ئەدهەم بارزانی سەرۆکی هەرێم بە خیانەتی نیشتیمانیی تۆمەتبار دەکات

Saturday, 13/04/2013, 12:00

2036 بینراوە







بەڕێز ئەدهەم بارزانی‌، ئەندامی‌ ئەنجومەنی‌ سەركردایەتیی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان لەسەر لاپەرەی‌ تایبەتیی‌ خۆی‌ لە فەیسبوک دەنووسێت کە ئەمینداری گشتیی پێشووی یەکگرتووی ئیسلامیی بەڕێز سەڵاحەدین بەهائەدین لەم یەک دوو ساڵەی دواییدا جاسوسیی بۆ تەرەفێک یان وڵاتێک کردووە و سەرۆکی هەرێمیش ئەگەرچی پێی زانیوە بەڵام چاوپۆشیی لێکردووە و بۆی داپۆشیوە.


ئەم قسەیەی ئەدهەم بارزانیی هەر تەنها قسەیەک نییە پای سەڵاحەددین بەهادین بگرێتەوە، بەڵکو ئەوە کەشفکردنی سکانداڵێکی گەورە و خەتەرناکی سەرۆکی هەرێمە. ئەدهەم بارزانیی بەو قسەیەی سەرۆکی هەرێم بە خیانەتی نیشتیمانیی تۆمەتبار دەکات. ئەوە شایەتییدانی ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتە لەسەر ئەوەی کە سەرۆکی هەرێم لەپێناو بەندوبەستی سیاسیی و بەرژەوەندیی دەسەڵاتدارێتیی خۆیدا تەنانەت ئامادە بووە چاو لەوە بپۆشێت کە کەسێک جاسوسیی و ناپاکیی لەئاست ئەو نیشتیمانەدا کردووە کە بەرزرترین پلەی سەرکردایەتییکردن و پاراستنی بەو سپێردراوە.

‌ئەگەر ئەو شتەی ئەدهەم بارزانیی لەسەر سەرۆکی هەرێمی دەیڵێت ڕاست بێت، ئەوا مەسعود بارزانیی خۆی شایان بە سزایەکی یاسایی زۆر گەورەتر کردووە لەوەی کە سەڵاحەددین بەهاددین خۆی شایان کردووە پێی. مەسعود بارزانیی بەکارێکی وا خیانەتی لەو سوێندە کردووە کە کاتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی هەرێم خواردوویەتی. ئەمەش خیانەتێکی نیشتیمانییە کە لە یەکەم هەنگاودا دەبێت لە سەرۆکایەتیی بخات و ئینجا بە تۆمەتی خیانەت لە ئەرکەکانی پۆستێکی خەتەرناک و گەورەی وڵات و لەو متمانەیەی پێی درابوو، مولاحەقەی یاسایی بکرێت.


ئەدهەم بارزانیی دەڵێت سەڵاحەددین بەهاددین جاسوس بووە. لەبەرامبەردا سەڵاحەددین بەهاددین دەڵێت ئەوە ڕاست نییە و قسەی هەڵبەستراوە. ئێمە جارێ ناتوانین بزانین کامیان ڕاست دەکەن، بەڵام شتێک هەیە کە ئاشکرایە و هیچ گومانی تیا نییە، ئەویش ئەوەیە کە یەکێک لەو دووانە ڕاست ناکات، چونکە ناکرێت لەیەککاتدا ئیددیعای هەردوولایان ڕاست بێت.


بۆ خەڵکی ئێمە بێئەندازە گرنگە دوای ئەم دۆزە بکەوێت و دەستی لێ هەڵنەگرێت تا ئەو شوێنەی بۆی دەردەکەوێت ئایا کام لەو دووە ڕاست ناکەن. پێداگری لەسەر شەفافییەت لەم دۆزەدا گرنگە و ئەو سەرەداوەی ئەدهەم بارزانی داویەتییە دەست ئێمە و بەتایبەت دەسەڵاتی چوارەمەوە، هەروا ناکۆکیی سادەی نێوان دوو سیاسەتمەدار نییە. دواکەوتنی ئەو داوە و گەڕان بەدوای ڕاستییەکاندا گرنگە چونکە دۆزێکی ناکۆکیی وا بە هەر بارێکدا بکەوێت، سکانداڵێک یان چەند سکانداڵێکی گەورەی بەرپرسان یان سیاسەتمەدارانی ئەو هەرێمە دەردەکەوێت. دیارە ئەوە بەشێکە لە شەفافییەت و کاراکردنی دیموکراتییەت لە کوردستاندا کە ڕاستییەکان بەو خەڵکە بگات کە متمانەیان بەو کەسانە کردوە و موقەدەراتی ئەو هەرێمەیەیان داوەتە دەستیان.


لەم دۆزەدا ئەگەر دەرکەوێت ئەدهەم بارزانیی بارزانیی ئەو شتەی هەڵبەستووە، ئەوا سکانداڵێک دەبێت بۆ ئەو پارتەی کە ئەو ئەندامە لە ئەنجومەنی سەرکردایەتییەکەیدا و، پیشانی دەدات ئەو حیزبە چۆن هەموو مۆڕاڵێکی خستۆتە لاوە و شایان بە هیچ متمانەیەک نییە. ئەمە جگە لەوەی کە دەرکەوتنی ناڕاستیی ئەو قسەیە سکانداڵیکی شەخسییشە بۆ خودی ئەدهەم بارزانیی و کارێکی وا پیشانی دەدات کە ئەو کەسە چەند مۆڕاڵێکی نزمتر لەوانەی هەیە کە هەر ئێستا لەسەر دزیی وچەقۆکێشیی و تەزویری دۆکۆمێنتی ڕەسمیی و ئیحتیال و فرتوفێڵ، لە زیندانەکانی هەرێم گیر کراون.


خۆ ئەگەریش دەرکەوێت کە ئەو قسانەی ئەدهەم بارزانیی ڕاستن و ئەو بەڵگانەی ئەو دەڵێت سەلمێنەرن و لەبەردەستدا هەن، دەرکەوت هەن و ڕاستەقینەن، ئەوا لەلایەکەوە سکانداڵیکی گەورە دەبێت بۆ سەڵاحەددین بەهاددین و دەبێت داواکاری گشتیی بێ وەستان داوای لەدژ بجوڵێنێت، وە لەلایەکی تریشەوە دەرکەوتنی سکانداڵێکی گەورەی سەرۆکی هەرێم دەبێت. سکانداڵێک کە ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتیی پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات کە ڕووی داوە.


ئەوە بڵێم کە بۆ من جێگەی سەرسوڕمان نابێت ئەگەر دەرکەوێت سەرۆکی هەرێم ئە م جۆرە بەدئیستیفادە خەتەرناکەی لە دەسەڵاتدارێتیی خۆی کردووە، چونکە من گومانێکی وا دەکەم کە سەرۆکی هەرێم خۆی نازانێت کارێکی وا چەند کارێکی نایاسایی سزاداری خەتەرناکە. بەڵگەی ئەمە دەکرێت ئەوە بێت کە سەرۆکایەتیی هەرێم ساڵی پار لە مانگی پێنجدا خۆی تۆمەتێکی لەم جۆرەی بە خۆیدا کرد کاتێک لە ڕاگەیاندنێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمدا ڕایگەیاند کە سەرۆک بەوەی زانیوە کە نووسەری ئەمریکیی مایکڵ ڕۆبن لەسەر دەستدرێژیی سیکسیی بۆ سەر کچانی زانکۆ لە کارەکەی دەرکراوە و بەڵام بۆی پەردەپۆش کرد و تا ئەو ڕۆژەی ڕۆبن بە دڵی ئەوی نەکرد و ڕەخنەی کرد، سەرۆک بۆی شاردەوە.


ئەو تۆمەتەی کە سەرۆکایەتیی هەرێم بە ڕۆبنی-دا کرد تا چەند ڕاست بێت یان ناڕاست بێت (کە بە ئیحتیمالی زۆر دیارە ڕاست نییە)، ئەوەی لەو مەسەلەیەدا بۆ ئەم باسە گرنگە ئەوەیە کە ئەوە پیشانی دەدات سەرۆکی هەرێم بە سەڵاحییەت و بە مافێکی ڕەوای خۆی دەزانێت بە خواستی خۆی لە هەر تاوان و خیانەتێک ببورێت و خۆی بڕیار بدات کێ یاسا بیگرێتەوە و کێ نەیگرێتەوە.

‌ئەمە بەهەڵەتێگەیشتێنیکی مەسعود بارزانییە لە پۆستەکەی خۆی و بەئاگاهێنانەوەی لەمە گرنگییەکی گەورەی هەیە، چونکە ئەمە زیهنییەتێکە کە لە سەردەمی ئاغاییەوە ماوەتەوە و بۆ ئەو دەوڵەتی یاسایە ناشێت کە خەڵکی ئێمە خەونی پێوە دەبینێت لەو هەرێمەدا بچەسپێت.


بۆیە گرنگە سەرۆکی هەرێم مولزەم بکرێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە ئایا ئەوەی ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی حیزبەکەی دەیڵێت ڕاستە یان نا. وە ئەگەر ڕاستە چۆنە و بۆچی ئامادەیە لەو پۆستە هەستیارەی خۆیدا ئەوەندە بێباک بێت لەئاست ئەو بەرپرسیارییەتەی هەیەتی و چۆنە دادگاکان پشتگوێ دەخات و لەژێرەوە لە خیانەت و جاسوسیی دەبوورێت.


کارێکی خراپ کە میدیاکان دەیکەن ئەوەیە کە ئەم دۆزە و چەندین دۆزی تری لەم جۆرە وەک لێکگیربوونی دوو سیاسەتمەدار یان وێکنەهاتنەوەی چەند سیاسەتمەدارێک پیشان دەدەن و وەک گێڕەرەوەی فیلم لێدوانەکانی ئەم تەرەف و ئەو تەرەف دەگوێزنەوە بۆ خوێنەر. دواکەوتنی ئەم دۆزە و کردنی ئەو پرسیارانە و بەدەستهێنانی بەڵگە، بەر لەهەر کەس و دەزگایەکی تر لە کۆمەڵگادا، ئەرکی میدیاکانە. شەفافییەت و یاسای دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکان، ماف بە ڕۆژنامەنووس و ڕۆژنامەکان دەدات وەک مافێکی ڕەسمییەتپێدراو داوای فەرمیی پێشکەش بە
‌سەرۆکایەتیی هەرێم بکەن و داوای بینینی دۆکۆمێنتەکانی ئەو دۆزە و داوای لێدوان بکەن. تووڕەیی و غەزەبی سەرۆک و دەسەڵاتدارانی تر لە سووربوونی ڕۆژنامەنووسان لەسەر بەدەستهێنانی زانیاریی نابێت بیانوویەک بێت ڕۆژنامەنووسان بۆ دوانەکەوتنی کەیسەکە بەکاری بێنن. ڕۆژنامەنووس دەچێت لە دیمەشق و حەلەب زانیاریی بۆ خەڵک بەدەست دێنێت. ئەگەر ڕۆژنامەنووسانی ئێمە لە ترسی تووڕەبوونی سەرۆکی هەرێم لە دواکەوتنی دۆزێکی وا گرنگ دەگەڕێنەوە، ئەوا کارەکەی خۆیان نەکردووە. پیشاندانی چاوترساوییەکی وا سیگناڵی خراپ دەداتە دەسەڵات و فێری بێمنەتیی دەکات لە تووڕەیی خەڵک. لەبەرامبەردا، دواکەوتنی ڕاستییەکان و هەوڵ بۆ دەرخستنی فاکتەکان، بۆی هەیە سکانداڵی گەورە سەرئاو بخات و لەدرێژەشدا ڕێگە لەوە بگرێت سیاسەتمەداران و دەسەڵاتداران بێترس دەست بۆ خیانەتی گەورە و سیاسەتکردنی ناپاکانە بەرن.

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە