یەکێتی لە سۆسیال گۆچانی تالەبانییەوە بۆ سۆسیال پۆستاڵی پاڤێل


بیستبوومان که‌ کچی ئه‌وروپی به‌ چه‌قه‌نه‌یه‌ک دێنه‌ باوه‌شی پرچ ڕه‌ش،

Thursday, 03.07.2013, 12:00

3215 بینراوە



ڕه‌وه‌ کوڕێکی گه‌نجی کورد بووین له‌ هایمه‌کان وه‌ک مێگه‌له‌ مه‌ڕ به‌ جاده‌کانی شاره‌ ئه‌وروپیه‌کان ده‌که‌وتین، ڕاوه‌ کچمان ده‌کرد و بسته‌و چه‌قه‌نه‌شمان وه‌ک تفه‌نگ سوار کردبوو باوه‌شیشمان کردبۆوه‌، که‌چی که‌س به‌لامان دا نه‌ده‌هات
گووتیان کچ له‌ دیسکۆ ده‌ست ده‌که‌وێ، سێنت سێنت کۆمان ده‌کرده‌وه‌ و سه‌ردانی دیسکۆکانمان ده‌کرد،
کچه‌ جوانه‌کان بیره‌شیان به‌کڵاومان نه‌ده‌پیوی، ئێمه‌ش له‌به‌رده‌م ژنه‌ قه‌ڵه‌وه‌ پیره‌ ناشیرینه‌کان قیت ده‌بووینه‌وه‌ و ده‌که‌وتینه‌ سه‌ر باس و خواسی دڵداری
خۆ هه‌ر چۆنی چاکیه‌که‌ و دواییش هیچمان پێنه‌ده‌ما، که‌ی کوڕی کورد له‌وکاته‌دا ده‌یزانی دڵداری چیه‌؟ هه‌ر کوردایه‌تیمان ده‌زانی و هیچ بابه‌تێکی دیمان لانه‌بوو
جا که‌ گڵۆپی سه‌وز و سور به‌سه‌ر گۆڕه‌پانی دیسکۆکه‌ ده‌کوژایه‌وه‌ و داده‌گیرسا ئاڵای کوردستانمان ده‌هاته‌وه‌ بیر،
که‌ مه‌حشه‌ره‌که‌ش به‌ده‌م ئاوازی گۆرانی جاکسۆن سه‌مایان گه‌رم ده‌کرد، شایی کوردی و گۆرانی ئه‌ی شه‌هیدانمان ده‌هاته‌ خه‌یاڵ
هه‌ر که‌ دووکه‌ڵی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ و هه‌ڵمیان به‌سه‌ر سه‌ماکه‌ره‌کان به‌با ده‌کرد، کیمیابارانمان ده‌هاته‌ به‌رچاو
به‌ده‌م گۆرانیه‌کانی مایکلیشه‌وه‌ کوردایه‌تیمان ورد ورد هه‌ڵده‌ستاو و یه‌کسه‌ر له‌گه‌ڵ پیرێژنه‌که‌ ده‌ه‌که‌ووتینه‌ سه‌ر باسی کورد و کوردستان
که‌ لێشیان ده‌پرسین خه‌ڵکی کوێین و ده‌مانگووت کوردستان، چاویان ئه‌بڵه‌ق ده‌بوو و ده‌یان پرسیه‌وه‌ پاکستان
نه‌خێر کوردستان، کوردستانی چوارپارچه‌ی داگیرکراو، سه‌رداره‌کانمان کوردیان به‌ دونیا ناساندوه‌ و هه‌موو دونیاییه‌ک ده‌زانێ کورد و کوردستاسن چیه‌،چۆن پیرێژنه‌ قه‌ڵه‌وه‌ نه‌یبیستووه‌، عه‌مرێکی هه‌یه‌ و ده‌ی نه‌مێنێ خۆ چه‌ند ناشیرینه‌ ده‌ئه‌وه‌نده‌ش ده‌به‌نگه‌،
کوردستان، وڵاتی کوردستان نه‌ک پاکستان،
تۆ بڵێی نه‌مان ناسن و سه‌رکرده‌کانمان درۆیان کردبێ له‌گه‌ڵمان ئه‌دی بۆ ده‌یان گووت
کوردی به‌ دنیا ناساند، له‌م دنیایه‌ و له‌م دیسکۆیه‌ که‌س کورد ناناسێ

ناساندن، خۆی له‌خۆی دا وشه‌یه‌کی زبر و درشته‌، به‌کێیان ناساندین، وه‌ چۆینان ناساندین؟
به‌ حکومه‌ته‌کانیان گووت که‌ کورد هه‌یه‌، یان له‌ مێدیاکان به‌ره‌نگاری دوژمنه‌کانمان بوونه‌وه‌،
کتابی زانیاری و مێژووییان ده‌رباره‌ی سیاسه‌ت و کورد و کوردستان نووسی، پارچه‌ ئاوازێکیان له‌سه‌ر ئاستی سه‌نفۆنیه‌کانی شوبێرت و مۆزارت داڕشت، قاره‌مانی وه‌رزش بوون و میدالیایان له‌ ئۆله‌مپیا وه‌رگرت، تابلۆیان نه‌خشکێشا که‌ تابلۆکانی میونش و ڤان کوخ له‌به‌رده‌میدا شه‌رمه‌زار بوون، خه‌ڵاتی نۆبڵیان له‌سه‌ر فیزیک وه‌رگرت، ڕاکه‌ ڕاکه‌ بوو به‌دوایان تا ئۆسکاریان بده‌نێ و ئه‌وان نه‌یان ده‌ویست،
له‌کام ئاستدا ئێمه‌یان ناساند، له‌ ئاستی ده‌وڵه‌ت و حکومه‌ت، له‌ ئاستی ڕۆشه‌نبیر، له‌لایه‌ن ده‌زگا زانیاری و پاراستنه‌کان یان بۆ هه‌موو ڕه‌شوڕووتێ
وه‌ چۆن ئێمه‌یان ناساند وه‌ک گه‌لێکی چه‌وساوه‌، یان پیاوکوژ و که‌له‌ ڕه‌ق.
نه‌خێر که‌س نه‌یتوانیبوو ئێمه‌ به‌که‌س بناسێنێ، چونکه‌ خۆیان خۆمانیان نه‌ده‌ناسی، نه‌خێر که‌س به‌ده‌رد و په‌ژاره‌ی کورد ئاشنا نه‌بوو، نه‌خێر مه‌سه‌له‌ی کورد له‌ چورچێوه‌ی کوردستان نه‌چووبووه‌ ده‌ر،
نه‌خێر درۆیان له‌گه‌ڵمان ده‌کرد و کڵاویان له‌سه‌رمان ده‌نا، ئێمه‌ی کوردیش به‌قه‌د شاخه‌کانه‌وه‌ دوور له‌ هه‌موو شارستانیه‌ک چوار فیشه‌کمان ده‌هاوویشت و هه‌موو هیوامان ده‌خسته‌ سه‌ر یه‌ک که‌س که‌ وه‌ک شوانێک ڕابه‌ڕیمان بکا، ڕێکه‌ووت نه‌بوو که‌ له‌ ئه‌وروپاش به‌ مێگه‌ل هه‌وڵی مێبازیمان ده‌دا، ئێمه‌ هه‌ر فێریین
کورد له‌سه‌ر مێزی سیاسیه‌کان هه‌ر ناسرابوو وه‌ هیچ کاتێکیش نه‌ پێش وه‌ نه‌دوای شۆڕشه‌ چه‌کداریه‌کانمان، بیر و ڕای ئه‌م سیاسیانه‌ ده‌رباره‌ی کێشکه‌مان نه‌گۆڕا،
کورد له‌ ئاستی که‌سێکی خوێنده‌واری ئه‌وروپی به‌ تورک یان عاره‌ب و فارسی کێوی ده‌ناسرا، به‌تایبه‌تی له‌ ئه‌ڵمانیا هه‌موو کوردێک به‌ یه‌کێک له‌ که‌سه‌کانی ڕۆمانه‌که‌ی کارل مای - به‌ناو کوردستانی کێویدا - ده‌ناساندراوه‌، که‌ که‌سی کارل مای نه‌ کوردستانی دیبوو وه‌ نه‌ ده‌شیزانی کورد چیه‌ و ته‌نانه‌ت کوردی به‌ عه‌گال له‌سه‌ر و سوارحوشتر نیشان داوه‌
خه‌ڵکه‌ ئاساییه‌که‌ش جیاوازیان له‌گه‌ڵ ئه‌پاچه‌کانی - هندی سوور - ئه‌مریکا نه‌ده‌کرد و نه‌شیان ده‌وویست بزانن
که‌نیسه‌کانیش کوردیان به‌ ئه‌رمه‌ن کوژ داده‌نا، وه‌ به‌داخه‌وه‌ تا ئیمڕۆش حکومه‌تی هه‌رێم به‌یاننامه‌یه‌کی تێروته‌سه‌لی دژ به‌ ئه‌رمه‌ن کوژی ده‌رنه‌کردووه‌.
ساڵی هه‌شتاکان سیاسه‌تی جیهان ڕووی له‌ گۆڕان کرد، حیزبه‌ چه‌په‌کان توانه‌وه‌ و گه‌نجی به‌توانایان لێپاشه‌که‌‌ووت بوو، به‌ کاوبۆی شڕ و پۆتینه‌وه‌ بوون به‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مان و ویژدان و مرۆڤایه‌تی داخیل به‌ سیاسه‌ت بوو، به‌دوای چه‌وساوه‌ ده‌گه‌ڕان و له‌سه‌ریان ده‌نووسین و له‌ دانشتنه‌کان باس ده‌کرا.
هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید و کۆڕه‌ و ئه‌نفال بوو به‌ باس لێره‌ و بۆ یه‌که‌م جات له‌ مێژووی کورد هه‌وڵ ده‌درا که‌ چاره‌یه‌ک بۆ کورد و کێشه‌که‌ی له‌ ئاستی حکومه‌ته‌وه‌ بکرێ،
نۆبێرت بلوم وه‌زیرێکی ئه‌ڵمانی بوو وه‌ ئێستا بێژه‌ری که‌ناڵێکی ته‌له‌فزیۆنه‌، ساڵی ۹۱سه‌ردانی کورده‌ ئاواره‌کانی کۆڕه‌وی کرد له‌ تورکیا، له‌به‌رده‌م کامیڕا گریا و نه‌یتوانی هه‌ستی بکه‌پێنته‌وه‌، که‌ گه‌ڕاشه‌وه‌ ئه‌ڵمانیا له‌ جه‌لسه‌ی په‌رله‌رمان گووتی ئه‌مه‌ جینۆسایده‌ و کوردیش گه‌لێکی زوڵملێکراوه‌، ئه‌مه‌ یه‌که‌م جار بوو که‌ کورد به‌ گه‌ل و زوڵمه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانێکی ئه‌وروپا باسبکرێ،
دواییش کچه‌ قاره‌مانه‌ نازداره‌کانی پ ک ک له‌سه‌ر جاده‌کانی ئه‌ڵمانیا له‌تاو ئازاری ده‌روونیان و گه‌له‌که‌یان خۆیان ده‌سووتاند، له‌سه‌ره‌تادا نه‌فره‌تیان لێده‌کرا، دوایی بۆیان ئاشکرا بوو که‌ کورد چه‌ند ئاشتی دۆستته‌ و ناچین خۆمان بته‌قێنینه‌وه‌ و چه‌نده‌ها ئه‌وروپی بکوژین به‌ڵکو جه‌سته‌ی خۆمان ده‌که‌ین به‌ خه‌ڵوز تا تێمان بگه‌ن له‌ کوردستان ئاگربارانه‌،
ئه‌م فریشتانه‌ کوردیان به‌ دنیا ناساند، وه‌ ئه‌م سێ خانمه‌ شه‌هیده‌ی فه‌ره‌نساش له‌ هه‌موو ژیانیان خه‌باتیان بۆ کوردی چه‌وساوه‌ کرد وه‌ به‌مردنیشیان کێشه‌که‌ی ئێمه‌یان خسته‌ به‌ر ویژدانی هه‌موو ئینمسانێک
به‌س دڵنیا بن که‌ تا ئیمڕۆش ژنه‌ قه‌ڵه‌وه‌ ناشیرنه‌کانی دیسکۆ کورد ناناسن