فاوڵەكانی مەلا بەختیار

Sunday, 30/10/2011, 12:00

2196 بینراوە


لە كۆتایی سێپتەمبەر و سەرەتای ئۆكتۆبەر بەرێز مەلا بەختیار، كارگێری مەكتەبی سیاسی ینك، سەردانی چەند وولاتی ئەوروپی، وەكو ئیتالیا، فەرەنسا، سوید و نەمسا، كرد و، بەقسەی خۆی و میدیاكانی ینك سەردانی پەرلەمان، وەزارەتی دەرەوە، كۆشكی كۆماری (نەمسا)، بارەگای پارتە سیاسی و تەنانەت نەقابەی كرێكارانیشی كردووە. هەر بە پێی میدیاكانی ینك (رۆژنامەی كوردستانی نوێ و چاودێر و سایتەكانی puk.org، چاودێر، مەلبەندی دەرەوەو پوك میدیا و ... هتد لە 20ی سێپتەمبەر تا 10ی ئۆكتۆبەر) مەبەستی سەرەكی ئەم سەردانە بریتی بووە لە.
1ـ دیداری پارتە سیاسیەكانی ئینتەرناسیونال سوسیالیست و داوەتكردنیان بۆ كۆنگرەی داهاتووی ینك.
2ـ باسكردن و ناساندنی ناوەرۆكی رێكەوتنی ستراتیجی ینك ـ یدك.
3ـ پیشاندان و روونكردنەوەی هەلوێستی سەركردایەتی سیاسی كورستان سەبارەت بە ماددەی 140 ی دەستوری عێراق.
4ـ باسكردن و ناساندنی ئەو پێشكەوتنانەی كوردستانی عێراق بە خۆیەوەی بینیووە.

لەبەر ئەوەی مەلا بەختیار كەسایەتیەكی رووناكبیر و بالادەستی ینكە و رۆژ دوای رۆژ بەرپرسیاریەتی زۆرتری دەكەوێتە ئەستۆ و، ئێستا چەندەها پۆستی گرنگی لەبەردەستایە و بانگەشەی بە عەلمانی بوونی كۆمەلگای كوردستان، بە دام و دەزگا دەولەتیەكانیشەوە، دەكات، بۆیە بە پێویستم زانی لەم رووانگەوە تیشك بخەمە سەر ئەو سەفەرە و، ئەوەندەی پەیوەندی بە سەردان و دیدارەكانی ئتیالیاوە هەیە لایەنە لاوەزەكان ؛فاولەكان؛ دەستنیشان بكەین بەو ئومێدەی نەك تەنها بەرێز مەلا بەختیار بەلكو هەموو ئەو كەسانەی بەشێوەیەكی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لە دام و دەزگا حیزبی و ئیداریەكانی كوردستان سەنگ و رۆلیان هەیە رێز لە پرنسیپی جیاكردنەوەو سەرەوەری دەسەلات و كایەكانی دەولەت و كۆمەلگای مەدەنی بگرن و چیتر سنورەكان نەبەزێنن.
1) سەردا ن و دیداری پارت و رێكخراوە دۆستەكان مافی رەوای هەموو پارت و هێزە سیاسی و كۆمەلایەتی و نەقابیەكانە و لاریمان لێی نیە بەلام بە پێی ئەو قەیرانەی ئێستا ینك تێی كەوتووە سەردانی مەلا بەختیار، لەبەر چەند هۆیەك، گونجاوو لە شوێنی خۆی نەبووە. بە پێی هەوالی میدیاكان و دزە كردنی زانیاریەكان ینك مەلبەندی دەرەوەی، لە قۆناغی یەكەم، بردەوە كوردستان و لە پاشان لە 8/9/2007، بە بێ هیچ پاساو روونكردنەوەیەك هەلوەشاندەوە. ئاشكراشە مەلبەندی دەرەوە بە درێژایی تەمەنی بە مەلبەندێكی كارا، بە ژمارە زۆر، دلسۆز و تا رادەیەكیش پاك و دوور لە گەندەلی سەیر كراوە. ئەمە بۆ خۆی باسێكە پێویستی بە لێكولینەوەیەكی وورد و تایبەت هەیە.
مەلا بەختیار كارگێری مەكتەبی سیاسی ینك، لێپرسراوی مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتیەكانی كوردستان (هەموو ئەو رێكخراوانەی لە ژێر نفوزی ینك وجودیان هەیە، جا لە رێخراوی مجێوران بگرە تا دەگاتە ژنان، خوێندكاران،كرێكاران، كاسبكاران، سەرمایەدار و خاوەن كاران، وەرزشوانان، پزیشكان، بایولۆجان، دەروناسان و نەقابەی كرێكاران و كەمئەندامان و ..... ئەوانیتریش دەگرێتەوە!!!)، سەرنووسەری رۆژنامە، خاوەن ئیمتیازی گۆڤارو رادیۆ و كەنالی تەلەفزیۆنی چەندەها شتیتریشە. عەلمانیەت و گۆمەلگای مەدەنی لەم ئەم دیاردە قێزەوێنە، داگیركردنی دەیان پۆست و وەرگرتنی ئیمتیازی زۆرتریش، بێبەرین و هەزارجاریش حاشای لێ دەكەن. 
ئێستا، بە رەسمی، بەرێز شەمال عەبدولوەفا لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندیەكانی دەرەوەی ینكە، واتە دەبوایە ئەم بەرێزە سەردان و دیدارەكانی بكردایەو، لەبەر ئەوەی لە پۆستەكەشی نوێیە، راستەوخۆ چاوی بە بەرپرسی ئوفیسی پەیوەندیە نێودەولەتیەكانی پارتە سیاسیەكانی ئەوروپی و مەكتەب و كۆمیتەكانی ینك بكەوتایەو ئاشنایەتیان دەگەل پەیدا بكات. كەچی لە راگەیاندنەكانی ینك مەلا بەختیار بە "سەرپەرشتیاری مەكتەبی پەیوەندیەكانی دەرەوە؛ لە قەلەمدراوە. ئەمە ئەگەر بێ بەرنامە، بێ سەر و بەری، ریز نەگرتن لە پەیرەو پرۆگرام نەبێت چی دەگەیەنێت؟ ئەوەتە دوای گەرانەوەی مەلا بەختیار بۆ وولات، لە 4/10، ك. ن. دەنووسێ "بریارە لە هەفتەی داهاتوو وەفدێكی تری ینك بە سەرۆكایەتی شەمال عەبدولوەفا، لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندیەكانی دەرەوە، سەردانی فنلەند، دانیمارك و نەرویج بكات؛. ئەوەش دیارە بۆ بوونی كوتلە و دەستەگەریەكانی ناو ینك دەگەرێتەوە. 
سەردان و جەولەی كارگێری مەكتەبی سیاسی بۆ وولاتانی ئەوروپی لەم كات و ساتە لە شوێنی خۆی نەبووە چونكە بەرێز مام جەلال و كاك كۆسرەت بۆ چارەسەری نەخۆشی روویان لە وولاتە یەكگرتووەكان كردبوو، واتە مالی ینك، تارادەیەك، بێ خاوەن بووە. كەواتە كەسێكی دووربین خەمخۆری وەكو كارگێری مەكتەبی سیاسی، نەدەبوایە، لەم بارودۆخە ناسكە، حیزبەكەی و وولاتەكەی جێ بهێلێت. 
سەردان و دیدار لە دیدی پارتە ئینتەرناسیونال سوسیالیتەكان و سیستەمی سێكولاریزم كە لای بەرێز مەلا بەختیار خۆشەویستن بە پلان و بەرنامە ساز دەكرێن و بەرێوە دەچن. ئەگەر بەرپرسی مەكتەبی دەرەوە، كاك شەمال، لە پۆستەكەی نوێ بیت و لە 8ی سێپتەمبەریش مەلبەند هەلوەشێتەوە ئاخۆ چۆن دەكرێت ئاوا بە پەلەو خێرایی "سەرپەرشتیار"ێكی نوێ دەستنیشان بكرێت و ئەم سەردان و دیدارە زۆرانە ئامادە بكرێن و ئەم باس و بابەتە گرنگ و هەستیارانەی لە پێشەو ە ئاماژەیان بۆ كرا تاوتوێ بكرێن؟ تۆ بلێی ئەم دیدارو چاوپێكەوتنانەی لە میدیاكانی ینك پەخشكران تەنها چاك و چۆنی و دەست گوشین و چایەخواردنەوەیەكی سەر پێی نەبووبن؟ بۆ ئەم مەبەستەش كەسایەتیەكی سیاسی، بە مانا مۆدێرن و راستەقینە، بە تایبەت ئەگەر خۆی بە رووناكبیر و نوێخواز پیشان بدات، وەكو مەلا بەختیار، پێویستە بە مۆرال و ویژدانەوە قسە بكات، ناوەرۆكی دیدارەكانی ئەگەر بۆ كۆمەلانی خەلكیش نا بەلای كەمی بۆ هەوادارو لایەنگرانی حیزبەكەی بەیان بكات. ئەم قسەو هەوالانەی ئەمرۆ لە میدیاكان، كە مولكی حیزبن، بلاودەكرێنەوە لە ئایندە دەبنە سەرچاوەی لێكۆلینەوەی سیاسی و ئەكادیمی.
2) سەردانی پەرلەمانی وولاتانی ئەوروپی و قسەكردن ـ سەبارەت بەو خالانەی پێشەوە 2، 3، 4 ـ لە گەل پەلەمەنتارانی ئەم وولاتانە لە ئەرك و دەسەلاتی مەلا بەختیار نیە، ئەمە بەزاندنی كایە و ئەرك و دەسەلاتی پەرلەمانی كوردستانە، ئەمە نیشانەی رێز نەگرتنە لە دام و دەزگاكانی هەرێمی كوردستان.
مەلا بەختیار ئەندام پەرلەمانی عێراق و كوردستان نیە و لە لایەن ئەوانیشەوە وەكالەتی وەرنەگرتووەو رانەسپێردراوە تا كێشە چارەنووس سازەكانی هەرێم دەگەل ئەندام، سەروك لیژنەیەك یان سەرۆك پەرلەمانی وولاتان تاو توێ بكات. كەسێك رێزی بۆ پەرلەمانی كوردستان هەبێت و حەز بكات كارا بێت و پالپشتی و متمانەی ناوەوەو دەرەوە بەدەست بهێنێ هەولدەدا بچێتە ناو پەرلەمان. لەم روانگەشەوە مەلا بەختیار، ئەگەر بیویستبایە و بیەوێت، هیچ كۆسپێكی لەسەر رێگا نەبووەو نیە بۆ ئەوەی چووبایە ناو پەرلەمان. پەرلەمانی كوردستان هەزارو یەك كەموكورتی هەیە، تەنها بۆ پینەكردنی عەیب و عاری پارتی و ینك بەكار دێت و زۆریشی لەسەر ووتراوەو نووسراوە
گوایە رۆژی 25/9 مەلا بەختیارو وەفدەكەی ینك بە ؛رەسمی" سەردانی پەرلەمانی فەرەنسا (ئەنجوومەنی نوێنەران و سێنات) كردووە و بە رەسمی لە لایەن لیژنەی تەشریفات بەخێرهاتنیان لێكراوەو پاشان بە شێوەیەكی "تەشریفاتی و پرۆتۆكۆلی؛ بەناو پەرلەمان سوراونەتەوەو مێژوو و بەسەرهاتەكانی پەرلەمانیان بۆ باسكردوون، بە تایبەتی كارو ئەرك و دەسەلاتەكانی پەرلەمان. هەر كەسێكی شارەزاو بە ویژدان دەزانێ جەولەیەكی كۆشكی پەرلەمان و ئەم باسانەی ئاماژەیان بۆ كراوە بە شەو و رۆژێك ئەنجام نادرێن. ئەگەر بە تەنگ سەروەری و كاراكردنی پەرلەمانی كوردستان بووبانە دەبوایە وەفدێكی پەرلەمانی لەگەل خۆیان ببردایە بۆ ئاشنابوون بە میكانیزمی ژیانی پەرلەمانی و دروستكردنی پەیوەندی دۆستانە. دەكرێ بوترێت ئەم سەردانەی بەرێز مەلا بەختیار زۆرتر روخساری نارچیزی پێوە دیارە. ئەوەتە بەكارهینانی ووشەی "رەسمی، تەشریفاتی، پرۆتۆكۆلی؛ لە میدیاكانی ینك بۆ كەس و وەفدێك كە پۆست و بەرپرسیاریەتیان لە دام و دەزگاكانی دەولەت نیە هەولدانێكە بۆ شاردنەوەی لایەنە لاواز و كەموكرتیەكانی خۆیان، چونكە ئەم دەستەواژانە لە واقیع دوورن و كەسی خاوەن پرنسیپ و بە مۆرال نایانكات و نایان نووسێت. لەم وولاتانەی بەرێز مەلا بەختیار جەولەی تیا كردووە پەرلەمان و كۆشكی كۆماری (یان پاشایەتی) مالی خەلكەو رێگە بە هەموو كەسێك دەدرێت بچێتە ژوورەوەو زانیاری دەربارەی كارو ئەرك و دەسەلاتەكانیان وەربگرن. بۆ ئەم مەبەستەش بە دەیان كارمەندی شارەزا و لێهاتوو ئامادەن پێشوازی لە هاوولاتیان بكەن و بەناو كۆشكەكانیان بسورێننەوەو زانیاریان پێ بدەن، وەكو چۆن بە ناو مۆزەخانەیەك بسورێتەوە، جیاوازیەكەشی لێرە بلیت ناكەیت و پارە نادەی و، زۆر جاریش چایەو شەربەت و بسكوتیش بە خۆراییە، كەسیش گونی گەورە نابێت بلێ "بە رەسمی، بە شێوەی تەشریفاتی و بە پروتوكۆل؛ پێشوازیان لێكردووم. 
عەودالی ئەوەین بزانین ئاخۆ مەلا بەختیارو وەفدەكە چۆن باسی پەرلەمانی كوردستانیان كردووە، ئاخۆ ووتوویانە هەموو بریارە گرنگەكان لە لایەن ینك و پدك دەدرێت و پاشان بە تێكرایی دەنگ پەرلەمان پەسەندی دەكات بە بێ ئەوەی بزانن ناوەرۆكەكەی چیە. ئاخۆ مەلا بەختیار ووتوویەتی تاكو ئێستا پەرلەمانی ئێمە نازانی بوجەی هەرێم چەندەو لە كوێیە، ئاخۆ ووتوویەتی زۆرینەی پەرلەمانی كوردستان داوایان كردووەو سەرچاوەو بوجەی حیزبەكان، بە تایبەتی ینك و پدك، ئاشكرا بكرێت كەچی تاكو ئێستا بێ وەلامن. ئاخۆ ووتوویەتی فراكسیۆنی حیزبەكەی من، كە دەكاتە نیوەی ئەندامانی پەرلەمان، لە كاتی دەركردنی "یاسای نەوت؛ داوای كردبوو پەلە نەكرێت و چەند رۆژێكیتر ماوەمان بدەن تاو توێی بكەین سەر زەنشتكران و سەرۆكەكەشی لابردرا؟ ئاخۆ ووتوویەتی جیاوازی موچەی پەرلەمێنتاریكی كوردستان و كارمەندێكی ئاسایی دەرچووی زانكۆ یەك بە بیستە 1/20 بێجگە لە دەیەها ئیمتیازی جۆراو جۆر، بە شێوەیەك جیاوازیەكە خۆی لە یەك بە پەنجا دەدات. 
میدیاكانی ینك تەنها باسی دید و بۆچوونەكانی ینك كردووە و چاویان لە را و سەرنجی بەرامبەرەكانیان پۆشیووە. هەركەسێكی خاوەن مۆرال و ویژدان لە سیستەمێكی حیزبی ئەوها گەندەل روو بكاتە ئەوروپا و بانگەشەی سێكۆلاریزم بكات حەق وایە شەرم بیگرێت. 
3ـ سەردانی وەزارەتی دەرەوەو كۆشكی كۆماریش نە كارو ئەركی مەلا بەختیارەو نە سەلاحیەتی ئەوەی پێدراوە بۆ ئەوەی گفتو گۆ لەگەل دەولەتانی بیانی، سەبارەت بەو بابەتانەی لەپێشەوە خرانە روو، بكات. خۆ كوردستان بێ خاوەن نیە، ئەی ئەوە نیە سەرۆك و سەرۆكایەتی هەرێم هەیە كە بەرزترین دەسەلاتی یاسا دانان و تەنفیزیە، ئەی كاری حكومەت و سەرەك وەزیران چیە. ئەی كارو ئەركی نوێنەرانی حكومەتی هەرێم لە دەرەوە چیە؟ ئەوەتە پێش ماوەیەك لە كوردستانی نوێ هەوالی، بە فۆتۆشەوە، سەردانی كاك مەلا بەختیار بۆ وولاتی ئوردن بلاوكرایەوە كە تیایا هاتبوو "بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیە بازرگانی، سیاسی، رۆشنبیری و ... هتد نێوان حكومەتی ئوردون و هەرێمی كوردستان لەگەل بەرپرسانی ئەم وولاتە كۆبۆتەوە؛. 
بە پێی میدیاكانی ینك، نەزانراوە لایەنێكیتر باسی ئەو سەردان و جموجۆلیە دیپلۆماتیانە بكات، مەلا بەختیار و وەفدەكە لەسەر ئەم تەوەرانە كۆبوونەوەیان كردووە.
ـ رێكەوتنی ستراتیجی ینك ـ یدك: بەراستی، جگە لەوەی سەیرو سەمەرەیە، مایەی شەرمەزاری و خەجالەتیەكی گەورەیە بۆ هەر بەرپرسێكی حیزبی پارتی و یەكێتی بچێت ناوەرۆكی ئەو رێكەوتنە ستراتیجە بۆ دەولەتان و كاربەدەستانی بێگانە ئاشكرا بكات و باس بكات لە كاتێك نەك تەنها لە كۆمەلانی خەلك بەلكو لە ئەندام و لایەنگرانی حیزبەكەی خۆیان بشارنەوەو بەیان نەكەن. لای هەمووان ئاشكرایە زۆربەی بەناو ئەندام مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی ئەم دوو حیزبە تا ئێستا ئاگاداری ئەم رێكەوتنە نین، ئەوەتە، بە پێی هەوالەكان، 10 ئەندام مەكتەبی سیاسی ینك لە یاداشتێك بێ ئاگایی خۆیان پیشان دەدەن و داوای ئاشكراكردنی رێكەوتنەكە دەكەن. لەوەش زیاتر، بە پێی هەندێ لە میدیاكان، پێش ئیمزاكردنی بە رەسمی دەقی رێكەوتنەكە، كە تاكو ئێستا بۆ ئێمەی مانان شاراوەیە، كۆپیەی كەوتبووە دەستی دەولەتانی دراوسێ و لایەنە موخابەرایەتیەكانی ناوچەكە. 
ـــ مادەی 140 و ناوچە دابراوەكانی هەرێمی كوردستان: كورد دەلێ "ئاش بە تران گەرم نابیت؛ واتە گەرانەوەی ئەو ناوچانە وەكو بەرێز مام جەلال لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانیەكەی 7/9/2007 ووتی بە قسەی "فش و هەلەق و بەلەق!؛ نابێت بەلكو خۆ ماندوو كردن و دلسۆزی و قوربانی دەوێت، 4 سالە بۆ كەركوك چی كراوە، ناكرێت لێرە، تەنها ئەو سەدان ووتارو لێكۆلینەوانەی كوردستانی نوێ و چاودێرەكەی مەلا بەختیار، بنووسینەوە كە هەندێكیان لێدوان و ووتاری ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ینك كە باس لە كەموكورتی و كەمتەرخەمی هەردوو حیزب دەكەن. ئەوەتە بەرێز جەلال جەوهەر، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و تا ئەم دواییە لێپرسراوی مەلبەندی كەركوك، لە زۆر ووتارو لێدوان نووسیوویەتی "زۆربەی كێشەكانی كەركوك بە پارە چارەسەر دەكراو و یەكێتیش بە تەنها دەیتوانی ئەم ئەركە بگرێتە ئەستۆ بەلام نەیكرد". باسی ووتاری بەرێز نەوشیروان ناكەین كە وەكو شاهیدێكی نزیك باسی ئەوە دەكات كە چۆن ینك ـ پدك، لەبەر گەندەلی و بەرژەوەندی حیزبی و بنەمالە كەركویان گەیاندۆتە ئەو قۆناغە پر گێچەل و مەترسیدارەی ئێستا. كۆمیسیۆنەكەی بێیكەر ـ هامیلتۆن بۆ ماوەی 4 مانگ كاری كرد سەركردایەتی سیاسی كوردستان، بە تایبەت سەرانی پدك ـ ینك، هیچ هەولێكی دیبلۆماسی كۆنكریتیان نەدا تاكو خواستەكانی گەلی كوردستان لەبەرچاو بگرێت. ئێستا بە ئاشكرا ئاكامی ئەو راپۆرتەو پێشنیارەكانی، بە دژی مافە مێژووییەكانی هەرێم، دەخرێنە گەر. تەنانەت سەرانی پدك ـ ینك هەولێكی جددی و بە ئاشكراشیان، لە كاتی راپۆرتەكەی پیترایۆس ـ كرۆكەر نەدا. تازە بە تازە مەلا بەختیار جەولەی ئەوروپا دەكات و بە قسە دەیەوێت پالپشتی بۆ كورد، سەبارەت بە كەركوك و ناوچەكانی تر، بەدەست بهێنێ. لێرەدا گومان لە دلسۆزی مەلا بەختیار ناكرێت بەلام لە لایەك هەولدانەكە گەلێك درەنگە و لە لایەكی تریشەوە، بە هۆی نەبوونی رۆلێكی رەسمی مەلا بەختیار لە دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان هەولدانەكە زۆر لاواز دێتە پێش چاو و گوێی لێ راناگیرێت. ئەوەتە پدك ـ ینك چارەنوسی ناوچە بە عەرەبكراوەكانیان نەبەستۆتەوە بە كێشە ئیداریەكانیتری خواروی عێراق، ئەی مام جەلال بە ئاشكرا لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانیەكەی 7/9/2007 نەیووت ئەگەر بە شێوەیەكی دەستوری و قانونی بچینە پێشەوە ئەوە چارەسەری كەرك و شوێنەكانی تر "دە سالی"تری دەوێت. دەكرێ پرسیار بكرێ و بلێین سەرانی ینك ـ پدك مادام ئەو عەرەبیەتان دەزانی بۆ بە ناوەرۆكی ماددەی 140 رازیبوون؟ 
سەرانی ینك ـ پدك، بە بۆچوونی هەموو چاودێرێكی بە ویژدان و بە ئاگا، بە بێ بەرنامە و سیاسەتێكی روون و ئاشكرا كات بەسەر دەبەن و ئەمەش تەنها بە زیانی ئێستاو دوا رۆژی كوردستان دەشكێتەوە. ئەوەتە سەبارەت بە هەرەشەی لەشكر كێشی توركیا بۆ سەر هەرێم سەروك و سەرۆكایەتی، پەرلەمان و حكومەت هەریەكە لێدوان و بەیانێكی تایبەتیان دەركرد، تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی سەركردایەتی سیاسی كوردستان یان لیژنەی بالای حیزبە كوردستانیەكان كۆبووەوەو بەیانی دەركرد و بریاریاندا چەند وەفدێك رەوانەی وولاتانی دراوسێ، بە تایبەتی توركیا، بكەن. لە كاتێك ئەو سەركردایەتیە نە بە یاسا دانراوەو نە پەیرەو پرۆگرامیشی هەیە، ئەوەش وا دەكات هەول و كۆششەكان تێكەل و پێكەل ببن و "هەلەق و بەلەق؛ی بكەوتێ و كەسی بەرامبەر و جەماوەر لێت حالی نەبن و متمانەشت پێ نەكەن. بە كورتی وەكو بەرێز فەرید ئەسەسەردی ئەندامی مەكتەبی سیاسی ینك و بەرپرسی "سەنتەری كوردستان بۆ توێژینەوەی ستراتیجی؛ لە 22/10/2007 لە كوردستانی نوێ نووسیوویەتی "لەم تەنگژەیەی ئێستا هەرێم هیچ پرۆژەیەكی راستەقینەی پێ نییە و نایەوێت هیچ هەنگاوێك بنێت. ئەوەش مانۆری جموجۆلی سیاسی زۆر بەرتەسك كردووە؛، ئەوەش "گوزارشت لە كلۆلیی دیپلۆماسیەتی كوردی دەكات". لەم "كلۆلیە؛ش ینك بەشی شێری بەر دەكەوێت، ئەی ئەوە سەرۆك كۆمارو جێگری سەرەك وەزیران كوردنین، ئەی ئەو هەموو وەزیر و وەكیل وەزیر و سەفیرە كوردستانیانە كاریان چیە. ئەی نوێنەری هەرێم لە USA قوبادی مام جەلال نیە، كە بە شاهیدی هەموو چاودێرێكی بە ویژدان هەر "فاول"ی ئەنجامداوە، كاری چیە. 
ــ سەردانەكەی ئیتالیا: 
ك. ن. لە رۆژانی 27 و 28/9/2007 و چاودێریش لە 30/9 لە لاپەرەی یەكەم و ناوەوە بە تایتلی گەورە باسی سەردانی مەلا بەختیار (سەپەرشتیاری مەكتەبی پەیوەندیەكانی دەرەوە) و بەرێز سەركۆ عوسمانی ئەندام مەكتەب دەكەن.
دیارە رۆژی 26 وەفدەكەی ینك سەردانی بارەگای دوو پارتی سیاسی ئیتالی، پەرلەمان (ئەنجومەنی نوێنەران و سێنات) كردوەو چاویان بە جێگر وەزیرێك كەوتووە. ئەگەر وابێت ئەوە، بە راستی، ماندووبوونێكی زۆریان چەشتووە، لە شارێكی گەورەی وەكو رۆما هات وچوون و سورانەوە ئاسان نیە!! هەموو كەسێك ناتوانێ خۆی لە قەرەی ئەو هەموو مەوعید و كۆبوونەوانە بدات و ووتوێژ دەربارەی ئەم باسە هەستیارو ئالۆزانە بكات. 
لە 28/9 لە لاپەرەی یەكەمی ك. ن. بە گەورەی نووسراوە "وەفدی ینك سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئیتالیای كرد" كەچی كە هەوالەكە دەخوینیەوە دەتباتە لاپەرەیەكیتر بۆ ئەوەی پێت بلێت، بە بێ دەستكاری، "26/9 وەفدەكە سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئیتالی كرد و لە لایەن د. مالفێتی جێگری وەزیرەوە پێشوازیان لێكرا؛. گومان لەوە ناكرێت ئاخۆ وەفدی ینك چۆتە وەزارەتی دەرەوەی ئیتالیا یان نا بەلام بۆ راستی و مێژوو دەلێین د. مالفێتی نە جێگرو نە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەیە!
دیسان ك. ن. لە 27/9، لە لاپەرەی یەكەم دەنووسێ "دوێنێ وەفدەكە سەردانی پەرلەمانی ئیتالی كردو چاوی بە پاولۆ چێنتۆ، جێگری وەزیری ئابووری سەر بە لیستی سەوز كەوت". بەرێز پاولۆ چێنتۆ Paolo Cento (لە میدیاكانی ینك تەنها بە كوردی ناو و پۆستە ئیتالیەكان نووسراون)، زیاد لە 15 سال دەبێت ئەندامی پەرلەمانە و زۆر سۆزی بۆ دۆزی كورد هەبووەو هەیە و سەردانی كوردستانی باكوری كردووەو چەندجاریش پرۆژە بریارو راسپاردەی پێشكەش بە كۆمیسیۆنی دەرەوە كردووە، ئێستا یاریدەدەری وەزیری "ئابوری و دارای؛یە كە بە ئیتالی پێی دەلێن Sottosegretario، كەچی جێگری وەزیر پێی دەلێن Vice Ministro. ئەو چاوپێكەوتنەش، وەكو ئاماژەی بۆكراوە، بە رێكەوت بووە نەك بە پرۆگرام.
دیسان ك. ن. لە 28/9، لە لاپەرەی یەكەم دەنووسێ "سەندیكای وولاتەكە چەند كۆرسێك لە كوردستان دەكاتەوە؛، هەوالەكە ئەوەندە بێ سەرو بەرە مرۆڤـ بە ئاسانی لێی حالی نابێت. كام سەندیكا؟ لە هەر وولاتێكی ئەوروپی بە دەیان سەندیكای كرێكاران و ئەوانی تریش هەیە. لە میانەی هەوالەكە نووسراوە "27/9 مەلا بەختیارو وەفدە یاوەرەكەی لەگەل جانی ئیتالیا، سەرۆكی سەندیكای ئیتالیا (ئیسكۆس) كۆبوونەوە". لەبەر ئەوەی مەلا بەختیارو وەفدەكە زۆر بە پێ خاوسی و بێ بەرنامە بەناو كەوتوون بە باشی دەزانین بلێین بەرێز جانی ئیتالیا Gianni Italia، سەرۆكی سەندیكا نیە و هیچ سەندیكایەكیش بە ناوی ئیسكۆس لەم وولاتە نیە. كەچی ئەو بەرێزە سەرۆكی پەیمانگایەكە بە ناوی ئیسكۆس Iscos، كە سەر بە سەندیكای Cisl ە كە یەكێكە لە نەقابە گەورەو سەرەكیەكانی ئیتالیا و بە دەیان سەنتەرو پەیمانگای هەیە!!
ك. ن. لە 28/ 9 لە لاپەرە 2 دەنووسێ دوێنێ وەفدەكە "سەردانی سێناتی كردو چاوی بە جۆرجۆ تۆنینی ئەندامی سەناو ئەندامی ئەنجوومەنی پەیوەندیەكانی دەرەوەی سەنا و سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی چەپ ... كەوت". بەرێز تۆنینی Giorgio Tonini، بە پیشە رۆژنامەنووسە، سەر بە گروپی "لە پێناوی ئۆتۆنۆمی Per le Autonomie؛، واتە نە سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی چەپە و نە هیچ فراكسیۆنەكیش بەو ناوە لە پەرلەمان و سێنات وجودیى هەبووەو هەیە!! ئەوەیە دەلێن "ئاشی نەزانان خوا دەیگێرێ؛. ئەوە لە كاتێك ینك، بە ناو، مەكتەبێكی لە ئیتالیا، لە شاری رۆما، هەیە و كاری دیبلۆماتی ئەنجام دەدەن!! لە رووی زمانەوانیشەوە لە هیچ وولاتێك نالێن "ئەنجوومەن بەلكو كۆمیسیۆنی پەیوەندیەكانی دەرەوە"، كلۆلی هەر لە دیبلۆماسی نیە بەلكو لە رێزمان و ئەدەبیاتیشە.
لە هەمووی خۆشتر و بێ مەعناتر ئەوەیە كە چاودێر و ك. ن. لە لاپەرەی یەكەم و بە تایتلی گەورە، دەنووسن "جێگری ئەنجومەنی پیرانی ئیتالیا ستایشی مەلا بەختیارو رۆژنامەی چاودێر دەكات؛. هەوالەكە لە سایتی چاودیر و پوك میدیا وەرگیراوە، ئێمە ئاماژە بە رۆژنامەی چاودێری 30/9 دەكەین كە تیایا هاتووە (كەپرینی، جێگری ئەنجوومەنی سێناتی ئیتالیا، ستایشی رۆلی مەلا بەختیارو رۆژنامەی چاودێری لە چەسپاندنی دیموكراسی و بنەماكانی كۆمەلی مەدەنی و جیاكردنەوەی دین لە دەسەلات كرد. لەم بارەوە یەكێك لە بەشداربووەكانی كۆبوونەوەكە بە چاودێری ووت "كەپرینی مەلا بەختیاری بە یەكێك لە كەسایەتییە دیارەكانی كوردستان ناساندووە، كە خەباتی بۆ چەسپاندنی دیموكراسی و بەدیهینانی ئازادی كردووە". لە وەسفكردنی چاودێریش بە "رۆژنامەیەكی ناساندووە كە خەبات بۆ چەسپاندنی سیستەمێكی سیكولار لە كوردستان دەكات. سەرەرای كاریگەریی لەسەر خوێندەوارانی كورد؛). ما شاو الله!!. 
كەسێك ئەم قسە "هەلەق و بەلەقانە؛ بخوێنتەوە وا دەزانی مەلا بەختیار و كەپرینی "نان و پیازیان" بە یەكەوە خواردووەو زۆر دەمێكە یەكتر دەناسن و ئەو بەرێزە ئیتالیە كوردیەكی باش دەزانی بۆیە موتابەعەی كارو چالاكیەكانی مەلا بەختیار دەكات و زۆربەی ژمارەكانی چاودێریش دەخوێنیتەوە. 
یەكەم چاودێرو ك. ن. و ئەوانیتر بە هەلە ناوەكەیان نووسیووە، ئەو بەرێزە ناوی كەپرینی Caprini نیە بەلكو كەپریلی Caprili یە!! سەیرە ئەوەندە ستایشی مەلا بەختیارو چاودێر بكات نەزانن ناوی چیە و چۆن دەنووسرێت. ناوی كەسی خۆی میلزیادێ Milziade Caprili یە، بە دلنیایەوە مەلا بەختیارو و ئەو كەسانەی لەگەلی بوون لە "كۆبوونەوە؛ كە ئێستا بەم نووسینە ناوەكە فێر دەبن، ئەوەش لەبەر ئەوەی ناوێكی زۆر دەگمەنە، لە هەموو ئیتالیا دە كەس نادۆزیەوە ئەو ناوەیان هەبێت. لەبەر ئەوەی مەلا بەختیار حەز بە كولتورو مێژوو دەكات پێی دەلێین میلزیادێ ناوی جەنەرال و كەسایەتیەكی ئیداری بەناوبانگی یونانیە كۆنەكان بوو و، شەری لەدژی داریۆشی ئێران كردووە.
راستە بەرێز كەپریلی یەكێكە لە 4 جێگرەكانی سەرۆكی سێنات، سەر بە پارتی كۆمونیستە RC، هەمیشە كاری حیزبایەتی كردووە و پێش بوونی بە ئەندام پەرلەمان كارمەندی حیزبەكەی بووە. 
گومان لە هەست و دلسۆزی و نیاز پاكی ئەم بەرێزە ناكەین بۆ دۆزی كورد بەلام ئێمە وەكو چاودێرێكی راستگۆ و بە ویژدان لە ماوەی 26 سال هیچ هەوال و چالاكیەكمان نەبیستووەو نەدیتیە كە كەپریلی دەستپێشخەری لێ كردبێت و باسی دۆزی كوردستانی تیا كرابێت. بەرێز كەپریلی ئەندامی كۆمیسۆنی دەرەوەی سێناتیش نیە تا لەم رێگەیەوە دۆزی كەركوكی بۆ باس بكرێت. 
بەرێز مەلا بەختیار بە چ روویەك، مورال و پرنسیپەك وا دەكات میدیاكان، بە زمانی بەرێز كەپریلی، ئاوا ستایش بكرێت و بە شان و بالی هەلبلێن؟ ئەمەیە سیستەم و كۆمەلگای عەلمانیەت و دیموكراسی؟. 
هیوادارین سەردان و چاوپێكەوتنەكانیتری مەلا بەختیار لە ولاتەكانی دی سەركەوتووتر بووبن و وەكو هی ئیتالیا نەبووبن.
مەلا بەختیار لەم سەردانەی ئیتالیا، وەكو جارانی تر، كۆبوونەوەو دیداری دەگەل رەوەندی كوردستانی و تەنانەت برادەرانی (كۆمیتەی) ینك نەكرد ئەمەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە بەرێزیان، وەكو خۆی باسی دەكات، چیتر باوەر و متمانەی بە شێوەكانی خەباتی جەماوەری و كلاسیكی نەماوە. بوونی سەرمایەكی بێ هەژمارو دامودەزگا زۆر و زەبەلاحەكانی حیزبی شوێن و ئامراز و رێگەی خەباتی كلاسیكی و جەماوەریان، بۆ ئێستا، گرتۆتەوە. ئەگەر دەگەل كۆمیتەی ینك و جالیەی كوردستانی كۆبووبایەوە، ئەو پەری، روو بەرووی دوو رەخنە یان دوو بۆچوونی جیاواز دەبووەوە، ئەوەش دەبووە مایەی دەولەمەندكردنی سێمینار و روونكردنەوەی لایەنە تاریكك و شاراوەكان و، لە كۆتایی دلخۆشی و رەزامەندی كوردستانیانی ئیتالیا.
مەلا بەختیار، تەنانەت، نەیویست سەردانی ئەو كۆمەلە مندالە نەخۆشانەش بكات، كە لە هەرێمەوە بۆ چارەسەری، هاتوونە ئیتالیا و دلنەوایی خۆیان و خانەوادەكانیان بداتەوە و لە پێویستیەكانیشیان ئاگادار بێت.

ــ پێشكەوتنەكانی هەرێم: 
مەلا بەختیار زیرەك، قسەزان، زمان لوس و دونیا دیدە، كوردەواری گۆتەنی "لە شەیتانیش دەباتەوە؛، لەم سەردانە ئەوەندە بە پۆزەتیڤ باسی سەركەوتن و دەستكەوتەكانی سەركردایەتی سیاسی، لە رووی ئابوری، كولتوری، سیاسی و كۆمەلایەتی، كردووە بە جۆرەك ئەوروپیەكان خۆزگە بۆ ژیانی "كۆلەمەرگ؛ی كوردستان بخوازن. ئەوەتە بە پێی ئەو ریپۆرتاژەی لەمەر سەردانی فەرەنسا بلاوكراوەتەوە (ك. ن. 28/9) بە تایتلێكی گەورە، لە دەمی لێپرسراوانی پارتی سۆسیالیستی فەرەنسا، نوسراوە "یەكێتی جێگەی ئومێدێكی گەورەیە بۆ هێزە سۆشیال دیموكرات و دیموكراتەكانی جیهان؛، هەزار جار ماشا و الله.
لە كام خال و لە كوێوە دەست پێ بكەین؟ هەر كەسێك ویژدان و مۆرال لە دەست بدات رەش و سپی، چاك و خراپ، خێر و شەر و ... هتد تێكەل بەیەكتری دەكات و راستگۆیی و موسداقیەت لە دەست دەدات. لێرەدا، مەلا بەختیار، بە بۆچوونی خۆی، تەنها باسی لایەنە باش و پۆزەتیڤەكانی هەرێمی كوردستانی كردووە و كە ینك، بە فیفتی، لێی بەرپرسیارە. كەس نالێت كۆشك و بالەخانە نەكراون، كەس نالێت، بە رەها، قوتابخانەوە زانكۆ و نەخۆشخانە دروست نەكراون بەلام پێشكەوتنەكانی كوردستان لە كوێن؟
سەبارەت بە رەوشی مافی مرۆڤـ، لەم سالەدا چوار راپۆرتی رەخنە ئامێز لە لایەن "چاودێری مافی مرۆڤـ؛، "ئەمنستی ئینتەرناشنال؛، UN و وەزارەتی دەرەوەی USA بلاوكراونەوە كە تیایا رەخنەو سەرزەنشتی ئیدارەو حیزبە كوردستانیەكان، تەنانەت ئاماژەیان بە بوونی زیندانی سیاسی و نهێنی ینك ـ پدك داوە. كەچی مەلا بەختیار هاتووە بلێ كوردستان "شامی شەریفە؛ و زیندانی سیاسیمان نیە، ئەوەی هەشە تەنها "تیرۆریستن؛ و، "ئەركی سەرەكی ینك و هاوپەیمانی كوردستان سەرخستنی ستراتیژی دژە تیرۆرە؛. لە كاتێك د. بەرهەم لە ووتارێكی كورت لە ك. ن. و خەبات ئەم راپۆرتانەی بە "زەنگێكی مەترسیدار؛ لە قەلەمدا. خۆشبەختانە تا ئێستا تیرۆر، نەك گرفتی سەرەكی، بەلكو گرفتێكی لاوەكی و لاوازە، بۆیە پێویستە ئەركی سەرەكی ینك ـ پدك دابینكردنی خۆشگوزەرانی هاولاتیان بێت: ئاو و كارەبا، سووتەمەنی، داو و دەرمان، خانوبەرە، كار و ..هتد. ئەركی سەرەكی ینك ـ پدك گەرانەوەی ناوچەكانی تری كوردستانە كە بە بریاری سیاسی دەكرێت و "تیرۆر؛ رێگەی لێ نەگرتووە. پێویستە ئەرك و خەباتی سەرەكی پاكسازی و چاكسازی بێت، گەراندنەوەی متمانە بۆ هاولاتیان، كاراكردنی پەرلەمان و دامودوزگاكانی دەولەت. 
ئەی بۆ ئەو هەموو گەندەلیەی كوردستان و عێراق چی بلێین؟ ئەوەتە بە پێی راپۆرتی رێكخراوی "ترانسپەرێنسی؛، سۆمال و بیرمانیای لێ دەرچێ، عیراق پێشەنگی هەموو وولاتانە لە رووی فەسادی و گەندەلی. بەشێگی زۆری ئەم گەندەلیە ئیدارەی هەرێم لێی بەرپرسیار نییە؟ ئەدی بۆ گەندەلی ناوخۆی هەرێم چی بلێین، ئەی ینك، بە دەمی مام جەلال، لە هاوینی 2004، هەلمەتی پاكسازی و چاكسازی رانەگەیاند و تا ئێستاش هیچ ئەنجامێكی نەبووە، ئەی بەپێی راپۆرتی "دیوانی چاودێری دارایی" ئیدارەی سلێمانی زیاد لە 2400 حالەتی گەندەلی رووی نەداوە و كەسیش سزا نەدراوە. ئەی لە ژمارەی 53 ی چاودێر، بە پێی راپۆرتێكیتری ئەم دیوانە، باسی دامەزراندنی 80 راوێژكار، وەكیل وەزیر، بەرێوەبەری گشتی و شارەزای جۆربەجۆر نەكراوە كە هەندێك بە نایاسایی و هەندێكیتر بە بروانامەی ساختە لە ئیدارەكەی ینك دامەزراون و ئێستاش لە شوێنی خۆیان ماونەوەو بۆ پێشەوە چوون. 
لە دوای راپەرین تاكو ئێستا زیاد لە 30000 (سی هەزار) ئافرەت بە بیانۆی شەرەف و ناموس كوژراون یان بە هۆی جۆراو جۆر، لە پێشەوە بە سووتان، گیانیان لەدەست داوە. 
چەند قوتابخانەو نەخۆشخانە لە هەرێم دروستكراون، ئێستاش لە شارە گەورەكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك و كەركوك قوتابخانە هەیە3 ـ 4 دەوامی هەیە. بە پێی هەوالی رۆژنامەكانی ینك تاكو ئێستا زۆربەی نەخۆشە دەولەمەندەكانی كوردستان، بۆ چارەسەری، روو لە توركیا، سوریا، ئوردن، ئێران و ئەوروپا دەكەن. ئا لەم رۆژانە هەوالی دەست بەسەرداگرتن هەزاران لیتر خوێنی ئێكسپایەر بلاوبۆتەوە، گوایە ئەم خوێنە لە توركیا كراوە. هەموو دانیشتوانی كوردستان دەزانن لە كاتی پێویستی لە نەخۆشخانەكان هاوولاتی دەبێ بۆ خۆی خوێن پەیدا بكات. باسی پەتای كۆلێراش ناكین، د. زریانی وەزیری تەندروستی لە سلێمانی نەیووت "یەك تنۆك ئاوی سلێمانی نیە پیس نەبووبێت و بۆ خواردنەوە دەست نادات"، ئەمەیە پێشكەوتن و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاولاتیان؟. سەرەرای پێشكەوتنەكانی كوردستان كە مەلا بەختیار لای ئەوروپیەكان خۆی پێ هەلدەكێشێ تا ئێستا گەنجان بە كۆمەل ئەم وولاتە جێ دێلن، ئەوەتە لە ژمارە 150ی چاودێر راپۆرتەك باسی ئەوە دەكات كە "كۆچی گەنجان 50% زیادی كردووە؛. لە ئەوروپا، لەو شوێنانەی نەك تەنها سوسیال دیموكراتەكان بەلكو كۆنسێرڤاتۆرەكانیش لە دەسەلاتن، نەخۆشخانە، داو دەرمان و دكتۆر بە خۆراییە، بێكاری زۆر كەمە و بیمەی بێكاریش بۆ ئەو كەسانە هەیە كە بێكارن، هیچ حكومەتێكیش منەت بەسەر هاولاتیان ناكات.
سەرانی ینك دەلێن كوردستان بۆتە "بە هەشت؛ و رۆژ دوای رۆژ ژمارەی سەرمایەداران روو لە زیادی دەكات، سالی رابورد رۆژنامەی لومۆندی فەرەنسی، لە دەمی مام جەلال، نووسیبووی تەنها لە ناوچەی نفوزی ینك زیاد لە 20 ملیاردێری دۆلار هەیە، پاشان بەرێز عەبدولای حاجی سەعید، یاریدەدەری مام جەلال بۆ كاروباری بازرگان، ووتی 35 ملیاردێر و 1000 ملیۆنێری دۆلار هەیە. سالێك دوای روخانی رژێمی سەدام فەرمانبەرێكی دەولەت یان مامۆستایەكی ئامادەیی لە كوردستان مانگانەكەی نەدەگەیشتە بیست دۆلار، كەواتە بەو ماوە كورتە ئەو هەموو پارەدارە لە كوێ پەیدابووە؟ دەولەمەندبوونی بەخێرایی و لە پرێكا بە دزین، راو رووت و جەردەیی، قومار، یانسیب و بۆرسە دەبێت، لە هەلومەرجی كوردستان قومارو یانسیب و بۆرسە بەلاوە دەنرێن.
لەگەل ئەو هەموو پارەو سامانە زۆرە گەورەترین گرفتی ئێستای هەرێمی كوردستان بێكارییە، تو خوا شورەیی نیە زیاد سی هەزار مندال، لە جیاتی خوێندن و قوتابخانە، لەسەر جادەو رێگاوبانەكان خەریكی كار و سوالكردنن؟ 
كۆمپانیا و بازرگانە حیزبیەكان ئیجازەی تەواویان وەرگرتووە تا خۆراك، داودەرمان، كەلوپەلی ئێكسپایەر لە ولاتانی دەرەوە بهَێننە كوردستان و بە ئارەزووی خۆیان نرخی لەسەر دانێن، ئەوەتە مامۆستا نازمی نوێنەر ینك و حكومەتی هەرێم لە ئێران، لە كوردستان نوێ، باسی لەوە دەكات و داوادەكات حكومەت خەمێك لەو دیاردە قێزەوێنە بخوات.
ئەوە پێشكەوتنە لە ماوەی 16 سالە نە توانراوە هەزار كم ریگاوبان قیرتاو بكرێت؟ ئەوە چەند سالە رێگایەكی كورتی نێوان سلێمانی ـ دوكان تەواو نەكراوە. كاتی خۆی چینیەكان، چوار سەدە پ. ز.، لە ماوەی دە سال توانیان دەهەزار كم لە دیوارە بەناوبانگەكەیان دروست بكەن لە كاتێك ئەو هەموو ئامراز و تەكنیك و هۆیەكانی كار ئاسانی ئێستا و ئەو پارە زۆرەیان لەبەر دەستا نەبوو. بەم شێوەیە ینك دەبێتە جێگەی ئومێدی دیموكراتەكانی جیهان؟
بەراستی ئەو كولتورە "گەندەل؛ەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان لە ئارادایە لە هیچ سیستەمێكی سیاسی نەبووەو نیە. دادگا و دادوەری ئازاد نیە، هەموو پۆستەكانی دەولەت و بەناو رێكخراوە دیموكراتیەكان لە لایەن حیزب قۆرخكراون. بە پێی "رێكەوتنامەی پدك ـ ینك بۆ یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارەكە لە 21/1/2006؛ دەستنیشانكردنی سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی، سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی تەنها بە رەزامەندی پد ـ ینك دەبێت و، هەلوەشاندنەوەی پەرلەمان و حكومەتیش دەبێ بە رەزامەندی دوولایەنە بێت.
لە هەر شارو شارۆچكەیەك ژمارەی بارەگاكانی ینك ـ پدك لە ژمارەی نەخۆشخانە، بنكەی تەندروستی، گۆرەپانی یاری و باخچەی منالان و پەرتوكخانەكان و گەلێكیتریش زۆرترە. حیزب حكومەت و ئیدارە بەخێو دەكات، حیزب خەریكە هەموو وولات لەسەر خۆی تاپۆ بكات. هەولێر بەناو پایتەختی هەرێمە كەچی هەموو بریارە گرنكەكان لە دوكان و سەلاحەددین دەدرێن. لە كام وولات و سیستەمی دیموكراتی سەرەك كۆمار سكرتێری حیزبەكەیەتی و خزمە نزیەكانی دەكاتە وەزیرو نوێنەر و سەفیر و راوێژكار؟ ئەوە باسی سەرۆكی هەرێم هەر مەكە، كوردەواری دەلێ "گەورە ئاو دەرژێنێ و گچكەش پێی لێ دەخشێنێ؛. 
بەرێز مەلا بەختیار نەدەبوایە سەردانەكەی بەمشێوەیە بكردایە و، نەدەبوایەش میدیاكانی ینك هان بدات بەو شێوەیە باسی گەشتەكەی بكەن، دەبوایە بە مۆرال و ویژدان واقیعی كوردستانی بە حیزبە سوسیال دیموكراتەكان بناساندایە ئەو كایەو دەسەلاتەی پەرلەمان و حكومەت و نەقابەی كرێكاران، كە هەیە، نەبەزاندبایە. یان دەبوایە، بەلای كەمی، دەگەل وەفدێكی هاوبەشی ینك ـ پدك ئەو جەولەیەی بكردایە تا باسی مادەی 140، رێكەوتنی ستراتیژی هەردوولا، ستراتیژی دژە تیرۆر و پێشكەوتنەكانی هەرێمیان بكردایە. 
مەلا بەختیار، لە راستیدا، مەبەستی سەرەكی لەم گەشت و جەولەیەی ئەوروپا بریتی بووە لە هەولدان بۆ خۆ ناساندن وەكو كەسێكی پلە دووی ینك كە دەكرێت لە ئایندەیەكی كورت كاندید بكرێت بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی هەرێم یانیش لە حالەتێك مام جەلال، بە هەر هۆیەك بێت، واز لە سكرتێری گشتی بهێنێت جێگەكەی بگرێتەوە. لە هەردوو حالەت ینك كاندیدی بە شانستری، لە مەلا بەختیار، نیە. سەرەرای ئەو "فاول؛انەی باسمان كرد مەلا بەختیار، بۆ ئەوەی متمانە بەدەست بهێنێ و گومان لە نیاز پاكی نەكرێت، پێویستە، تەنها كاری مەكتەبی سیاسی بكات، بە زووترین كات واز لە پۆستەكانیتری بهێنێت، سەروەت و سامانی بۆ رای گشتی بەیان بكات، بە راستگۆیی ویژدانەوە باسی كەموكورتی ینك و ئیدارەی هەرێم بكات و دەرسێك و زیاتریش لەسیستەمی سێكۆلاریزم و حیزبە سوسیال دیموكراتەكانی ئەوروپا وەرگرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە