گەیشتنە نزیکمان. ویستمان ئێمەش خۆ وەبەر دارەمەیت بدەین و لەسەر شانمان بەرەو گۆڕستان هەنگاو باوێژین کە لە پڕ چەند کەسێک گەنج و هەتا رادەیەک بە تەمەن، پڕ بەو شارە هاواریان کرد: "هێمن جاشە! هێمن جاشی میللییە! (بە ڕەحمەت بێ دوکتور قاسملو وای پێ دەگوت)، هێمن جاشە پیرەیە، هێمن سەر قافڵەی جاشانە!" (ئەو وشانەی کە شیاوی هێمن نین، فەرموودەی مەلا عەوڵای حەسەن زادەن).
لەوەها گیر و دارێکدا، ململانیی نێوان بەشدارانی بە خاک سپاردنی مامۆستا و فاڵانژەکانی دەمڕوت (کە دروشمی بژی حیزبی دیمۆکراتیان دەدا) تەرمی مامۆستای نەمر لەسەر شانی جەماوەر دەمەوڕووە کەوتە سەر عەرز و دارمەیەتیش بەلای دیکەدا بەربۆوە! خەڵکی توڕە و فاڵانژی ترسنۆک، خەڵکی چاو بە فرمێسک شەمشەکوێرە دەستەمۆ!
رۆژێکی رەش و کۆمەڵگایەکی خەوتو، شاعیری کۆماری کوردستان و ئاوا چارەنووسێک! لە کاتێکدا فاڵانژ لە ترسی جەماوەر رایان دەکرد، هۆنراوەی "ناڵەی جودایی"م وە بیر هاتبوو کە لە بەشێکی دا دەڵێ:
"گەر گڵاشم کوردەواری ئێوە خۆش"
سێ دەیە لە مەرگی دڵتەزێنی هێمن تێدەپەڕێ ئەو کەسانەی کە لە سەر ناوی دێموکڕات و لەسەر ناوی کرێکار لە ئۆردوگاکاندا قەتیس ماوەن هەنووکەش داوای لێبوردنیان لە هێمن نەکردووە و خۆر نابینن و قەتیس ماون لە سای سێبەرێ.

چەعفەر کەریمی
فەنلاند 18.11.2012

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە