هیچ مرۆڤێک هەتاسەر کۆت و زنجیری چەوساندنەوە قبول ناکات

Monday, 14/03/2011, 12:00

2019 بینراوە


پەیامێک بۆ خوێندکارانی زانکۆ

خوێندکارانی بەرێز
بۆ هەموو شتیک کاروکاردانەوە هەیە. بەرامبەر بە چەوساندنەوەو بی مافی و گەندەلیش راپەرین و شۆرش هەیە و ئەمەش یاسای سروشتە. بۆ هەر زەوتکردنێکی ماف، مرۆڤ بەرەو راپەرین مل دەنێت و ئەمەش مافێکی رەوایەو ئەم یاسایە مافی خوێندکارانیشە وەک توێژێکی کۆمەلایەتی گرنگ وکاریگەر. هیچ مرۆڤێک ئیتر سەر بەهەر چین و توێژێکی کۆمەلایەتی بێت هەتاسەر کۆت و زنجیری کۆیلایەتی قبول نیەو زوو یان درەنگ لەدژی رادەپەرێت. بەپێچەوانەی یاخیبوون ئامانجی راپەرین و شۆرش پێکهێنان و بە موئەسەسەکردنی ماف و ئازادیە. مافی خۆپیشاندان و مان گرتن مافی مرۆڤە. ژیانیش کاتیک خۆشە کە لە ناو ئەو ژیانەدا مرۆڤ هەست بە ژیان بکات.
تەنیا شتێک لەدەستی بدەن رزگاربوونە لە گەندەلی و بێ مافی
تەنیا شتێک لەدەستی بدەن رزگاربوونە لە کۆت وزنجیری چەوساندنەوەو گەندەلی و بێ مافی، رزگاربوونە لە نایەکسانی ودەولەتی حیزبی و دەسەلاتی بنەمالە. هەموو یەکێک لە ئێوە موعاناتێکی هەیە و زۆربەشی هاوبەشە. دلنیابن لەوەی کە هەموو شتێک لە باریکیدا دەبچرێت تەنیا زولموزۆر نەبێت لە ئەستوریدا دەبچرێت. تاریکاییەک حوکم دەکات کە پێویستی بە رووناکی هەیە.

ئازادی نرخی گرانە
پەیمانتان ئەدەینێ و پیتان دەلێم کەدرێغی ناکەین بۆ گەیشتن بە ئامانجە رەواکانی ژیان. بەقەلەم و تێکۆشانی سیاسیمانەوە، بەچەکی دادپەروەری وخۆشەویستیەوە تێدەکۆشین بۆ ژیانێکی پر کەرامەت و یەکسان، ئەو ئامانجە پیرۆزەی کە مرۆڤایەتی لە مێژووی ژیانی خۆیدا بە دەیان ملیۆن گیانی کردۆتە قوربانی لەپێناویدا. لەو شوێنەی کەخۆشەویستی و ئاشتی دەست پێدەکات لەو شوێنە زەبروزەنگ کۆتایی دێت و مرۆڤ دروست نەبوە بۆ ئەوەی کە بکوژرێت. هێزی خۆشەویستی لەهەموو زەبروزەنگێک بەهێزترە. فەلسەفەی ژیانمان هی خۆشەویستی و ئاشتی و ئاسایش و دادپەروەری بێت بەلام مافی بەرگری کردن بەتوندی ئەدەین بەخۆمان چونکە ئازادی نرخی گرانە. ئایا هەموو تاریکایی جیهان دەتوانێت روناکی تەنیا مۆمێک بکوژێنێتەوە؟ هیوام بەندە بە ئازایەتی خەلکی ولاتەکەم و خۆشەویستییان بۆ حەقیقەت و دادپەروەری کە هەر هێشتا لەدلی مرۆڤەکانیدا دەژی. سیستەمی چەوسێنەر دەکرێ ئازاری جەستەمان بدات و بەندمان بکەن بەلام هەرگیز ناتوانن رۆحمان لێ بسەنن چونکە ئەمە بە تەنیا هی خۆمانە.

(ئەو تفەنگە نەبوو کە ئێوەیان کوشت، بەلکو مرۆڤە فەرمانی کوشتنی ئێوەیاندا)
وێنەی گەنجێکی پازدە سال دەبینم کە خۆی لە پەنای تاشە بەردێکدا لەبەردەم لقی چواری پارتی گەمارۆ دراوەو لەترساندا قژی خۆی دەرنێتەوەو زۆری پێناچێت پەنجەی رق و کینەی نامەردێک دەچێتە سەر لولەی تفەنگێک و وەک هاورێکەی تری خوێنی دەرژێت، بەلام ئەوە ئەو تفەنگە نەبوو کە گەنجێکی بەدبەخت دەکوژێت بەلکو ئەوە مرۆڤە کە دەیکوژێت و مرۆڤە فەرمانی کوشتنی بۆ دەردەکات. لەبەر چاومە کەمردن هیچ کات ئەوەندە نزیک نەبووە لێی وەک ئەو رۆژەی کەجەلادەکان خوێنی ئەم گەنجانەیان بەغەدر رشت. ئەم هاولاتیانە چیتر بەتەنیا کوری دایک و باوکیان نین بەلکو ئێستە بوونە کوری هەموو کۆمەل و بوونە سومبلی ئازادی و مێژووی خەباتێکیان بە خوین تۆمار کرد. بەلام لەراستیدا ئەوە دەسەلاتە لە ئێوە دەترسێت نەک ئێوە لەوان. ئێوەیەکی بێ چەک، بیکەیسی بەرامبەر بە بەرد. دەک هەزاران نەفرەت لەو رۆژەی، لەو ساتەی پەنجەی ناجوامێرانەی نامەردێک دەچێتە سەر پەلەپیتکەی رق وکینەی تفەنگ و لاشەی رۆلەیەکی گەل دەبڕێ و بەناکامی دەیخاتە ژێر گل. دیتم وەرزی خێزان نەبوو کەچی گەلاکان زەرد هەلگەڕابوون.
دەسەلاتی هەرێم تێناگات کە ئازادی سیاسی ئاسایش دروست دەکات
ئاسایش دەبێت فاکتەری نەهێشتنی ترس بێت، ترس بەواتا گشتیەکەی بۆ سەرجەم بوارەکانی ژیان، ئەو ترس و دیاردانەی کە بوونە هۆی دروستبوونی راپەرین و نارەزایی. دەسەلاتی هەرێم تێناگات کە ئازادی سیاسی ئاسایش دروست دەکات. نەهێشتنی گەندەلی و پێشخستنی زانست و باشکردنی ژێرخانی ئابوری و مافی مرۆڤ ئاسایشی نەتەوەیی دروست دەکات. ئاشتی لە ئاسایشدا. لە بری ترس ئازادی. بەلام ئەوانەی کەبوونەتە کۆیلەی دەسەلات و پارە ناتوانن مرۆڤیان خۆش بوێت. تەنیا دەتوانن کورسی و پارەیان خۆش بوێت، بگرە خودی خۆشیان خۆش ناوێت و نازانن ئەخلاق (مۆرەل) بەپارە ناکڕدرێت. زۆرانێک لەپێناویدا ئازادیو خۆشەویستی مرۆڤەکانی تریش زەوت دەکەن چونکە سروشتی دەسەلات و پارە زاڵمە. لەمە زیاتر کامەیە فکرو فەلسەفەو ئایدیۆلۆژیاکەی دەسەلاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان؟ پێویستە چیتر هێلی سوور بۆ روتاندنەوەو چەوساندنەوەو نایەکسانی و بێ مافی دابنرێت. ئایا دیکتاتۆریک دەتوانێت سیستەمی سیاسی پیادە بکات؟

بزوتنەوەی خوێندکاران بزوتنەوەیەکی سیاسیشە
بزوتنەوەی ئێوەی خوێندکارانی کوردستان بزوتنەوەیەکی سیاسیشە کە بە رێگای خوێندکارانەوە ئەنجام ئەدرێت چونکە بزوتنەوەکە دژ بە گەندەلی و ناعەدالەتی سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتی و زانستی و سیستەمی حیزبیە لە زانکۆکانیشدا، هەربۆیە بزوتنەوەکە ناوەرۆکێکی سیاسیشی هەیەو دافعێکی گشتی رۆشنبیری و کۆمەلایەتی بەخۆیەوە گرتوە لە شێوازی ئۆپۆزیسیۆنێکی دەرەوەی پەرلەمان و داوای بەدیموکراتیزە کردنی زانکۆو سیستەمە سیاسیەکەش دەکات، ئەو سیستەمە سیاسیە کلاسیکیەی هەرێم بەم سروشتەی ئیستەی ناتوانێت خۆی بداتە دەست تەوژمی دیموکراسیەت چونکە سەری سیستەمە دەخوات، سروشتی سیستەمە خۆی سەری خۆی دەخوات. گرنگە خوێندکاران وەک لە چەندین لە دەولەتە دیموکراسیەکاندا هەیە پەرلەمانی خوێندکارانی خۆیان هەبێت، هەروەها راگرەکان و سەرۆکی زانکۆکان لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا هەلبژێردرێن نەک بەبریاری مەکتەبی سیاسی حیزب وەک لەوەی لە سیستەمە شمولیەکاندا هەیە. ئێوەی خوێندکاران دەبێت دەنگ و رەنگتان دیار بێت، بەشێکی دیاری پێشەنگی راپەرینە جەماوەریەکە بن کە دەسەلاتی هێناوەتە لەرزین. ئەو بزوتنەوەیەی کە نابێت رێگا بدەین هیچ کەس و لایەنێک موساوەمەی بەسەرەوە بکات و ئەمە بزوتنەوەیەکی جەماوەریە. ئێوە ئەو نەوەیەن نە رژێمی بەعس و نە ئەو نەوەیەی شاخ دەناسن. ئێوە نەوەی سەردەم و قۆناغێکی تری مێژوون، بەلام هەلەی دەسەلاتی سیاسی لەم هەرێمە ئەوەیە نازانێت چۆن مامەلە لەگەل ئەم نەوە نوێیە دەکات، هەروەک لەگەل کۆمەل بەگشتی و ناتوانێت لەگەل گەشەکردن و گۆرانە کۆمەلایەتیەکان بروات، ئەنجامەکەشی ئەوەتا بریتیە لە راپەرین و نارەزایی لێکەوتنەوەی چین و توێژەکانی کۆمەل. هەربۆیە گرنگە لەنێو ئەم راپەرینە ئیتر لە نێو زانکۆدا بێت یان لە گۆرەپانی ئازادی ببنە هەوێنی دروستبوونی کەلتورێکی سیاسی نوێ، جیاواز لەوەی دەسەلات. ئەم دەسەلاتە لەسەر بنەمای ئەقل و مەنتق دانەمەزراوەو بۆ فەرمانرەوایی سیاسی و کۆمەلایەتی ناگونجێت، ئەو دەسەلاتەی نەک هەر سەروەت و سامانی ولات کە مولکی گەلە بە ناشەرعی بۆ خۆی زەوتی بەلکو هەرگیز تەکنۆکراتیش بیری نەکردۆتەوەو وەک دەسەلاتێکی ئۆتۆکراسی و بنەمالە رەفتار دەکات. ئەوانەی بۆ سێوێک درەختێک دەبرنەوە.

مامۆستایانی دژ وە مامۆستایانی هاوکار
کۆمەلێک لە مامۆستاو راگرو سەرۆک بەش و فەرمانبەران هەن لەدژی ئێوە کار دەکەن و بازرگانی بەسەر بزوتنەوەکەتانەوە دەکەن بۆ بەرژەوەندی تاکی خۆیان، ئەمە خیانەتە مرۆڤ لەخۆی و لە خوێندکاران و لە زانست و لە ئینسانیەتیشی دەکات، بەلام کۆمەلێک مامۆستاو راگرو سەرۆک بەش و فەرمانبەریش هەن کە موعاناتی ئێوە بەهی خۆیان دەبینن، راپەرین و داخوازیە رەواکانی ئێوە بە هی خۆیان دەزانن و بەشێوازی خۆیان رۆژانە هاوکارن لەگەلتاندا. من لە دوورە ولاتەوە بە نامەی شەخسی رەخنەی توندم لەهەندێکیان گرتوە. من ئەم چەند سالەی ژیانی زانکۆم باجی زۆرم داوە لە نێو زانکۆشدا بۆ هەلوێستەکانم، بۆ نارەزاییەکانم دژ بە غەدرو گەندەلی. هەزاران کەسانی پسپۆر لە دەرەوەی ولات لەبەر خراپ رەفتارکردنی دەسەلات ناگەرێنەوە ولات و ژمارەیەکی بەرچاویش دوبارە ولاتیان بەجێهشت و گەراونەتەوە دەرەوە. بەلام پێتان دەلێم دوا رۆژ هی ئێوەیە، ئێوەی نەوەی بریاردەری جەنگ و ئاشتی، هەربۆیە پەروەردەی زانستی و کۆمەلایەتی ئێوە بە پلەی یەکەم ئەرکی سیستەمە سیاسیەکەیە، ئەرکی سیستەمی پەروەردەیە. ئەو سیستەمەی بیست سالە چانسی خۆگۆرینمان دا پێی بەلام گوێیان لێنەگرتین و ئێستەش چیتر بروامان بە پەیمان و دروشمە بریقەدارەکانیان نەماوە. ئەگەر دەسەلاتێک چاو لە موستەشارەکانی بەعس و خاوەن مەلەفەکان دابخات و پایەو پلەشیان بداتێ، ئەگەر دەسەلاتێک فرۆکەوانێکی کۆمەل کوژی هەلەبجە بە بریاری تاکە کەسی ئازاد بکات، دەسەلاتێکی ئۆتۆکراسی لەسەر گیانی کۆمەلگاکەی خۆی ببێتە خاوەن سەروەت و سامان و جیاوازی لەنێوان مندالەکانی خۆی و ئەوانەی تری کۆمەل بکات، ئەوا دلنیا بن ئەم دەسەلاتە ئامادەیە فێل لەئێوەش بکات و مافتان زەوت بکات. دیکتاتۆر ئەوەندە رێگا بە رەخنەکانت ئەدا کە دەسەلاتەکەی نەکەوێتە مەترسیەوە گەرنا ئەو کاتە دەموچاوە راستیەکەی خۆیت نیشان ئەدات. کە ماف نەدرا ئەوا دەبێت بسەندرێت. ئەو پەنجەرەیە بدۆزنەوە کە لێوەی سەیری دیمەنەکان دەکەن. لەکۆتایدا لێتان دەپرسم: ئەگەر ئەمرۆ لە نوسینی دێرێک بترسیت ئەی چی دەکەیت گەر سبەینێ کتێبێک بنوسیت؟

د. سالار باسیرە
مامۆستا لە کۆلێجی یاساو زانستە رامیاریەکانی زانکۆی سلێمانی
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە