گۆڕان بە سازان ناكرێت

Wednesday, 05/10/2011, 12:00

1306 بینراوە





پاش بێنەو بەردەیەكی زۆری چەند ساڵەی نێوان دەیگۆڕین و پێتان ناكرێت و میلەت سەرچاوەی گۆڕانە و هەر ئەویش سەرچاوەی گۆڕینی ژیانی خەڵكەو رۆڵی بارودۆخی بابەتی و خودی یەكلاییكەرەوەی راستیەكانی پرس و بابەتە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكانی نێوان ئەم دیو و ئەودیوی هاوكێشە سیاسیەكانی كوردستان، سەرئەنجام متبونێكی سەیر باڵی بەسەر پێشهاتەكاندا كێشاو، ئێستاش گۆڕین لەسەروە و بە رێگەی سیاسی و ململانێ و ونبونی باوەڕبون بە گۆڕانی بنەرەتی و لەسەر خۆی تاك و كاریگەریەكان لەسەر كۆی گشتی كۆمەڵ، ئەو مشتو مر و ململانێ سەختەی وەلا خست كە كار گەیشتە حالەتی خەتەرناك لە زۆر قۆناغیدا. بەڵام زۆرینەی خەڵكی چاوەروانی متبوی بێ قسە لەگەل ئەوەدا بوون كە لەگۆمی مەنگی پەنگخواردوی باری سیاسی كوردستان قوتاربن و قۆناغێك ببرن و نەشئەتێك بەرگیان و روحیان كەوێت و لە بیهودەیی رزگاریان بێت .
ماوەیەك بوو كە رای گشتی خەڵك وروژاو متمانەیەكی زۆریان بە بازدانێكی گەورەی ئیجابی لە رەوتی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئابووری كوردستانداپەیدا كرد و، ئەگەر بەشێوەیەكی عاتفی و بێ بوونی بنەمایەكی پتەو بە پشتبەستن بەخۆشباوەری خۆشیانیشەوە بێت، بەڵام خەڵك خرۆشاو لەوبەینەدا ئاسۆیەكی بەدیكرد هەر هیچ نەبێت لە گۆڕینی شێوەی حوكمڕانی و گەیشتن بە هەنگاوی یەكەمی پراكتیزەكردنی دیموكراسیەت و بەرقەراربونی ئازادی راستەقینە لە كوردستاندا ئاهێكیان هاتەوەبەر.
ئەگەر ئەو بانگەشە قەبە و زەبەلاحانەی كە بۆ گۆڕینی رەهای ژیانی هەمەلایەنی خەڵكی كوردستان بینینە بەرچاوی خۆمان ، دەبێت بە ئینسافەوە ئەو جوڵانەوە هەڵسەنگگێنرێت و باس بكریت ، دەكرێت بڵێین نیمچە وەرچەرخانێكی دروستكرد، هیچ نەبێت لە شێوازی مامەڵەكردن و ڕوانینی خەڵك بۆ دەسەڵاتدارێتی كوردستان لێڵیەكانی بەرچاوی رەوینەوە، بەڵام ئەو پێشبینیانەی نەهێنایەدی كە لێی چاوەروان دەكرا ، بەڵام ئێستاش هاوكێشەكان رەوتی ئاسایی خۆی وەرگرتووە و تادێت ئامانجە شاراوەكانی هەموو لایەنەكان بە دەسەڵات و ئۆقۆزسیۆنیشەوە روونتر دەبنەوە و ماجەرای پشت پەردەكانیش ئاشكراتر دەبن .
هەموومان لەبیرمانە كە پاش شەڕی نێوخۆی كوردستان و لە دەرئەنجامی رێككەوتنی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار سازانێك دروست بوو ، ئەمیش ئەگەر لایەنی ئیجابی زۆری هەبوو بەڵام لە كاریگەریە سەلبیەكان لەسەر رەوتی سروشتی سیاسەتی دوورمەودای كوردستان بێبەش نەبوو، بەهەرحاڵ نەمانی شەری نێوخۆ خۆی لەخۆیدا قازانجێكی گەورەبوو. بەڵام بۆ رۆژگاری ئەمرۆمان ، ئەگەر واقعی كوردستانی دوور لە شەر و لە ژیانی تا رادەیەكی باشی ئارامیدا بخوێنینەوە، دەكرێت بە پێی پێویستیەكانی سەردەم لایەنەكان مامەڵە لەگەڵ ئەم قۆناغەدا بكەن و، دەبێت باش بزانن كە قۆناغی پاش دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان ریتمێكی تایبەتی خۆی وەرگرتووە و بە خۆداچونەوەی هەموو لایەنەكان و قازانجی چاودێریكردنی دەسەڵات و رەخنە و وروژاندنی بابەتە بڤەكان ئیستێكی بە دەسترۆیشتووان كرد و گەندەڵیەكان هەرچەند بە تەواوی بنبر نەكران بەڵام تارادەیەك لە قاڵبدران و لە تەشەنەكردنی زیاتر وەستێنرانو ئێستا بە خودی گۆڕانیش ناتوانرێت رەورەوەی وەرچەرخانەكە بەرەو دواوە ببات. تا رۆژگاری ئەمرۆش دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە ئارادایە و هەر هیچ بەروبومێكیشی نەبێت زەرەری نابێت، بەڵام و ادەردەكەوێت كە هەماهەنگیە هەمەجۆرەكان بۆ خۆی زۆر شت فەرز دەكات كە بۆن و بەرامی دروستبونی ئۆپۆزسیۆنی راستەقیەنەمان ناهێڵێت و گۆمەكە بەرەو پەنگخواردن دەبات و ژیانی سیاسی تا ماوەیەكیتر لەسەر یەك قاچ دەوەستێت و وای بۆ دەچین كە چاوەرێی هەنگاویتر نەبین .
ئەو نیشانانەش بۆ ئەم پێشبینیە لەو كاتەوە لە ئاسۆدا دەبینرێت كە سازانی لایەنەكان و رێككەوتنی نهێنی بەرعەكسی ئیدعای ئاشكرای ئۆپۆزسیۆن هاتۆتەدی و، هەر ئۆپۆزسیۆن بوو كەشیكردنەوە ی بۆ قازانجی ئاشكراكاری سیاسی دەكرد و جەختی لەسەر دەكردەوە و تانەو تەشەرەكانی لە دەسەڵات لەسەر ئەو چەمكانە بنیات دەنا كەچی ئەمرۆ بە خۆی هەمان رەفتار دووبارە دەكاتەوە. ئەمرۆ خودی ئۆپۆزسیۆن، ئەگەر لایەنی ئیسلامی سیاسی پێشتر خەباتێكیان هەبێت لە قازانج بینین لەو سازان و راوەستان لەناوەراستی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەدا و یاریەكی تا رادەیەك سەركەوتویان كردووە، بەڵاملە واقعێكی گۆڕاوی ئەمڕۆ بۆ بزوتنەوەی گۆڕان شتێكیترە و ناكرێت بچێتە ژێر ركێفی قورسایی بەرێوەچونی كاروباری سیاسی كوردستان و تەسلیم بە واقعێك بێت كە بە دەنگی زۆڵاڵەوە ئیدعای گۆڕینی بنەرەتی دەكرد. سازانی رێكخراوی مامۆساتایانی سەردەمی سەر بە گۆڕان بۆ بەدەستهێنانی پلەو پایە سەندیكاییەكان و بەشداری دەسەڵاتی سەندیكایی ئەمرۆ سەرەتای پێچكردنەوەی بزوتنەوەی گۆڕانە و دەشێت چاوەڕوانی سازانی زیاتر و لە ئاستێكی باڵاتردا لێی بكرێت. بەڵام هەموومان لەو قەناعەتەداین كە گۆڕانی راستەقینە بە سازان ناكرێت و تاقیكردنەوەكانی بەغدا زۆر بە جوانی هەڵەی ئەو جۆرە سیاستەنامان بۆ دەسەلمێنێت .
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە