ئایندەى كورد لەگێژەنگى ڕووداوەكانى ڕۆژهەڵاتدا

Wednesday, 24/07/2013, 12:00

1824 بینراوە







لە دواى یەكەم جەنگى جیهانییەوە،بۆئەوەى ئیمپریالیزم (داگیركەرەكان) بەكەمترین كات ئامانجەكانیان بپێكن،كەوتنە پیادەكردنى سیاسەتى (پەرتكەو زاڵبە).پاش ئەوەشی كۆمەڵەى گەلان هەرەسی هێنا.نەیتوانى ئاسایشى جیهانى بپارێزێت،لەسەرەكیترین هۆكارەكەشی دەستوەردان و باڵادەستى زلهێزەكان بوو تیایدا،كە دوور نییە ڕێكخراوى نەتەوەیەكگرتووەكانیش بەهەمان فاكتەر لەئایندەدا بكەوێتە بە ترازانێكى سەخت.سەختە چونكە نزیكەى (68) ساڵە مرۆڤایەتى لەدواى كۆتایی هاتنى جەنگ ئەزموونى نەكردووە،بەتایبەتى تریش ئەمریكا لەدواى جەنگى ساردو ڕووخانى بلۆكى سۆڤیەت تادێت دەیەوێت هەژموون و هەیمەنەى خۆى بەردوام بكا،ڕوونتر لەسەدەى بیستەمدا زەعیمى جیهان بووە،دەیەوێت بسەدەیەكى تریش لەسەر شانۆى جیهانى هەمان ڕۆڵ ببینێت.بەو پێیەى :
یەكەم: تاكتیكێكى زۆرى تێكەڵ بەستراتیژى خۆى كردووە لەسیاسەتى دەرەوەدا،تا زووتر بگات بەمەرامەكانى. دووەمیش: بایەخێكى تەواو بەتەكنەلۆژیاى سەربازیی و وەزارەتى بەرگرى وڵاتەكەى ئەدات،تەنها بودجەى وەزارەتى بەرگرى ئەمریكا،لەساڵى 2013) دا (633) ملیار دۆلارە.كە بەنزیكەیی دەكاتە كۆى میزانیەى هەموو وەزارەتى بەرگرییەكانى جیهانى.بەقەدەر بودجەى (10) وڵاتى گەورەیە.

* لەڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست چى دەگوزەرێت.
ئیدوار سەعید،گەورەترین ڕەخنەگرى پۆست مۆدێرنى ئەمریكییە،لەكتێبە بەناوبانگەكەى (ڕژهەڵاتناسی) باش ئەوە ئەسەلمێنێت،كە (ڕۆژهەڵات كردەى ڕژئاوایە).بەواتاى ئەم وڵاتانەى ڕۆژهەڵاتى ناوین هەموو بەدەستى زلهێزەكانى خۆرئاواو ئەمریكا دروست بوون،كەوابێت ڕەگ و ڕیشەیان لەناو كۆمەڵگەكانى خۆیاندا نییە،چونكە دەوڵەت دەسكە كەرەوز و موعەلەبات نییە هاوردەبكرێت،هەروەك ئەم وڵاتانە هاوردەكراون،ئەو كاتەى جێگیركراون بەتەواى ڕووپێوى ژێر زەمین و سەرزەمینى كراوە،نەخشەى ئابوریی و نەوتیان كێشاوە بۆ ئایندەى خۆیان.تارمایی ئەم باسە لە (11ى سێپتەمبەرى 2001) ەوە دەركەوت،نەخشەى نوێی ڕۆژهەڵاتى گەورەیان داڕشتەوە بەزەعامەتى ئەمریكا،پێیانوابوو ئەوان ئەم ڕژهەڵاتەى دروستى یان كرد (وێڕاى ئەوەى هەر بۆخۆى خاوەن شارستانیەتێكى دێرینە) تیرۆر و سەرئێشەى بۆ بەرهەمهێناون،لەشەڕى قاعیدەو ڕووخانى سەدامەوە،ئەم پرۆسەیە خۆرئاواى خستە بەردەم پرسی (بەهارى عەرەبی) ،كە تائێستا نازانرێت كێ ناوى لێناوە،رۆِژنامەنووسی ناودارى تورك (محەمەد عەلى بیراند) پێش ئەوەى لەساڵى (2012) كۆچى دوایی بكات ،لەسەفەرێكیدا بۆناو وڵاتانى عەرەبی كەشۆڕشیان تیا بەرپابوو بوو،لەناو فڕكەخانەى (دوبەى) ەوە وتارێكى نوسیبوو،باسی لەوە كرد ڕۆشنبیرەكانى عەرەب بەهەڵە لەم گێژاوە گەیشتوون،لەكۆتاییدا خراپ بەسەریان دەشكێتەوە،ئێستا دواى ئەوەى شۆڕش لەمیسر بەردەوامەو مورسی لەكاردا نەماوە،شۆڕشیش بەپێچەوانەى پێشبینى عەرەبەكان لەسوریا درێژەى كێشا،هێشتا ئاسۆكەشیان بۆ ڕوون نییە،چونكە لەیەك چركەساتەوە (ئێران-ڕووسیا-چین) پشتگیریی ئەسەد دەكەن،بەتایبەتى ڕووسیا كەبەدواى پیاچونەوەو زیادكردنى بەرژەوەندییەكانى خۆى كەوتووە لەناوچەكەدا،بەتایبەت بە بنكەى ئەمریكا لەتوركیاو پاترپپۆتەكانى زۆر قەڵسە.هێشتا ئەمە نەگەشتۆتە لایەك لە لوبنانیش بەزمى (حزبولڵا) بەرەو هەڵكشان دەچێت.قەتەریش خواستى ئەوەى هەیە بەپاڵپشتى گەورەترین كەناڵى ئاسمانى جیهانى (جەزیرە) و ئابوریی گەشەسەندوو و پێگەو ڕێگەى بەهێزى ئەمریكا لەوڵاتەكەى ببێتە زەعیمێكى ئیقلیمى.ئینجا لەسوریاش ئەسەدو ئۆپۆزسینى چەكدار لەلایەك بەرەى نەسرەو شەڕى پەیەدە و دەستوەردانى قاعیدەش سەربارى هاتنەوە.ئەمانە واى لەئەمریكا كرد ئیتر تەنها تەماشا نەكات،سەعاتى سفر بۆ ئەسەد دابنات .

*كورد لەم گێژەنگەدا چى دەكەن.
لە (22/7/2013) بەدەستپێشخەریی مەسعود بارزانى سەرۆكى هەرێمى باشوریی كوردستان و،بە بەشدارى سەرۆك و نوێنەرى (39) پارتى كوردیی لەچوار پارچەى كوردستان،كۆنگرەى نەتەوەیی هەنگاوەكانى خۆى دەستپێكرد،پارتى دیموكراتى كوردستان لەباشور،ئەو حزبەى بێئەندازە ئاڕاستەى ناڕەزاییەكانى لەسەرە،حزبێكە لەباسی دیموكراتى و مافى مرۆڤ و ئاشتیدا بازاڕى كەساس،بەڵام بەردەوام لە(2) حاڵەتدا گەشەئەكا،یەكەم: لەشەڕ،،دووەم: لەباسی پرسەنەتەوەییەكان،دواجار بتەوێت و نەتەوێت لەم ڕەوشەدا ئەوان نمایندەى كورد دەكەن . كۆنگرەكە كە (21)ئەندامى ڕاسپاردووە بۆ دانانى ئالیەت و ڕێوشوێن و پەیڕەووپرۆگرام،(6 لەباكور 5 لەباشور 5 لە ڕژهەڵات 4 لەڕژهەڵات و كەسێكیش لەكەنەكە). دووخاڵى زۆر گرنگى ب كورد تیادایە:
یەكەم: مەسجێك دەدا،بەدونیاى دەرەوە،كە كورد ئەوە نییە ئێوە باسی دەكەن،بەڵكو هاریكارى ناوخۆییان هەیە و خۆخۆر نین.
دووەم: مەسەلە قەومیەكان دەكات بە (موئەسەسی) و ستراتیژ،ئیتر نابێت كەسێك هەموو كوردبێت و خەتى سوور دیارى ئەكات كە پرسی قەومییە.
ئەوەى جێی تێبینە،حكومەتى مەركەزیی عێراقە،كە گرێدراوە بە هیلالى شیعى و ئێرانەوە،ئێران پارتى دەوێت بەو مەرجەى دەست نەخاتە قەزیەى سوریاوە،وە دەست نەخاتە خپیشاندانى سووننەكانەوە دژى مالیكى.هەرچى قەزیەى سوریایە پارتى دیموكراتى كوردستان تازە دەستى تێبخات یان نەخات،هیچ لەمەسەلەكە بۆ ئێران ناگۆڕێت.ئەوە نەبێت كورد لەرۆِژئاوا یانسیبێكى بۆ دەرچووە،لەمێژوودا بۆ كەس دەرنەچووە،بەجۆرێك چەند كاتژمێرێك پێش هەڵگیرسانى شۆڕش دژى ئەسەد،یەك كورد چییە ناسنامەیەكى نەبوو،تا كارە فەرمییەكانى خۆى پێ ڕایی بكا،ئێستا هێزى پێشمەرگەى كوردستان لە سوریایەو ، خاكى كوردان بازگەو موختارو ئیدارەیەكى هەیە،لەئایندە ئەگەر فیدراڵیەتیش نەبێت،كورد لەسندوقدا دەسەڵاتێكى خۆجێیی هەیە.
ئەوەى دەمێنێت،پرۆژەیەكى هەواڵگریی ئابوریی عەسكەریی سیاسیی هەمەلایەنەو قووڵ لەم ناوچەیە هەیە،وە ئیش دەكا.دەبێت كورد و یاریكەرەكە سیاسییەكانى بەباشیی سەرى لێدەربكەن،چونكە شەڕى ئەم زەمەنە شەڕێكى بەرژوەندیخوازیی یەكە نێودەوڵەتیەكانە.تەقینەوەى گرفتە جیهانییەكانە لەمەڕ كەمبونەوەى سەرچاوەكانى ووزە لەئەوروپاو ئەمریكا،لەمەڕ برسێتى و هەژاریی و پیسبونى ژینگەو ئیختراقكردنى دەوڵەتان لەسەردەمى جیهانگیرییدا،شەڕە لەسەردەمى تەكنەلۆژیادا.كەبەدیووە سلبیەكەى ئەفیۆنێكى هاوچەرخە بۆ بەشەریەت.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە