شارى سلێمانى یەكەمین گولى نێرگز بۆن دەكات

Wednesday, 16/02/2011, 12:00

1372 بینراوە


جه‌ماوه‌ری سەربەرزى كوردستان بەیانى كاتژمێر2 ى پاش نیوەرۆ كە دەكاتە17/2/2011 جەماوەرى شارەكەى شاران شارى سلێمانى قارەمان خۆپیشاندانێكى سەربەرز ئەنجامدەدات لەبەر دەرگاى سەر لە دژى گەندەلى داواى چاكسازى دەكات لە هەرێمى كوردستان ، بەڵێ سلێمانى یەكەمین گوڵە نێرگزەكانى بۆن دەكات و موژدە دەدات بە گەندەل كاران كە ئیتر بەس بێت گەندەڵى و دزین و زەوت كردنى ئازادیەكان.
شارەكەى رۆشەنبیران سبەى هاوار دەكات كە ئەم هەرێمە بە ئازادى و چاكسازى و یەكسانى و یاسایى خۆشە نەك بە گەندەلى و دیكتاتۆرى و نایەكسانى.
بەڵى شارەكەى كاكە ئەحمەدى شێخ لە هیچ كات و كەسێكى قبول نەكردوە كە ئەم شارە ببێتە پاوانى گەندەڵكاران و تیرۆریستان و دیكتاتۆرەكان.
سلێمانى بۆ گشت جیهان دەسەلمێنێت كە هەرگیز چاونەترسە هەرگیز سڵى نەكردۆتەوە لە خەبات و تێكۆشان.
سلێمانى ئەى سوتێنەرى ئەمنە سورەكەى بەعس ناوى تۆ زۆر لە مێژە لە نێو فەرهەنگى شۆرشەكانە لە جیهان ناوى تۆ واتاى بنبر كردنى گەندەڵى و دیكتاتۆرى دەدات بۆیە هەر دەستەلاتێك تۆى ناسیبێت هەست بە ترس و لە ناوچوون دەكات ، كەى تۆ قبولت كردوە سوكایەتى بە رەوەشتى بەرزت كرابێت؟
كەى هێندە ئۆقرەت گرتوە كە خاكەكەت بە پێى گەندەڵكاران پیس كرابێت؟
كەى تۆ نەبووى بە پێشەنكى گشت شۆرشەكانى وولات؟
كەى تۆ نەبوو لاوەكانت نەلاوێندبێتەوە و نازت هەڵنەگرتبێت ؟
سلێمانیەكەم قوربانى خاكى پیرۆزت بم
قوربانى شەهیدە سەربەرزەكانت بم
قوربانى كۆسپ و كوچەو كۆلانە خنجیلانەكانت بم
قوربانى هەنگاوە تۆقێنەرەكانت بم
خۆ تۆ هەردەم قوتابخانەى شۆرشگێران بووى وولاتان لەتۆ فێرى شۆرش بوون بەهۆى تۆە ئازادى خوازبوون . پیرۆزى بكە ئەى شارەكەى تۆقێنەرى مولازم موحسینى خوێن رێژ پیرۆزى بكە ...پیرۆزبایى لە تونس و میسر بكە تۆ هەردەم لایەنگیرى سەرهەڵدانەكانى بە تونس و میسر بڵێ منم منم هەوێنى گشت شۆرشەكان منم داینەمۆى گشت ئامێرەكانى لول دان و نەهێشتنى دیكتاتۆرەكان...
سلێمانى كام رۆشەنبیر شانازى بە بوونى تۆ ناكات ؟
سلێمانى كام هونەرمەند سەر بڵند نیە بە ناو و مێژووى پر سەروەرت؟
سلێمانى كام دیكتاتۆر بێ خەمە لە تورەبوونت ؟ پێم بلێ...پێم بلێ ئەى سلێمانى لەبیرتە هەر دوێنێ بوو ئەمنە سورەكەت كردە مێشەخۆل و بۆ كوردستانى دیك كردتە دیارى بۆ تۆلەى هەزاران شەهیدى سەربەرز ؟
ئەى لە بیرتە دواى 31 ى ئاب چۆن جاشە كلاو سورەكان لەبەر دەنگى نڕەى شێرانەت بە ترس ولەرزەوە خۆى كردە باوەشى دیكتاتۆرى بەغدا ؟
دەزانم شارەكەم دەزانم تۆ هێندە بلیمەت و سەربەرزى هەرگیز بیرەوەریەكان لە بیر ناكەى تۆ بووى تۆلەى شەهیدەكانت سەنەدوە بۆ هەتا هەتایە دوژمنان هەرگیز لەیاد ناكەن.
سلێمانى خەڵكەكەت هێندە سەربەرزە مێژوو شاهیدە كە تۆى بەرز و پیرۆز هەردەم شۆرش و راپەرینت كردۆتە دیارى بۆ گشت ئازادیخوازان . دەكۆببنەوە كۆببنەوە بەیەك دەنگ هاوار بكەن نا بۆ گەندەڵى نا بۆ زەوت كردنى مافە ئازادیەكان بە ویژدانەوە بە گەندەڵكاران بلێ .. منم وا بۆ یەكەمین جار یەكەمین گولێ نێرگزى كوردستان بۆن دەكەم و دەسكە گولێكیش دەكەم بە دیارى بۆ شۆرشەكانى هەریەك لە تونس و میسر.
هاوڵاتییه‌ک

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە