دەزگاى هەواڵگریى ئێران لەسەردەمى شاه (ساواك)

Sunday, 20/11/2011, 12:00

6970 بینراوە


كارى جاسوسى و سیخورى لەئێران كارێكى نوێ نیە،بەڵكو كارێكى كۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ حەوت سەد ساڵ بەر لە میلادى كە لەسەردەمى هاخامانیشیینەكان و دواتریش لەسەردەمى ساسانیەكان هەبوو، ئەوان سیخورەكانیان دەنارد بۆ ئەوەى زانیاری بنێرێتەوە وڵات و لە كاتى شەڕ و كاروبارى ئابوریى بەكارى بهێنن.یەكەم دەزگاى هەواڵگرى و سیخورى كەلەوڵاتى ئێراندا هەبووە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى (1906) بەهاوكارى پرۆفیسۆرێكى سویدى دامەزراوە و دواتر هەرخۆشى سەرپەرشتى كردوە، ئەم دەزگایەش ناوى (دەزگاى سیخورى میر)ى بووە. لەچەند بەشێكى سەرەتایى پێكهاتبوو، بەشى بەدواداچون و لێكۆڵینەوەو ئامار و... هتد


مەحەمەد ڕەزا شاى پەهلەوى لەگەڵ نعمت الله نێیرى سەرۆكى ساواك

كەى ساواك دروست بوو؟
مەحەمەد ڕەزا شاى پەهلەوى تاوەكو پارێزگارى لەدەسەڵاتەكەى خۆى بكات،ساڵى (1957) هەڵسا بە دروست كردنى دەزگایەكى هەواڵگرى و جاسوسى بەناوى (سازمان اتلاعات و امنیت كشور) واتە دەزگاى ئاسایش و هەواڵگرى دەوڵەت) كە كورتكراوەكەى (ساواك)ە .بەهاوكارى دەزگاى هەواڵگرى ناوەندى ئەمریكى سى ئاى ئەى ئەم دەزگایە دروستكرا،هەرچەندە هەندىَ لەنوسەرانى ئیرانى لەم بوارە پێ یان وایە ساواك لەساڵى 1953 جامەزراوە بەشێوەیەكى سادە بووەو نەچۆتە قاڵبى دەزگایەكى هەواڵگرى گشتگیر تاساڵى 1957 ئینجا بەشێوەیەكى ڕەسمى و سیستەماتیككراو دەستى بەكار كردووە،هەندێكیش پێ یان وایە ڕاستە بەر لەو مێژووە چەند ژەنەڕاڵێك بەشیوەیەكى نهێنى لەگەڵ پیاوانى سى ئاى ئەى خەریكى دروست كردنى دەزگایەكى سیخورى و هەواڵگرى بوونە بەڵام ئەمە نابێتە بەڵگە بۆ ئەوەى بڵێین ئەم دەزگایە ل ساڵى 1953 دامەزراوە،بەڵكو بەشێوەیەكى رەسمى دامەزراندنى ئەم دەزگایە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى "1957".كارى ئەم دەزگایە بۆماوەى زیاتر لە سى ساڵ بریتى بوو لە دژایەتى كوردو لەنابردنى و تیرۆكردنى لایەنە ئۆپزسیۆنەكان و شیوعیەكان.ئەم دەزگایە چەندین زیندانى نامرۆڤانەى هەبوو بۆ نەیارانى، وەكو زیندانى ئەوین و زیندانى قەسرى قاجار.
******************

كێ ساواكى دامەزراند و بۆچى؟




ئالان دالاس

دامەزراندنى ساواك لەلایەن بەرپرسى یەكەمى سى ئاى ئەى "ئالان دالاس"ەوە بوو لەڕێى جەنەڕاڵ "شوار تزكۆف"كەلەساڵى 1942 تا 1948 لەسەفارەتى ئەمریكابوو لە تەهران.پاش ئەوەى كە حكومەتە كەى موسەدەق نەما بەهاوكارى ئەمریكا لەڕىَ ى "سى ئاى ئەى".ئەمریكا بەتەواى دەستى بەسەر بیرەنەوتەكانى ئیران دا گرت هەربۆئەم مەبەستەش بەرلەوەى ئەم كارە ئەنجام بدرىَ ئەمریكا بۆ ئەوەى پاڵ پشتیەكى تەواو لەلایەن حكومەتى نوێ بەدەست بێنىَ بەهاوكارى هەردوو ژەنەڕاڵى ئیرانى (نعمت الله نێیرى و زاهیدى) سەرەتاى دەزگایەكى سیخوڕیان دامەزراند كە دواتر بوو بەساواك.مەبەستى سەرەكى ئەمریكا لێرەدا تەنها پاراستنى بەرژەوەندیەكانى خۆى بوو نەوەك و بەرژەوەندیەكانى ئیران، چونكە لەهەمان كاتدا بەریتانیایى هاوپەیمانى ئەمریكا هەموو هەوڵیكى دەدا كەزیاترین بەرهەمى نەوتى بەدەست بێنێ،بەڵام ئەمریكا لەڕىَ ى هەردوو دەزگاى سیخوڕى سى ئاى ئەى و ساواكى ئیرانى پارێزگارى لەبیرە نەوتەكان دەكرد و تالەدواجار پشتگیرى تەواوى شاى بەدەستهێنا لەپێناو پاراستنى بەرژەوەندە شەخسیەكان.لەلایەكى تر ئەمریكا، ئیران و اسرائیلى بەباشترین هۆكار دادەنا بۆ چاودێرى كردنى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەبەرامبەر عەرەبەكان.چونكە ئیران پێچەوانەى هەموو دەوڵەتە عەرەبەكان شیعە مەزهەبن و اسرائیلیش ئاین جیاواز لەنێو دەوڵەتە عەرەبیەكان.ب ۆیە زۆربەى مێژوو نوسان و سیاسەت وانانى ئەو سەردەم پێیان وابوو چ مۆساد و چ ساواك دوولقى ترن لەنێو دەزگاى سى ئاى ئەى. ئەمریكا بەتێكەڵى لەگەڵ اسرائیل و ئیران دایمەزراندون لەناوچەكە.مەبەستێكى تریش بۆئەوەبوو ئەمریكا ئاگاداریەكى تەواوى هەبىَ لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست چونكە دەزگاى ساواك هەموو زانیاریەكى كۆدەكردەوە لەسەر وڵاتانى عەرەبى،لەهەمان كاتیشدا سى ئاى ئەى سودێكى زۆرى لەو زانیاریانە وەر دەگرت.

پەیوەندى ساواك و مۆساد:



پەیوەندى نێوان مۆساد و ساواك لە پڕێكەوە دروست نەبوو بەڵكوو مێژوویەكەى دەگەڕێتەوە بۆ هەبونى پەیوەندى نێوان فارسەكان و جولەكەكانى ئیران.دواتر لەساڵى 1947 كە دەوڵەتى ئیسرائیلى دروست بوو،ئیران حەزى دەكرد پەیوەندى لەگەڵ ئیسرائیل ببەستێ ئەمیش لەبەر ئەوەى ئیران هەمووكات دەوڵەتە عەرەبەكانى بەمەترسى دەزانى بۆسەر خۆى،كەبینى دەوڵەتێكى جولەكەنشین لەم شوێنە ستراتیجیە دروست كراوەو ئەمریكاو ئینگلیز یارمەتى دەدەن ئەمیش هەستا بەپەیوەندى كردن پێ یانەوەو لەساڵى 1949 ئیران دەوڵەتى ئیسرائیلى بەفەرمى ناسى و كونسولخانەى تایبەتى خۆى لە ئۆرشەلیم كردەوە.ئەم پەیوەندیە بەشێوەیەكى بچڕ پچڕ بەردەوام بوو تاساڵى 1957 كاتێك سى ئاى ئەى دەزگایەكى هەواڵگرى بۆخزمەتى مەحەمەد ڕەزاشاه دروست كرد بەچاودێرى و هاوكارى مۆساد،لەوێوە پەیوەندیەكانى نێوان ئیسرائل و ئیران دەستى پێكرد بەنوێنەرایەتى مۆساد و ساواك.ئەم پەیوەندیانەش زیاتر ئابورى و سیاسى بوون.چونكە مۆساد نوێنەرایەتى فرۆشتنى چەك و تەقەمەنى دەكرد بۆ ساواكى نوێنەرى حكومەتەكەى شاه، بۆنمونە لەكاتى گەمارۆى نەوتى ئیسرائیل لەلایەن ئۆپێكەوە ئیران زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار چەك و تەقەمەنى لە ئیسرائیل كڕى و بەیارمەتى مۆساد و ساواك ئەم چەك و تەقەمەنیانە گەیشتنە كۆگا شاراوەكانى ساواك لەتەهران و بەشێكیشى درا بە بارزانى. ئەوەى واى لەم دوو دەزگایە كردبوو پەیوەندیەكى پتەو بەیەكەوەیان ببەستێتەوە بە بەردەوام بوونى دوو ئامانج بوو،یەكەم، گۆڕینەوەى چەك بەنەوت،لەنێوان ئیسرائیل و ئیران. دووەم، دووژمنایەتى هەردوو دەوڵەت لەگەڵ عەرەب.
*****************

ساواك لە ڕووى پێكهاتەوە :

ساواك لە سێ بەشى سەرەكى پێك هاتبوو:

یەكەم/ سەرۆكایەتى ساواك، نووسینگەى سەرەكى لە تەهران بوو.
دووەم/ بەندینخانەى ساواك و شوێنە نهێنیەكان، لەچەند ناوچەیەك شوێنیان بۆ دابین كردبوو.
سێیەم/ بەشەكانى ساواك لەئیقلیمەكانى ئیران.پێكهاتبوون لەهەشت نوسینگەى ڕێكخەرى كاروبارى هەواڵگرى و سیخوڕى.هەشت بەشەكەش ئەمانەبوون:

نووسینگەى یەكەم: سەرۆكایەتى دەكرا لەلایەن ئەفسەرێك لەپلەى عەقید،بەرپرس بوو لە نەخشەدانانى و بەڕێوە بردن و سەرپەرشتى كردنى هەموو كردارێكى ساواك،ئەم نوسینگەیەش لە دەبەش پێكهاتبوو: نوسینگەى پەیوەندیەكان لەگەڵ ئەمریكا و بەریتانیاو،ئیدارەى ڕاهێنان و بەشى ڕێكخستنى گشتى سیخوڕو بەكرێگیراوان و....چەند بەشێكى تر....
نووسینگەى دووەم: ئەفسەرێك لەپلەى عەقید سەرۆكایەتى دەكرد،پێكهاتبوو لەپێنج ئیدارە:
(بەشى دەرەوە.مكافحەى شیوعى.فەرمانگەى ئەفغانستان.فەرمانگەى عێراق.فەرمانگەى یەمەنى دیموكراتى).
نووسینگەى سێیەم: یەكێكە لە هەرە بەش گرینگەكانى ساواك.پێكدەهات لە شەش نوسینگەى ئەمانەى گشتى.(فەرمانگەى حزبى توودەى شیوعى ئیرانى،فەرمانگەى جەبهەى نیشتیمانى،فەرمانگەى قوتابیانى ئیرانى لەدەرەوەى ئیران،كاروبارى ناوەخۆ،بەشى ئەمانەى گشتى بەرپرس بوو لە كردارە نهێنیەكانى ساواك).
_ نووسینگەى چوارەم: بەرپرس بوو لەسەرجەم زانیاریەكان و پارێزگاریكردن لە بەكرێگیراوەكانى ساواك.
_ نووسینگەى پێنجەم: بریتى بوو لە نووسینگەیەكى هونەرى كە پێكهاتبوو لە ستۆدیۆو چاپەمەنى و كەل و پەلى هونەریى تایبەت بە كارى سیخوڕى.
_ نووسینگەى شەشەم: بریتى بوو لەنوسینگەى كارگێرى گشتى.
_ نووسینگەى حەوتەم: ئەم نووسینگەیە بەرپرس بوو لە ڕێكخستن و پارێزگارى كردن لەو زانیاریانەى كە كەوەرى دەگرت.كارێكى ترى تایبەت و بوو بەكۆكردنەوەى ئەو زانیاریانەى كە بەهاوبەشى لەگەڵ دەزگاى سى ئاى ئەى و مۆساد بەدەستى دەهێنا.
_ نووسینگەى هەشتەم: تایبەت بوو بە كارو بارى سیخوڕەكانى و چاودێرى كردنیانى لەوكاتانەى پێویستە،وەچاودێرى كردنى سەفارەتەكانى ئێران لەدەرەوەنە.
لەدوا ساڵەكانى تەمەنى ئەم دەزگایە بەپێشنیارێكى مۆساد دەزگاى سیخورى ئیسرائیلى ئیدارەیەكى تر زیادكرا بەناوى (ئیدارەى گشتى لێكۆڵینەوە).
_نووسینگەى نۆیەم: ئیدارەى گشتى لێكۆڵینەوە.
كاروبارى مەسەلەى كورد لەدەزگاى هەواڵگرى ساواك دەكەوتە بازنەى كارى ئیدارەى نوسینگەى سێ یەم كە تایبەت بوو بە ئاسایشى ناوخۆ.

ژمارەى كارمەندانى ساواك بریتى بوو لە 60,000 هەزار كارمەند لەگشت بوارە جیاجیاكان كاریان دەكرد و هەموو چین و توێژێكى تێدا بوو هەر لە كرێكار بگرە تاكو دكتۆر و مامۆستاى زانكۆ و ئەندازیار و پیاوانى ئاینى و ژەنەڕاڵە پلەبەرزەكانى سوپا.



تاوانەكانى ساواك لە ناوەوەى ئیران:

دەزگاى ساواكى شاه جیا لەگشت دەزگا سیخوڕیەكانى ترى جیهان زەبرو زەنگێكى زۆرى بەكاردەهێنا لەناوەوەى وڵات بەڕادەیەك هەركەناوى ساواك دەهات خەڵكى ئیران ترسیان لێ پەیدا دەبوو، چونكە ئەوەندە تاوانى ئەم دەزگایەیان بینى بوو.بۆنمونە:
_ لەمانگى حوزەیرانى ساڵى 1959 نزیكەى 30 هەزار كرێكار ئیزراب كردنیان ڕاگەیاند بەهۆى ئەوەى كە بێبەشن لەو مەرجانەى ژیانى كرێكار باش دەكات.چەكدارانى ساواك چونە ناو كارگەكەو دەستیان بە گولەڕێژ كردن كرد لەئەنجام دا دەیان كریكار كوژران و سەدانى تریش بریندار بوون.


_ لەمانگى كانوونى ساڵى 1959 قوتابیانى قوتابخانەیەكى ناوەندى بەهۆكارى بەستنەوەیان بە سیاسەتى ئەو كاتە ئیزرابیان كرد لەقوتابخانە،لەوكاتەدا چەكدارانى ساواك هاتنە نێو قوتابخانە و حەفتا قوتابیان لێ كوشتن و بەدەیانى تریشیان لێ بریندار كردن. لەگەڵ گرتنى 260 قوتابى و بردیان بۆ بەندینخانەى ساواك و لەژێر ئەشكەنجەو ئازار چەندین كەسیان لىَ كەم ئەندام كردن.
_ لەمانگى نیسانى 1961 مامۆستایەكیان كوشت وسێ مامۆستاى تریان لێ بریندار كردن بەهۆى ئەوەى داواى زیاد كردنى موچەكەیان دەكرد.
_ لەكانوونى دووەمى ساڵى 1962 قوتابیانى زانكۆى تەهران ئیزرابیان كرد بۆ بەرزكردنەوەى بڕى پێدانى خوێندن.لەوكاتەدا هێزە چەكدارەكانى ساواك چوونە ناو زانكۆو دەیان كەسیان لێ گرتن و ڕەوانەى ژێر ئەشكەنجەو ئازاریان كردن لە نێو بەندینخانەكانى تایبەت بەساواك.
_ لەیەكى شوباتى 1962 خۆپیشاندانێكى قوتابیان ڕێكخرا بەمەبەستى هاوكارى كردنى گیراوان.هێزە چەكدارەكانى ساواك خۆپیشاندەرانیان گوللە باران كرد قوتابیەك كوژراو سەدوپەنجا قوتابى تر بریندار بوون.
_ لەساڵى 1963 خۆپیشاندانێكى سیاسى ڕێكخرا بەسەر پەرشتى قوتابیانى قوتایخانە دینیەكان و دواتر جەماوەرێكى زۆر لەخەڵكى كاسب و فەرمانبەر بەشداریان تێدا كرد نزیكەى زۆربەى شارەكانى ئیرانى گرتەوە لەم ماوەیەدا چەكدارنى ساواك دەستیان لەهیچ كەسێك نەپاراست و وەڵامى خۆپیشاندەرانیان بەگوللەو لێدان دەدایەوە.سەدان كەس كوژران لەم ماوەیە بەدەستى چەكدارانى ساواك.


_ لەمانگى تەمموزى ساڵى 1965 هۆزێكى ئیرانى لەناوچەى"فارس" ڕێپێوانێكیان سازداو داواى باشتر كردنى بارودۆخى ژیانیان دەكر.فرۆكە تایبەتیەكانى ساواك هەڵسانە ئاسمانى ناچەكەو ناوچەكەیان گوللە باران كرد و دادگایەكى كاتیشیان دامەزراند بۆ دادگایى كردنى سەركردەكانى ئەم هۆزەو پاشان لەسێدارەیان دان.
_ لەمانگى ئازارى 1971 ڕووبەڕوو بوونەوەیەك ڕوویدا لەنێوان حكومەت و بەرهەڵستكارانى باشور،چەكدارانى ساواك گەیشتنە ناوچەكەو دەستیان بەگرتن و كوشتن كرد دووانیان كوشت و 17 كەسیان دەستگیر كرد و ڕەوانەى ژێر ئەشكەنجە و ئازارەكانیان كردن لە نێو بەندینخانە تایبەتیەكانى ساواك.بەشێوەكى زۆر دڕندانە هەڵسان بە بڕینى دەست و لاقى زۆربەیان.
_ لە مانگى نیسانى ساڵى 1974 هەزار كرێكارى كارگەى ڕستن و چنین ئیزرابیان كرد بۆ زیاد كردنى موچەكانیان هێزە چەكدارەكانى ساواك هاتنە نێو كارگە و دەستیان بە گوللە ڕشان كرد و دەیان كەسیان لێ كوشتن و دەیانیشیان لێ بریندار كردن.


تاوانەكانى ساواك لەئەوروپا:
لەیەكى حوزەیرانى ساڵى 1976 كۆمەڵە قوتابیەكى ئیرانى هەڵسان بەداگیركردنى سەفارەتى ئیرانى لە جنیف و دەستیان بەسەر بەشێكى زۆر لە بەڵگە و دیكۆمێنت داگرت كە پێك هاتبوولە 2800 بەڵگە نامە لەنێوایان كاروبارى ساواكى لەخۆدەگرت :
_ بەردەوام چاودێرى كردنى قوتابیە بەرهەڵستكارە ئیرانیەكانى ئەوروپا كە دژى حكومەتى مەحەمەد ڕەزاشانە.
_بڕینى كۆمەكى و هاوكارى نەكردنى هەر قوتابیەكى ئیرانى لەدەرەوەى وڵات ئەگەر دژى حكومەتەى شابێت.
_ نوێنەكردنەوەى جەواز سەفر بۆ ئەم قوتابیانە(لیستێك بوو پێكهاتبوو لە كۆمەڵە ناوێكى زۆر) وەگرتنیان ڕاستەوخۆ كەگەیشتنەوە ئیران.
_ سەفیرى ئیرانى لەجنێف خۆى یەكێك بوو لە بەرپرسانى ساواك لە ئەوروپا.بەهاوكارى سى ئاى ئەى چاودیریان دەكرد بەسەر دەزگا هەواڵگریەكانى تر.
_ بەڵگەیەكى زۆر لەنێو ئەم بەڵگانە هەبوو لەسەر هاوڵاتى و سیاسیە كوردیەكان كە لەئەوروپابوون یاخود بەسەردانكردن دەچونە ئەوروپا.

ساواك پێویستى بەكێ  هەبوو؟
دەزگاى ساواك پێویستى بەگشت چین و تویژە جیاجیاكانى ئیران هەبوو هەرلە مامۆستاو ئەندازیار و دكتۆرو كرێكارو تا بەردەستەكانى نێودائیرە حكومیەكان.ساواك هەموكات بەدواى ئەوەوە بوو كە قوتابیان و چینى ڕۆشنبیران بۆخۆى بەدەست بێنىَ،چونكە سوودى زیاترى لىَ وەردەگرتن.هەروەهاپێویستى زۆرى بەو قوتابیانە هەبوو كەلەدەرەوەى ئیران دەیانخوێند بەتایبەتى فەڕەنسا.ئەوكەسانەى كەساواك زۆرسودى لێدەبینین بەردەستەكان "فەڕاش" بوون.چونكە هەم لەڕووى كەسایەتى و هەم لەڕووى ئیش كردنەوە زۆر گرینگیان پێنەدە درا،لەبەرامبەریشدا هەموو شتێكیان پێدەكرا.

بەڕێوبەرانى دەزگاى ساواك:
1/ ژەنەڕاڵ تەیمور بەختیار: لەساڵى 1957 سەرۆكایەتى ئەم دەزگایەى كرد تاكو ساڵى 1961 دەورێكى كاریگەرى هەبوو لە كودەتاكەى سەرحكومەتى موسەدەق.ژەنەڕاڵ بەختیار بەكەسى یەكەم دادەنرێ لەبەهێزكردنى دەزگاى ساواك، چونكە توانى ئەم دەزگایە بەماوەیەكى زۆر كورت لەهەموو بووارەكانى ئابورى و پەیوەندى نهێنى و عەسكەرى ڕێك بخات،ساڵى 1961 كێشە لەنێوان تەیمورو ڕەزاشادا دروست دەبىَ ئەمیش دەرنجامى ئەو بڕیارانەى شاه دەیدات دەربارەى زەوى و كشتوكال .تەیمور لەهۆزى بەختیاریەو پەیوەندیەكى بەهێزى هەیە لەگەڵ سەرۆك هۆزەكان،ڕەخنە لە ڕەزا شاه دەگرێ و دواجار دەبێتە هۆى تێكچونى پەیوەندى نێوانیان و لەسەرۆكایەتى ئەم دەزگایە لادەبرێ  و هەڵدىَ بۆ ئەوروپا ژەنەڕاڵ حسن بكراوان لەشوێنى دادەنرێ.


ژەنەڕاڵ تەیمور بەدانیشتویى لەگەڵ كۆمەڵێك لە ئەفسەر و ژەنەڕاڵانى ساواك

2/ ژەنەڕاڵ حسن بەكراوان: دواى ژەنەڕاڵ تەیمور بوو بە سەرۆكى ساواك لەساڵى 1961 تاكو ساڵى 1965،ژەنەڕاڵ حسن توانى بەهۆى ئەو دەزگایەى لەبەر دەستى دایە پەوەندیەكى تەواو لەگەڵ سەركردایەتى بنەماڵەى بارزانى پەیدا بكات ئەویش لەڕێى ژەنەڕاڵ عیسا پژمان و مستەفا بارزانى،توانى شەڕێكى ماوە چواردە ساڵى هەڵگیر سێنێ لەنێوان حكومەتى عێراقى و مستەفا بارزانى كە بووە هۆى تێكچونى گشت پەیوەندیە سیاسى و ئابوریى و كۆمەڵایەتیەكانى نێوان كوردو عەرەب و لەدواجاریش تاكو ئێستا هاوڵاتى كورد باجى ئەم نەزانیەنەى سەركردایەتى مستەفا بارزانى دەدات. كەبەهۆى ئەو شەڕەى لە پێناوى شادا ئەنجامى دا لەگەڵ عەبدوالكەریم قاسم.



  عبدوالكەریم و مستەفا بارزانى



 ژەنەڕاڵ عیسى پژمان


ژەنەڕاڵ پاكراوان


مەحەمەد ڕەزا شا


3/ ژەنەڕاڵ نعمت الله نسیرى: لەساڵى 1965 سەرۆكایەتى ئەم دەزگایەى گرتە دەست تاكو ساڵى 1978 بەدامەزرێنەرى دەزگاى ساواك دادەنرێت.لەسەردەمى سەرۆكایەتى ئەم ژەنەڕاڵە دڕەندانەترین و قێزەوەنترین كارى تیرۆرى ئەنجام دەدرا بەرامبەر بە هاوڵاتیانى ئیران لەگشت جۆرێك هەر لەكرێكار بگرە تاكو دكتۆر و مامۆستا و پیاوە ئاینیەكانى شیعەو نوسەرو كوردە بەرهەڵستكارەكانى ئیران.نعمت الله نسیرى سەدان ئامێرو ئامرازى ئەشكەنجەدانى لە بەندینخانەو شوێنە نهێنیەكانى دەزگاى ساواك دامەزراندبوو بۆ ئەشكەنجەدانى شیوعیەكان و كوردەكان و یەرهەڵستكارەكانى حكومەتى ڕەزا شاه.ساڵى 1979 دواى شۆڕشى ئیسلامى ئیران بەڕابەرایەتى خومەینى دادگاى شۆڕش دامەزراو نعمت الله نسیرى دادگایى كراو بڕیارى گوللە باران كردنى بەسەر دادراو لەسێدارە درا.


ژەنەڕاڵ نعمت الله نسیرى  تەرمى ژەنەڕاڵ نعمت الله نسیرى و دوو لە هاوڕێكانى

4/ ژەنەڕاڵ ناسر مقدەم: ساڵى 1978 سەرۆكایەتى ئەم دەزگایەى وەرگرت و ماوەى ساڵیكى تەواو نەكرد شۆڕشى ئیسلامى ئیران دەستى پێكرد.ڕەزاشاه بۆیە ئەمەى دانا چونكە ناسر مقدەم شاروزاییەكى تەواوى هەبوو لەسەر شیوعیەكان و بەرهەڵستكارەكانى حكومەتەكەى بۆیە واى لێك داوە كەسێكى نوىَ لەجىَ ى ژەنەڕاڵ نعمت الله دابنىَ تاوەكو خێراترو بە حەزەوە هەڵسىَ بەئەنجامدانى كارە سیخوڕى و هەواڵگریەكانى.



ژەنەڕاڵ ناسر مقدەم..... دوا سەرۆكى ساواك


كۆتایى ساواك:
ساواك بەڕەسمى لەساڵى 1957 دامەزراو ساڵى 1979 كۆتایى پێهات.دواى سەركەوتنى شۆڕشەكەى ئیران لەساڵى 1979.دادگاى شۆڕش پێكهاتوو بڕیارى بە هەڵوەشاندنەوەى ئەم دەزگایە داو وە بڕیارى دا هەرچى فەرمانبەر و كار كەر لەم دەزگایە هەیە دەست بەسەر بكرىَ و دادگایى بكرێ كەژمارەى دەست بەسەركراوانى دەزگاى ساواك گەیشتەگەیشتە سىَ هەزار بەرپرس و فەرمانبەر.زۆربەى زۆریان لە بەرپرسە باڵاكانى ئەم دەزگایە گولەباران كران.بەڕێوبەرى ساواك نعمت اللە نەسیرى هەوڵى هەڵاتنى دا بەڵام لەلایەن هێزى ئەمنى شۆڕش دەستگیر كراو دواى داد گایى كردن گولە باران كرا.


گەڕانەوەى خومەینى بۆ تەهران

خومەینى دواى ئەوەى گەیشتەوە ئیران كارى یەكەمى هەڵوەشاندنەوەى دەزگاى ساواك بوو بۆیە هەركە گەیشتەوە تەهران بڕیارى دامەزرادنى دادگایەكى تایبەتى دا بۆ ئەندامان و بەرپرسانى ساواك.داواى لەدادگاكرد ئەوەى بەڵگەى لەسەرە لەسەر كوشتن و ئەشكەنجەدان گوللە بارانى بكەن و ئەوەى بێتاوان دەرچوو ئەوا ئازادى كەن.دواى كۆتایى پێهێنانى ئەم كێشەیە.خومەینى داواى دامەزراندنى دەزگایەكى ترى هەواڵگرى كرد بۆ پاراستنى ئیران و بەرژەوەندیەكانى.بۆیە "فافاك" جێگاى "سافاك" ى گرتەوە.واتە (وزارت اطلاعات جمهوری اسلامی ایران).كە بە اتلاعات ناسراوە.




*********************************

چاوەڕوانى بابەتى (مێژوى دەزگاى پاراستنى بنەماڵەى بارزانى بن لە شاخەوە بۆ شار)
ئەم بابەتە پێكدێت لە چەندبەشێكى جیاواز و پێكەوە بەستراو كە باس لەچۆنیەتى دروست بوونى دەزگاى پاراستنى پارتى و بنەماڵەى بارزانى و تاوانەكانیان دەكات لەگەڵ چەندین بابەتى تر......
*****************

بەشى یەكەم / (كارى هەواڵگریى/سیخورى)
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=b6f96c0d

بەشى دووەم / (هەواڵگریى ناوەندى ئەمریكى) (c.i.a)
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=0d2304dd

بەشى سىَ یەم/ (دەزگاى هەواڵگریى ئیسرائیلى) (mossad)
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=a607f537

بەشى چوارەم / (هەواڵگرى توركى میت) (mit)
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=098dfe2c

*******
سەرچاوەکان:
_ مخابرات والعالم/سعید الجزائرى/ج 2.
_موسوعە عالم المخابرات.كتاب: أستخبارات فی أسیا وأفریقیا وأمریكااللاتینیە/ د.اسعد مفرج/ج17.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە