لە هەڵبژاردن خەڵك قسە دەكات حزب گوێدەگرێت

Tuesday, 19/05/2009, 12:00

1856 بینراوە


لەكۆبونەوەكانی ئەم دواییەى سكرتێرو ئەندامانی مەكتەبی سیاسی حزبەكاندا، بەخەتی دەرەوەی دەسەڵاتیشەوە، لەگەڵ ئەندامو لاینەگرانیاندا، بەردەوام جەختكردنەوە بوە لە چەمكی "بەشداریكردن"، بەشداریكردنی ئەندامانیان لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا، بێ قسەكردن لەسەر ئاستى پەیوەندی حزبەكانوجەماوەرەكەی،بێ قسەكردن لەسەر چۆنێتى بەشداری ئەوان لە ڕەسمكردنی هێڵی گشتیی بەرنامەی لیستەكانیاندا بۆ هەڵبژاردن.

لەو كۆبونەوانەدا بەردەوام حزب وەك حەكیمى ئانو زەمان قسە دەكاتو جەماوەرو ئەندامی خەواڵویش وەك فەقێى نێو حوجرەكان گویدەگرنو تەنها مافی باوێشكدانیان پارێزراوە.

چیرۆكی سەرهەڵدانی گرفتی نێوخۆی حزبە سیاسیەكان،بە دەستەگەریو ئینشیقاقەوە، لەو ساتەوە نەشونما دەكات كەمەوداى نێوان حزبو دروشمەكانىو حیزبوجەماوەرەكەى، بەئەندازەیەك دەلاقەى تێئەكەوێت، حزب لە دۆڵێك ئاوازێك ئەچڕێو جەماوەرەكەشى لەدۆڵێكی تر.

بەردەوام مێژووی ئینشیقاقو تەكەتول لە حزبدا ، یەكسان بووە لەگەڵ دابڕانی حزبەكان لە ئامانجو دروشمەكانیان لە لایەكو پەراویزخستنو بەشدارپێنەكردنی ئەندامان لە سیاسەتی حزبەكانیانداو زاڵبونی تاكڕەوی لە بڕیارداندا لە لایەكی ترەوە. نەك هەر ئەوەش بەڵكو حزب یەكسان بوە بە مەكتەبی سیاسیو لە باشترین حالەتیشدا بە سكرتێر، مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی خۆیان تشریعیو خۆیان جیبەجێكارو حكومەت بوون.

دیموكراسیی نێوخۆی هەر حزبێك بەوە ناپێورێت كە لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا كۆبونەوەی فراوان بۆ ئەندامان ڕێكبخرێت و بۆ كۆبونەوەی تایبەت بانگهێشتبكرێن، باس لە دەستكەوتە زۆروزەوەندەكانی حكومەتو حزبیان بۆ بكرێت، بەڵكو پێوەری ڕاستەقینە بەشداریپێكردنی بنكەی حزبیو جەماوەرە لەداڕشتنی سیاسەتو هەڵسەنگاندنی ئەدائی ئەندامانو وەزیرەكان لە ناو حكومەتدا .

ئەگەر پرەنسیپی "بەشداریكردن"ی ئەندامان لە هێڵی گشتی سیاسەتو رێكخراوەیی لە ناو حزبەكانماندا بەهای مابێت، دەبێت دوو پرۆسێسی گرنگ پێكەوە گرێبدەن، یەكەمیان بەشداری لەبەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری خەڵكو ئەندامانیدا، ئەویتریان ئەوەندە خاكی بێت كە گوێ لەخەڵكو ئەندامانی بگرێت كەچۆن بە سیاسەتو هەڵوێستەكانیدا بچێتەوە، بەمەش لە پرۆسەیەكیاندا حزب قسە بكات، لەوی تریشیاندا حزب گوێ بگرێت، دەرك بەوە بكات كە جەماوەر بە تەنیا بە بێ حزب دەچێتە سەر سندوقی دەنگدان..

لەم قۆناغەدا كە گەمەكاری سەرەكی گۆڕپانەكە ئەندامانو خەڵكی دەنگدەرە، حزب هانا بۆ جەماوەر دینێ، لە كاتێكدا دەبو بەردەوام گوێ لە خەڵكی هەژاری خانوە قورەكانوگەڕەكە پەراوێزخراوەكانى ناو شارو شارۆچكەكان بگرێتو هەستێك لەلای جەماوەردروستبكات كە چۆن بە بێ ئەوان ڕاپەڕینو شۆرشی بۆ نەكرا، بە هەمان ئەندازەش بە بێ ئەندامو جەماوەرەكەی كاری سیاسی پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەشی بۆ ناچێتە سەر.

ئەگەر ئەمانە نەكران ئەوا حزبەكان ئەندامێك بەرهەمدەهێنن،خەمی سەرەكیان ئەوە دەبێت كە چۆن لە ریزبەندیی موچە، زەوی، لیستی پاڵێوراوانی پەرلەمانی كوردستان یەكەمینو دووهەمین بن، لە خەباتی جەماوەریشدا لە دوایدواوە بن.

یەكێتی ناو (یەكێتی، پارتی، شیوعی، ئیسلامی سیاسی)، بە تەنیا بریتی نییە لە پاراستنی یەكێتی ناو حزبەكان، چونكە ئەوە بە تەنیا ئامانج نیە، بەڵكو رەگەزی پتەوبونی یەكێتی نێوخۆیی، بەردەوام یەكێتی نێوان ئەو حزبانەو جەماوەرە، ئاشتبونەوەی ئەندامانیانە لەگەڵ خەڵكدا، كە بە قسەی "ئۆپۆزسێۆن"ئەو پەیوەندییە بە خراپترین قۆناغیدا تیپەر دەبێت.

ئەو كاتە دیموكراسیی حزبی لە شانەو كۆمیتەو ناوچەو بنكەی حزبییەكاندا دەبێتە چاوگەی ئازادی،كە سەركردایەتی حزبەكانمان، حساب بۆ ڕای خەڵك هاوڕێو ڕۆشنبیرانو هەڤاڵەكانی بكات، چونكە ئەگەر ئەمانە لە یەكتری دابڕان، ئیتر حزب دەبێتە كۆمپانیایەك بۆ كۆمەڵێ خەڵكی خۆپەرستو مشەخۆرو بەرژەوەندخوازو هەلپەرست، كە سەرەكیترین خەمی ئیمتیازو هەڵزنینە بۆ"پارەی سیاسی".
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە