ئیتر کەس نەڵێت بنەماڵەی بارزانی گوللەیان بۆ ڕاویش نەتەقاندوە !

Thursday, 05/04/2012, 12:00

2069 بینراوە


زرێڤانە قارەمانەکان ناهێڵن مێشولەش لە دەڤەڕی بارزان، بە لای ماڵی مەسعوددا بفڕێت و بە بەبێ ئارەق دەربچێت. ئەمانەی لەو ڤیدیۆیەی خوارەوەدا دەیبینیت، ئەو پیاوانە بوون کە لە دوا ئەنفالدا گوللەیەکیان بەئاسمانیشدا نەتەقاند، بادینانیان بە بێ تەقە بۆ بەعسییەکان چۆڵ کرد. ئەمانە ئەو پیاوە ئازایانەن، کە منداڵێکی هەژار بەڕێکەوت کڵۆ بەفرێکی دا بە سەیارەیەکەیاندا، لەوێدا براکەی موسعود ئەوەندە ئازا و بەغیرەت بوو، دەست بەجێ فەرمانی دا و منداڵەکەیان کوشت، ئەمانە پیاوانی ئەو قوتابخانەیەن کە قبوڵی ناکەن ئازادیی نەک بۆ مرۆڤەکان، بەڵکو بۆ ئاژەڵەکانیش نەبێت، ئەگەر خوێنەر لەو ڤیدۆ کلیپە بڕوانێت دەزانێ لە هەرێمی زەرددا، لە ژێر عەقڵ و کەللەی جامانە سوورەکانی بنەمالەی مەسعودا، وەک ئابڕویان چی ڕوودەدات.

سۆن تزو: نووسەری هونەری جەنگ دەڵێ:
گرنگترین شتێک لە پرۆسەکانی جەنگدا، کە پیویستە پەیڕە وبکرێت ... ئەوپەڕی گورج و گۆڵییە .. هەرگیز نابێت ڕەخنە لەهۆکاری گورجوگۆڵی بگرین.
ئیوەش لەم پیاوە قارەمانانە بڕوانن، کە چەندە گورجوگۆڵن! ورچێک لەو چیایە، کە سروشت بە موڵکی خۆی دەزانێت، ئەمانە ئەو مافەی لێدەسەندنەوە، پیاوەکانی مەسعود بارزانی بێ هۆکار ڕۆحی دەکێشن، هەر بۆ خۆشی هاوار دەکەن خۆیان نمایش دەکەن و ئازایەتیی خۆیان نیشان دەدەن.
ئەم کەلتوریی ورچ کوشتنە، کەلتورێکە، مەلا مستەفای باوک و رۆحی کورد بۆی جێهێشتوون. ئەوەتانێ لە کتێبی (داڕمانی ئومێدی ئیسرائیلی و کوردەکان) مەلامستەفا ڕاشکاوانە باس لە ڕاوی وورچ دەکات بۆ ئیسرائیلییەکان، هاوڕێ و هاوکارمان کاک سەباحی عەلی قارەمان، لە بابەتێکدا ئەوەی شرۆفە کردوە. فەرموون لەگەڵ ئەم لینکە.
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=4b919efb


گەر یاسا سەروەر بێت، کە لای ئەم جانەوەر و نامرۆڤانە بوونی نییە و هەمووجارێک مەسعود ئەو قسە بەتاڵە دەکات، ئەوە دەبوو لە سەر ئەم کردەوەیە و کوشتنی ئەو ورچە، ئەو پیاوە قارەمانانەی دەڵێی بەرگری لە ناوچە داگیر کراوەکان دەکەن، دەبوو دادگایی بکرێن.
هاوڕیەکم گێڕایەوە، کە لە ووڵاتی سوید، کابرایەک گورگێکی لە لای پەزەکانی کوشتبوو، دادگای سوید بە چەند مانگ زیندانی و سزای پارش کابرایان حوکم داوە.
کاتێک هاوڕێکەم ئەمەی بۆ باسکردم، منیش ووتم: ئینجا ئەوە چییە! ئەوەتا ساڵح میزەلی دوو خوشکی بۆ عومەر فەتاح بەیەکەوە کوشت، کەچی بە قسە و بڕیارێکی سەرۆکی هەرێم دەروازەی زیندانیی بۆ کرایەوە و ئازاد کرا، ورچێکی سەگباب چییە؟ ئەوە هەر هیچ نییە. ووتم: لە هەولێر لە ناو ئوتێلێکدا دوو کوڕیان کوشت، دوای ئەوە سەرۆکی هەرێم، فێڵێکی بۆ پیاوە ئازاکە دۆزییەوە بە رێکەوتنی عەشایەری کێشەکەی بۆ چارەسەر کرد و یاساشی سەروەر کرد. ئەی ئەوە نییە تالەبانی پیاوە سۆسیال دیمکراتەکەی لەمەڕ خۆشمان دەزگایەکی هەیە بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی؟
ئەمانە ئەوەندە مرۆڤدۆست و ئاشتیخوازن، دیموکراتیان لێ دەچۆڕێت !

ماوەتەوە بڵێین: خۆزگە بورجی باردۆ لە کونێکەوە ئەم فلیمەی دەدی، هاوڕێکەم کە ناسیاوێکی ئینگلیزی هەیە، ئەمڕۆ ئەو ڤیدۆ کلیپەم پیشان دا، ووتی: شتێکی ترت بیر بهێنمەوە کاتێک دیکۆمێنتێک لە تەلەفیزۆنی ئەوروپا پیشان دەدرێت لەسەر گواستنەوەوی ئاژەڵ بە لۆری، تێیدا ئاژەڵەکان دەکەوتن بەسەر یەکدا، جارێکیان کامێراکەیان خستە سەر وەزیری کشتوکاڵ، کە ئافرەتێکی سۆسیال دیمکراتبوو لە سوید هۆن هۆن دەگریا، دوای ئەوە ئیتر یاسایان بۆ گواستنەوەی ئاژەڵەکان دەرکرد.
منیش ووتم دەڵێی باسی دادە هێرۆم بۆ دەکەیت، ئەویش وایە کاتیک بەردەرکی سەرا کۆنترۆڵ کرا و ژمارەی شەهیدەکان بوون بە١٠ و برینارەکانیش زیاتر لە ٥٠ کەس بوون دادە هێرۆ بەدەستی خۆی پاقلاوەی بەسەر هێزە ترسنۆکەکاندا دابەش دەکرد.

**************************

**************************

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە